نەفرەت…

شادی عبدالواحد ڕەسول


نەفرەت لەو دایک و باوکەی کە کچەکانیان، زوو: (کاتێك هێشتا هەست بە ژیان و بەرپرسیارێتیەکان ناکات) و بەبێ ویستی خۆیان بەشوویان دەدەن…

هەتاوەکو کەی ئەو بیرە تەسکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە!؟

هەزارەها کچیان ئاوا ماڵ وێران کرد، خەونەکانیان خستە ناو دەست و ژێر پێی پیاوێک. هەر بە منداڵی خوێنیان لە گیانیان باراند. کراسە سپیە بە گوڵەکەی بەریان، لە خوێنی سوور نووقووم کرد…

بەناوی عەشایەری و بەناوی ئێمە گەورەی تۆێن، چەند کچ لەژێر تابوتدا هەناسە دەدەن؟

بوون بەدایك، لەکاتێکدا خۆیان منداڵن. هێشتا کراسە ڕەنگ زەردە تەڕەکەی، هاتنەوەیان لەڕێگای قوتابخانە وشك نەبووەتەوە…

هێشتا گوڵە نێرگزە بۆن خۆشەکەی ناو هەردووك دەستیان، نەبووە بە باران…

کەچی لەولاوە، وەکو ڕۆبۆت، بەدەم قیژە قیژی منداڵ، بەدەم هاتوو هاواری شەڕ، بەدەم دیمەنی ژێردەستەیی، ژیان تێدەپەڕێنن!

کێ بەرپرسە لە ئەو کردارانە؟ کێ باڵ لە مل و دەستنیشانکردنی ئەو هەموو ئازارانەیە؟

هەموو ئەوانەی بەیەك وشەش بێت بەژداربووبن لە ڕێخۆشکردنی ئەو زیندانەی کە کچە گوڵ بەدەستەکە لەناویدا وا خەریکە پەلکەکانی هەڵدەوەرێت، جارێك بەگوتنی: ”تێدەپەڕێت”… جارێکیش بە گوتنی: “تێناپەڕێت”…

لەکاتێکدا دەبوو، لەڕێگای هاتنەوەی بۆ ماڵەوە لە قوتابخانە، جارێك بڵێت: “دەردەچم”، جارێکیش بڵێت: “دەرناچم”.

کەی ئەو دیمەنە قێزەونانە، کۆتاییان پێدێت؟

کاتێك مێشکیان ورد ورد ڕژا بەسەر خۆیانداو نەیانتوانی جارێکیتر بەیەك وشەش، ئۆکسجین لە ژیان سەرف بکەن و لە کچەکانیانی بستێننەوە. ئەو ئۆکسجینەی، تەنانەت زەویش بۆ خاتری یەك نیگای جوانی کچان لەت لەت دەکات، بە توڕەییەوە  دەهەژێنێت. هاوار و ناڵەیان هەتاوەکو عەرشی خودا دەگەیەنێت.

تۆش بە چ مافێکەوە، ئەو هەناسانە لەژێر ناونیشانی: (مرۆڤ، بەڵام لەپلەی ئاژەڵیتەوە داگیر دەکەیت) ؟

شادی عبدالواحد ڕەسول : تابلۆکان

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …