بڕیاری سیاسی یا ڕۆڵی بڕیارەکانی کۆنفڕانسی کەشوهەوا؟

د. مەدیحە سۆفی


جیهان بە گشتی لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکی گەورەدایە، لە بواری ئابووری، سیاسی، کێشەی کەشوهەوا و ژینگە بە گشتی، پەتا و درم، زۆربوونی دانیشتوان، تێکچوونی ئاسایشی خۆراک  و هەروەها شەڕ و نائارامی ئەم دواییەی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەجۆرێک کە جەمسەرەکان تێکەڵ بەیەک بوونە و پێشبینییەکانی بۆ مرۆڤی سادە ئاڵۆز کردووە. تەنها بۆچوونێک کە شارەزایانی بواری بانک، ئابووری و گەشەی داهات لەسەری کۆکن ئەوەیە، کە جیهان لە ماوەی داهاتوودا و بەهۆی پەتای کۆڕۆنا و شەڕی ئۆکڕانیاوە وا بە خێرایی ناگەڕێتەوە بەرەو ئەو قۆناغە ئابوورییە و ئەو ژیانە سەخییەی کە پێشتر، بەتایبەتی وڵاتانی پیشەسازی، تێیدا بوو. هێشتا وزە و کورتهێنانی وزە لە زۆربەی ناوچەکاندا، بەتایبەتی لە ئەوروپادا، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕی لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکاندا، پوتین بە پاڵپشتی خاوەندارێتی خۆی بۆ وزە و هەناردەنەکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، وەکو چەکێکی سیاسی و ئابووری، توانی زیان، بە پێگەی ئابووری ئەوروپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا، بگەیەنێ، بواری بەرهەمهێنان بشێوێنێ و سەرەتای گرانی ڕوو لە دانیشتوانەکەی بکات.

کێشەی کەشوهەوا یەکێکە لەو ئاڵنگاریانەی، کە تەنها گۆشەیەکی جیهانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زۆر نادادپەروەرانەش، زۆربەی وڵاتە هەژارەکان، بەهۆی ماکەکانی ئەو کێشەیەوە کە خۆی لە وشکەساڵی، لافاو ، سوتانی دارستان، ئاوارەبوون و کارەساتی دیکەوە دەبینێتەوە،  باجی قورس دەدەن.

 لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا، دەمێکە وڵاتەکان سەرقاڵی چارەسەر و دۆزینەوەی هۆکارەکانن، شارەزاکان هەمیشە لە هەوڵدانن بۆ خستنەئارای چارەسەرە گونجاوەکان بۆ  ئەم کێشەیە گلۆبالە. بە پێی دەرئەنجامە زانستییەکان و ئەو توێژینەوانەی تایبەتن بەو بوارە، زیادەڕۆیی لە چالاکییەکانی مرۆڤ لە پێناوی بەرهەمهێنان و وەبەرهەمهێنان، هۆکاری سەرەکی بوونی ئەم کێشەیەیە، واتە کێشەی کەشوهەوا کێشەی وزەی بەردینە، کە ڕێژەیەکی زۆر گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەداتە ئەتمۆسفێرەوە.

لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بۆ ژینگە کە بە (لوتکەی زەوی) ناسراوە و لەساڵی ١٩٩٢دا لە ریۆ دی ژانیرۆ سازکرا، توانرا ئەو کێشە ژینگەییانە تاوتوێ بکرێن و بخرێنە نێو بەرنامەی کارکردنەوە، هەر لەو کۆنفڕانسەدا جوارچێوەی بەرنامەیەک بۆ پاراستنی کەشوهەوا داڕێژرا، لە نێو ئەم چوارچێوەیەوە بڕیاری دامەزراندنی  کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی درا ، کە کورتکراوەکەی بە  COP ناودەنرێ (Conference of the Parties, COP)، لە ساڵی ١٩٩٥دا یەکەم کۆنفڕانسی خۆی لە شاری بەرلین سازدا، لەو کاتەدا خاتوو مێرکل وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا بوو. 

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی COP وردەکاری زانستی لەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەوە وەردەگرێ کە لە IPCC دا توێژینەوەیان لەسەر دەکرێ و تاوتوێ دەکرێن، بۆیە ئەرکەکانی ئەم کۆنفڕانسە خۆی لە چوارچێوەی بەدواداچوونی سیاسەتی حکومەتەکان لەمەڕ سیاسەتی پاراستنی کەشوهەوا و ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری تێکچوونی کەشوهەوا، بڕیاردان لەسەر یارمەتی دارایی وڵاتە هەژارەکان و چۆنییەتی خۆگونجاندنی نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی بەرامبەر زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دەبینێتەوە.

ئەم کۆنفڕانسە ساڵانە و هەر ساڵێک لە وڵاتێک بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نوێنەری میدیاکان لە تەواوی جیهاندا، بەڕێوە دەچێت، بڕیاردان لەم جۆرە کۆنفڕانسانەدا زۆر سەختە، تەگەرە و ناڕەزایی زۆری دێتە پێش، ڕێکەوتن لە نێوان نزیکەی دووسەد دەوڵەت کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی لەنێو بەرژەوەندیخوازەکان؛ ئەوانەی کە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی کەشەهەوان.

لە کۆنفڕانسی ژینگەی ئەم ساڵدا کە لە 18-6ی نۆڤەمبەر لە شەرم  ئەلشێخی وڵاتی میسڕدا بەڕێوەدەچێت، هەلومەرجەکان زۆر جیاوازتر و ڕێوشوێنی مامەڵەکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی مامناوەندی سەختتر دەبێت، لە ئێستادا کە هەڵئەوسانی ئابووری، شەڕی ئۆکرائینا، قەیرانی وزە و کەمبوونەوەی متمانەی نێوان دەوڵەتەکان بە گشتی، کێشەی زیاتر بۆ ڕێکەتن و هەمئاهەنگی نێوان بەشداربووان دروست دەکات، بەتایبەت لە میانەی قەرەبووکردنەوەی وڵاتە زیان لێکەتووەکانی نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی؛ ئەوانەی کەمترین هۆکاری تێکچوونی ژینگە و زۆرترین ڕێژەی زیان و ماڵوێرانیان بەردەکەوێت، بۆیە لێرەدا نادادپەروەری ژینگەیی زۆر بە ڕاشکاوی لە جیهاندا خۆی دەنوێنێت.

تا ئێستا بیست و شەش کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بۆ کەشوهەوا سازکراوە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان کرابێت، لە ساڵی 1990وە بەبەراورد لەگەڵ ئێستا ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەتمۆسفێر بەبڕی ٦٠٪ زیاتر بووە، کۆنفڕانسی پاریس ساڵی 2015 یەکێک بوو لەو کۆنفڕانسانەی کەشوهەوا، کە تا ڕادەیەک بە سەرکەوتوو دادەنرێت و یەکێک لە بڕیارەکانی بریتی بوو لەوەی؛ کە ڕێگری بکرێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگەی گۆی زەوی بۆ زیاتر لە 1,5 یا لە ژێر 2ی سیللیۆس بمێنێتەوە. ئەم بڕیارانە وای کرد؛ کە کۆنفڕانسی پاریس بە کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو ئەژمار بکرێت، بەڵام لە خوێندنەوەی داتا و زانیارییەکانی پاش ئەو کۆنفڕانسەدا واتە بڕی ڕێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، وابەستەبوونی دەوڵەتە پیشەسازییەکان بە وزەی بەردین، پابەندنەبوون بە ڕێکارەکانی چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاریگەری سەر کەشوهەوا و پاشان هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا، شارەزا و پسپۆرەکانی ئەو بوارە بە تەواوەتی بێ ئومێدن لە هاتنەدی بڕیارەکانی کۆنفڕانسی پاریسی ساڵی ٢٠١٥.

ئەم کۆنفڕانسانەی کەشوهەوا، لەلایەکەوە سودمەندن لەوەی کێشەی کەشوهەوا دەخەنە بەر لێکۆڵینەوە و دەبنە هۆی وشیارکردنەوە و بەئاگاهاتنی جیهان بەرامبەر کێشەیەکی جیهانی؛ کە هەموو گۆشەیەکی سەر ڕووی زەوی دەگرێتەوە، بە تایبەتی هاندانی گەنجەکان بۆ خۆڕێکخستن و پەیڕەوکردنی چۆنییەتی پاراستنی ژینگە و بەتایبەتی کەشوهەوا، لە هەمان کاتدا  بەپێی داتا تازەکان گۆڕانێکی ناچاری بەسەر سیاسەتی ژینگەدا دەهێنێت، بەو ئومێدەی ڕۆڵی خۆی لە ئاستی بەرنامەی حوکمڕانیدا ببیێت، بەتایبەتی لەو حکومەتانەی پارتە سەوزەکان تیایدا بەشدارن. هەروەها دەرچەیەکە کە دورگە و وڵاتە بچوکەکانی نێو ئۆقیانوسەکان؛ کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و ئوقیانوسەکان، مەترسی وێرانبوون و سڕینەوەیان لەسەر دەکرێ، لەو کۆنفڕانسانەدا سکاڵا و داوای بەهاناوە چوونیان بگەیەننە ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە، بۆ نمونە دورگەی مالیدیڤ کە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەم کێشەیەن، لەبەر ئەوەی دڵنیان لە داهاتوودا ڕووبەروی دەبنەوە.

ئاشکرایە، کە شەڕ و پاراستنی ژینگە پێچەوانەی یەکترن، وە لەبەر ئەوەی هێشتا وزەی بەردین (نەوت، گاز، خەڵوز) سەرچاوەی سەرەکی پێداویستی جیهان دابین دەکات، بۆیە دەستبەرداربوون لەو سەرچاوەی وزەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئارادا نییە، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا زۆربەی وڵاتە پیشەسازییەکانی بەجۆرێک ڕاچڵەکاند؛ کە دەرفەتە لە دەستچووەکەی ڕابوردوو، بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی وزەی سەوز (وزەی دوبارە لە ئاو، با، خۆر) بۆ ببێتە ئەزموونێکی باش و کاری داهێنان و بەرهەمهێنانی زیاتری ئەو وزە پاکە ببێتە کاری لە پێشینەیان، لەلایەکیترەوە بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی یا گەڕانەوە بۆ ئەو جۆرە بەرهەمهێنانە؛ ببێتە یەکێک لە بژاردەکان. بۆ نمونە ئەڵمانیا، لە دوای سونامییەکەی ژاپۆنی ساڵی ٢٠١١ و ئەو هەموو زیانەی لە ویستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کەوت، بڕیاری داخستنی هەندێ لە ویستگە ئەتۆمییەکانی خۆی دا، کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە کاردا بوون، بەڵام بەهۆی وەستاندنی هەناردەی وزە لە ڕوسیاوە و گرانبوونی نرخی گازی سروشتی، بە ناچاری دوبارە بڕیاری خستنەکاری ئەو ویستگانەی دا.

بڕیارەکانی ئەم کۆنفڕانسە نێونەتەوییانەی، بۆ پاراستنی کەشوهەوا سازدەکرێن، بڕیاری زۆرەملێ نین، وڵاتەکان ناچاری پابەندبوون نین بەو بڕیارانە، بۆیە تا ڕادەیەک  نەکاریگەری هەیە و نە کاری پێدەکرێت، ئەوەی وای کردووە لە ئێستادا وڵاتان تەنگاو بن و هەڵپەی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز بن، یاخیبوونی ڕوسیایە لە هەناردەکردنی وزە بەرەو ڕۆژئاوا و گرانی نرخی وزەکە و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزەیە بۆ بەرهەمهێنان.

بە گشتی شارەزایان، لە ڕیگای ئەم کۆنفڕانسانەوە زۆر بەئومێدی کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان نین، لێرەدا بەرژەوەندی ئابووری و کێبڕکێی ڕیزبەندەکانی بڕی بەرهەمهێنان و قۆرخکردنی سامانی سروشتی لە وڵاتە هەژارەکان، بەتایبەتی لە ئەفریقا، ڕۆڵی بڕیاردان و هەڵوێستە وەرگرتن دەبینن، دەمێکە هۆکارەکان ئاشکران و ڕێوشوێنەکانی چارەسەر لە ئارادان، زانست هەر زوو بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەلماندی و جیهانی لەوە ئاگادار کردەوە؛ کە چالاکییەکانی مرۆڤ و بەکاربردنی وزەی بەردین لە ڕیزبەندی یەکەمی تێکچوونی هاوسەنگی سروشت و هاتنە کایەوەی کێشەی کەشوهەوان.

Images de : Pixabay

PIRO

Gerd Altmann

Check Also

دیراسەیەکی ستراتیژی بۆ ئاو لە عیڕاقدا

د. مەدیحە سۆفی هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو، کە هۆکارەکانی جۆراوجۆرن لەوانەش گرنگترینییان توندبوونی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، …