کاریگەری میژووی بنەماڵە لە سەر ژیانی نەوەی نوێ

فریدا نارین: هونەر تیڕاپێست، فەرەنسا


هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا لەگەڵ چەمەدانیک گرێی دەروونیدا رووبەڕوو دەبێت. ئەم چەمەدانە پڕە لە درام، لە خەم و لە کیشە چارەسەر نەکراوەکانی نەوەکانی پێشوو. دایپیرەکانمان و باپیرانمان و دایک و باوکانمان لەگەڵ روودا و کێشەگەلێک ژیاون کە کات و شوێن و کولتوور و قەدەغەکانی ئەو سەردەمە نەیانهێشتووە چارەیەک بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە، بۆیە زۆر جار لە سەرەتاوە خنکاندوویانە. هەندێ جاریش بۆ پارستنی داهاتووی منداڵەکانیان ویستوویانە ئەو کێشانە بشارنەوە. لە دایک و باوکانمان بیستوومانە : بۆ چاکەی تۆ بووە کە قەد باسی ئەو رووداوە ناخۆشەمان نەکردووە. لێرەدا دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە  ترۆماکان و درامەکانی رابردوو چۆن خۆیان دەگەیەننە ناو ژیانی نەوەی ئەمڕۆ و چۆن رۆڵ دەگێڕن لە ژیانیاندا، تەنانەت ئەگەر شاردرابێتیشنەوە.

ئەمڕۆ زانستێک لە دەروونناسیداهەیە بە ناو ژێنیالۆژی (Généalogie)، دەروونناسان هەوڵ دەدەن بە یارمەتی ئەم زانستە سەرچاوەی هەندێ گرێی دەروونی نەخۆشەکانیان بناسن بۆ ئەوەی بتوانن بە ناسینی سەرچاوەکەی، هۆکاری کێشەکە لە میژووی بنەماڵەی ئەو کەسەدا دەستنیشان بکەن. چونکە هەندی جار هەیە تەنیا بە ناسینی سەرچاوەی کێشەکە بارێکی قورس لە سەر نەخۆشەکان لادەچێت.

ئەمڕۆ هیچکەسمان نییە کە بڵێت من ژێنیالۆژیستم، چون ئەمە زانستێکە کە دەروونناسان بەپێی خوێندنەوە و ئەزموون بە دەستی دەهێنن. ئەگەر بە باشیی ئەم زانستە بەکار نەبرێت لەوانەیە نەک کێشەی نەخۆشەکان چارەسەر نەکات بەڵکوو تووشی کێشەی نوێیشیان بکات، بۆیە دەبێت وریا بین و بڕوا بە هەر کەسیک نەکەین کە دەڵیت من بە خویندنەوەی داری میژووی بنەماڵەت دەتوانم کیشەکەت چارەسەر بکەم.

ژێنیالۆژی هەمان درەختی دارنامەیە، کە زیاتر لە بنەماڵەگەلێکدا باو بووە و دەوڵەمەند بوونە و لە ناو کۆمەڵگا شوێنەوارێکی تایبەتیان هەبووە. لە ناو کولتووری رۆژئاوادا ژن و پیاو نەوە بە نەوە لە ناو دارنامەکاندا تۆمار کراون، بەڵام هەتا ئەو جێگەیەی من بینیومە و ئاگادار بم لە کولتووری کوردەواریدا بەس ناوی پیاوان تۆمار کراون.

گۆڕانی نەوە

نەوە بە نەوە، واتە ئەو شتانەی لە نەویەکەوە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ جیلی نوێ. بۆ نموونە دووکاندارێک کە دووکانەکە و ئیشەکەی دەداتە دەست کوڕەکەی. یان دایکێک کە کچەکەی فێری ئاشپەزی دەکات. بەمە دەوترێت نێوان نەوە، کە  بە وتەی (ئان ئەنسێلین شوتزنبێرگێر)[1] یاسا و ڕێساکان وەک پەتاتەیەکی داخن، کە دەست بە دەست دەگوازرێتەوە و هەموو دەستێک دەسووتێنێت. بۆ نموونە  چاییەکەی باوکم دەبوایەت هەمیشە تازە و داغ بوایە ئەگینا نەیدەخواردەوە. بۆ منیش چایی هەمان شت بوو، تازە و داغ. ئەمە کولتوورێکە کە لە باوکمەوە گوازراوەتەوە بۆ من. نموونەیەکی ترتان بۆ باس دەکەم. من بەپێچەوانەی کەسانی تر زۆر کەم لە شتی داغ دەترسم. بەئاسانی پەرداخ یان تاوەیەکی داغ دەگرم بە دەستمەوە و پێم زۆر داغ نییە، لە کاتێکدا هەر ئەو داغەیە بۆ کەسی بەرانبەرم بەرگەی ناگرێت. ئەمە بۆ خۆم هەمیشە پرسیار بوو، بۆچی من سەبارەت بە شتی داغ خۆڕاگرمم بەڵام پێموابیت ڕیشەکەیم دۆزیوەتەوە : کاتێک کە تەمەنم یەک ساڵان بوو، برا گەورەکەم لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لەناو ئاگردا دەسووتێت و گیانی لەدەست دەدات. ئەم کارەساتە، ئاگر و سووتان، ترۆمایەکی گەورە بووە بۆ بنەماڵەکەم. هەرکات دایکم دەستی بەر شتیکی داغ دەکەوت دووبارە زامی دەکولایەوەو دەیگوت، ئاخۆ براکەم چ زەجرێکی کێشاوە! سووتان و شتی داغ ئەمە لە ناهوشیاری مندا خۆڕاگری سەبارەت بە ئاگر دروست کردووە. هەرکات کە شوێنێکم دەسووتا هاوارم نەدەکرد بۆ ئەوەی زامەکەی دایک و باوکم نەکولێتەوە. ئەمە نموونەیەکی ترە لەو شتانەی کە ناڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر دەروونی نەوەی نوێ دادەنێت. ئەم کارەساتە لەسەر هەرکام لە خۆشکو براکانم بە شێوەیەکی جیاواز کاریگەری داناوە. لەوانەیە بێ ئەوەی من باسی ئەم کارەساتە بۆ منداڵەکانم بکەم، هەست یان ڕوانگەیەک سەبارەت بە ئاگر و سووتان و شتی داغ لە رەفتاری منداڵەکانمان دروست ببێت.

زۆر جار رووداوێکی ناخۆش کە پێوەندی بە ئابڕووی بنەمالەوە هەیە دەبێت بە نهێنی بنەماڵە. ئەم شتە نهێنیانە کە دەخرێنە ناو سندۆقێکەوە و درگاکەی دادەخەن و کەس بۆی نییە بیکاتەوە لە سەر ژیان و ڕەوانی چەندین جیل کاریگەری دادەنێت. هەندێ جار ئەو شتانە کە لە ڕابردوودا تابۆ بوونە و پەیوەندی بە ئابڕووی بنەماڵەوە بووە، ئەمڕۆکە چیتر تابۆ نین و ئەنجامدانی بی ئابروویی نییە، بەڵام هیشتا زۆر کەس ناتوانن لە ئەو بیرۆکەیەیی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پییان گەیشتووە دەرباز ببن. ئەوەش زیاد کەم، کە هەمیشە ئەو ڕووداوانەی کۆتاییان پێ نەهاتووە زیاتر و ڕوونتر لە بیرەوەریماندا دەمێننەوە تا ئەوانەی کە کۆتائیان پێ هاتووە[2]. بۆ نموونە، کاتێک کەسێک لەدەست دەدەیت، بەڵام نەتتوانیوە شیوەنی بۆ بکەیت، یان بە باشیی سپاردنەکەی ببینیت. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە ساڵانێک وەک بارێکی قورس لە دەروونی تاکدا دەمێنێتەوە. مێشکی مرۆڤ ئەو رووداوانەی کە کۆتائیان پی هاتووە لە گۆشەیەک لە بیرەوەریەکانیدا ریزی دەکات و لێی تیدەپەڕێت. بەڵام، ئەو رووداوە بێ کۆتاییانە بەردەوام بە شوێنیدا دێن و وازی لی ناهێنن.

رۆڵی یاسا کۆمەڵایەتیەکان

هاندەری چوارەم، پاشای فەرەنسا، دەیەویست کە یەکشەممان هەموو خەڵکی فەرەنسا مریشک بخۆن. ئەمرۆکە زۆرینەی خەڵکی فەرەنسیی یەکشەممان بۆ نیوەڕۆ Poulet rôti واتە مریشکێکی برژاو دەخۆن.[3] ئەمڕؤکە نە پاشا (هینری چوار) ماوە و نە یاسای وڵاتی فەرەنسا یاساکانی سەردەمی ئەون، بەڵام ئەم یاسایە پاش چەندین نەوە ناڕاستەوخۆ گوازراوەتەوە بۆ نەوەی ئەمڕۆ، زۆربەی خەڵکی فەرەنسا پێیان خۆشە رۆژی یەکشەممان بۆ نیوەڕۆ ئەم خواردنە بخۆن. نموونەیەکی تر، کولتووری جلو بەرگ، لە ڕابردوودا پیاوانی کورد بەێیی هەر ناوچەیەک جامانە  بە رەنگی جیاواز یان ڕەشتیان لە سەر دەکرد، ئەم شێوازی جل لەبەرکردنە لە سەردەمێکدا وەک پێناسە بۆ ئەندامانی گروپ یان عەشیرەتێک بووبێت، ئەڵبەت ئەمڕۆکەش لە زۆر ناوچەی کوردەواریدا ئەمە ماوە. نەوەی نوێ چیتر رۆژانە جلی کوردی و جامانە و ڕەشتی لە سەر ناکەن، بەڵام لە جەشن یان بۆنەکاندا لەبەری دەکەن. ئەمە یاسایەکی کولتووریە کە نەوە بە نەوە گەیشتوەتە ئێمە.

هەندێ جار کۆمەڵگایەک لەگەڵ ترۆمایەکی هاوبەشدا دەژیت. بۆ نموونە جەنگ، رووداوی سروشتی و هتد کە لە بیرەوەری ناوشیاری خەڵکدا دەمێنێتەوە. ئەمانە هەموو کاریگەری لە سەر دەروونی تاک بە تاکی کۆمەڵگا دادەنێت و لە ناوشیاری گشتیدا[4] جێ خۆش دەکات.

ئینکارکردنی رابردوو

ئەو کەسانەی گرفتاری خەمۆکین زۆر لەناو بیرەوەریەکانی رابردوودا دەژین. هیوایەکیان بە داهاتوو نییە و بەردەوام کەسانی دەوروبەریان بە خەتابار لە هەموو کێشەو گرفتەکانی ئەودا دەزانن. ئەم کەسانە زۆر جار لە لایەن  ئەو کەسانەی رۆڵیان هەبووە لە ڕابردووی ئەودا، تاوانبار دەکرێن کە تەنها لە ڕابردوودان و ناتوانن لە ئێستادا بژین. بەردەوام ئامۆژگاری دەکرین کە دەبێت ڕابردوو فەرامۆش بکات و لە ئێستادا بژێت. بەڵام بۆچی ناتوانن واز لە ڕابردوو بهێنن؟ ئەمە هەر ئەو بیرەوەری و رووداوە ناتەواوانەن کە تا ئێستا دەست بەرداری ئەو کەسە نەبوونە. کاریگەری  بیرەوەریەکانی یەک بنەماڵە بۆ هەر کام لە ئەندامانی  جیاوازن. ئەو منداڵ یان ئەندامانە ڕوانگە و بیرەوەری جیاوازیان هەیە سەبارەت بە مێژووەکەیان بۆیە لە سەر هەرکامیان بە شیوەیەکی جیاواز کاریگەری دادەنێت. ئەگەر بنەماڵە نەتوانێت ئەو پەروەندانەی لەگەڵ ئەو ئەندامەی کە گرفتاری خەمۆکیە بکاتەوە و ئەو بیرەوەریە ناخۆشانە پێکەوە شی نەکەنەوە ئەوا هەتا هەتایە ئەو کەسانە ئازار دەدات و ناهێڵێت لە خەمۆکی دەرباز ببن و ئەو خەمۆکی و دڵەڕاوکێیە ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو. هەندێ جار مێژووی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەند نەوەیەکی پێشتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە. بۆ نموونە، لیکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە دەست درێژی جنسی لە سەر دی ئێن ئەی (DNA) سێ جیلی داهاتوو کاریگەری دادەنێت. بۆ نموونە، کەسێک بەبێ هیچ ترۆمایەکی جنسی لەگەڵ هەستێکی ناخۆش سەبارەت بە پێوەندی جنسی یان رەگەزی بەرانبەر بیر دەکاتەوە، یان لەگەڵ فۆبیایەک دەژیت. لەم حاڵەتەدا، بە قووڵ بوونەوە لە مێژووی بنەماڵەی ئەو کەسە بۆ چەند نەوەی پێشتر دەکرێت هۆی ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە. 

هەندێ جار هەیە دەستمان بە هەموو وردەکاریە میژووەکانی بنەماڵە و بیرەوەریەکان ناگات، لەم دۆخەدا چی بکرێت؟ هەوڵ دەدرێت میژووی ناوچەکەی، شارەکەی یان وڵاتەکەی بخوێننەوە و بزانن بنەماڵەکەتان و پێشینان لە چ بارودۆخێکدا ژیاون.

کۆتایی

ئەمڕۆ لە دەروونناسیدا تەنیا گوێ کرتن یان ئامۆژگاریکردنی کەسێک کە داوای یارمەتی لە دەروونناس دەکات، بەس نییە، گرنگە قووڵ بینەوە لە مێژووی بنەماڵە و شار و وڵاتی ئەو کەسە بۆ ئەوەی باشتر لە دلەڕاوکێ یان خەمۆکیەکەی تێ بگەین. هەر رووداوێک کاریگەری تایبەت بە خۆی لەسەر دەروونی تاک دادەنێت. زۆر جار ئەگەر ئەو رووداوە ناخۆشانە کۆتاییان پێ هاتبێت بە قسەکردن، بە لێخۆشبوون، بە ئاشتی و هتد، ئەوا دەچنە ناو بەشێک لە مێشک کە پێی دەوترێت ناوشیاری و لەوێدا دەنێژرێن، بەڵام ئەگەر کۆتایی پێ نەهاتبێت بەردەوام هەوڵ دەدات لە ناوشیاریی مێشک هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە بەشی وشیار. لێرەدایە کە تاک تووشی گرفت دەبێت، چونکە زۆر جار هۆی ترس، خەمۆکی، سترێس و تووڕەییەکانی نازانێت. بۆیە بە یارمەتی دەروونناس و هەروەها هونەر تێراپی[5] و ژینیالۆژی دەتوانێت سەرجەمی کێشەکان ببینێت.


[1] – پسپۆڕی دەروونناس و چارەسەری دەروونی و ئەکادیمی فەرەنسییە. ئەو مامۆستای کارمەند بووە لە زانکۆی نیس-سۆفیا-ئەنتیپۆلیس. بۆ زیزتر ناسینی چاو لە ویکیپێدیا بکەن : Anne Ancelin Schützenberger

[2] – Bluma Zeigarnik, 1928

[3] – https://fr.wikipedia.org/wiki/Poule_au_pot

[4] – ناوشیاری گشتی کۆنسێپتێکە کە گۆستاڤ یۆنگ ١٨٧٥-١٩٦١ دەروونناسی سویسی دایهێناوە.

[5] – سەبارەت بە هونەر تێراپی لە بابەتێکی جیاوازدا زیاتر باسی دەکەم.

Images de : Pixabay

Mohamed Hassan

Josh Clifford

Amy Z

Dorothe

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …