بەیان سەلمان

هونەری ئەبستراکت بەوە پێناسە دەکرێت ”بزووتنەوەیەکی جیهانییە کە بەسەر تەواوی سەدەی بیستەمدا زاڵە. دابڕانێکە لەگەڵ چەمکێکی نەریتی هونەر وەک لاساییکردنەوەی سروشت، وێناکردنی بابەت و شتگەلێکە کە لە جیهانی سروشتییەوە نییە، بەڵکو شێوە و ڕەنگەکان دەبنە نوێنەری خودی خۆیان.”
لێرەوە هونەری ئەبستراکت لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی هیچ شتێکی ئاشکرا ناکات. بێگومان ئەمە ئاڵۆزی خۆی هەیە، بەڵام پەیڕەوکردنی لایەنی ئیستاتیک، بە نێوەندی ڕەنگ و هێڵکێشانەکان و ڕێکخستنی ئەو فیگەرانەی بابەتی دیاریکراو تێدەپەڕێنن دەگەینە بینینی ئەو جوانکارییانە.
گرنگی تابلۆی مۆدێڕن لەوەدایە کە ناچارمان دەکات قوڵبین لە بینینی وردەکارییەکان، بەخۆڕایی تەماشا نەکەین، لە سەرووی ئەوەش لە ناویدا بگەرێین و بدۆزینەوە. ئەم دۆزینەوەیە لێرە دەبێتە گەمەیەک لە نێوان هونەرمەند و تەماشاکەر. ئەو وێنەی بابەتێک دەکێشێت و بەجێی دەهێڵێت کە تەماشاکەر جۆری گەمەکەی هەڵهێنێت.




هونەرمەند ڕۆژین حاج حوسێن، هونەرمەند و ئەندازیارێکی کوردە، لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە، یانزە ساڵە لە هەولێر دەژی، بڕوانامەی یەکەمی لە سوریا وەرگرتووە، بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاری کۆمپیوتەر تەواو کردووە و ماوەی دوو ساڵ هونەری ئەبستراکتی خوێندووە. لە ماوەی دە ساڵی شەڕدا تابلۆکانی بە خێرخوازی کوردانی ڕۆژئاڤا بەخشیوە. لە زۆرێک لە پێشانگاکان بەشداری کردووە و دوو پێشانگای تایبەتی لە هەولێر و سلێمانی کردووە. بڕوانامە و دانپێدانانی لە زۆر وڵات و لە بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر وەرگرتووە. زۆرێک لە بەرهەمەکانی بەرگی ژمارەیەک کتێب و کۆمەڵە بوون لە چەندین وڵاتدا.
ڕۆژین حاجی حوسێن لە تابلۆکانیدا ڕەنگی ئەکریلیکی پێ باشترە. هەندێک جار پاستێلی زەیتی و چیمەنتۆ و قوماشی جۆراوجۆر و شتەکانی نێو سروشت بەکاردەهێنێت، چونکە ژینەکە وەک دایک و عاشق و نیشتمان و بەهار دەبینێت، گۆرانی بە دەنگی بەرز و سەما و میوزیکی تێیدا بەدی دەکات.

تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە ژنە گەنجە ڕاوگەیانە لەناو جووڵەیەک کە زۆر دڵنیا نین لێی. لە هەمانکاتدا کارئاکتەرەکانی وەک سێبەرێک دیارن، بەشێکیان بەرەو پێشەوەیە و بەشێکیان بەرەو دواوە شکاونەتەوە. شێواندنی شێوەیان دەچێتە ناو ئەو گەمەی ئەبستراکتەی کە باسمان کرد. بەڵام دەزانین کە کارئاکتەرەکان ژنن. بەلانیکەم وەک جەستەی ژن دەرەکەون. هونەرمەند ڕۆژین خۆی دەڵێت، ”تابلۆکانم هەڵگری کارئاکتەر و داستانی کوردین، چ بە گەرمی و چ بە هێما و چەمکی مێژوویی. بەرهەمەکانم لە هەمان کاتدا سادە و ئاڵۆزن، ئەمەش بۆ بینەر ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیری و قووڵایی هونەرییە، گرنگە بتوانیت بیانخوێنێتەوە و بچێتە دڵی بەبێ ئەوەی بێزار بێت لە لێکدانەوە و جوانی هونەرەکە. بۆ ئەوەی بەشێک لە ڕۆحت لە تابلۆیەکی بچووکدا ببینیت، لە هەمان کاتدا بە ساتێکی بێدەنگ و لە دەنگێک دەچێت. لە چەند خولەکێکدا دوای بینین، کە دەڕۆیت هەمیشە کاریگەرییەکی جوانی دیمەنەکان بەسەرتدا ماوە، لێرەشدا کارە هونەریەکان جێی خۆیان بە سەرکەوتوویی دەگرن.”

چرکەی دایکایەتی زۆر ئامادەیە. لە شێوەی سێبەری ورگ و مەمکی شۆڕ و دانیشتنێکی سیمبولی کاتی منداڵبوون تێبینی دەکەین. ئەم چرکەیە پڕە لە هاواری ئازادییش، لە چەسپاندنی خەون و بەدواداچوونی خەون.
ڕەنگەکانی بەکاری هێناون وەک خۆی دەڵێت، ”لە چەشنی فەرشی فرەڕەنگ و جل و بەرگی بێشوماری کوردین. بەشێوەیەکن کە بینەر ڕادەکێشێت، بە خەندەیەک پێشوازییان لێ بکات، دڵخۆشیان بکات، تاریکی و تەمی نێو مێشکیان هەڵگرێت، وا بیربکاتەوە کە لە باوەشی بەهارێکدایە دابەڕانی نەبێت لە ڕەنگ و مۆسیقا و هەڵپەڕکێ.”

لە تابلۆیەکدا بەتایبەتی هەست بە ماڵی کۆنی کورد دەکەین کاتێک نوێنەکانیان لەسەریەک بەسەر سندوقێکی دێرین هەڵچنیوە. لە بارەی ئەو جۆرە کارانەی خۆی، هونەرمەند ڕۆژین حاجی حوسێن دەڵێت، ”هیوادارم مێژوو و کولتوور و خەونەکانی کورد لە جیهاندا لە ڕێگای ڕەنگ و تابلۆکانم بڵاو بکەمەوە. ئەوانیش ئاوازی خۆیان هەیە، وەک مۆسیقا و بەهاری دەوڵەمەندی کورد، سرووشم لە فۆلکلۆر و میراتی کوردی وەرگرتووە.”

هەروەها نهێنی لە تابلۆکانیدا ئامادەیە، چرپە و بێدەنگی بەسەریاندا زاڵە، لە تابلۆیەکدا کارئاکتەرێکی ژن تەنیا بە دڵ دەبینێت، هەردوو دەستی بە لاتەنیشتیدا شۆڕبوونەتە، سەری بە دوو فیگەر وێنا کراوە، یەکێکیان کەمێک ئاشکرایە و لەگەڵ شێوەی دانانی دەستی گونجاوە، ئەوەیتریان لەوەوە جیابووەتەوە و سێبەرێکە، دەربڕینێکە بۆ دەستوەستانی کەسێک لەئاست چارەنووسێک کە ئێمە نازانین چیە. سەرێکی تریش لەسەر شانی ئەو فیگەرەیە، وەک بڵێی سەری منداڵێک بێت لەناو چارۆکەیەک بە ڕەنگی ڕەش لە پشتی قایمی کردووە.


لە فیگەرێکی تردا ئامێرێکی چەلۆ هاوکات جەستەی ژنێکە کە دڵێک بە ڕەنگی سووری لەسەرە.
یان دوو جەستەی سێبەر بەرامبەر بە دیوارێکی ڕوخاو کە تەنیا تاریکیی دیارە، جەستەکان بە دوو ڕەنگی جیاوازن، یەکێکیان بە ژن دەچێت و ئەویتریان بە پیاوێکی باڵابەرزتر کە چەند پلیکانەیەک لەسەری یان لە نێوانیان کێشراوە وەک ئەوەی بیانەوێ لەو دیوارەی ڕوخاوە دەرچن. ڕۆژین لەو بارەوە دەڵێت، ”خوازیارم ئەو ئازادی و خەون و ئازارانەی کە ئێمەی کورد بە تایبەتی و جیهان بە گشتی بە هۆی هەندێک هۆکارەوە ڕێگرییان لێ کراوە بتوانم بە هەموو دەسەڵاتم دەنگی خۆیان بەدەست بهێنن.”


کورسییەک کە سیمبولە بۆ تەختی دەسەڵات بە بەتاڵیی داندراوە. پرسیاری مرۆڤی هونەرمەندە بەرامبەر بە تێکشکان و زەبر و زۆری دەسەڵاتداران کە لە ئاکامدا هیچ کەسێک لەسەر ئەو تەختە نامێنێت ئەگەر ماوەیەکی زۆریش بخایەنێت.

دواجار، لە تابلۆیەکدا سێبەری سەرێک جیا دەکەینەوە. وەک لەناو ئاو بێت. هیچ ڕوون نییە! هەر وەک نارسیس و هونەرمەند، کە تەماشای فیگەری خۆیان دەکەن، بەڵام بۆیان هەڵناهێندرێت کێیە! لە ڕاستیدا ئەوە خۆیانن و ئەوە داهێنانی خۆیانە کە لەسەر تەختی ڕوونی ئاودا تیشک دەداتەوە.


