کولتووری ھەژاری و ھەژاریی کولتووری

محەمەد ئەحمەد

کولتووری ھەژاری بریتیە لە روانین و شێوازی بیرکردنەوەی ھەژارانەی تاک و ئاستی نزمی چاوەڕوانیەکانی لەگەڵ بژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو پۆست و پێگە و شێوازە ژیانە ئاساییەی کە بریاردەدات پێی بگات وە ئەو داھاتووە سادەیەی کە خۆی بۆ ئامادە دەکات.

کولتووری ھەژاری ھەمان خۆ بەکەمزانینە لە ئاست گەیشتن بە پێگە بەرزەکان، ھەمان خۆ نەدیتنەوەیە لە ئاستی ئەو کەسانەی کە توانیویانە بگەنە ئەم پێگە بەرزانە. ئەوانەی ھەڵگری ئەم کولتوورە ھەژارییەن چینی ھەژاران و بێ دەسەڵاتان و رەمەکی خەڵکن، کە ھەست بە جیاکاری و چینایەتی دەکەن لەڕووی ماددی و مەعنەویەوە.

کەواتە ھەژاری تەنھا ھەژاری ماددی نیە بەڵکو سەختتر کولتووری ھەژاریە.  وەک کۆمەڵناسی بەناوبانگ (ئۆسکار لویس ) دەڵێت “نەھێشتنی ھەژاری ماددی ئاسانترە لە نە ھێشتنی کولتووری ھەژاری.”. ئەگەرچی ئەم کولتوورە ھەژاریە زۆربەی جار ژێرخانێکی ماددی ھەیە، واتە ھەژاریی ماددیە دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی کولتووری ھەژاری. ئەمەش ھەمان ئەو بۆچوونەی (کارل مارکسە) کە دەڵێت “ئەمە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی نیە کە بوونی کۆمەڵایەتی پێکدەھێنێت و دیاری دەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە بوونی کۆمەڵایەتیە کە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات.” . واتە ئاست و جۆری ھۆشیاری و کولتووری تاک وابەستەی ئاست و جۆری ئەو شێوازە ژیانە ماددیەیە کە تیایدا پێدەگات.

ئیتر ئەوانەی لە خێزان و گەرەکە ھەژارەکان، لە قوتابخانە حکومیە گرنگی پێنەدراوەکانن، لە کۆمەڵگایەکی نایەکسان و دوالیزم و دووجەمسەر و چینایەتی کۆمەڵایەتی، بەدەر لە دەرفەتی یەکسان پێ گەیشتوون و بارگاویبوون بە کولتووری ھەژاری، ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەوان لە داھاتوودا دەتوانن ببنە کەسێکی خاوەن پێگەی بەرز و بتوانن گۆرانکاریی و نوێگەری بکەن لە بوارە جیا جیاکان.

ئەمانە ھەر لە منداڵیەوە ھەستێکی وایان بۆ دروست دەبێت کە سروشت و توانا و قودرەت و رەفتار و تێگەیشتنیان تەواو جیاوازە لەو کەسانەی کە لە بنەماڵەیەکی خاوەن پێگەن، جا چ پێگەیەکی سیاسی یان ئابوری یان کۆمەڵایەتی یان ئەکادیمی بێت ، چونکە بەشێوەیەکی زۆر توند چاوەڕوانی و خۆ ئامادەکاری منداڵ یان تاکێکی نێو خێزان لە سنوری چوارچێوەی پێگەی باوکی و بنەماڵەکەی دەخولێتەوە.

کورە جوتیارێک یان کرێکارێک یان خاوەن پیشەیەکی ئاسایی کە لە نێو خێزان و ژیانێکی ھەژارانە گەورەبووبێت چاوەڕوانی بەرز و باڵای بۆ دروست نابێت کە لە داھاتوودا پێی بگات، واتە بۆ کورە ھەژارێک پۆستە سیاسیە باڵاکان ھەرگیز نە دەبێتە بابەتی بیرکردنەوەی، نە خۆشی بۆ ئامادە دەکات، وە زۆربەی جار بە ئەگەرێکی زۆر دوور یان خەیاڵاوی بیر لە پۆست و پێگە بەرزەکان دەکاتەوە، وەک ئەوەی کە (خواردنی ئەو نەبن). ھەروەھا، لەڕووی (خۆ ئامادەکاریەوە) ھەرگیز ھەوڵ و خۆ ئامادەکاریەکانی بۆ پۆستە پێگە بەرز و باڵاکان نیە، بەڵکو چاوەڕوانیەکانی و خۆ ئامادەکاریەکانی لە چوارچێوەی ژیانێکی ئاسایی دەرناچێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە ھەمان کاتدا ئاشنا و شایەدی چین و توێژ و کەسانێکی خاوەن پلەوپایە و پێگە بەرز بێت لەڕووی سامان  یان سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی، واتە ھەست بە جیاوازی و کەلێنێکی گەورە دەکات لە نێوان خۆیان و ئەوانیتر، ئیتر وا ھەست دەکات پۆست و پێگە بەرزەکان ھەر بۆ ئەوانە شیاوە و دانراوە ئەو ناگرێتەوە.

لێرەدا تاک ھەر لە منداڵیەوە ھەست بە دوو جیھانی زۆر جیاواز دەکات، لەلایەکەوە کە جیھانی ئەو و کولتوور و فەرھەنگ و شێوازی رەفتار و گوزەراندنی ژیان و توانا عەقڵیەکانی ئەو لەگەڵ بنەماڵە پێگە بەرزەکان زۆر جیاوازە. لەلایەکی ترەوە، کە دەرفەتی گەیشتن بە پێگە و پۆستی بەرز بۆ ئەوان زۆر نزیک و کردەییە، بەڵام بۆ خۆی شتێکی زۆر دوور و ناکردەییە! ئیتر ئەم ھەستەیە کە دەبێتە ھۆی بێ ئومێدبوون لەم پێگە بەرزانە و دواتر ھەوڵنەدان و خۆ ئامادە نەکردن بۆی.

وە گەر نموونەی کوڕی دەسەڵاتدارێکی سیاسی بێنینەوە دەبینین چاوەڕوانییەکانی زۆر بەرزن و خۆئامادەکارییەکانی بۆ ئەوەیە کە لە داھاتوودا وەکو باوکی پێگەیەکی سیاسی بەرزی ھەبێت، یاخود ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان خاوەن شەھادەی بەرزن و لەڕووی زانستیەوە پێگەیەکی بەرزیان ھەیە ھەمدیس راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر چاوەڕوانییەکانی و خۆئامادەکارییەکانی منداڵەکە و ئاستی بەرزی چاوەڕوانی، واتە متمانە بەخۆبونێک لای ئەو منداڵە دروست دەبێت کە دەتوانێ وەکو دایک و باوکی بگاتە ئەم پلە و پێگەیە، جا ئەمە بۆ پێگەی بەرزی ئابووری و سامان و کۆمەڵایەتیش ھەر راستە.

بۆچی ئێمە باس لە کولتووری ھەژاری دەکەین؟

 کولتووری ھەژاری یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگا تەقلیدگەرا و دواکەوتووەکان. واتە کولتووری ھەژاری یەکێکە لە ھۆکارەکانی دواکەوتنی کۆمەڵگا و چەقبەستنی.

بەم پێیەش بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگای تەقلیدگەرا بچینە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، دەبێت کولتووری ھەژاری بنەبر بکرێت، یاخود بەلانیکەم کاڵ بکرێتەوە و وشک بکرێت لەنێو مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگا، چونکە کۆمەڵگای مۆدێرن پێویستی بە تاکێکە ئاستی چاوەڕوانیەکانی بەرز بێت و تاک متمانەیەکی تەواویی بە توانا و لێھاتوویەکانی ھەبێت وە ھیچ شتێک ئەستەم مەحاڵ و بەقەدەرکراو نەبێت لە ئاست تواناکانی. وەک (ساموێل ھانتینگتۆن) دەڵێت “بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پێویستی بە گۆڕان ھەیە لە چاوەڕوانی تاکەکان و کۆمەڵەکان و کۆمەڵگاکان، گەشەکردنی ئابووریش پێویستی بە گۆڕانە لە تواناکاندا، مۆدێرنەش پێویستی بە ھەردووکیانە.”.

بەم پێیە کۆمەڵگا دەبێت کۆمەڵگایەکی عەقڵانی بێت نەک چارەنووسساز، بەومانایەی دەبێت تاک نایەکسانی و چینایەتیەکانی نێو کۆمەڵگا بە واقعێکی نادادپەروەر بزانێت کە شایەنی چاککردن و تێپەرکردنە، نەک بە چارەنووسێکی حەتمی بەجۆرێک کە بە ھیچ شێوەیەک نەبێتە بابەتی بیرکردنەوەی. چونکە ئەم کولتوورە ھەژاریە کاریگەری لەسەر کایەکانی تر ھەیە.

گەر کایەی سیاسی وەربگرین، دەبینین لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆربەی ئەوانەی کە ھەڵگری کولتووری ھەژارین، یان بەشداری سیاسی ناکەن، یان کە بەشداری سیاسی دەکەن، بەمەبەستی ئەوە بەشداری ناکەن کە بتوانن جومگە باڵاکانی ناو سەرکردایەتی حزب و حکومەت وەربگرن، یاخود خاوەن ستراتیژیەتێک بن تا گۆرانکاری ریشەیی و نوێگەریی لە حیزبدا بکەن، بەڵکو بەمەبەستی خزمەتکردنی سەرکردەیەکە، یان حیزبێکە، یان بۆ ھەندێک سوود و ئیمتیازات بەشداری دەکەن، چونکە ھەڵگری کولتووری ھەژارین.

 بەڵگەش لەسەر ئەمە زۆر روونە کاتێک تۆ باش دەزانی کە کەناڵەکانی گەیشتن بە پێگە بەرز و باڵاکان و سەرکردایەتی بەشێوەیەکی انتسابی و پەیوەندی خوێن و بنەماڵەییە، نەک بە شێوەی اکتسابی و بەدەستھێنانێکی شایستەیی، ئیتر مەبەستی بەشداری سیاسیت جگە لە خزمەتکردن و جێبەجێکردنی فەرمان و بەرنامەی و ستراتیژیەتی سەرکردە و نوخبە و بنەماڵەیەکی دیاریکراو نەبێت چی ترە !!

لەوە خراپتر لە نیشانەکانی کولتووری ھەژاری ئەوەیە، ھەندێک ئەوەندە ھەژارن گەر پێی بوترێت تۆش قابیلیەتی ئەوەت ھەیە بچیتە جێگای سەرکردەکەت و لەویش باشتر بیت، رەنگە ئەوەندە توڕەبێت و ھەڵبچێت پەلاماریشت بدات و قسەکەت بە ناشایستە لە خشتە بدات. بگرە بەم شێوەیە پێت دەڵێت (جارێکتر قسەی وا نەکەیتەوە، تا ئەم سەرکردەیە، ئەم بنەماڵەیە ھەبن من چیم  …!!! چونکە ئێمە ووتمان کە “کولتووری ھەژاری ھەمان خۆ بەکەمزانینە لە ئاست گەیشتن بە پێگە بەرزەکان، ھەمان خۆ نەدیتنەوەیە لە ئاستی ئەو کەسانەی کە توانیویانە بگەنە ئەم پێگە بەرزانە”.

لە نموونەی زیندووی کولتوور ھەژاری سیاسی لای ئێمە ئەوەیە کە دەرچووانی زانستە سیاسیەکانمان لە جیاتی ئەوەی چاوەڕوانی و خۆ ئامادەکاریان بریتی بێت لە سەرکردایەتی حیزب و وڵات و ھەوڵدان بۆ گۆرانکاری و گەشەسەندنی سیاسی، وە بە ئومێد و گەشبینی و ھەوڵ و خۆ ئامادەکارییەکی گەورە بچنە نێو پرۆسەی سیاسیەوە، کەچی دەبینین ئەوپەری ئاستی چاوەڕوانی و خۆ ئامادەکارییان بریتیە لە دامەزراند لە شوێنێک بۆ موچەیەکی مەمرە و مەژی  …! ئاخر ئەمەیە کولتووری ھەژاری کە بەرزترین ئاستی  چاوەڕوانی دەرچووانی زانستە سیاسیەکان لە کۆمەڵگایەک بریتی بێت لە دامەزرانێکی ڕووت …!!!

ئیتر ئەمە بۆ کایەکانی تری ژیانی (ئابووری و کۆمەڵایەتی و…… ) ھەر راستە ، کولتووری ھەژاری دەبێتە ھۆی نزمی ئاستی چاوەڕوانی و خۆئامادەکارییەکانی تاک لە ھەمبەر پۆست و پێگە بەرزەکان و بە خەیاڵ و ئەگەری زۆر دوور روانین بۆیان.

ئێستا دەبێت بپرسین چۆن ئاستی چاوەڕوانی تاکەکان بەرز دەبێتەوە؟ کە فاکتەرێکی زۆر گرینگە بۆ تێپەڕکردنی کۆمەڵگای نەریتگەرا و سونەتگەرا بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن؟

 رەنگە چەند فاکتەرێک ھەبن، بەڵام گرینگترین فاکتەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانی تاکەکانی کۆمەڵگا و نەھێشتنی کولتووری ھەژاری بریتیە لە (رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم تواناکاندا، پاشان وەرگرتنی پۆست بەپێی شایستەی، واتە پلە و پایەی سیاسی و سامانداری و کۆمەڵایەتی مەرجێک نەبێت بۆ گەیشتن پێیان).

شتێک کە دەسەڵاتە بنەماڵەیی و ئەرستۆکرات و چینایەتیخوازەکان زۆر زۆر لێی دەترسن (دەرفەتی یەکسانە لەبەردەم تواناکاندا بۆ گەیشتن بە پێگەکان) چونکە “خودی چەمکی (یەکسانی) لە ھەر بوارێکدا ھەبێت راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانی تاکەکان و لاوازکردنی کولتووری ھەژاری لەو بوارەدا.

یەکەمین بوار و کایەش کە پێویستە یەکسانی تێدا بەرجەستە بکرێت لەبەردەم توانا و لێھاتووییەکانی تاک بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سامانداریەتی بریتیە لە کایەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن، کە زۆرترین کاریگەری ھەیە لەسەر جۆری ھۆشیاری و ئاستی چاوەڕوانیەکانی تاک و خۆ ئامادەکارییەکانی.

گەر سەردەمی پێش داھێنانی ئامێری چاپ لە لایەن (گوتنبێرگ) وەربگرین، دەبینین پێش ئەوکاتە، واتە لە سەدەکانی ناوەراست، خوێندن و دەستگەیشتن بە پەرتووک و خوێندنەوەیان تەنھا قۆرغ کرابوو بۆ چینی خانەدان و ئەرستۆکرات و پیاوانی ئایینی؛ چینی ھەژاران و رەشۆکی خەڵک دەستیان پێ نەدەگەیشت، بەم پێیە ئاستی ھۆشیاری و چاوەڕوانی نزمی تاکەکان ھیچ گۆرانکاری و بەرزبوونەوەی بەخۆوە نەدەبینی، ھەر بۆیە پۆست و پێگە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان تەنھا لەلایەن چینە باڵاکانی کۆمەڵگا دەخولایەوە و دەستاو دەستی پێ دەکرا.

بەڵام، کاتێک ئامێری چاپ داھێنرا ئیتر بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە نووسراوەکان بە تیراژێکی زۆر و لە ماوەیەکی کەم و بەنرخێکی ھەرزانی لێ کەوتەوە. بەمەش ئیتر ھەموو خەڵک دەیتوانی دەستی بە نووسراوەکان بگات و چیتر قۆرغ نەبوو بۆ چینی خانەدانان؛ ئیتر بەو ھۆیەوە خەڵکی رەشۆکیش وردە وردە ھۆشیارییان پەیدا کرد و ئاستی چاوەڕوانیەکانیان بەرزبوویەوە. لەوەودوا خۆیان بە شایستەی ئەوە زانی کە ئەوانیش دەتوانن بگەنە پۆست و پێگە باڵاکان، لێرەوە کەوتنە دژایەتی و ململانێی چینە ئەرستۆکراتەکان تاوەکو توانیان ماف و ئازادیەکانیان بەدەستبێنن و کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەیی و خانەدانی بێنن.

کەواتە دەرفەتی یەکسان لە خوێندن و پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێتە ھۆی یەکسانی لە ئاستی ھۆشیاری و دواجار چاوەڕوانی و خۆ ئامادەکاری، سەرەنجام گاریگەریی لەسەر کایەکانی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریش دەبێت.

ھەر بۆیە زۆربەی ئەو دەسەڵاتە بنەماڵەیی و ئەرستۆکرات و سەرمایەدارەکان و چینایەتیخوازەکان، بۆ ئەوەی ئەو یەکسانیە لاواز بکەن و کولتووری ھەژاری لەلایەن چینی ھەژارانەوە تۆخ بکەنەوە، لە پێناو نزمکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانی ھەژاران، تا خۆئامادەکارییان نەبێت بۆ گرتنە دەستی پۆست و پێگە باڵاکان، چەند رێگایەک بەکاردەھێنن.

 لەئاستی خوێندن و پەروەردە و پێگەیاندنی تاکەکان ھەستاون قوتابخانەی چینی ھەژاران و چینی دەسەڵاتدار و ساماندارەکانیان لە یەکتر جیاکردۆتەوە. ئەوەی کە چینی ھەژارانە لە قوتابخانە حوکومیە گرینگی پێ نەدراوەکانن، کە نزمترین ئاستی پەروەردە و فێرکاری تێدایە، وە لە نزمترین ئاستە بۆ پەرەپێدانی توانا و لێھاتوویی تاکەکان، بەڵام منداڵانی چینی دەسەڵاتدار و ساماندارەکان لە قوتابخانەی ئەوپەڕی پێشکەوتوو و ئاست بەرز پەرە بە توانا و بەهەرەکانیان دەدەن.

لێرەدا کاتێک ئەم جیاکاریە دروست دەبێت و ھەستی پێدەکرێت لەلایەن چینی ھەژاران و رەشۆک ئەوا ئەم جیاکاریە دەبێتە بەرھەمھێنەری کولتووری ھەژاری و ھەستی جوداکاری و خۆ بەکەمزانین لە ئاست ئەوانی تر دواجار دەبێتە ھۆی جیاکاری لە خۆ ئامادەکاریەکان.

ھەر وەھا لەئاستێکی سیاسیەوە، ھیچ دەرفەتێکی یەکسان ناھێڵنەوە، پێوەر و کەناڵەکانی گەیشتن بە دەسەڵات یان دەبێت سامان بێت وەک ئەوەی لە ئەمریکای سەرمایەداری ھەیە، یان دەبێت بنەماڵە و خێل و عەشیرەت و پەیوەندی خوێن بێت، وەک ئەوەی لای جووت حیزبە دەسەڵاتدارەی خۆمان ھەیە. ئەمەش بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسیەوە خەڵکی تەواو کولتوورێکی ھەژارانەیان ھەبێت و بە خەونیش بیر لە دەسەڵاتگرتنە دەست نەکەنەوە، تاوەکو لە زھنیەتی خەڵک بچەسپێت کە دەسەڵات تایبەتە بەم بنەماڵەیە، تا سەرەنجام ھەستی خۆبەکەمزانین لە ئاست بنەماڵەی دەسەڵاتدار ببێتە بەشێک لە کولتووری خەڵک و کۆمەڵگا.

رەنگە لەسەرەوە ئەم رەخنەیە دروست ببێت کە چەندان کور و کچی ھەژار ھەن کە لەڕووی زانستیەوە پێگەی بەرزیان بەدەست ھێناوە واتە کولتووری ھەژاری رێگرنەبووە لە بەردەمیان، کە ئەمەش گومان دەخاتە سەر گریمانە و دەستەواژەی کولتووری ھەژاری!

یەکەم شت ناکرێت نکۆڵی لەم جیاوازیە زەقە بکرێت، لەڕووی ئاستی چاوەڕوانی و پەروەردەیی و خۆ ئامادەکاری منداڵێک کە لە دایک و باوک و خێزانێکی رۆشنبیر و خاوەن پێگەی زانستی بێت؛ بە بەراوورد بە منداڵێک کە لە خێزانێکی ھەژار و نەخوێندەوار بێت. بەرئەنجامەکانیش بەڵگەی ئەوەمان پێ دەدەن کە ئەوانەی لە خێزانێکی رۆشنبیر و دایک و باوکێکی خاوەن شەھادەی بەرزن، دەتوانین بڵێین بەرێژەیەکی ئێجگار زۆر وەک دایک و باوکیان شەھادەی بەرز بە دەستدەھێنن، بەڵام ئەوانەی لە خێزانێکی ھەژار و نەخوێندەوارن دەتوانین بڵێین بەرێژەیەکی زۆر کەم دەتوانن شەھادەی بەرز بەدەستبھێنن.

ئێستا پرسیارەکە یاخود رەخنەکەمان ئەوەیە کە ئەو رێژە کەمە چۆن توانیان بەربەستی کەلتوری ھەژاری ببەزێنن؟

ئێمە لەسەرەوە وەڵامەکەمان داوەتەوە کە وتمان (یەکسانی دەرفەت لەبەردەم تواناکاندا، پاشان پێدانی پۆست بەپێی شایستەیی) واتە بەھۆی ئەوەی لەبواری خوێندن و زانست جۆرێک لە دەرفەتی یەکسان فەراھەمە بەو مانایەی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان بۆ ھەموو کەس کراوەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی خێزانی و سیاسی و سامان وکۆمەڵایەتی، ھەر بۆیە ئەوانەی ھەڵگری کەلتوری ھەژاریشن ھەست بەم دەرفەتە دەکەن کە بتوانن تیایدا پەرە بە توانا و بەهەرەکانیان بدەن و بتوانن لە داھاتوودا دۆخە نادادپەروەرە سەپێنراوەکەی خۆیان تێپەر بکەن.

بەڵام، ئەگەر بوارە سیاسیەکە وەربگرین، دەبینین بە ھۆی نەبوونی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم تاکەکاندا بۆ گەیشتن بە پۆست وپێگە باڵاکان، ھاوکات بوونی بنەماو پێوەری بنەماڵەیی و نفوزی عەشایەری و کۆمەڵایەتی و پەیوەندی خوێن بۆ گەیشتن بە پۆستە باڵاکان، ئەوا ئەوانەی ھەڵگری کەلتوری ھەژاریین بە خەونیش بیر لەم پۆستانە ناکەنەوە، وە ھەرگیز چاوەڕوانییەکانیان و خۆ ئامادەکاریەکانیان ناگاتە ئەم ئاستە بەرزە.

لێرەدا دیسان پرسیار دروست دەبێت، کە لە مێژوودا نموونەی سەرکردەمان ھەیە کە لەنێو کولتوورێکی ھەژارانەدا پەروەردە بووە و پێگەیووە بەڵام توانیویەتی ببێتە سەرکردە! کەواتە ئەو چاوەڕوانیە بەرزەی لە کوێ ھێنا!؟

لە نێوان ئەو کەسەی کە ھەڵگری کولتوورێکی ھەژارانە بووە وە لەگەڵ ئەو پێگە سیاسیە بەرزەی کە پێی گەیشتووە، ناوەندگیرییەک (وساطة) ھەیە. واتە ھیچ کوڕە ھەژارێک یان کەسێک لە نێو چینی رەشۆکی خەڵک پێگەیشتبێت راستەوخۆ تموحاتی گەیشتن بەم پێگە بەرزە نیە بەلکو بەشێوەیەکی ناراستەوخۆیە لە رێگەی ناوەندگیریەک، ئەم ناوەندگیریەش بریتیە لە ھۆشیاربوونەوە لە رێگای پرۆسەی خوێندن و خوێندنەوە. وە لەسەرەوەش ئاماژەم بە گرنگیی ئەوکایەو فاکتەرە داوە. واتە لە رێگای خوێندن و خوێندنەوە و خۆھۆشیارکردنەوە توانیویەتی کولتوورە ھەژاریەکەی تێپەرێنێت و ئینجا چاوەڕوانی بەرزی بۆ دروست بووە و پاشان خۆی بۆ ئامادە و تەرخان کردووە تا پێی گەیشتووە.

سەرچاوەکان:

– ج. تیمونز رۆبێرتس، ئەیمی هایت ”لە مۆدێرنەوە بۆ جیهانگەرایی”، بەرگی یەکەم، وەرگێڕانی  محەمەد حوسێن، چاپخانەی روون، چاپی یەکەم، ٢٠٠٣، لاپەڕە ٢٢٨.

– کارڵ مارکس، ”چەمکی مرۆڤ لای مارکس”، وەرگێڕانی ئارام جەمال، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، چاپی دووهەم، ٢٠١١، لاپەڕە ٤٦.





محەمەد ئەحمەد

Check Also

ســـــینەمای ئێـــــرانی و دیـــوەکـــــەی تـــری مــــرۆڤ

خەلیل زێوەیی ئەگەرچی سینەمای ئێرانی بەدەرنیە لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی، وەک هەر سینەمایەکی تری وڵاتانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *