یه‌ك شه‌ممه‌, نیسان 28, 2024
frku

دیالێکتیکی هیگڵ و پارادایمی زانستیی

سەروەر محەمەد

کڵاوڕۆژنە

کۆمەڵگای ئێمە، بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، هەر لە تاکێکی بێ بڕوانامەوە تا دەگاتە ئەو ئەکادیمیستانەی (کە من لە خوارەوە ناوم لێناون زانستکاری تەکنیککار) خاوەن بڕوانامەی بەرزن، زۆرینەی هەرە زۆریان هێشتا نەک هەر زانیارییان لەسەر میتۆدۆلۆجیی زانست[1] نییە، بەڵکو زەبری ئەو شۆکە بەری نەداون کە بەهۆی هەرەسی زانست بە گشتیی و تەکنەلۆجیا بەتایبەتیی تووشیان بووە. لەبەرئەوەی ئێمە بەرهەمێنەری زانست نین بەڵکو بەکارهێنەری بەرهەمەکانی زانستین، قوورسە بۆ تاکی ئێمە شارەزای ئەو هەموو تۆڕە ئاڵۆز و تێکچژاوەی چۆنیەتیی کارکردنی زانست بێت لە کۆنەوە تا ئێستا. تێڕوانینی تاکی ئێمە بۆ زانست، بەبێ ئاگاداریی خۆی، بووەتە دوو بەشەوە: ساینتیزم[2] و دژە-زانستیی[3] ( نەک دژە-ساینتیزم[4] ). هەرچی جۆری یەکەمن ئەوانیش دەبنە دوو کۆمەڵەوە؛ ئەوانەی ئاگامەندانە سەر بە ئایدۆلۆجیای ساینتیزم-ن و ئەوانەی بە بێ ئاگایی و لە نەزانییەوە سەر بەو ئایدۆلۆجیایەن. ئەوانەی سەر بە کۆمەڵەی یەکەمی بەشی یەکەمن، کەمینەیەکی زۆر کەمن و بنچینەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پۆزەتیڤیزمی لۆجیکیی (بازنەی ڤیەننا)[5]. ئەوانەی سەر بە کۆمەڵەی دووەمی بەشی یەکەمن زۆرینەی ئەو بەشەن، ئەوانەن کە کەم تا زۆر ئاگایان لە میتۆدۆلۆجیی زانست نییە، بە شێوەیەیکی ناوازە چینی بڕواداری کردووەتە ئامانج. ئەوانەی کە لە ڕێگەی زڕەزانست-ەوە[6] (ئەوانەی خەریکی ئاشتەوایین لە نێوان زانست و ئاییندا و خۆیان بە هەوڵی نەزۆکانەی “ئیعجازی زانستیی”ەوە خەریک کردووە یان ئەوانەی بابەتە خورافییەکان دەبەستنەوە بە زانستەوە) نائاگایانە ڕەوایەتیی بە ساینتیزم دەدەن، ئەوانەی لە نائاگاییان بەرامبەر تێرمی “زانستیی” وەکو موقەدەس و پیرۆز دەبینن و ئەوانەش کە جیاوازییەک ناکەن لە نێوان زانست و تەکنەلۆجیادا. ئەوانەی سەر بە بەشی دووەمن هەستیارییان بە زانست هەیە و هەر لەگەڵ بیستنی “زانست” هەراسان و ناڕەحەت دەبن. نوێنەرانی ئەم بەشە زایاتر توندڕەوە ئایینییەکانن. لە دوو ئاستدا دژە-زانستن، یەکەم ئەوەی کە وەک دیاردەیەکی نامۆ، سەیر و دەرەکیی دەیبینن، دووەم لەبەرئەوەی وەک هەڕەشە و بنکۆڵکەری بڕوا ئایینیی و تەنانەت کلتوورییەکانیان دەیبینن.

بەشێکی زۆری ئەم کارەساتەی تووشمان بووە (هەرچەندە تایبەت نییە بە ئێمە و دیاردەیەکی جیهانییە)، دەگەڕێتەوە بۆ نائامادەیی فەلسەفەی زانست لە ناوەندە ئەکادیمیی و پەروەردەییەکانماندا. تا زیاتر ئەم ڕشتەیە فەرامۆش بکرێت ئەوەندەی تر زیاتر دەبینە بەکارهێنەری نائاگا، زیاتر دەبینە بار بەسەر کۆمەڵگاوە و بەربەست لەبەردەم جووڵانی بەرەوپێشی کۆمەڵگا.

لەوانەیە بۆ هەندێک کەس وا دەرکەوێت کە ئەو بەشەی سەرەوە زۆر پەیوەندیی بە درێژەی بابەتەکەی خوارەوە نییە، بەڵام ئەوەی من لە خوارەوە درێژەم پێداوە بابەتێکە لە دەوری میتۆدۆلۆجیی زانست دەخوولێتەوە و هەوڵێکی تاکەکەسییە بۆ لێکدانەوەی چۆنیەتیی کارکردنی زانست بەناو مێژوودا. هەر تێگەیشتنێک لە میتۆدۆلۆجیی زانست هەوڵێکە بەرەو ڕوونکردنەوەی زیاتری چۆنیەتیی کارکردنی زانست و تێگەیشتن لێی.

درێژەی بابەت

ستیڤن واینبێرگ لە وتارێکیدا بە ناوی “گەردوونێکی دیزاینکراو؟[7] دەڵێت “(…) دەتوانم بڵێم، هێندەی تۆنی ئەخلاقیی ئایین سوودی لە ڕۆحی سەردەم بینیووە هێندە ڕۆحی سەردەم سوودی لە ئایین نەبینیووە…”. دەکرێت لێرەدا “ڕۆحی سەردەم” وەکو کلتوور وێنا بکەین، تەواوی ئەو نۆرم و پێوەرانەی کە لەسەردەمێکی دیاریکراوی مێژووییدا بەسەر کۆمەڵگایەکدا زاڵن و جیهانبینیی کۆمەڵگا لە خۆدەگرن. کاتێک ئایین وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرهەڵدەدات، ناچارە بۆ دامەزراندنی زۆرێک لە بانگەشەکانی خۆی لە هەواری کلتووردا، چادری خۆی هەڵدات. ئایین کۆمەڵێک گۆڕانکاریی، دونیابینیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە تەکان بە هەندێک لە پێوەر و نۆرمە کلتووریەکان دەدەن بەرەو سیستمە ئاینییە تازەکە، بەڵام کۆمەڵێک نۆرمی کلتووریی زیاتر دەچەسپێنێت. واتە دووانەی ئایین و کلتوور، زیاتر لە قازانجی ئایین، یەکتریی تێردەکەن. گۆڕانکاریی لە ئاییندا (زۆر جار گۆڕانکاریی ڕیشەیی)، بە هۆی کلتوورەوە لەسەر جوگرافیا جیاوازەکان و بەپێی نەتەوە و کۆمەڵگا جیاوازەکان، بە ڕوونیی دیارە (هەندێک جار بە یارمەتیی مۆتیفی سیاسیی- ئابووریی). کلتوور بەرهەمی ئەزموون، دووبارەکردنەوە و دەقگرتنە، لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ وەچەکان، ئایین هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بێ وەڵامەکان و شیکارکردنی پرسە ئەخلاقیی و وجوودییەکان، بەڵام کاتێک ئایین بەتایبەت لەگەڵ کلتوور تێکەڵاو دەبێت، ئەمیش بە هەمان نەزم لە ڕێی خێزانەوە، لە گەورەوە بۆ بچووک، تەشەنە دەکات. لێرەدا ئایین لە مانای خۆی وەکو ئایین دەکەوێت و زیاتر وەکو کلتوور نمایش دەکات. کاتێک واینبێرگ دەڵێت “تۆنی ئەخلاقیی ئایین”، وشەی “ئەخلاق”ی بۆیە بەکارهێناوە تا لە مەبەستی گشتیی ئایین جیای بکاتەوە، کە دانانی سیستمێکی ئەخلاقیی یەکێکە لە مەبەستەکانی. بۆ من، ئایین- کلتوور یەکەیەک درووست دەکات بە ناوی ئیمان، ئیمان بە مانای باوەڕی ئاینیی ڕووت نا، بەڵکو بە مانا هەرە قووڵ و فراوانەکەی. هەر شتێک کە بە پێی کات و شوێن، بە هۆی هۆکارە جیاوازەکانەوە بۆ کەسێک دەبێتە ئیمان و پێوەر و دیاردەکانی دەوروبەری پێ لێکدەداتەوە. واتە کاتێک دیاردەیەکی نوێی وەکو زانست دەردەکەوێت، بە لەشکرێک لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی نوێوە، ئیمان تووشی  ئاڵەنگارییەکی بێ وێنە دەبێت. ئەمە لەبەرئەوەی زانست دەست دەبات بۆ قووڵایی بابەتەکان و لە ڕەگەوە پێناسەیان دەکاتەوە، هەوڵدەدات هەموو شتێک بە پاڵوێنەی خۆیدا بچۆڕێنێتەوە، بە بێژنیگی خۆی دان و کا لە یەک جیا بکاتەوە. زانست (بەتایبەت زانستی مۆدرێرن) هێزێکی بێ بەزەییە، کات، شوێن و جوگرافیا ناخوێنێتەوە، هەموو شتێک لەگەڵ خۆی لوول دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئایا یاسا و تیۆرییە زانستییەکان، بنچینەکانیان گەردی ئیمان-یان بەر نەکەوتووە؟ ئایا زانستکاران (ئەو کەسانەی بە جۆرێک سەروکاریان لەگەڵ زانست هەیە)، دواجار، بەرهەمی ئیمان نین؟ چۆن زانستکارێک دەتوانێت لە دەرەوەی ئیمان بە چاوێکی ڕووتەوە دیاردەیەک لێکبداتەوە؟ گریمانەیەکی وەها شیاوە؟ هەوڵی یەکەم و سەرەکیی زانست وەڵامدانەوەی پرسیارە گەورەکانی هەمبەر بوون و ژیانە. ئەوەی کە ئایا بۆچی لێرەین، چۆن بوو کەوتینە ئێرە؟ بەرەو کوێ دەچین؟ بەم پێیە، زانست دەیەوێت، دوای ئەوەی بە وەڵامەکانی ئایین ڕازی نابێت و ئیمان لەق دەبێت، وەڵامی نوێ و چەسپاو بۆ ئەو پرسانە پەیدا بکات. بەڵام زانستکارێکی بە ئایین پەروەردەکراو و بە کلتوور گۆشکراو، دواجار ئیماندار چۆن دەتوانێت بە چالاییەک کە ناوی چالاکیی زانستییە وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە بدۆزێتەوە؟ یان وردتر بڵێین بۆچی وادەکات؟ ئایا پێویستە زانستکار هەمیشە خۆی لە ئیمان دابڕێنێت تا بە چاوێکی زانستیی لە دیاردەکان بکۆڵێتەوە؟ بەم شێوەیە زیاد لە جۆرێک لە زانستکار هەیە؛ زانستکاری زانا (Scientist)، زانستکاری تەکنیککار (Technician). هەردووکیان زانستکارن، چونکە لە چوارچێوەی زانستدا کاردەکەن، بەڵام هەردووکیان زانا نین، زانا کەسێکە کە لێکۆڵینەوەی زانستیی دەکات بەرەو دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە بنچینەییەکان (لە کۆندا، لە یۆنانەوە، ئەو فەیلەسووفانە کاری زانایانیان کردووە کە لێکۆڵینەوەیان لە دیاردە سروشتییەکان کردووە بەمە دەوترێت فەلسەفەی سروشتیی[8])، تەکنیککار ئەو کەسەیە کە بەرهەمە لاوەکییەکانی زانست بە شێوەی پڕاکتیکی دەخاتە خزمەتی کۆمەڵگا و زانست خۆیەوە. بەم شێوەیە دەکرێت لە یەک کاتدا زانا تەکنیککاریش بێت، بەڵام ناکرێت تەکنیککار زانا بێت ( زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە بەشە زانستییەکانی زانکۆکانی ئێمەدا کاردەکەن تەکنیککارن). ئیمان بۆ تەکنیککار نابێتە بەربەست و کێشە، چونکە لە کارەکەی خۆیدا ڕووبەڕووی لەیەکدژیی و بەربەرەکانێ لەگەڵ بڕوا و بنەما چەسپیوەکانی نابێتەوە، بەڵام خودی کاری زانا پێش-گریمانەیەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی هەیە تەواو نییە، درزێکی تێدایە و دەبێت بگیرێت. کەواتە چۆن زانای ئیماندار لەگەڵ ئیمانەکەی خۆیدا دەکەوێتە ململانێ و چۆن ئیمانەکەی خۆی دەخاتە لاوە، نەک سەرکەوێت بەسەریدا (هەرچەندە هەندێک جار بەهۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بۆچوونی زاناکەدا بەسەریدا سەردەکەوێت، لەم حاڵەتەدا لە ململانێکە ڕزگاری دەبێت)، بۆ ئەوەی بتوانێت لێکۆڵینەوەی زانستیی بکات؟!

لێرەدا بە بەکارهێنانی دیالێکتیکی هیگڵ[9]، تیۆریی تۆماس کون[10] بۆ بەرەوپێشچوونی زانست و پووچەڵکاریی کاڕڵ پۆپەر[11]، هەوڵ دەدەم لێکدانەوەی تایبەت بۆ چۆنیەتیی ڕێکردنی ڕەوڕەوەی زانست و کارکردنی زانا (بە ئیماندار و بێئیمانەوە) لە ناویدا، بکەم.

بەپێی تیۆرییەکانی فەیلەسوفی زانستیی تۆماس کون، زانست لە پاڕادایمە جیاوازەکاندا کاردەکات، هەر پاڕادایمێکی زانستیی[12] سێ قۆناغ لە خۆی دەگرێت؛ زانستی نۆرماڵ[13]، دەرکەوتنی تەنگژەی زانستیی[14] و دەرکەوتنی شۆڕشی زانستیی[15]. ماوەی زانستی نۆرماڵ، ئەو ماوەیە کە زاناکان بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر ئەو میرات و پێوەرانە لێکۆڵینەوە دەکەن کە پارادایمەکە (کە بەرهەمی شۆڕشە زانسییەکەی پێشترە) دەستەبەری کردوون. بێگومان ماوەی زانستی نۆرماڵ لە چاو دوو قۆناغەکەی تر درێژترینە (ئایا لێرەدا زانستی نۆرماڵ دەوری ئیمان دەبینێت؟!). دەرکەوتنی تەنگژەی زانستیی کاتێکە کە کۆمەڵێک دیاردەی نائاسایی دەردەکەون لەگەڵ میرات و پێوەرە کارپێکراوەکان یەکناگرنەوە. بۆ ماوەیەک کار لەسەر ئەوە دەکرێت ئەو دیاردە نائاساییانە لە ناو پاڕادایمەکەدا چارەسەر بکرێن، هەندێک ڕەتیان دەکەنەوە، دوای دەرکەوتنی بەڵگەی زیاتر ناچار بەوە دەبن بە چاکسازی لە تیۆرییە کۆنەکاندا چارەسەریان بکەن. دوای ئەوە وەک کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێراوی چارەسەرنەکراو دەمێننەوە، ئا لێرەدایە کە پێویستیی بۆ پارادایمێکی تازە دێتە کایەوە (ئیمانێکی تازە؟!). پاڕادایمی تازە پێویستە وەڵامدەرەوەی دیاردە کۆنەکان و ئەو دیاردانەش بێت کە چارەسەر نەکراون. ئەو زانایانەی کە هەڵدەستن بە بەرپاکردنی شۆڕشی زانستیی (کە زۆربەی کات یەک کەسە، لە وێنەی ئایزاک نیۆتنIsaac Newton  و ئالبێرت ئاینشتایین Albert Einstein نەک هەر پێویستە بڕوا ئاینییەکەی خۆی وەلا بنێت، بەڵکو پێویستە ئەو میرات و پێوەرە زانستیانەش وەلا بنێت کە لەسەریان پەروەردە کراوە. واتە ئیمانەکەی خۆی وەلا بنێت، ئەو ئیمانەی تێکەڵەیەکە لە ئایین، کلتوور و زانستی نۆرماڵ (وەکو ئایزاک نیۆتن). بەم شێوەیە کاری یەکێکی وەک نیۆتن گەلێک قوورس و پڕکێشە دەبێت. ئەو پارادایمەی بە هۆی کارەکانی نیۆتن هاتە کایەوە، تێپەڕاندنی پاڕادایمی ئارستۆتاڵ-یی[16] بوو، کارەکانی نیۆتن جیهانبینیی زانستییان بەو ئاقارە گەیاند کە ئیتر دەستێوەردانی هێزێکی سەروسروشتی بۆ پاڵنانی هەسارەکان پێویست نەبوو، ئەوەی ڕونێە دیکارت[17] ئینکاریی لێدەکرد و هەوڵی دەدا هەرچۆنێک بێت بە پاڕادایمەکەی ئەرستۆتاڵ-ەوە خۆی بگرێتەوە (دیکارت سیستمێکی تەواو بێ وێنەی بۆ جووڵەی هەسارەکان بەشێوەی بازنەیی داهێنابوو، بەڵام ڕاستییەکە ئەوە بوو کە لە بنەڕەتەوە هەڵە بوو)، نیۆتن بە ئاسانیی دەستی لێ بەردا (چۆن توانی وا بە ئاسانیی دەستی لێ بەردات؟ هەڵبەت دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین، کارەکانی گالیلیۆ گالیلی[18]، کۆپەرنیکۆس[19] و کیپلەر[20] بە ڕادەیەکی زۆر دنەی نیۆتن-یان دابوو و ببوونە هۆی بنکۆڵکردنی ئیمانەکەی. بەڵام هێشتا ڕاگەیاندنی دەستبەردان لە ئیمانە کۆنەکەی ساتێکی مێژووی گەلێک ناوازە و تاقانەیە). بەم شێوەیە، کارەکانی نیۆتن، کە بە ”یاساکانی نیۆتن” ناسراون، لە دوو لاوە دژ بەو ئیمانە بوون کە خۆی هەڵی گرتبوو. سیستمێکی تەواو میکانیکی بۆ لێکدانەوەی سروشت هێنایە کایەوە.

ئایا سیفەتەکانی پارادایمی زانستیی سەردەمی زانا و کلتوور-ئایینی کاریگەر لەسەر زانا (کۆی هەموویان وەک ئیمان) تا چەند لە یەکەوە نزیکن؟ ئایا سوود لە یەک وەردەگرن؟ یان کاریگەریی دەخەنە سەر یەکتر؟ ئەو زانایانەی خەریکی پارێزگاریی و بەردەوامیدانن بە پاڕادایمێکی زانستیی، ئەگەر هەموویان پاشخانی ئایینیان نەبێت ئەوا هەموویان بە کلتوور کاریان تێکراوە. واتە بە لایەنی کەمەوە یەکێک لەو دووانە کاریگەرە بە سەر بیرکردنەوە، جیهانبینیی و تێڕوانینی زاناکە بۆ جیهان. بە مانایەکی تر، هەموویان ئیماندارن. بۆ نیۆتن، کلتوور-ئایین وەک یەکەیەکی دوو سەرە و خۆتێرکەر کاریگەرە بە سەرییەوە. بەم شێوەیە، یەکەیەکی سێ کوچکە درووست دەبێت لە کلتوور-ئایین-زانست، کە هەمووی بەیەکەوە تۆپەڵێک درووست دەکات بە ناوی زانستی ئاسایی (دەربڕینەکەی کون).

کەواتە چۆن پارادایمی زانستیی نوێ سەرهەڵدەدات؟ پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی دیالێکتیکییە (دیالێکتیکی هیگڵ). ئێمە دەزانین زانست گەشە دەکات. جا بۆ ئەوەی گەشە بکات دەبێت بە گۆڕانێکی دیالێکتیکیدا بڕوات. سیستمە فەلسەفییە دیالێکتیکییەکەی هیگڵ دەتوانێت لە لێکدانەوەی گەشەکردنی زانستدا، هەڵبەت بە سوودوەرگرتن لە تیۆریی کون، یارمەتیمان بدات. ئەمە چونکە سیستمەکەی هیگڵ لە توانایدایە دیاردەکان، گەشەکردنی زانست وەک دیاردە، لە ناو خۆیدا هەڵبگرێت و لێکیان بداتەوە. زانستی ئاسایی دەوری تێز[21] دەبینێت، جا لەبەرئەوەی لە دیالێکتیکی هیگڵ-دا، کە ئیشکردنە لەگەڵ خۆ، دژە تێز[22] لایەنێکی بەرامبەر و جیاکراوە نییە لە تێز بۆیە دەکرێت دەرکەوتنی تەنگژەکان لە تیۆریی کون-دا دەوری دژە تێز ببینن. ئەمە چونکە تەنگژەکان شتێک نین بکەونە دەرەوەی زانستیی ئاسایی و سەربەخۆ بن، بەڵکو کۆمەڵێک کێشە و لوغزن کە لە ناو زانستیی ئاساییدا سەرهەڵدەدەن و ڕۆڵێکی نێگەتیڤانە دەبینن. بەم شێوەیە، زانستی ئاسایی (پۆزەتیڤ)، تەنگژەکانی لێوە دەردەچێت (نێگەتیڤ). چۆن تەنگژەکان لایەنی جیاکراوە و سەربەخۆ نین بۆ زانستی ئاسایی؟ چۆن لە ناو زانستی ئاسایی خۆیەوە دەردەچن؟ لێرەدا، بەپێی کاڕڵ پۆپەر، تیۆرییە زانستییەکان بە شێوەیەکی پۆتێنشیاڵیی ئەگەری هەڵوەشانەوەی[23] خۆیان لە ناو خۆیاندا هەڵگرتووە. پۆپەر پێی وایە، تیۆرییەک زانستییە کە ئەگەر جگە لەوەی لێکدانەوە بۆ ئەو دیاردانە دەکات کە بڕیارە لێکدانەوەیان بۆ بکات و جگە لەوەی تەواوی لێکدانەوەکانی تیۆرییەکەی پێش خۆی لەخۆ دەگرێت، دێت پێشبینی[24] بۆ لێکدانەوەی چەند دیاردەیەکی تریش دەکات، ئەم پێشبینیانە ئەگەری هەڵوەشانەوەکەن، چونکە ئەگەر لەو پێشبینیانەدا سەرکەوتوو نەبێت تیۆرییەکە توشی جۆرێک لە شکست دەبێت (تەنگەژەکان). ئەمە وەکو بازنەیەکی بەردەوامە و بەردەوام لە ناو پڕۆسەی گەشەکردنی زانستدا خۆی درووست دەکاتەوە. بۆ نموونە، تیۆریی ڕێژەیی ئینشتایین، جگە لە لێکدانەوە و پێناسەکردنەوەی هەموو ئەو دیاردانەی یاساکانی نیۆتن لێکی دابوونەوە، یەکێک لەو پێشبینیانەی کە کردبووی (ئەگەری هەڵوەشانەوە) بریتیی بوو لە لێکدانەوەی جووڵەی هەسارەی مێرکوری[25] کە بە تاقیکردنەوە تێیدا دەربازی بوو، بەڵام ئەوەی تێیدا (هێشتا) دەربازی نەبووە دیاردەیەکی ترە کە دواتر باسی دەکەین. کەواتە تەنگژەکان بە ڕوونی دەوری دژە تێز دەبینن و لە تێزەوە دەردەچن و ڕەتی دەکەنەوە (نێگەتیڤی پۆزەتیڤ). ئێستا ئێمە گەیشتوونینەتە خاڵێک کە زەمینەی جووڵە و گۆڕان درووست بووە بە هۆی درووستبوونی ناکۆکییەوە (سەرەتا زاناکان هەوڵدەدەن ئەو تەنگژانە ڕەت بکەنەوە، واتە ‘دەستگرتن بە ئیمانەوە!’، چونکە ناچنە ناو چوارچێوەی ئەو پێوەر و یاسایانەی پارادایمەکە پێشکەشیان دەکات و زانستی ئاساییان لێ درووست دەبێت. کاتێک تەنگژەکان گەورەتر و دیارتر دەبن و دەردەکەوێت بەرپێگرتن و ڕەتکردنەوەیان بێ سوودە، دەگاتە قۆناغێکی تازە کە تێیدا زاناکان هەوڵدەدەن بە چاکسازیی لە تیۆرییەکانی پارادایمی بەرکاردا چارەسەر بۆ تەنگژەکان بدۆزنەوە). ئێستا لە قۆناغێکدایە کە پێویستیی بە بوونی شۆڕشی زانستییە کە دەوری سەنتێز[26] دەبینێت. سەنتێز دێت بە ڕەتکردنەوەی ئەنتی تێز (بە مانایەکی زانستیانە تەنگژەکان چارەسەر دەکات) تێهەڵکێشێک لە تێز و ئەنتی تێز (پارادایمی نوێ) درووست دەکات. بەم شێوەیە سەنتێز دەبێتە نێگەتیڤی نێگەتیڤ و لە قۆناغێکی نوێدا دەبێتەوە پۆزەتیڤ (سەرهەڵدانی پارادایمێکی نوێ و دیسانەوە هاتنەوەکایەی قۆناغی زانستی ئاسایی). واتە تێزێکی نوێ درووست دەبێت، بەڵام پێشکەوتووتر لەوەی پێش خۆی و کۆکراوەیەکە لە زانستی ئاسایی، چارەسەری تەنگژەکان و پێشبینیی نوێ. بەم شێوەیە، ئەم پڕۆسەیە دووبارە و دووبارە دەبێتەوە و بەرەو پلەیەکی باڵاتر ملدەنێت.

دوای سەرهەڵدانی پاڕادایمەکەی نیۆتن و توانای نیۆتن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئایین-کلتوور- زانستی ئاسایی (ئیمان). ئێستا پاڕادایمەکەی خۆی جارێکی تر لە بەردەم هەمان پڕۆسەی دووبارەبوونەوەی دیالێکتیکییدایە (بە هاوکاریی هیگڵ، کون و پۆپەر). بە کورتیی، ئەم جارە ئالبێرت ئاینشتایین ئاڵای شۆڕشی زانستیی لە نیۆتن وەردەگرێت و بە ڕاگەیاندنی تیۆریی ڕێژەیی[27] شۆڕشی زانستیی بە سەر پاڕدایمی نیۆتن-دا دەکات. لەبیرمان نەچێت، پاڕادایمە زانستییەکان یەکەی زەمەنیی و جیاکراوەی تەواو نین، بەڵکو زنجیرەیەکی بەیەکەوە بەستراون و لەسەر یەک بینیات نراون (ئەگەر تۆماس کون خۆیشی ڕای بەم شێوەیە نەبێت). ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوون و دیار بەستەرە زانستییەکەیان بۆ ئێمە دەرنەکەوێت، ئەوا بەبێ گومان تەواوی ئەو چالاکیی و کارە فیکریی و فەلسەفیانەی لە نێوان دوو پاڕادایمی زانستیی-دا دەکرێت بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە. لانیکەم زانای شۆڕشگێر یەکەیەکی بەرهەمهاتووە لە ئایین-کلتوور- زانستی ئاسایی (ئیمان). زانای بەناوبانگی ئیتالیی کارلۆ ڕۆڤێلی لەسەر کاریگەریی فەلسەفەی کۆن لەسەر کارەکانی نیۆتن  لە وتارێکیدا بە ناوی “فیزیا پێویستی بە فەلسەفەیە/فەلسەفە پێویستی بە فیزیایە”[28] دەڵێت “(….) ئاشکرایە کە نیۆتن قەرزداری فەلسەفەی کۆنە، بە تایبەت دیموکریتوس[29]، بۆ ئەو ئایدیایانەی کە بەشێوەیەکی بنچینەیی لە هاندەرە فەلسەفییەکانەوە هەڵقوڵیوون، وەکو فیکرەی فەزای بەتاڵ، [تیۆریی] ئەتۆمیی و جووڵەی سروشتیی هێڵی ڕاست. گەنگەشە گرنگەکەی لەمەڕ سروشتی فەزا و کات لەسەر گەنگەشەکەی لەگەڵ (و لەدژی) دەیکارت بیناکراوە…”. ڕۆڤێلی لە هەمان وتاردا بەردەوام دەبێت و دەڵێت “(….) لە سەدەی بیستەمدا، هەردوو پیشکەوتنە گەورەکەی ناو فیزیا بە ئەندازەیەکی زۆر لەلایەن فەلسەفەوە کاریان تێکرا. میکانیکی کوانتەم لە تێگەیشتنی ڕاستەوخۆی هایزنبێرگ-ەوە[30] هەڵتۆقی، لەسەر ئەو ڕەوشە پۆزەتیفیستە فەلسەفییە بنیاتنراوە کە خۆی تێدا دۆزیەوە:  کەسێک زانین بەدەست دەهێنێت تەنها بە پشتبەستن بەوەی کە بینراوە. پوختەی پەیپەرە گرنگەکەی ساڵی ١٩٢٥ی هایزنبێرگ لە بارەی تیۆریی کوانتەم بە ڕوونیی ئاماژە بەمە دەدات: ‘ مەبەست لەم کارە دانانی بنچینەیەکە بۆ تیۆری میکانیکی کوانتەم بەتەنها بینا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو بڕانەی کە لە بنچینەدا بینراون’. هەمان ئەو بۆچوونە ڕوونە فەلسەفییانە هاوکاری دۆزینەوەی تیۆریی ڕێژەیی تایبەتی ئاینشتایین بوون: بەتەنها پشتبەستن بەوەی کە بینراوە، دەزانین کە فیکرەی هاوکاتیی سەرلێشێوێنەرە. ئاینشتایین زۆر بە ئاشکرا هەستی بە قەرزداری خۆی کرد لە بەرامبەر نووسینە فەلسەفییەکانی ماخ[31] و پۆنکارێ[32]. تەنانەت کاریگەرە فەلسەفییەکانی سەر بیرۆکەی ڕێژەیی گشتیی بەهێزتربوون. جارێکی تر، ئاینشتایین بە ڕوونیی هەستی بە قەرزداری خۆی کرد لە بەرامبەر ئارگومێنتە فەلسەفییەکانی هەریەک لە لایبنز[33]، بێرکلی[34] و ماخ. ئاینشتایین وتویەتی کە تەنانەت شۆپنهاوەر[35] کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر هەبووە. لەوانەیە ناسینەوەی ئایدیاکانی شۆپنهاوەر لە بارەی کات و نواندنەوە لە ناو ئەو ئایدیایانەی ئاینشتایین-یان بەرەو ڕێژەیی گشتیی پەلکێش کرد، قوورس نەبێت. بۆ گەورەترین فیزیایی سەدەی بیست کە سەرنجێکی ئاشکرای لەسەر فەلسەفە بووە و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا هەرسێ کتێبەکەی کانت-ی لە بارەی ڕەخنەوە [ ڕەخنەی ئەقڵی پەتی، ڕەخنەی ئەقڵی پڕاکتیکی و ڕەخنەی دادگەریی] خوێندۆتەوە[36]، ئایا دەکرێت ئەمە تەنها ڕێکەوتێک بێت؟”.

ئەگەر بە وردیی لێی بڕوانیت ئەوا لە نێوان هەموو پارادایمە زانستییەکاندا هەست بە بەستنەوە و دانەبڕاویی دەکەیت. هەر پاڕادایمیکی زانستی کەم تا زۆر پێویستیی بە کۆمەڵێک کار و چالاکیی زانستیی لە پێشیینە هەیە تا سەرپێ بکەوێت. هەر وەکو ئاماژەی پێدرا، کارەکانی کیپلەر، گالێلیۆ و کۆپەرنیکۆس یارمەتیدەر بوون تا نیۆتن سیستمەکەی خۆی دابمەزرێنێت. لۆرێنتز[37]، گالیلیۆ، هێلبەرت[38] و مینکۆوسکی[39] لەوانەن کە ئاینشتاین سەرۆی لێ وەرگرتوون.

لە ئێستادا، دوای ئەوەی لە بیستەکانی سەدەی بیست-دا فیزیای کوانتەم هاتە کایەوە، تیۆریی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتایین (پاڕادایمی ئاینشتایین)، لەو حاڵەتانەدا کە لەگەڵ میکانیکی کوانتەم بەریەک دەکەوێت (کونە ڕەشەکان)[40] تووشی تەنگژە دەبێت، ئێستا زانایان لە هەوڵی ئەوەدان ئەو تەنگژانە لە ڕێی تیۆریی کێشکردنی کوانتەمیەوە[41] چارەسەر بکەن. ئایا تەنگژەکان پەرەدەستێنن و دەبن بە ئەنتی تێزی پاڕادایمەکەی ئاینشتایین یان بۆ ماوەیەکی تر دەستیان بەسەردا دەگیرێت؟

سەرچاوەکان:

–   Thomas Kuhn, The Structure of Scientific Revolutions, Third edition, Chicago and London, The university of Chicago press,1996.

–  Karl Popper, The logic of Scientific discovery, Routledge; 2 edition (March 31, 2002)  

– د. محەمەد کەمال، لۆجیکی هیگڵ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانیی، چاپی یەکە، ٢٠١٦


[1] – Scientific methodology: هەموو ئەو ڕێسا و پڕۆسە ئەزموونییانەی دۆزینەوە و ئاشکراکردنن کە وەکو کارەکتەری پێویست بۆ لێکۆڵینەوەی زانستیی لەبەرچاو دەگیرێن. بە گشتیی هەریەک لە چاودێریکردنی دیاردەکان، فۆڕمولەکردنی گریمانەی پەیوەند بە دیاردەکان، تاقیکردنەوە بۆ پشکنینی گریمانەکان و پەرەپێدانی دەرەنجامێک کە پشتڕاست، ڕەتکردنەوە یان چاکسازیی لە گریمانەکەدا، دەگرێتە خۆ.

[2] – Scientism: ئایدۆلۆجیایەکی نوێیە پێی وایە زانست، واتە ئەوەی لەسەر زانستە سرووشتییەکان بیناکراوە، تاکە سەرچاوەی مەعریفەی ڕاستەقینەیە.

[3] – Anti-science:  ڕەتکردنەوەی زانست و میتۆدی زانستیی بەتەواویی.

[4] – Anti-Scientism: قبووڵکردنی زانست و میتۆدی زانستیی بەڵام نەک وەکو تاکە سەرچاوەی مەعریفە.

[5] – logical positivism (Vienna Circle): جۆرێکە لە پۆزەتیڤیزم کە لەلایەن ئەندامانی بازنەی ڤیێنا پەرەی پێدرا، کە دەڵێت کێشە فەلسەفییە مانادارەکان تەنها ئەوانەن کە دەتوانرێت بە شیکردنەوەی لۆجیکیی شیکاربکرێن.

[6] – Pseudoscience: هەموو ئەو بڕوا و کردانەی بە هەڵە وا دادەنرێت بنەمای زانستییان هەبێت بەڵام لەگەڵ میتۆدە زانستییەکان ناگونجێن.

– [7] Steven Weinberg, A Designer Universe?

[8] – Natural Philosophy

[9] – Hegelian Dialectics

[10]– Thomas Kuhn, The structure of scientific revolutions

[11] – Karl Popper

[12] – Scientific Paradigm

[13] – Normal Science

[14] – Crises

[15] – Scientific revolution

[16] – Aristotelian paradigm

[17] – Rene Descartes

[18] –  Galileo Galilei

[19]–  Nicolaus Copernicus

[20] – Johannes Kepler

[21] – Thesis

[22] – Antithesis

[23] – Falsification

[24] -Prediction

[25] – Mercury Planet

[26] – Synthesis

[27] – Theory of Relativity

[28] – Carlo Rovelli, Physics Needs Philosophy / Philosophy Needs Physics 

[29] – Democritus

[30] – Werner Heisenberg

[31] – Ernst Mach

[32] – Jules Henri Poincaré

[33] – Gottfried Wilhelm Leibniz

[34] – George Berkeley

[35] – Arthur Schopenhauer

[36] – Critique of Pure Reason by Immanuel Kant ,The Critique of Practical Reason and The Critique of Judgment  

[37] – Hendrik Lorentz

[38] – David Hilbert

[39] – Hermann Minkowski

[40] – Black holes

[41] – Theory of quantum gravity





سەروەر محەمەد

Check Also

كتێبە زۆر خراپەكان

– فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە – شوان ئەحمەد بەرایی: وەك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *