ژینگەی کۆمەڵایەتی

نەزیرە حارس


ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئەو ناوەندەیە کە سەرجەم ژێرخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکانی تێدا کۆ دەبێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا مرۆڤ گەورە دەبێت و مۆرکی خۆی لەسەر دروستبوونی کەسێتی، هەڵسوکەوت، تەندروستی و پەروەردە جێدەهێڵێت.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی زۆری لەسەر گەشەکردنی کەسێتیی مرۆڤ هەیە، خێزان یەکەم یەکەی ئەم ژینگەیەیە، بۆیە ئاستی خێزان لە رووی خوێندەواری، دارایی و کۆمەڵایەتییەوە لە پێگەیاندن و داڕشتنی کەسایەتیدا رۆڵی زۆر دەبینێت. زۆر جار تەندروستی و خوشگوزەرانی تاک، دەرەنجامی پاشخانێکی گونجاو و خاوەن دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتییە.

 بە واتایەکی تر، ژینگەی کۆمەڵایەتی بریتییە لەو دۆخەی کە مرۆڤ تێیدا دەژی، زۆر پێکهاتە لەخۆ دەگرێت، لەوانە: کەسەکان، بە تاک یاخود بە کۆ، دامەزراوەکان و خێزان، تەنانەت شوێنی جوگرافی کە خۆی لە خۆیدا زمان و کولتوور دیاریی دەکات. ئەم پێکهاتانە، هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان گاریگەریی تەواو بەجێدەهێڵێن لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان بە باش یاخود بە خراپ، ئەم کاریگەییانەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و لە کۆتاییدا یاسا و رێسا، کولتوور، هونەر و دابونەریت پێک دەهێنن.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر مرۆڤەکان و بە سەرچاوەی پێشکەوتن یاخود دواکەوتنیان دادەنرێت، هەروەها سەرچاوەی دابونەریت و بەهاکانە و رۆڵیان بۆ دیاری دەکات و دەبێتە هۆی هەڵچوون و داچوونی.

ئەحمەد زەکی بەدەوی، زانا و کۆمەڵناسی لوبنانی، لەو بارەیەوە دەڵێت: ”ژینگەی کۆمەڵایەتی، پێکهێنەری یاسا و رێسا، دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، زمان، دین، دۆخی سیاسی و زانستی، هونەر، کولتوور و ئاستی تەندروستی و تەنانەت ئابوورییشە.”.

ژینگەی کۆمەڵایەتی، لایەنی مادی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ لایەنی مادی، وەکوو: بینا و باڵەخانەکان، رێگەوبانەکان، شوێنە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان و شوێنی کارکردن بەگشتی… 

لایەنی کۆمەڵایەتییش، وەکوو: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان کەسەکان خۆیان، لەنێوان کەسەکان و کۆمەڵگە، لەنێوان کەسەکان و ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن هەر لە خێزان، هاوڕێ، خوێندکار و ئەوانەی لە شوێنی کارکردن نزیکن لێیانەوە.

 کاریگەرییەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی:

کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت: زۆر جار ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤ تێیدا دەژی، چ لە ناوەوە لەسەر ئاستی خێزان کە بە پلەی یەکەم دێت، چ لە دەرەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، دەبێتە بناغەی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کەسایەتییان دیاری دەکات.

کاریگەری لەسەر رۆشنبیریی تەندروستی: ژینگەی کۆمەڵایەتی، کاریگەری ئێجگار گەورەی هەیە لەسەر ئاستی رۆشنبیریی تەندروستی، زۆر هەڵسوکەوت دەسەپێنێت بەسەر مرۆڤەکاندا بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی خۆیان و خێزانیان. ژینگەی کۆمەڵایەتیی باش لە رووی تەندروستییەوە، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر رێژەی تەمەن و رێژەی مردن (Morbilty – Mortality)، هەروەها لەسەر ژمارەی ئەندامانی خێزان (گەورە و بچووکیی خێزان)، جۆری خواردن و رێژەی قەڵەوی و تەندروستیی مێشک.

کاریگەری لەسەر لێهاتوویی مرۆڤ: ژینگەی کۆمەڵایەتی، بزوێنەری هونەرمەندانە و هۆکارێکە بۆ گەشەی لێهاتوویی و دەربڕینی ناخی هونەرمەندان، چ لە رووی هەست و نەست، چ لە رووی گرنگیدان و هاندانی کۆمەڵگە بۆ کاری هونەری.

کاریگەری لەسەر لایەنی مادیی بەرجەستەکراو: ژینگەی کۆمەڵایەتی، کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر لایەنی مادیی بەرجەستەکراو، وەکوو: بیناسازی، رێگەوبان، بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئیشکردن…

کاریگەری لەسەر بواری کۆمەڵایەتی: کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤەکان، بریتییە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، پەیوەندیی لەنێوان کەسە بەتەمەنەکان و منداڵان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆیان، هەروەها هەڵبژاردنی هاوڕێ و ئەو بنەما و رێسایانەی کە مرۆڤەکان پەیوەستن پێوەی. ژینگەی کۆمەڵایەتیی باش، مرۆڤی ئەرێنی بەرهەم دەهێنێت کە باوەڕی بە سۆزداری، لێبووردەیی و داننان بە هەڵە و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشچوون هەیە. هەروەها ئەوە ژینگەی کۆمەڵایەتییە کە رۆڵی ژن و ئاستی پێشکەوتنیان دیاری دەکات لەناو کۆمەڵگەدا.

Images: https://pixabay.com/fr/

نەزیرە حارس

ئەندازیار و نووسەری بواری ژینگە

Check Also

بۆ پلەی گەرمی لە ئەوروپا لە چاو کیشوەرەکانیتر  زیاتر بەرز دەبێتەوە؟

د. مەدیحە سۆفی شارەزاکانی بواری میتیۆرۆلۆژی ئاماژە بەوە دەدەن؛ کە ئیتر لەمەودوا، کەشوهەوای گشتی لە …