عەلمانییەت لە فەڕەنسا La Laïcité en France

کاروان بازیان

عەلمانییەت بە فەڕەنسی پێی دەوترێت la laïcité، زۆرجار بە شێوەیەکی شێواو بە تاکی کورد گەیەندراوە، لەم بوارەیشدا، هەریەکە لە ئیسلامی و سەلەفییەکان لەلایەک و ئەوانەشی کە ناوی خۆیان ناوە عەلمانی لەلایەکی تر، بە هەڵە شیدەکەنەوە. هەردوولا عەلمانییەتیان وەک عەقیدە و بیروباوەڕ پێناسە کردووە، ئەمە لەکاتێکدا عەلمانییەت نە عەقیدەیە، نە ئایینە و نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵکو پرەنسیپە و دەکرێت لە دەستووردا چەسپێنرابێت و دەوڵەت پەیڕەوی دەکات.

کاتێک لە دوورەوە باسی وڵاتێک بکەین، بەبێ ئەوەی زمانی ئەو وڵاتە بزانین، بەبێ ئەوەی لێی ژیابین، جیاوازە وەک لەوەی خۆت زمانی ئەو وڵاتە بزانیت و ڕۆژانە لەگەڵیان بژیت. زۆرینەی کورد، بەتایبەتی جیلی نوێ، لەبەرئەوەی زمان نازانن، ناتوانن بەدوای زانیارییەکاندا بچێن، بۆیە بەردەوام لە فەوزای ناتێگەیشتندا دەژین. چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە کەسێک کە زمانێکی تر دەزانێت بابەت بنووسێت و ئەمانیش بیخوێننەوە یان گوێی لێ بگرن.

ئەوەی تێبینیم کردووە، نووسەر و ڕۆشنبیرە کوردەکان، بایەخی زۆر بە ڕۆشنبیری، مێژوو، فەلسەفە و شارستانییەتی فەڕەنسی دەدەن، بەڵام زمانی فەڕەنسی یان تەنانەت ئینگلیزیش نازانن، بۆیە دەچن ئەو تێکستانە دەخوێننەوە، کە لەلایەن عەرەبەوە، لەسەر فەڕەنسا نووسراون یان وەرگێڕدراون، بەڵام بەشێوەیەکی شێواو کە پڕن لە ڕق و کینە بەرامبەر بە کولتوور، مێژوو و شارستانییەتی فەڕەنسی، چونکە “کێشەی مێژوویی”یان لەگەڵ فەڕەنسا هەیە. بۆیە ئەرکی ئەو کوردانەیە کە فەڕەنسی دەزانن، لە بوارە جیاجیاکاندا بنووسن و وەرگێران بکەن. هەربۆیە لەم بابەتەدا وەڵامی چەندین پرسیارتان لەسەر عەلمانییەتی فەڕەنسی دەست دەکەوێت.

عەلمانییەتی فەڕەنسی

وەک لە دەستووری فەڕەنسی هاتووە، لایستێ (la laïcité) یان ئەوەی بە عەرەبی پێی دەڵێن عەلمانییەت و کوردیش بەکاریدێنێت، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی کۆماری فەڕەنسا. لەسەر دوو بنەما دامەزراوە:

  • ناچارکردنی دەوڵەت تا دەستوەرنەداتە موعتەقەداتی کەس
  • مرۆڤەکان هەر ئایینێکیان هەبێت یەکسانن لەبەردەم یاسا

ڕەگ و ڕیشەی وشەکە

لە زمانی فەڕەنسیدا بە عەلمانییەت دەوتریێت لایسیتێ (laïcité)، بە ئینگلیزی پێیدەوترێت سیکۆلاریزم (secularism). لایسیتێ لە بنەڕەتدا، هەروەک لە قامووسەکانی (Larousse، Robert و Littré) فەڕەنسی هاتووە، لە وشەی لایکوس (laïcus)ی لاتینی و لاۆس (laos)ی یۆنانییەوە هاتووە، بە مانای خەڵکی ئاسایی، گەل، یان بە تەواوی ئەو کەسانە وتراوە کە پیاوی ئایینیی مەسیحی نەبوون و لە دەرەوەی دامەزراوەی کلێسە بوون. وشەی لائیک یان عەلمانی لە سەدەکانی ناوەڕاست لەلایەن قەشە و پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە، بۆ خەڵکی ئاسایی یان گەل بەکارهێندراوە، بۆ نموونە کۆمەڵگا دابەشببوو لە نێوان پیاوانی ئایینی و عەلمانییەکان. پیاوانی ئایینی ئەوانە بوون کە هەر لەسەر زەوی بەهەشتیان بەخەڵک دەفرۆشت و بازرگانییان پێوەی دەکرد. کلێسە (ئایین)ی بۆخۆی قۆرخ کردبوو. ڕێگەی بەکەسی ئاسایی (وەک خۆیان دەیان وت عەلمانییەکان) نەدەدا تەنانەت ئینجیلیش بخوێنێتەوە. خۆیان خستبووە جێگەی خوا.

عەلمانییەت، لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە شێوەی خۆی وەرگرت. پێش شۆڕش ئایینی دەوڵەت مەسیحی کاسۆلیکی بوو. ڕژێمی کۆنی سەردەمی پاشایەتی لە مانگی ئابی ١٧٨٩ هەڵوەشێندرایەوە و دواتر هەرچی ئیمتیازاتی پیاوانی ئایینییە کۆتایییان هات. پاشانیش پرەنسیپە جیهانییەکان، لە نێویشیاندا ئازادیی ویژدان و یەکسانیی مافەکان لە بەندەکانی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی فەڕەنسا ساڵی ١٧٨٩، کە لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی دەرکرا، لە دەستووری ١٩٥٨ چەسپێندراو، کە بە دەستووری کۆماری پێنجەم ناسراوە (تا ئێستایش فەڕەنسا لەسەر ئەو دەستوورە حوکم دەکات). خاڵەکانی ئەو بەیاننامەیەی لە دیباجەکەیدا جێگیر کراوە. لە خاڵی دەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “هیچ کەسێک نابێت نیگەران بێت لەسەر دەربڕینی ڕاوبۆچوونەکانی و ئاییندارێتییەکەی، بەومەرجەی نەبێتە مایەی تێکدانی ئاسایشی گشتیی کە یاسا دیاری دەکات.”

فێردیناند بویسۆن، لەسەدەی نۆزدەدا، یەکەم تیۆریزانی عەلمانییەتە، لە ١٨٤١ لە پاریس لەدایک بووە و ١٩٣٢ یش هەر لە  فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوف، پسپۆری پەروەردەیی و سیاسەتمەدار بووە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەرەتایی بووە لە نێوان ساڵانی ١٨٧٩ بۆ ١٨٩٦. لە ساڵی ١٩٠٥ دا، سەرۆکایەتی لیژنەی پەرلەمانیی جێبەجێکردنی یاسای جیاکردنەوەی کلێسە و دەوڵەتی کردووە. بەوە ناسراوە کە خەباتی کردووە بۆ بە عالمانیکردنی سیستمی پەروەردە و خوێندن.

قۆناغەکانی جێگیرکردنی عەلمانییەت لە دەستوورەکانی فەڕەنسا

  • یاسای ١٩٠٥

هەروەک و لە پێشەوە ئاماژەم پێدا، عەلمانییەت هەر لە سەردەمی دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە کاری لەسەر کراوە تا لە یاسادا جێگیر بکرێت. بۆیەکەم جار ساڵی ١٩٠٥ یاسای جیاکردنەوەی کلێسە و دەوڵەت لە فەڕەنسا دەرکرا. لە مادەی یەکەم و دووەم پێداگریی لەسەر ئەو جیاکردنەوەیە کراوەتەوە. لەو کاتەوە دەوڵەت بێلایەنە. هیچ ئایینێک نییە لەمەودوا لە یاسا موقەدەستربێت. هەموو ئایینەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەبەردەم یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

مادەی یەکەم: “کۆماری فەڕەنسا ئازادیی ویژدان فەراهەم دەکات و گەرەنتی مومارەسەی ئایینەکان دەکات…”

مادەی دووەم: “کۆماری فەڕەنسا داننانێت بە هیچ ئایینێکدا [وەک ئایینی دەوڵەت] و موچەیان بۆ دابین ناکات و تەمویلی هیچ ئایینێکیش ناکات…”

لێرەدا ئازادی ویژدان بریتییە لەوەی کە مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێت بڕوادار یان بێباوەڕبێت. هەروەها ئازادە لەوەی هەر ڕایەکی هەبێت یان هەر ئایینێک هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت. هیچ جیاوازکاریی ناکرێت لە نێوان ئایینەکان.

فەڕەنسا بەو یاسایە کۆتایی بە پەیماننامەی کۆنکۆرداتی ١٨٠١ هێنا، کە لە نێوان کلێسەی کاسۆلیکی و دەوڵەتی فەڕەنسا ئیمزاکرا بوو. کە دانینابوو بەوەی مەسیحییەت ئایینی زۆرینەی فەڕەنسییەکانە (نەک ئایینی دەوڵەت) و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ئایینی ڕێک دەخست. تا ١٩٠٥ دەوڵەت دانی نابوو بە چوار ئایین و مەزهەب (کاتۆلیک، ڕیفۆرمیستە پرۆتستانتەکان، لوسەری و جولەکە). واتا لەو سەردەمەدا موسوڵمان بوونی نەبووە لە فەڕەنسا. دەوڵەت پارەی بۆ وەزیری ئایین دابین دەکرد و بەشداری دەکرد لە دیاریکردنی پیاوانی ئایینی لە ناوچەکان. جگە لەو ئایین و مەزهەبانە هیچ ئایینێکی تر دانیپێدا نەنرابوو.

بەهۆی یاسای ١٩٠٥ ەوە، هاوسەنگی گەڕایەوە بۆ دەوڵەت، کۆمەڵگا و ئایینەکان. تا ئەو کاتە زاراوەی عەلمانییەت بەکارنەهاتبوو لە یاساکە، بەڵکو تەنها وەک بنەما و چەمک چەسپێندرابوو، بەڵام لە دەستووری ١٩٤٦ و دەستووری ١٩٥٨ کە بە دەستووری پێنجەم ناسراوە زاراوە و بنەماکانی عەلمانییەت چەسپێنراوە.

  • مادەی یەکی دەستووری ١٩٥٨

فەڕەنسا کۆمارێکی دابەشەنەکراو، عەلمانی (laïc)، دیموکراتی و سۆسیالە. زامنی یەکسانیی هەموو هاوڵاتییان لە بەردەم یاسا دەکات، بەبێ جیاکاریی ئەسڵ و نەسەب، ڕەگەز و ئایین. ڕێز لە هەموو عەقیدەکان دەگرێت.

عەلمانییەت و حکومەتی فەڕەنسا

حکوومەتی فەڕەنسا، بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتییان لە عەلمانییەت تێبگەن و کەس بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکات، لە چەند خاڵێکدا، لەسەر سایتی ڕەسمی خۆی، ئەو زاراوە دەستوورییە، بەم چوار خاڵە شیکردووەتەوە:

  • عەلمانییەت گەرەنتی ئازادی وێژدان دەکات. لەوێشەوە ئازادی عەقیدە و باوەڕ، لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە نیزامی گشتی، دێتەدی. عەلمانییەت بێلایەنی دەوڵەت فەراهەم دەکات و یەکسانیی هەمووان لەبەرامبەر یاسا دەچەسپێنێت بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان ئایین یان عەقیدە.
  • عەلمانییەت زامنی مافەکانی باوەڕدار و بێباوەڕ دەکات لە ئازادیی ڕادەربڕینی بیروباوەڕیان یان عەقیدەیان. هەروەها زامنی مافەکانی ئەو کەسانەیش دەکات کە ئایینیان هەیە یان بێئایینن، ئەوانەی کە ئایینی خۆیان دەگۆڕن یان چیتر نایان بێت. گەرەنتی مومارەسەی ئازادانەی ئایینەکان دەکات. لەلایەکی تریشەوە هیچ کەس ناچار ناکرێت بەڕێزگرتنی دۆگم و تەعالیمە ئایینییەکان.
  • لە سیستمی عەلمانییەتدا، دەوڵەت و دامەزراوە ئایینییەکان جیادەکرێنەوە، سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای سەروەریی یەکێتیی هاووڵاتییان دادەمەزرێت، و دەوڵەت -کە بودجە بۆ هیچ ئایینێک تەرخان ناکات – دەستوەرناداتە کارووباری هیچ ڕێکخراوێکی ئایینی، بەپێی ئەم جیاکردنەوەیەیش، دەوڵەت، یەکە ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بێلایەن دەبن. کۆماری فەڕەنسای عەلمانی یەکسانی نێوان هاوڵاتییان دەچەسپێنێت لە ناو دەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، بەبێ سەیرکردنی بیروباوەڕ و عەقیدەیان.
  • عەلمانییەت بریتی نییە لە ڕاوبۆچوون و عەقیدەیەک، بەڵکو بریتییە لە ئازادیی بوونی ڕاوبۆچوونی تاکەکان هەریەکە و بەشێوازی خۆی. هەروەها عەلمانییەت عەقیدە و بیروباوەڕ نییە، بەڵکو بریتییە لەو پرەنسیپەی کە ڕێگە بە هەمووان دەدات هەرچ عەقیدە و بیروباوەڕێکیان هەبێت، بەومەرجەی ڕێز لە نیزامی گشتی بگیرێت.

کێ عەلمانییە لە فەڕەنسا؟

هەموو حیزبەکانی فەڕەنسا وەک: فەڕەنسا بۆپێشەوە (La République en marche) (حیزبەکەی ئیمانوێل ماکرۆن)، کۆمونیست، فەڕەنسای سەرکەش (La France Insoumise) کە حیزبێکی چەپە، جڤینی نیشتمانی (Rassemblement national) کە حیزبێک ئەوپەڕی ڕاستەڕەوە، پارتی سەوز (Europe Écologie Les Verts)… هتد، تەواوی حیزبەکانی تر لەو کاتەی کە دەسەڵات دەگرنە دەست، دەبێت سیستمی عەلمانییەت پەیڕەوبکەن. دەبێت پەیڕەی دەستووری فەڕەنسا بکەن کە عەلمانییە، واتا دەبێت بێلایەنبێت لەبەرامبەر ئایینەکان و دەستوەرنەداتە بیروباوەڕی هیچ ئایین و بیروباوەڕێک کەس. هیچ حیزبێک نییە بەخۆی بڵێت عەلمانی، بەڵکو حیزبەکان، لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، بەم شێوەیەن: چەپڕەو، ئەوپەڕی چەپ، ڕاستڕەو، ئەوپەڕی ڕاستڕەو، ناوەند، سەوز، کەواتە لە فەڕەنسا تەنها دەوڵەت عەلمانییە نەک تاکەکان و حیزبەکان، چونکە عەلمانییەت بریتی نییە لە عەقیدە، ئایین و ئایدیۆلۆژیا، ئەوە تەنها لە کوردستان و وڵاتانی ئیسلامییە ئەو دابەشکارییەیان کردووە، فڵانە حیزب و فیسارە کەس عەلمانییە، لە ڕاستیدا ئەوە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و ئەسڵەن تێنەگەیشتنە لە عەلمانییەت. زۆرجاریش هەندێ کەس بەتایبەت ئیسلامییەکان وەک جنێو یان سووکایەتی بەکاری دەهێنن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەگەر عەلمانییەت نەبێت موسوڵمانەکانی ئەوروپا ئەو ئازادییەی ئێستایان نابێت. چونکە بەهۆی عەلمانییەتەوەیە کە دەوڵەت دەستوەرناداتە کارووباری بیروباوەڕ و ئایینەکان. ئەوەی لە وڵاتانی ئیسلامی باس دەکرێت لەسەر وڵاتێکی وەک فەڕەنسا، بریتییە لە پڕوپاگەندەی بەشێک لە ئیسلامییەکان و هەروەها دەچێتە خانەی شەڕی شارستانییەت.

لە فەڕەنسا چی ڕوودەدات ئەگەر عەلمانییەت نەبێت؟

زۆرینەی هاوڵاتییانی فەڕەنسا کاتۆلیکی مەسیحین لە ڕووی عەقیدە یان کولتوورە، شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر ئەو کۆچبەرانەن کە هاتوونەتە فەڕەنسا و بوونەتە خاوەنی ناسنامەی فەڕەنسی و لەگەڵ گەیشتنیشیان ئایینەکەیان هێناوە و پراکتیکەی دەکەن. هەر بۆ نموونە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە سەدان مزگەوت لە فەڕەنسا درووست کراوە. کەواتە ئێستا لە پاڵ ئایینی مەسیحیی زۆرینەدا، دەیان ئایینی تر هەن. فەڕەنسییەکان بەشێکیان نەبێت، بەشەکەی تریان ڕەنگە بەدەگمەن بچن بۆ کلێسە، بەڵام ئەگەر تێبینی بکەین لەناخی هەموویاندا کولتووری مەسیحییەت هەیە. لە ڕەفتار و گوفتاریاندا هەستی پێدەکرێت، لەکاتێکیشدا ئەگەر شارسیانییەتەکەیان بکەوێتە بەر مەترسی ئەو هەستەیان تۆختر دەردەکەوێت. عەلمانییەت توانیویەتی مافی هەموو شوێنکەتووەکانی ئایینەکان بپارێزێت و دەوڵەت بوارنادات کەس ڕووبەڕووی چەونەساندنەوەی ئایینی ببێتەوە. هیچ کەس ناتوانێت دەستوەرداتە گوتاری ئیمامێک یان قەشەیەک یان هەر ئایینێکی تر، بەو مەرجەی گوتار و ڕەفتاریان نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگا و نیزامی گشتی.

ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان عەلمانین؟

لە چوارچێوەی سیستمی عەلمانییەتدا، حکوومەت وەزارەتێکی نییە ناوی وەزارەتی کاروباری ئایینی بێت. هەروەها هیچ بودجەیەک بۆ بواری ئایینی و پیاوانی ئایینی دابین ناکات، بەڵکو حکومەت لە چوارچێوەیەکی کەلتووریدا سەیریان دەکات و هاوکارییان دەکات. هەروەها لەناو سیستمی عەلمانیدا شتێک بەناوی ئەوقافەوە نییە. لە کوردستان سەرەڕای حکوومەت، حیزبەکان بەشێکیان هەیە بەناوی ئەوقاف یان کاروباری ئایینی، کە بودجەی بۆدابین دەکەن. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەر حیزبە و چەندین مەلا و بانگخواز کاندید دەکەن و دەیاننێرنە پەرلەمان. ماوەی چەند ساڵێکە ئەو مۆدێلی مەلا کاندیدکردنە لە کوردستان پەرەیسەندووە، چونکە ئەو حیزبانە کۆمەڵگای کوردییان هەڵسەنگاندووە، دەزانن کە هاوڵاتییان دەنگیان پێدەدەن. هەر حیزبە و بەجۆرێک وەبەرهێنان بە ئایینەوە دەکات، بە موسوڵمان، مەسیحی و زەردەشتیی و هتد. حیزب و حکومەت دەستوەردەدەنە کارووباری ئایینی، کەواتە نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حیزبەکان هیچیان عەلمانی نین.

هۆکارەکانی شێواندنی عەلمانییەت لە کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی چیین؟

هەروەک و لە پێشدا ئاماژەم پێکرد، دەردەکەوێت لە دەستووری عەلمانیدا بەڕوونی ئاماژە بە ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و عەقیدەکان کراوە بەبێ جیاوازی. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، بۆچی کورد بەگشتی عەلمانییەتی فەڕەنسی بە بێ دینی، ئیلحاد، هەندێ جاریش دژە ئایین تێگەیشتوون؟

  • ئەوەی کە کورد بەردەستی کەوتووە ئەو کتێب و وتارانەن کە لەلایەن عەرەبەوە لە فەڕەنسییەوە، بەشێوەیەکی شێوێنراو، گەیشتوونەتە بەردەستی کورد. ئەو کەسانەی تێکستە فەڕەنیسسەکان دەکەنە عەرەبی، خەڵکی باکوری ئەفریقان، وەک: جەزائیز، مەغریب و تونس. ئەمانە، بەهۆی کێشەی کۆلۆنیالیزمەوە، ڕقێکی ئەستووری مێژووییان لە فەڕەنسا و کولتوور و شارستانییەتی فەڕەنسی هەیە. کوردیش لەبەرە ئەوەی فەڕەنسی نازانن، نەیانتوانیوە بەدواداچوون بۆ ئەسڵی تێکستە فەڕەنسییەکان بکەن، بۆیە بەو شێواوییە لە عەلمانییەت گەیشتوون.
  • بەشێکیش هەن لە قامووسدا گەڕاون، بەتایبەتیش لە قامووسی عەرەبی، بینیویانە لەبەرامبەر وشەی عەلمانییەت و عەلمانی وشەگەلی بێدین، لادین، دنیایی بەکارهێناوە، جا خوێنەر بەبێ ئەوەی بەدوای ئەسڵ و نەسەبی وشەکە بگەڕێت و بزانێت لە دەستوور و یاسای فەڕەنسی و وڵاتانی تر چۆن هاتووە، ڕێک بەو شێوە شێواوە لێی تێدەگات، خەڵکی تریش لەگەڵ خۆی تووشی سەرلێشوان دەکات.
  • ئیسلامیی سیاسی، سەلەفی، مەلا و بانگخوازەکان، زۆربەیان بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆژی، وشەی عەلمانییەتیان یەکسان کردووەتەوە بە بێدینی (لادیني)، دژەدینی، دنیاوی و دژە ئیسلام، ئامانجیان لەوە لە لایەک شێواندنی وێنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و خراپنیشاندانییانە، تا بڵێن ئەها ئەوەتا خەڵکی ڕۆژئاوا دژی ئایین و دژەئیسلامن، لەلایەکی تر وەک مادەیەکی پڕوپاگەندە بۆ پڕووپاگەندەی ئایدیۆلۆدژی بەکاریدەهێنن بۆ شەڕێکی شارستانییەت، گەوجاندن و زۆرکردنی لایەنگر بۆخۆیان، دواجاریش بزنسی پێوەدەکەن، یان بە زمانە گشتییەکە بڵێم: کاسبییەکەیان لەسەر ئەوەیە. ئەمە لەکاتێکدایە بەبێ ئەوەی گوتارەکانیان هیچ بنەمایەکی ڕاستییان هەبێت. هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندانەیش بۆ شکستخواردنی گۆمەڵگاکانی وڵاتانی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بەرامبەر ڕۆژئاوا کە لەهەموو ڕوویەکی فیکری، فەلسەفی و تەکنەلۆژییەوە لەوان پێشکەوتووترن. وڵاتانی ئیسلامی جگە لە چەکی پڕووپاگەندەیەکی ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی هیچ بنەمایەکی فکری، پەروەردەیی، کۆمەڵاتی یان تەکنەلۆژی دامەزراوەیییان نییە بۆ ئەو شەڕەی کە دەیانەوێت لەگەڵ ڕۆژئاوا بیکەن. ئەو ناحاڵیبوونەی کە لەناو کورد هەیە، مەگەر لەناو ئەفغانی و پاکستانی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکان: نەزانینی زمانێکی بیانیی، زۆر داخراون بەڕووی دەرەوەدا، دەسەڵاتی کوردی هاوکارییەکی بێشوماری ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەت دەکات.

لە کۆتاییدا بە ئینسافەوە دەڵێم، من خۆم بەشێکی تەمەنم لە دەوڵەتێی موسوڵمانی وەک عێراق و کوردستان بەسەبردووە و پاشانیش هاتووم بۆ فەڕەنسا، ئەو ڕێزگرتنەی لەم وڵاتە بەدیم کردووە لەبەرامبەر هەموو ئایین و عەقیدە بیروبۆچوونەکان، لە نێویشیاندا ئیسلام، لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بوونی نییە. موسوڵمانان ئەوەندەی لە فەڕەنسا ئازادیی ئایینییان هەیە و ڕێزیان لێدەگیرێت لە وڵاتانی ئەسڵی خۆیان نەیان بووە و ناشیان بێت.

سەرچاوەکان بە زمانی فەڕەنسی:

https://www.legifrance.gouv.fr/loda/id/JORFTEXT000000508749/
https://fr.wikipedia.org/wiki/La%C3%AFc#:~:text=Un%20la%C3%AFc%20est%20celui%20qui,Il%20fait%20partie%20du%20la%C3%AFcat.
https://fr.wiktionary.org/wiki/la%C3%AFc

http://littre.reverso.net/dictionnaire-francais/definition/la%C3%AFque/43418

https://www.vie-publique.fr/fiches/276820-quelle-est-la-definition-de-la-laicite
https://fr.vikidia.org/wiki/La%C3%AFcit%C3%A9
https://fr.wikipedia.org/wiki/Ferdinand_Buisson

https://www.gouvernement.fr/qu-est-ce-que-la-laicitehttps://www.herodote.net/clerge_clerc_laic-mot-23.php

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …