دوو شه‌ممه‌, ئایار 13, 2024
frku

ژوورى ژنە ڕووتەکان

خوێندنەوەیەکى دەروونشیکارى، تێروانینى پیاو و ژنى کورد بۆ یەکتر

 پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

Photo: Vincent m a Janssen

ئەوەى ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە ئەمجارە سەفەرێک بکەین بە نێو جیهانە شاراوەکەى دەروونماندا. چوون بە بێ ناسینى ئەم جیهانە پەنهانە ئەگەرى گەورەبوونى رۆحى و مەعنەوى لە دەروونى تاکى کوردا وەک شیانێکى بە دەستنەهاتوو دەمێنێتەوە. گەورە نەبوونى لایەنى مەعنەوى تاکى کوردى و ئەو باوەشکردنە قایمەى دەیکات بە جیهانى رۆژئاوادا و ئەو بەرەلابوونەى توشى دێت کاتێک بە تەنیا سەفەر دەکات و کاتێک  ئەو چاوە چاودێریکەرەى لەسەر لادەچێت، هەمووى پەیوەستە بەوەى، کە تاکى ئێمە نە کارى لەسەر خۆى کردووە، نە هەولیشى داوە خۆى بناسێت و ژوورە تاریکەکانى دەروونى خۆى نەپشکنیووە. خۆ ئەگەر بێت و ئەم کارە ئەنجام بدات، لە زۆر گرێى دەروونى قوتارى دەبێت و زۆر رێگەى قورسى لێ ئاسان دەبێت. یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى کە پێویستە ئێمە لەگەڵ خۆماندا ساغیبکەینەوە مامەلەکردنمانە لەگەل رەگەزى بەرامبەر، کە ئەوەى من مەبەستمە پیاوانە، واتە چۆن مامەلە لەگەل ژناندا دەکەین و چۆن لێیان دەروانین. ئەو چاوەى لەژن دەروانێت لە پیاواندا چ جۆرە چاوێکە؟

دیارە هەموو سەیرکردنەکانى پیاو پەیوەستە بە پێشینەى پیاوەکەوە، واتە ئایا پێشتر ئەو پیاوە لە دەروونى خۆیداو بە تەنها و ئەو کاتانەى دەکەوێتە نێو زیندە خەونەکانییەوە، چۆن بیر لە ژن دەکاتەوە. لە کاتى مامەلەکردن و سەیرکردنى ژن لە واقعدا ئەو بیرکردنەوە پێشوەختە، بینین و چۆنییەتى ئەو سەیرکردنە دیاریدەکات. واتە ژن لە نەستى شاراوەى پیاوەکەدا چ چۆناییەتییەکى وەرگرتبێت، ژن بۆ ئەو پیاوە ئەو ماناو مەبەستەیە. ئەگەر پیاو لە نەستى شاراوەیدا و لە بیرکردنەوە شاراوە و تایبەتەکانیدا ژنى وەک جەستەو سەرچاوەى تێربوونى غەریزەى سێکسى بەرجەستەکردبێت، ئەوا لە واقعیشدا هەموو ئەو ژنانەى رۆژانە مامەلەیان لە تەکدا دەکات بەو چاوە و بەو مانایە لێیان دەروانێت. چوون مرۆڤ ناتوانێت بە تەواویی خۆى رزگار بکات لەو ئیحایانەى دەروونى ئاراستەى دەکات. هەمیشە سات و کاتى هەیە کە دەکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵى لایەنى مەعنەوى و تەمەنى تەمسیلکردنى تێدا کورتە. نا خۆشبەختانە پیاوانى کۆمەڵگەى ئێمە لە بەشە زۆرەکەیدا نەیانتوانیووە بە چاوێکى تەندروست سەیرى ژن بکەن. زۆربەى نیگاو بینینەکانى بە لاى جەستەى ژندا شکاوەتەوە. بۆیە ژنانى کۆمەڵگەى کوردى مەحکومن بە خۆشاردنەوە و سەرداخستن لە هەمبەر پیاواندا. چونکە سەیرکردنى پیاوى ئێمە سەیرکردنێکى بریندارکەر و بێزارکەرە. کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکى ئارام و سەلامەت نییە بۆ ژن، هەمیشە فۆبیایەک هەیە لە خەونى ژنانى کۆمەڵگەى کوردیدا، ئەویش فۆبیاى پەلاماردان و لاقەکردن و برینداکردنە بە سەیرکردنە غەریزى و جەستییەکانى پیاو. بە مانایەکى تر پیاوى کۆمەڵگەى کوردى نەیتوانیوە لە بەردەم ئەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازەدا بوەستێت و بینینى بە نێو نەشتەرگەریدا ببات هەتا بتوانێت ئازادانە مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکات. چونکە مامەلەى پیاوى کورد مامەلەکردنێکى ئازادانە نییە، لەبەر ئەوەى پێش وەخت خەونى بە ژنەکانەوە دییوە، بۆیە ناتوانێت خۆى نەبان بکات لەو خەونە شاراوانەى بە ژنەکانەوە دیویەتى. لە کاتێکدا کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکە، کە رەنگرێژە بە ئاین و بە تایبەت ئاینى ئیسلام و زۆربەى پیاوەکان بە دەزوویەکەوە بەستراون بە ئاینەوە.

دەبایە ئێمە باشتر و زووتر ئەم بابەتەمان لەگەل خۆماندا یەکلابکردایەوە. چونکە بابەتى خۆپەروەردەکردن و هەوڵدان بۆ گەورەبوون لە ڕووى مەعنەوى و دةروونییەوە زیاتر بابەتێکى ئاینییە، پێش ئەوەى بابەتێکى دەروونى یان فکرى یا فەلسەفى بێت. دیارە هۆکار زۆرن کە لێرەدا جێى دەهێلم بۆ پیاوانى ئاینى کۆمەڵگەکەمان. ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئەوەیە، بچمە سەر بابەتە سەرکییەکە، ئەویش ناساندنى ژوورە نهێنییەکەى جیهانى پیاوە (ژوورى ژنە ڕووتەکان).

1_ هەنگاوە سەرەتاییەکانى دروستکردنى ژوورى ژنە ڕووتەکان:

هەموو مرۆڤێک لە سەرەتادا کە بە تەمەنى هەرزەکاریدا تێدەپەرێت بە تایبەت پیاوان، لەو تەمەنە و قۆناغەدا هەموو سەیرکردن و بینیینەکانى بۆ ژن سەیرکردنێکى غەریزى و سیکسیە، چونکە بەهێزترین هێزێک کە لەو تەمەنەدا گەشەدەکات ئەو لایەنەیە، بۆیە لەو دەمەوە ژوورى ژنە ڕووتەکان دەست بە دروستکردن و گەشەکردن دەکات. بە جۆرێک هەموو خەون و بیرکردنەوە جگە لەم لایەنە تواناى بینینى بابەت و شتى دیکەى نییە. وەنەبێت بە گەورەبوونى تەمەن ئەم ژوورە بپوکێتەوە، نەخێر! بچوککردنەوە و تیکدانى ئەم ژوورە پەیوەندى هەیە بەوەوە کە تا چەند ئەو مرۆڤە ئیشى لەسەر دەکات، واتە بە بێ ئیشکردن و ماندووبوون پێوەى، بە گەورەبوونى تەمەن چاوەرێى ئەوە ناکرێت کە ئەو ژوورە بچوکبکرێتەوە. زۆر لە پیاوانى پیر هەن کە چاویان پرە لە تیلەى حەز و ئاگرین و ژن وەک جەستەیەکى ڕووت وینا دەکەن. ئەگەر بە زمانە ئایینییەکە باسى بکەین، هەموو پیاوێک مەحکومە بە نەزەر، بەڵام دواتر ئەوە کێیە کە هەوڵى ئەوە دەدات نەزەر نەکات؟ یاخود ئەوە کێیە هەولى ئەوە دەدات لە پشت ئەو جەستە ناسک و ئیستاتیکەى ژنەوە هەست بە بوونى رەگەزێکى دیکە لە مرۆڤ بکات، کە پرە لە خەون و خەیاڵ و وزە و جوانى و ئاواتى کوژراو و خەونى سەربراو؟ ئەوە کێیە تواناى جیاکردنەوەى جەستەى هەیە لەگەل دیوە شاراوەکانى دیکەى ژن؟ بەشێکى زۆرى ژنانى ئێمە کە بێ متمانەن بە پیاوان، ئەوەیە باش دەزانن کە پیاوان هێشتا هەرزەکارن و نەیانتوانیوە لەگەڵ سپیبوونى پرچیاندا شێوازى بینینیان بگۆرن و ئیتر بتوانن لانى کەم، ژن وەک مرۆڤێک وێنا بکەن. ئازادى مامەڵەکردن لەگەڵ ژندا پیوەندى هەیە بەو ژوورەوە. واتە هەتا پیاو لەم ژوورەدا کار نەکات و چاکسازى تیا نەکات ناتوانێت ئاسایى مامەڵە له‌گه‌ڵ ژن بکات. چونکە دەبێت پیاو خۆى خالیی بکاتەوە لە مەبەست و خەونە پێشینەکانى ده‌رهه‌ق به‌ ژن. کاتێک توانى ئەم هەنگاوە ئەنجامبدات ئەوا دەتوانێت نزیک بێتەوە لە سنورەکانى ئازادى، واتە دەتوانێت ئیتر نەزەر نەکات. کە دەلێم ئازادى، مەبەستم ئەوەیە کە پیاو وەک کۆیلە مامەڵە دەکات لەگەڵ ژندا، نەک وەک هاوتا و هاو ڕەگەزى خۆى. چونکە پیاو دەبێتە داواکەر و ژنیش داواکراوە، بەمەش زۆر لە ژنەکان ئەم یارییە دەقۆزنەوە و چێژ وەردەگرن لەو کۆیلایەتییەیه‌ و هەمیشە وەک هێزێکى ئاراستەکەر پیاوەکان ئاراستە دەکەن. بەمەش پەیوەندییەکى ناتەندروست دێتە ئاراوە لە نێوان ژن و پیاودا. کە کەسیان گوزارشت لە بوونى راستەقینەى خۆیان ناکەن و دوو وێنەو دوو سێبەر مامەڵە دەکەن. لانى کەم کەسیان نایانەوێت ڕووبەڕووى وێنەى ڕاستەقینەى خۆیان ببنەوە. سەرەنجام، کۆمەلێک ژن و پیاو بەرهەم دێن کە رووکەشن و کۆمەڵگەیەکى وەهمى دێتە ئاراوە. نە ژن ئازاد دەبێت و نە پیاویش دەتوانێت لە دەرەوەى ئەو کۆیلایەتیییە، درێژە بە ژیانى خۆى بدات.

2_ چۆنییەتى بچوککردنەوەى ژوورى ژنە ڕووتەکان:

کێشەى بوونى ئەم ژوورە ئەوەیە، کە بەوە ناوەستێت بە چەند وێنەیەکى عەمبارکراو وازبهێنێت. بەڵکو لە هەبوونى ئەم ژوورەدا ڕۆژ دواى ڕۆژ پانتایى خۆى گەورە دەکات و وێنەى تازە عەمبار دەکات. دیارە هەر یادکردنى ژنێک لەم ژوورەدا ڕووتکردنەوەیەتى و سەرچاوەى چێژێکى سسێکسیە. کاتێک ئەم پیاوە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ ژنەکانى دەوروبەرى دەکات، بێ ئاگایى خۆى ئامادەیان دەکات بۆ ڕووتکردنەوە و عەمبارکردنیان لەم ژوورە نهێنییەدا. چونکە ئەم پرۆسەیە بەردەوامى بە خۆى دەدات لە پشت هەر مامەڵەکردنێکى پیاوەوە. زۆربەى ئەو چیرۆکانەى دەیانبیستین کە فڵانە پیاوى ئاینى، یان فڵانە بەرپرس، یان فلانە مامۆستا، ئابڕوى چوو، پەیوەندى هەیە بەو ژوورەوە کە لە دەروونى خۆیدا هێشتا داینەخستووە، یاخود هەولى نەداوە کە دایبخات، یان لانى کەم بچوکى بکاتەوە. لە بوونى پەیوەندى لەگەل هەر ژنێکدا بۆ هەر مەبەستێک، ئەم ژوورە یەکێک لە وێنە ڕووتەکانى خۆى وەک پەردەیەک دەخاتە سەر چاوى ئەو پیاوە و ئاراستەى دەکات بەرەو جەستەى ژنەکە. بۆیە یەکەمین وێزگەیەک کە دەبێت مرۆڤى ئازادى ویست کارى تێدا بکات ئاوڕدانەوەیە لەم ژوورە. بە بێ ئیشکردن لەم ژوورەدا هیچ پیاوێک ناتوانێت بۆ جارى دووەم لە دایک بێت. واتە لا بکاتەوە لە لایەنى دەروونى خۆى و چاوى پاکبکاتەوە لە سەیرکردن بە مەبەستەوه‌. وئەگەر نا کاتێک ئەم ژوورە گەورە دەبێت ئیتر ئەو پیاوە ناتوانێت تاکێکى سەرکەوتوو بێت، واتە تواناى بینین و بیرکردنەوەى کوێر دەبێت. ناتوانێت موسڵمانێکى راستەقینە بێت، ناتوانێت شاعیرێکى باش بێت، پارێزەرێکى بە ویژدان بێت……..تاد. تەنانەت ناتوانێت باوکێکى باش و هاوڕێیەکى باش بێت. بۆیە بە ڕاستى جێگەى خۆیەتى کە ئەم ژوورە ئاشکرا بکرێت و هەموو ئەو سیحرانەى هەیەتى روونبکرێتەوە.

دیارە من نامەوێت لێرەدا وەک پزیشکێکى دەروونى، یاخود چارەسەکەرێک دەربکەوم و بنووسم، ئەوەى بۆ من گرنگە، ئەو پرۆسە مەعریفى و زانستتییەى ناو دەروونى خۆمە. هیچ نەبێت توانادارى ناسینى ئەو هێزانە بم لە خۆماد، کە رۆژانە ئاراستەم دەکەن و دەستدەگرن بەسەر بینین و سەیرکردنەکانمدا.

وەک هەنگاوى سەرەتایى، دەبێت پیاو هەموو سەیرکردنەکانى بپشکنێت و ئەو وێنانەى کە عەمباری کردوون، دانە دانە بیانهێنێتەوە سەر شاشەى زەین و لە هۆى عەمبارکردنى بکۆڵێتەوە. ئەمە هەنگاوێکى گرنگە بۆ لاوازكردنی هێزى ئەو وێنانە. هەروەها هەنگاوێکى گرنگە بۆ خۆ خاوێنکرنەوە و تازەکردنەوەى بینین و سەیرکردنمان، بەمە دەتوانین تا ئاستێکى باش پانتایى ئەم ژوورە بچوک بکەینەوە و خالیی بکەینەوە لە وێنە ڕووتەکان. بە خاترى ئامدەبونمان لە ژیانى واقعیدا. حزور لەو نوێژانەى ئەنجامى دەدەین، حزور لە سەر کار، حزور لە هەموو ساتى زیندەگیماندا. خۆ ئەگەر پیاو توانى ئەم ژوورە دابخات و خۆى خاڵیی بکاتەوە لە هەموو وێنە ڕووتەکانى، ئەوا ئەم ژوورە گۆڕانى بە سەردا دێت و دەبێتە ژوورى (ژنە پۆشتەکان). بە جۆرێک، هەر ژنێک لە واقعدا بە ڕووتیش ببینێت ئەوا ئەم لە چاوى خۆیدا پۆشتەى دەکات، بە پێچەوانەى حاڵەتى یەکەمەوە، کە هەموو ژنە پۆشتەکانیش بە ڕووتى وێنا دەکات. هەتا پیاوى کۆمەڵگەى ئێمە نەگاتە ئەو ئاستەى وێناكردنی بۆ ژن بگۆرێت ، ناتوانێت لە کێشەو ئازارەکانى ژن تێبگات و تەنانەت ناتوانێت لە هاوژین و هاوسەرەکەى خۆشى بگات. خۆ ئەوەش ڕوونە کە لە ئێستا و لە ئایندەشدا ئەو وێنە مانادارەى ژن لە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى و کوردیشدا وێنەى ژنێکى فوول سیکسییە، واتە خاوەن جەستەو پۆشاکێکى سەرنجڕاکێشى چێژ بەخش بێت، هەتا لە بوارەکانى ئیشکردن و شوکردندا، بتوانێت دڵى پیاو ڕازیبکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوکسالارییەى بوونى هەیە لە جیهاندا، چونکە بەڕیوەبەرەکان و خاوەن کۆمپانیاکان و سیاسییەکان، زۆربەیان پیاو ئاراستەى دەکەن و ئەو پیاوانەش ئەوانەن کە خاوەن ژوورى گەورە گەورەى ژنى ڕووتن و پیاوانى دیکەى کۆمەڵگەش سەر بەم تایپە لە پیاون. واتە هێشتا کۆیلەى غەریزە و حەزەکانیانن. بۆیە بۆ بانگەوازى کڕینى خواردن و جل و بەرگ و سەیارە و هەموو شتەکان، دەبێت ئەو ژنانە لە گەڵیاندا نمایشبکرێن کە خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی وه‌هان” کە دەتوانن چاوى پیاو تێربکەن.

ئەمرۆ ژن ئەگەر بێت و نەتوانێت جەستەى خۆى یەکسان بکاتەوە بەو وێنانەى لە راگەیاندنەکانەوە پەخشدەکرێن، ئەوا ناتوانن ببنە ڕاوکەرى دڵى پیاوەکان و بە جێدەمێنن لەو خەونانەى کە لەسەر ئەو وێنانە بنیاتیان ناوە. شتێک هەیە لە پەیوەندى ژن و پیاودا شێوێنراوە دەبێت ڕاستبکرێتەوە. (سیگمۆند فرۆید)  Sigmund Freud   نەیتوانى ئەم شتە سروشتییە وەک خۆى قبوڵبکات و ئەوەى ساغکردەوە، کە ڕاکێشانى ژن و پیاو بەرەو یەکتر، پەیوەستە بەم ژوورانەوە و جگە لەو وێنە ڕووتانە هێزى ڕاکێشانى دیکە بوونى نییە. ئەمەشى وەک پیاوێک وێنا کردوو” نەیتوانى جیهانى ناوەوەى ژن وێنا بکات. چونکە وێناکردنى ژن بۆ پیاو جیاوازە و بەو جۆرە نییە کە پیاو وێناى دەکات. ئەوەى کە دەبێت بوترێت خیلقەتى ژن و پیاو وادروستکراون کە هەمیشە بەرەو یەک دەرۆن، واتە ژن پیویستى بە پیاوە و پیاویش پیوێستى بە ژنە، واتە لە سروشتى پیاودا ژن بوونى هەیەو لە سروشتى ژنیشدا پیاو بوونى هەیە. چونکە نە پیاو دەتوانێت بێ ژن بژیت و نە ژنیش بێ پیاو دەکارێت ئارام و رەحەت زیندەگی بکات. بەڵام ئەمە دەگەرێتەوە بۆ سروشتى بوونیان نەک سەدا سەد لایەنى سێکسییە پەلکێشیان دەکات بۆ لاى یەکتر. خۆ ئەگەر وابا بۆچى ژنان بێزار و توڕەن لە چاوە برسییەکانى پیاو؟ یاخود بۆچى پیاو ناتوانێت ئەو جۆرە لە ژن قبوڵبکات بۆ هاوسەرى ژیانى کە جەستەى بە کاردەهێنێت (دۆخی ژنی لەشفرۆش). پێش ئەم پرۆسەیە کۆمەڵێک بابەت و لایەنى رۆحى و مەعنەوى هەن لە مرۆڤدا، کە زۆر کاریگەرتر و قورسترن بۆ مرۆڤ. تەنیاییەک هەیە مرۆڤ وێران دەکات کە بێ ڕەگەزى بەرامبەر توشى دێت، بابەتەکەش سێکس نییە، بەڵکو وەحشەتێکى رۆحییە مرۆڤ غەریب دەکاتەوە.

3_ ئایا ژن ژوورى پیاوە ڕووتەکانى هەیە؟

ئێمە وەک پیاو مافى خۆمانە ئەو پرسیارە بکەین، وەلێ ئەگەرچى ئێمە خاوەن وەلامەکە نین، بەڵام هەوڵدەدەین کە بەر چاوروونییەک بخەینە ڕوو. دەکرێت هەر ژنێک ئەم ژوورەى هەبێت، بەڵام پرۆسەکە لاى ژن جیاوازە، ئەوەى لاى ژن پلە یەکە، باوەشى پیاوە. ئەم باوەشەش زیاتر باوەشێکى سۆزئامێزى پڕ لە عاتیفەیە، نەک غەریزەى سەداسەد. واتە زۆرینەى ژن پیویستى ئەم باوەشەیە کە ژنێتى خۆى تێدا دابنێت. وێنەى پیاو لاى ژن وێنەى هەڵگرێکى رۆحییە تا ئەوەى جەستەیەکى ڕووتبێت. هەر ئەمەش خاڵى لاوازى ژنە کاتێک هەڵدەخەڵتێنرێت. واتە بۆ ئەوەى پیاو بیەوێت ژن ئاراستە بکات و بیخەڵەتێنێت، سەرەتا دێت لەم دەرگایەى ژن دەدات، چوون ژن تاسەر ئێسقان پێویستدارە بەم سۆز و عاتیفەیە. ئەمەش وەلامە بۆ ئەوانەى پێیان وایە پیاو عاقڵترە لە ژن. بە پێچەوانەوە، ژن زۆر واقعیتر لە شتەکان دەڕوانێت. کێشەکە ئەوەیە، کاتێک ژن ئەم ژورەى ناو دەروونى خۆى هێندە گەورە دەکات کە هەموو پیاوێک وەک خاوه‌ن باوەشێکى پر لە سۆز و عاتیفە وێنا دەکات. تا ئەمە کوێرى دەکات و لەوەیە بکەوێتە نێو باوەشى پیاوێکەوە کە تەنها جەستەى ژنەکەى مەبەستە نەک جیهانى ناوە و سۆز و عاتیفەکەى. ئەمە ئەم هەڵەییەیە کە کوڕ و کچەکانى ئێمە تێیدەکەون، کاتێک ئیشیان لەسەر خۆیان نەکردووە، کورەکە بە هێزى وێنە ڕووتەکانى نێو ژوورى ژنە ڕووتەکانى خۆى بڕیار لەسەر کچێک دەدات کە بیکاتە هاوسەرى خۆى و کچەکانیش بە هێزى وێنەى باوەشى پیاوە پر لە عاتیفەکانى ناو ژوورى پیاوە سۆزدارەکان بڕیار لەسەر کوڕێک دەدات کە بیکاتە هاوسەرى خۆى. ئەمە وەک ئەوەیە کە بە کوێرى ڕەنگى شتەکان هەڵبژێریت. بۆیە ئیشکردن لەسەر وێنەکانى ناو دەروونى خۆمان گەورەترین کارێکە کە دەبێت بە درێژایى ژیانمان خەریکى بین، تا بتوانیین شتەکان وەک خۆیان ببینین. نەک وەک ئەوەى پێشتر وێنامان بۆ کردووە. بەڵام جیاکارییەک هەیە لەنێوان کچان و ژناندا، کچان چوون هێشتا نەکەوتوونەتە نێو جیهانى غەریزەکانەوە بەردەوام پیاو لاى ئەو بریتییە لەو باوەشە، ئەگەرچى ئەمرۆ بەهۆى ئەو هەموو وێنە وروژێنەرانەى ڕۆژانە لە ڕێگەى میدیاکانەوە خۆیان دەکەن بە زەینماندا، شیانى ئەوە هەیە کە کچى ئەم سەردەمەش لە بارە سروشتییەکەى خۆى تێپەرێت و پیاو وەک مەنزڵى سێکس وێنابکات. بەڵام بۆ ئەوانەى کە ژنن و پیاویان بە ڕووتى دیوە، هەر کاتێک پیاو لێیان وندەبێت، جا مێردیان دەمرێت، یاخود دوورکەوتنەوە هەیە لەو نێوانەدا، ئەم ژنەش هەوڵى بینینەوەى پیاو دەدات بە ڕووتى، بەڵام هەر دەبێت بەو دەرگایەدا تێپەرێت کە دەرگاى سۆز و عاتیفەیە. ژنان زۆر بەرینتر و رۆحانى تر لە پەیوەندى نێوان خۆیان و پیاو دەڕوانن، بەڵام پیاو چوون هەمیشە لێدەرچوونەکانى لەو ژوورە ڕووتانەوە هەیە بۆ بینینەوەى ژن رەمەکانە(غه‌ریزییانه‌) بیر لە ژن دەکاتەوە.

ژێده‌ر:

سیگمۆند فرۆید، پێنج وانه‌ له‌ده‌روونشیكاریدا، و: سه‌باحی مه‌لا عه‌وڵا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2007

 پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

ماستەر لە زمان و ئەدەبی کوردی

نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر

Check Also

ســـــینەمای ئێـــــرانی و دیـــوەکـــــەی تـــری مــــرۆڤ

خەلیل زێوەیی ئەگەرچی سینەمای ئێرانی بەدەرنیە لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی، وەک هەر سینەمایەکی تری وڵاتانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *