بۆچی دونیا ئاوایە؟

موحەمەد  ئەحمەد

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د
موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

ھەر شوێنێک کۆی لێبێت تاکی لێنیە، چونکە لەناو کۆدا تاکەکان شوناسی تاکایەتیان ون دەکەن بە ھەموویان یەک شوناس پێکدەھێنن و ھاوشوناس دەبن.

 بوونی تاک لەنێو ئەو کۆیەدا تەنھا وەک ژمارە دەمێنێتەوە واتە تاک لە چۆنیەتی دەکەوێت تەنھا چەندەتیەکەی دەمێنێتەوە، تەنانەت خودی چۆنیەتیەکەشی دەگۆڕێت دەبێتە چەندەتیەکی ڕووت. یانی ئەگەر بمانەوێ باس لە چۆنیەتیەکەی بکەین دەبێت بەچەندەتیەکەی لێی تێبگەین بڵێین بەشێکە لەو کۆیە و ھیچیتر.

ھەموو کۆیەکیش بنچینەیەکی سایکۆلۆجی و ناعەقڵانی ھەیە، ئەم بنچینە سایکۆلۆجی و ناعەقڵانیەشە وایان لێدەکات بە ئاسانی گردببنەوە و خۆیان ڕێکبخەن و ببن بە کۆ. کە بوونە کۆش واتە بوونە ھێز، پاشان دەسەڵاتدار.

 بەڵام تاکی ئازاد و عەقڵانی ناتوانێ لەگەڵ ھیچ کەس و لایەن و ھێزێک ھاوشوناس بێت و دەستبەرداری شوناسی تاکایەتیەکەی بێت. بەمانایەکیتر ناتوانێ لە ڕێکخستنێکی توند خوی ببینێتەوە، بەمەش ناتوانن ببنە ھێز و پاشان دەسەڵاتدار.

Image: Gerd Altmann

ئێستا بیرمان بۆ ئەوە بچێت و هەتا رادەیەک تێبگەین لەوەی، بۆچی دونیا قەت چاک نابێ و ھەرگیز ئاشتی و دادپەروەریش بەرقەرار نابێت؟ چونکە سایکۆلۆجی و ناعەقڵانیەکان دەتوانن لەناو یەکدا بتوێنەوە و خۆیان ڕێکخەن و ببن بە ھێزێک، بەڵام عەقڵانیەکان ئەمەیان پێناکرێت. کەوایە ھەمیشە سایکۆلۆجی و ناعەقڵانیەکانن کە حوکم دەکەن.

ئەو بیرۆەکەیە وەک ئەوەیە، ئیتر ژیرەکان ھەر خەریکی بیرکردنەوە و قوڵبوونە‌وە‌ن بەبێ چاڵاکی! گەمژەکانیش ھەر خەریکی چاڵاکین بەبێ لۆژیك و بیرکردنەوە !

ئەوەی کە ھەشە‌ و باوە‌ و زاڵە‌ بەرھەمی چاڵاکیە، واتە بەرھەمی گەمژەکانە، بەرھەمی گەمژەکانیش ھەر ئەوھا دەبێت.

ئه‌فڵاتۆن ده‌ڵێت “ئه‌وانه‌ى پاك و لێزان و دادپه‌روه‌رن، به‌لام به‌شدارى له‌ سياسه‌ت ناكه‌ن و ده‌سه‌ڵات ناگرنه‌ ده‌ست، له‌ لايه‌ن فه‌رمانره‌وايه‌كى نه‌زان و سته‌مكار پاداشتيان ده‌درێته‌وه.”

سەیرتر ئەوەیە عاقڵەکان بیردەکەنەوە و دەنووسن، بەڵام چاویان لە دەستی گەمژەکانە بۆیان جێبەجێ بکەن، نەک خۆیان !

دواجار، سایکۆلۆجی و ھاوشوناسەکان چونکە ئامانجەکەیان لەلا پیرۆزە ئەوا ھەموو ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ گەیشتن پێی، بەڵام مرۆڤی پاک و دانا تەنھا بیر لە ئامرازی ڕەوا دەکاتەوە! ئەوەی یەکەممیان دەستکراوە دەبێت ئەوەی دووەمیش دەستبەستراو دەبێت، بێگومان لە ئەنجامیشدا دەستکراوە زاڵ دەبێت بەسەر دەستبەستراو.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *