لە نێوان پێشکەوتنی زانستی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی

موحەمەد ڕ. ئەحمەد

پێشکەوتنی زانستی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی نیە بەڵکو پێشکەوتنی زیرەکی مرۆڤە. زیرەکیش لە مرۆڤدا ناوچەیەکە بێ لایەنە واتە لە خودی خۆیدا نە چاکە نە خراپە؛ بەمانایەکی دیکە، دەتواندرێت زیرەکی ھەم بۆ چاکە بەکاربھێنرێت ھەم بۆ خراپە ( ھەم دەرمان و ئامرازەکانی ئاسانکردنی ژیان فەراھەم دەکات، ھەم چەکی وێرانکەر).

مرۆڤ ھەمیشە زیرەکی بەکارھێناوە بۆ زاڵبوون. زاڵبوون بەسەر سروشت، بەسەر گیانەوەر و بوونەوەرەکانی دەوروبەرمان، وە بەسەر مرۆڤەکانی دیکە.

ھەروەھا کاتێک کار و بەرھەمێکی چاکیش دەبینین کە زادەی زیرەکیە ئەوا ھەر فاکتەری زاڵبوون لە پشتیەتی. تەنانەت کاتێک بانگەشە بۆ پاراستنی ژینگە و سەوزایی و نە بڕینەوەی دارەکان دەکەین، ئەوا لەپێناو خودی دارەکان نیە کە وەک بوونەوەرێک مامەڵەیان لەگەلدا بکەین، بەڵکو دیسان لەپێناو خۆمان و پاراستنی خۆمانە، کە وەک ئامرازێک مامەڵەی لەگەل دەکەین، ھەبوونیان سوودی بۆمان ھەیە، ھەوای پاکمان بۆ دابین دەکەن، هەروەها ھاوسەنگی پلەی گەرما و ڕێگریکردن لە لافاو…

ئیتر مرۆڤ ھەر لەسەردەمانی کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خودی، بەدەستھێنانی چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار، لەپێناو ھەژموون و زاڵبوون بەسەر ئەویتر، بردنەوەی جەنگ و ململانێکان، ھەروەھا لەپێناو زیاتر مانەوە، قازانجی زیاتر و تێرکردنی پێداویستیەکانی…ھتد ھەمیشە ئەوپەڕی زیرەکی خۆی بەکارھێناوە. واتە زیرەکی زیاتر پاڵنەرێکی بایەلۆژی ھەیە لەپێناو زاڵبوون و مانەوەیە. بۆیە زۆربەی جار مرۆڤ فرت و فێڵیش تێکەڵ بە زیرەکیەکەی دەکات یاخود دەتوانین بڵێین فرت و فێڵیش زادە و ھەڵقوڵاوی زیرەکیە، یان ڕووەکەی دیکەیەتی (لایەنە سلبیەکەیەتی) .

بەڵام، پێشکەوتنی مرۆڤایەتی پێشکەوتنی تێگەیشتی مرۆڤە بەرامبەر بە خودی خۆی و ژیان و کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی دەوروبەری، بێجگە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

 لە ھەر وڵاتێک ئەگەر تاک و گڕوپە جیاوازەکانی، ئەوجا جیاوازی ئاینی بێت یان سیاسی و ئیتنی و نەتەوەیی …ھتد ئەگەر بە رێز و خۆشەویستیەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا کرد و بێ کێشە و بە ئاشتیانە پێکەوە ژیان، ئەگەر دەستاودەستی دەسەڵات زۆر بە ئاشتیانە و ئاساییانە کرا، دادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە سیستەمکرا، ئەگەر کەمترین تاوان و پێشێلکاری و جوێن و سوکایەتی و رق و قینە و یەکترشکاندنی تێدابوو ئەوا ئەم وڵاتە لەڕووی مرۆڤیاتیەوە وڵاتێکی پێشکەوتووە.

بەکورتی، پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بریتیە لەوەی مرۆڤەکان بە ئاشتی لەگەڵ یەکتردا بژین و بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، سەرەرای جیاوازیەکانیان، بەبێ خۆسەپاندن و سوکایەتیکردن بەیەکتر. کە وایە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەرھەمی پەروەردە و فێرکاریە نەک زانست و زانیاری و زیرەکی .

لەم سۆنگەیەشەوە، دەتوانین بڵێین ئەمریکا پێشکەوتووترین وڵاتە لەڕووی زانست و زانیاریەوە، بەڵام لەڕووی مرۆڤایەتیەوە دەتوانین بڵێین یابان و سوید پێشکەوتووترین وڵاتن .

ئەگەر سەرنج بدەین، مرۆڤەکان لە زۆر قۆناغی مێژوودا لەڕووی زانست و زانیاریەوە پێشکەوتووبوونە و چەندەھا شارستانیەتیان دروستکردووە، بەڵام لەڕووی مرۆڤایەتیەوە ھیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆیانەوە نەدیووە، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆکاری لەنێوچوونی شارستانیەتەکان واتە قبوڵنەکردن و شەڕ و سرینەوەی یەکتر و ئەویدی ‘جیاواز’.

ئێستاش دەکرێ بپرسین بۆچی زانست ئەوەندە پێشکەوتووە بەڵام مرۆڤایەتی لەژێر ھەرەشەیە؟ وەڵامەکە پێموانیە زۆر قورس بێت، چونکە مرۆڤ بەسروشت بوونەوەرێکی خۆپەرست و بەرژەوەندیخوازە و تەنھا ھەوڵی مانەوەی خۆی و گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆی دەدات، پێشکەوتنی زانستیش پەیوەندی بە لایەنە بایەلۆژیەکەی مرۆڤەوە ھەیە، واتە ململانێ لەپێناو زاڵبوون و مانەوە و چێژ وەرگرتن و دوورکەوتنەوە لە ئازار، بەڵام پێشکەوتنی مرۆڤایەتی زیاتر پەیوەندی بە ئەویترخوازی و لایەنە ئەخلاقیەکەی مرۆڤەوە ھەیە، ئەمەش مرۆڤ تەنھا وەک ماسکێک بەکاری دەھێنێت لەخزمەت بەرژەوەندیە خودیەکانی .

بەکورتی، پێشکەوتنی زانست بۆ زاڵبوونە، ئەم زاڵبوونەش دوو رووی ھەیە، ڕوویەکیان بریتیە لە زاڵبوون بەسەر سروشت و بونەوەرەکانی دەوروبەرمان، کە ئەم ڕووە زیاتر بۆ خزمەتی مرۆڤەکانە (نەک مرۆڤایەتی). ڕووەکەی تریان، بۆ زاڵبوونە بەسەر مرۆڤەکانی تر، کە ئەمە لە دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە.

Image: S. Hermann & F. Richter de Pixabay

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …