جوان عیزه‌ت
به‌شى یه‌كه‌م
____________________________________
پرۆژه‌ى دروستكردنى سیسته‌مى په‌روه‌رده پرۆژه‌ێكى ئه‌ندێشه‌ییه. له ڕاستىیدا، بریتییه له هه‌وڵدان و دروستكردنى به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مداریى كۆمه‌ڵگه، به‌تایبه‌تى گه‌شه‌كردنى هزر و بیرى تاكه‌كه‌سى. په‌روه‌رده له بۆنیادى خۆیدا به‌ره‌و هێلى گۆڕانكارى ده‌چێت و هیچ جارێك ناگاته خالى كۆتاى، به‌ڵكۆ له گۆر جەو و كات و زه‌مه‌ن ده‌توانێت نه‌وه بۆ نه‌وه بگۆڕێت و ستراتیژێكى تر‌ى ئه‌قڵانى سه‌رله‌نۆێ به‌رهه‌م بێنێت. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى ده‌ستى خۆى درێژى ڕه‌خنه و میتۆدى په‌روه‌ده بكه‌ین، پێش هه‌موو شتێك، گرنگه بزانین سێ پرۆسه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ن بۆ ئه‌وەی سیسته‌مى په‌روه‌ده له ناو كۆمه‌ڵگادا گه‌شه بكات. ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن:
- پرۆسه‌ى په‌روه‌دەى كۆمه‌ڵایه‌تى
- پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵگا
- پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى سیاسى
له به‌شى یه‌كه‌مدا، ئێمه باس له (پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌لایه‌تى) ده‌كه‌ین. ئایا به چ شێواز په‌روه‌رده ده‌توانێت ڕۆڵى خۆى له‌ناو بوارى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ببینێت و گه‌شه بكات؟
ئه‌وه‌ى دیارە لێره ئه‌وه‌یه، ڕۆڵى ئه‌م پرۆسه‌یه له كۆمه‌ڵێك بناغه پێكدێت. به نموونه: بناغه‌ى خێزان، خوێندنگه، مزگه‌وت، په‌یمانگا، زانكۆ، پیشەسازى، ڕاگه‌یاندن، میدیا و…هتد، له پێكهاته‌ى ئه‌واندا هه‌ڵبه‌ت په‌روه‌رده‌یەكى ناهۆشیارى هه‌یه، كاریگه‌رى له سه‌ر بارۆدوخ و سه‌قامگیریى كه‌شى گشتیى ژن و تاك و كۆمه‌ڵگا ده‌كات. ئه‌م كاریگه‌رییه له پرسى ناكاركردنى مه‌عریفى و فه‌رهه‌نگى كۆمه‌ڵایه‌تیدا بووه ئاراسته‌یەكى ناڕه‌سه‌ن و ناته‌ندروست، چونكه پرۆسه‌كه له‌سه‌ر سیسته‌مى ده‌ره‌به‌گى و ئه‌قڵى بەكۆمه‌ڵ به‌ڕیۆه ده‌چێت. بۆیه بزاڤى ئه‌م سیسته‌مه بزاڤێكى دوورى پره‌نسیپ و فاكتى رۆشنبیرى و تێگه‌هى كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌م بزاڤه له ڕووى هزراندن و ئه‌قڵه‌وه ناتوانێت خزمه‌ت به خۆاست و ویست و ئامانجى تاك و جڤاك بكات. له‌لایه‌كى تر، ناتوانێت دادپه‌روه‌ریى له نێوان بزاڤى جێنده‌ریش، به تایبه‌تى ژن و مێرد و مندالیش، بكات.
له‌م باره‌وه بۆ من جێگاى گۆمانه، زور جاران په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێته ئه‌گه‌رى پاشڤه‌مانى كۆمه‌ڵ به تایبه‌تى كاریگه‌ریى ئه‌و له سه‌ر بریار و سیسته‌مى ژن و خێزان ڕۆڵێكى تر‌ى نێگه‌تیڤ به‌رده‌وام ده‌كات. ئه‌ویش ڕۆڵى یه‌كسانى و دادپه‌روه‌ریى به هه‌ست و تێگەیشتنی پیاوەوە گرێ ده‌دات و وانیشان ده‌دات كه ژن وابه‌سته‌كراوى كۆمه‌ڵگاى نێرسالارییه. ڕه‌وایه له زانستى بایۆلۆژیدا ژن و پیاو جیاوایان هه‌یه، به‌ڵام ناكرێت له فیمنیزمى كلتۆریدا ئه‌م ناكۆكى و لێكترازانه له‌گه‌ڵ ئه‌قل و بیرمه‌ندى ژن و پیاودا هه‌بێت. چونكه، ئه‌مه واده‌كات هه‌ر له بنه‌ڕه‌تى خێزانه‌وه دابڕان و زاڵییه‌تى له نێوان ئەواندا په‌یدا ببێت. لە ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یەدا، ئه‌قڵى پیاو تواناى زۆرتر خۆڕێكخستن و چالاك بوون و ئه‌كتیڤ بوون و ڕۆشنبیر كردن له نێوان ئه‌قلى ژن هه‌یه. ئه‌م جوره تێڕاوانینه به ساڵان له سه‌ر كولتوورى كوردیدا زاڵ بووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه، لە ده‌قى ”ڕەگەزی دووەم”ی سیمۆن دو بۆڤواردا له بیرى مرۆڤدا، ئه‌و كاته‌ى ده‌ڵێت: ”ئێمە وه‌كو ژن له‌دایك نابین، به‌ڵكۆ ده‌بین به ژن.” واته، ئه‌و بارۆدۆخه‌ى ژن له ناویدا دەژیت بارۆدۆخێكى سه‌خته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بارۆدۆخێكى سیسته‌مكراویى بێت له‌سایەى كاریگه‌ریى پرۆسه‌كردنى كۆمه‌ڵگه ژن ده‌كاته ژن. هەروەها ئه‌گه‌ر سیسته‌مى خێزان و كۆمه‌ڵگه سیسته‌مێك بێت له سه‌ر فاكتى سرۆشتى به‌ڕێوه بچێت، بێگۆمان ئه‌و كاته له‌ڕووى جیاوازیى جێنده‌رییه‌وه له‌وانه‌یه هه‌ندێك ته‌رز و موده‌یى تر‌ى هه‌مه‌جۆر له سه‌ر جه‌سته‌ى ژن بینێته كایه‌وه و له سه‌ر ژن بكاته جۆرێك به جۆرى كولتووركردن و دیارده‌ناسى. به‌م جوره بیركردنه‌وه‌ی ژن فۆڕمێكى تر‌ى پێناسه وه‌رده‌گرێت و له بیركردنى خودى خۆیدا وه‌ها بیرده‌كاتەوە كه موڵكى پیاوه، یه‌كسه‌ر خاڵى نه‌رێنى به شێوازى دروستكردنى فۆبیاى جه‌سته‌ى بۆ ئه‌قڵى ئه‌و دروست ده‌كات و ناهێڵێت ئه‌و ببێته خاوه‌ن جه‌سته و ئایدیای ڕەسەنی خۆى. له‌لایه‌كى ترەرە، كۆمه‌ڵگه وا لێده‌كات جه‌سته‌ى خۆى نه‌ناسێت و بیرى خۆى بۆ چه‌وساندنه‌وه ته‌رخان بكات. ئه‌مه یه‌كێكە له‌و جوره نادادپه‌روه‌رییه، كه ئه‌قڵى كۆمه‌ڵایه‌تى له سه‌ر ئه‌قڵى مرۆڤ وه‌ستاوه. په‌روه‌رده‌یەكى به‌م شێوه‌یه ناتوانێت ژنێكى چاك و ڕۆشنبیری لێ ده‌ربچێت. هه‌روه‌ها ڕێگه‌یش نادات كه ژن له ئاستى خۆیەوە بیر لە ڕۆشنگه‌رى و مه‌عریفى و مرۆیى بكات، چونكه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه كه سیسته‌مى نێرسالارى و پیاوسالارى له سه‌ر ئاستى بیرى كۆمه‌ڵگه‌دا زاڵێتى به‌خۆیه‌وه ببێنت.
كه ئه‌م فۆڕمه دروست بوو، ئایا سیسته‌م چى لێ دێت؟
ئه‌م فۆڕمه دوو سیسته‌مى له یه‌ك جیا جیا دروست ده‌كات، ئه‌ویش سیسته‌مى پیاوسالارى و سیسته‌مى فیمنیزمى كولتوورین. له بناغه‌ى ئه‌م دوو سیسته‌مه‌دا یه‌ك هزر و ڕه‌هه‌ندى جیاواز هه‌یه، كه ئه‌ویش واتاى ئەوەیە مرۆڤبوون له سیسته‌مێكدا كۆده‌بێته‌وه، ئه‌ویش سیسته‌مى شۆڕ‌شییانەیە (مرۆڤ له‌پێنا بوونى خۆیدا له واتاى بوون ده‌گه‌ڕێت). به‌ڵام له نێوان ژن و پیاودا ئه‌م ڕه‌هه‌نده دوو خاڵى جیا جیا وه‌ردەگرێت، ئه‌ویش ژن وه‌ها بیر ده‌كاتەوە كه به‌رهه‌مدانه، پیاو وه‌ها بیرده‌كاتەوە كه به‌رهه‌مهێنه‌ره. بۆیه له نێوان په‌ره‌سه‌ندنى خێزاندا دوو باڵى جیا په‌یداده‌بێت. باڵێكیان، ژن ده‌خوازێت خۆ له بنده‌ستى و چه‌وسێنه‌رى ڕه‌فتار و یاسای كۆمه‌ڵایه‌تى ڕزگار بكات و هه‌وڵبدات یاسایەكى تر‌ى ژیان بدۆزێته‌وه، ئه‌ویش یاساى مافى مرۆڤ له پێناو پاراستنى هه‌موو پره‌نسپیه‌كانى مرۆڤدا. باڵێکى تر، سیسته‌مى به ناو پیاو سالارى هه‌وڵده‌دات ئه‌و یاسایه به شێوه‌یه‌كى نائه‌قڵانى جێبه‌جێ بكات بۆ ئه‌وەی ژن له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى خۆیدا فێرى ئه‌وه نه‌بێت بزانێت جیاكاریى له نێوان ئه‌رك و ماف چییه؟
له‌و ڕووەوە، ناكرێت ژن ئه‌وه‌نده دوورى پرۆسه‌ى ژن‌بوون بكرێت، مادا‌م ئێمه له سه‌ر ئه‌وه كوكین كۆمه‌ڵگایەكى په‌روه‌رده‌كراومان هه‌بێت، ده‌بێت خه‌باتى ئێمه‌یش له‌پێناو زانستى په‌روه‌رده و خه‌باتێكى ڕاستگۆیانه بێت و هه‌وڵ بده‌ین خێزان له‌سه‌ر بناغه‌ى مه‌عریفى بۆنیاد بنێین تاکو بۆ كۆمه‌ڵگا ببێته به‌رهه‌مى ئاڕاسته‌كردنى په‌روه‌رده‌یەكى ته‌ندروست. به‌ڵام به‌ر له‌وهی ده‌ستى پێ بكه‌ین، گرنگه له ئه‌گه‌رى نه‌بوونى ئه‌قڵى ئازاد بگه‌ڕێین. ئه‌گه‌ره‌كانى نه‌بوونى ئه‌قلى ئازادیش چین؟
كاتێك ژن به‌ته‌نیایى له‌گه‌ڵ خۆیدا قسه‌ده‌كات، ئه‌و كاته بیرى پرسیار ده‌كات و له‌و حاڵه‌ته‌دا خوى وه‌كو ژنێك ئازاد و سه‌ربه‌ست ده‌بینێت، ده‌توانێت هه‌موو پرسیارێك له خۆى بكات: من كێم؟ من چیم؟ بۆ من هه‌م؟ ئه‌وانه‌ى من وه‌كو مرۆڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن چ جۆره كۆمه‌ڵگایەكن؟ هە‌تا كۆتایى…، ئه‌و كاته خۆى وه‌ك ژنێك (ئاگا‌مه‌ند/ به‌ماناى هایدیگه‌ر ڕه‌سه‌ن) ده‌بینێت. به‌ڵام كاتێك ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا ئه‌و كاته ناتوانێت پرسیار بكات و بیرێكى ئازادی هه‌بێت. چونكه، دیدو و ڕه‌فتار و سیسته‌مى كۆمه‌ڵگا پرسیار ده‌كوژێت و تایبه‌تمه‌ندى تاك ون ده‌كات، داهێنان له‌ت له‌ت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مى مرۆیى گه‌شه نه‌كات. لێره وه‌ها دیار ده‌بێت كه پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى زاده‌ى ده‌ستى نه‌بوونى ئه‌قڵى ئازاده. له‌م جوره ئه‌قڵه ناتوانێن زه‌مینه‌ى بیرى ئازاد سه‌رهڵدات. ئه‌و كاته‌ى بیرى ئازاد نه‌بوو، ژن و كۆمه‌ڵگاى ئازادیش نابێت. بۆیه به باوه‌ڕى (نیتچە) ژن به‌رهه‌مى ڕه‌هاى نییه، به‌ڵكۆ پیاو ده‌توانێت وێنه‌ى ئه‌و به ڕه‌هایى بكێشێت. له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ها دیارده‌كرێت (كه پیاو وێنه‌ى ژن بۆ خۆى دروست ده‌كات و ژن ته‌نها ده‌توانێت خۆى له‌گه‌ڵدا بگۆنجێنێت) به‌ڵام كاتێك سیمۆن دو بۆڤوار به‌م تێراوانینه ئاشنا ده‌بێت ئه‌م ناكوكییه به دووبه‌ره‌كییەكى ناجێبه‌جێكار ده‌بینێت و به نرخى پیاوه‌وه گرێی ده‌دات و به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌ڵێت: (ئه‌وه ژنه وه‌ها له پیاو ده‌كات كه پێناسه‌ى ئه‌و به‌و وێنه‌وه دیار بكرێت، چونكه ژن ژێرده‌سته و دژ به پیاوه، به‌ڵام پیاو بكه‌ر و ڕه‌هایه، بۆیه ژن له‌م حاڵه‌ته‌دا به ئه‌وى دی دێتە هه‌ژمارتن).
ژن له پله‌ى دووه‌مدا به نایه‌كسانى جێكاى خۆى ده‌بینێت و ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه له‌سه‌ر ئاستى ناهۆشیاریى جێنده‌ریش وا دیارده‌بێت، كه ژن یه‌كه‌مین قوربانیده‌ره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ڕووى فه‌لسه‌فییه‌وه بڕوانین له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ردوولا قوربانیده‌رن، ئه‌گه‌ر بڵێین چۆن؟
به‌م ڕه‌نگه، شۆڕ‌شى كۆمه‌ڵایه‌تى به ته‌نیا ئه‌ركى ژن نییه، به‌ڵكو ئه‌ركى پیاویشه، كاتێك ژن توشى شكست بوو، سه‌ره‌تا ئه‌وه پیاوه شكستى هێناوه، چونكه شۆڕ‌شى كۆمه‌ڵایه‌تى شۆڕ‌شى هه‌وڵى گۆڕینى ڕه‌گ و ڕیشه‌ى په‌یوه‌ندیی بنه‌ڕه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌گ و ڕیشه‌یە ده‌توانین ژیانى جێنده‌رى و په‌روه‌رده‌یى جێنده‌رى و زه‌مینه‌سازیی جێنده‌رى به‌ره‌و هه‌ڵوهشانەوەى دۆخه‌كه ببه‌ن، بۆیه ماركس و ئه‌نگڵس ئه‌م چه‌مكه ئه‌وه‌نده به مه‌ترسیدار له قه‌ڵه‌م ده‌دەن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه داخوازى نه‌مانى به‌ندبوونى چینى كرێكار و ئیدیۆلۆژى سه‌پینه‌ره‌كان ده‌كرد. ماركس بۆ ئازادبوونى ژن به مافێكى ته‌واو و ڕه‌وا ده‌دات و به‌شداربوونى ژن له خه‌تى خه‌بات و شۆڕ‌شى چینایه‌تى و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یسه‌لماند و ده‌یگوت: ”ژنیش وه‌كو پیاو بونه‌وه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتى سیاسى و ئابوورى و چینى ده‌سته‌ڵاتدار به‌رژەوه‌ندى ئه‌و له چه‌وساندنه‌وه‌ى مرۆیی‌دا ده‌بینێت، نه‌كو له ئازادكردندا.” لێره‌وه هه‌ر ماركسیزمه توانیویەتی ڕه‌خنه له دۆنیاى ئه‌مڕۆ و كۆمه‌ڵگاى كوردیش له‌گه‌ڵ بگرێت و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه په‌روه‌رده له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تى سه‌رمایه‌دارى و هاوكێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تى لابدات، كه چۆن ئه‌م بناغه سوود و قازانج له ئامرازى بوون و كاڵا‌بوونى ژن وه‌رگرتووه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه فۆڕمى ئازادبوونى ئه‌قلى ژن نامۆى كردووه ئینكارى پله دووى دۆزى ئه‌و تا ئیستاش ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت من نابینم، كه پیاو چه‌ند ماف به‌ته‌واویى بە ڕه‌گه‌زى خوى ده‌دات، به‌ڵكو سیسته‌مى پیاوسالارى به‌درێژایى مێژوویه‌وه توانیویەتی زۆرترین دەستکەوت به‌و بدات و كه‌مترین دەسکەوتیش به ژن بدات، ئه‌مه خۆى له خوی‌دا تاوانى ژن و پیاو نییه، به‌ڵكو تاوانى ئه‌و جوره سیسته‌مه‌یه كه بەدرێژایی ساڵانێک له سه‌ر هزر و بیركردنەوەی ئێمه‌دا زاڵبووه ئه‌و ڕێگه‌یەی ڕوون نه‌كردووەتەوە كه ئێمه بزانین خۆناسین له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
هه‌ر ئه‌م لاوازییه، واى له ئێمه كرد به‌م شێوه‌یه له په‌روه‌رده تێبگه‌ین، كه ژن لاواز و نه‌رمونیان و بێ هۆش و كه‌م ئه‌قڵه، پیاویش زانا و ڕه‌ق و زیره‌ك و چالاكه. بۆیه لێره‌دا پرسێك دێته ئارا، ئایا ئه‌وه پێناسه‌یەكى ته‌ندروسته ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م سه‌ده‌یه‌یشدا ئاوا بیربكه‌ینەوە، كه ژن هه‌موو به‌م شێوه‌یەن و پیاویش هه‌موو بەو شێوه‌یەن؟
ده‌بێت له هه‌ندێك قوناغدا جیاكاریى هه‌بێت، به‌تایبه‌تى قوناغى چینایه‌تى، ئیتنیى و سه‌رمایه‌داریدا، گرنگه بزانین هه‌ردوولا تووشى چه‌وساندن ده‌بن. گریمان ژنێك له‌ڕووى سه‌رمایه‌دارییەوە ده‌وڵه‌مه‌نده، بەڵام پیاوى ئه‌و هه‌ژاره ئه‌و كاته پیاو بنده‌سته، دیسان پیاو زانایه ژن كه‌م زانینه، ئه‌و كاته ژن بنده‌سته. واته به ڕێژه‌وه ئه‌مه ئه‌ركى جورى په‌روه‌رده‌كردن ده‌بێت هه‌ردوولا وه‌كو مرۆڤ سه‌یرى یه‌كتر بكه‌ن و ڕێزى مرۆڤانە له یه‌ك بگرن، چونكه ئه‌و كاته‌ى ڕێز له‌ناو پیشەسازى و بنه‌ماڵە و خێزان و كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ به‌گشتى نه‌ما، ڕێز له نێوان ژن و پیاویش نامێنێت. به تایبه‌تى كۆمه‌ڵگایەكى وه‌كو هى ئێمه زۆرتر له قوناغى جۆتیاری ده‌چێت سه‌رده‌ستى تێیدا تا ئێستا زاڵه، بۆیه ژن به‌م تێگه‌یشتنه لەچوارچێوەی ئه‌و سیسته‌مەیە كه هه‌یه، ئه‌مه‌ش له چالاكى زیهنیى ژن‌دا جورێكه له ته‌پ‌سه‌ركردنێكى به‌رده‌وام و ناموویى، بۆیه ده‌بێت په‌روه‌رده‌كه به سیسته‌مى یاخیبوونه‌وه ده‌ست پێ بكات و به به‌رنامه‌ى نوێیه‌وه ئه‌قلگه‌رایى بكرێت.
سه‌رچاوه‌كان له‌مانه پێك هاتوون:
1ـ فیمینیزم، وه‌رگێڕانى: كومه‌لێك نووسه‌ر، ب. د.چ، چابخانه‌ى حه‌مدى ـ سلێمانى سالا 2017، ل 262.
2ـ فیمینیزم، هه‌مان ژێده‌ر، سالا 2017/ ل 389.
3ـ فیمینیزم، هه‌مان ژێده‌ر و ل.
4ـ فۆئاد مه‌جید میسرى، ئازادى ژن له ره‌وانگه‌ى ماركسیزمه‌وه، چ1، چاپ: ئایدیا، سالا 2020، ل 17.