ژیان لە زەمەنى ڤایرۆسدا

به‌یان سه‌لمان

Graphic: Karwan BAZYAN

ئامادەبوونی ڤایروس لە بیرەوەری مێژوودا لە نێوان ترس، دڵەڕاوکە، ئایین، دژە -ئایین، ڕەتکردنەوەی ڤایروسەکە، تیۆری پێلانگێڕی نێونەتەوەیی، قبوڵکردنی دۆخەکە و تەنانەت لە نێوان تراژێدی و کۆمێدیش، ڤایروسێک لێمان دەبێتە شاپاڵەوانی جیهانی و لە جەمسەری باکورەوە بۆ جەمسەری باشور دەبێتە هەردوو ڕووی تاقە باسێکی جیدی کە هەموو هەواڵ و ڕووداوەکانی تر لە ئاستیدا دەخرێنە پلەی دوو.

سەرتا، یەکێک لە تاعونە بەناوبانگەکانی دنیا، لە ساڵی 1720 سەری هەڵدا. لە پێشاندا تەنها لە شاری مارسیلیا دەرکەوت، لە باشوری فەرەنسا، دواییش لە ناوچەکانی باشوری ئەم وڵاتە بڵاوبۆوە. نزیکەی نەود هەزار کەسی کوشت. لە نێوان ساڵی 1918 – 1920 هەڵامەتی ئیسپانی grippe espagnole پەنجا ملیۆن کەسی کوشت. بە گشتی بۆ نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی دیوار دروست دەکرا و دەرچوون و هاتنەناوەوەی شارەکان قەدەغە دەکرا. ئێبۆلا کە لەم دوا ساڵانەدا لە وڵاتانی ئەفریقیا بڵاوبۆوە، بەهەزاران کەسی کوشت. ئەمڕۆ ڤایروسی کۆرۆنا… هەموو ئەم فایروسانە، بە جیاوازی شوێن و هۆ، گیانی مرۆڤیان خستۆتە بەر هەڕەشەی کەمبوونەوە و لەناوچوون. دیارە جیاوازی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەو خێراییە و لە ماوەیەکی کورتدا بۆ خێرایی ئامرازی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە، وەکو فڕۆکە و قیتار و میترۆ.

مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایروس لە کۆبیرەوەری مرۆڤ پابەندە بە هاتنی بوونەوەرێکی ناپەسەندەکراو و هێزێکی خراپەکار کە تواناو هێزی ئێمەی مرۆڤ دەرهەقی نایەت. لە سەردەمە کۆنەکانیش بڕوایان بە هێزی شەیتان هەبوو و وەک بەڵایەک سەیریان کردووە کە خوا لەبەر گوناهەکاری بەسەر خەڵکیدا هێناوە. بەو شێوەیە تاکەکانی ناو کۆمەڵگایەک بیری ناعەقڵانیەتێکی سامناک بەسەریاندا زاڵ دەبێت و هەتا ڕادەیەکیش خۆیان ئامادەبوونیان تێدایە بچنە ژێر ڕکێفی هێزێکی نادیار کە هۆی کارەساتەکەیە. لە کاتێکدا دواکەوتوویی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زۆر لە خودی ڤایروسێک گەورەترە و مەترسیدارترە. چونکە ئەم بیرکردنەوەیە بەرەو ئەو زۆنە تاریکانە ڕایاندەکێشێت کە چیتر ئاسان نییە ڕێی خۆیانی لێ بدۆزنەوە.

بێ گومان یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی فایروس هەژاریی و نەداریی و پیسیە. لەبەر نەبوونی دەرامەت بۆ خۆراکی باش، نەبوونی پێداویستی و بەتایبەتی ئاوی خاوێن، بە دەرکەوتنی لە زۆنێکی نەدار بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە. دەکرێ بە لایەنێکی ئیتیکیانە لە فایروس وردبینەوە. ئایا فایروس دەبێتە ماییەی هاوکاری و یارمەتی نێو مرۆڤایەتی؟ یاخود بەپێچەوانەوە، دەبێتە دابڕان و پشتکردن لە یەک؟

ڕوویەکی ئەم ناوکێشەیە بەو جۆرە لێکیدەدەینەوە کە کاتێک هەڕەشەیەکی دەرەکی سەر هەڵدەدات، زۆرچاک دەکرێ ناکۆکیەکان وەلاوە بخرێن و سەرقاڵبین بە دۆزینەوەی چارەسەر و سنووردارکردنی ڤایروسەکە. هاوکات ترس و هەڕەشە بوار دەرەخسێنێت باشتر لە زیندەوەرەکانی تر تێ بگەین و لە داهاتوودا بە ئاشتی پێکەوە هەڵکەین. بێجگە لەوەی، خودی دۆخەکە ناچارمان دەکات خۆمان لەگەڵی بگونجێنین و جەستەمان ڕابهێنین بەرگری زیاتر بێت.

ڕوویەکی تریشی ئەوەیانە، کە تاکەکان لە ترسی بڵاوبوونەوە و لە یەک گرتنەوە، زیاتر بەرەو خۆپەرستی دەچن و لە یەک دادەبڕێن. بەم جۆرەش کۆمەڵگا دەچێتە ناو پرۆسەیەکی خۆشاردنەوە، گۆشەگیری و گوێ نەدان بەوانەی تووش بوون. چیتر کەس ئاگای لە ڕەوتی ڕووداوە جیهانیەکانیش نامێنێت. شەڕ و شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپێشاندان دەچنە پلە دوو، ئابووری جیهانی و بێ کاری دەجێتە پلەی سێ، دۆخی پەناهەندەیی دەچێتە پلەی چوار، هەموو پەروەندەیەکی مافی مرۆڤ دوا دەخرێت…هتد.

واتە، لێرەدا لە پێش هەموو بیرۆکەیەک، گرنگە مرۆڤ هۆشی بەوانی تر هەبێت. بە ئاگا بێت لەوەی هەزاران کەس لەناو زیندانەکانن(گرنگ نییە چی کردووە و بۆ لە زیندانە)؛ ملیۆنەها مرۆڤ لەناو ئۆردوگاکانن و لە ناو ئەو شارەتەنەکانەدا دەژین کە سادەترین ئامرازی پاکژی ڕۆژانەیان لێ نییە. کەس خۆی دوورەپەرێز نەگرێت لە بەرپرسیارییەتی ئەویش بەرامبەر بەوەی چی لە شوێنێکی تری دنیا ڕوو دەدات!

ئەمڕۆ کە جیهان بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هاوپەیوەندی زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە، بەڵام هەتا بڵێی وایشیکردووە تاکەکانی ناو خودی یەک کۆمەڵگایەکیش لەیەک دوور بکەونەوە وبە بێ بایەخ سەیری کارەساتەکانی جیهان بکەن. بیستن و بینین و بڵاوکردنەوەی زانیاری بە بەرفراوانی، ناکاتە هەمەئاهنگی و هاوکاری و خەمخۆری و بوون بە بەشێک لەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات!

بێگومان سەرە گەورەکەی ئەو کێشەیە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە بەهاتنی ڤایروس، مردن لە دەرگای ژیانمان نزیک دەبێتەوە. لەکاتێکدا وەک وتە بەناوبانگەکەی هایدیگەر کە دەڵێ: “(…) مرۆڤ هەر بە لەدایکبوونی بایی ئەوەندە پیرە کە بمرێت”! بەو واتاییەی هایدیگەر، مردن هەر لێرە بووە و لێرەیە، کەوابێ چی لە گۆڕێیە وا ترس چنگی پێ هەڵچنوین؟ لە ڕاستیدا دۆزی خۆ ئامادە نەکردنە. مردن چۆن بە زەقی لە زۆنە تاریکەکانی هەموو شوێنێکی دنیا خۆی بەیان دەکات، ئەوەهاش لە زۆنێکی تاریکی ناوەوەی خۆشمانە، لە جەستەماندایە، بەڵام ئەو جەستەیە هێندە بوغرایە بە تەندروستی، خۆی بۆ ئامادە نەکردووە.

ئەمە وا لە مردن دەکات ببێتە حاڵەتێکی (ارتجال)ی، لەپڕا دێت، لەنەکاوەوە دەمانبات، هەتا ئەگەر بە نەخۆشی درێژخایەنیش بێتە پێشەوە، هەر هەمان دۆخی لەنەکاوی ڤایروسی بەسەریدا سەپاوە. هاتنی ڤایروسێکیش ڕوویەکی مردن دەخاتە بەرچاو تاکەکان و گۆمەڵگایەک. ئەو ڕووەی مردنیش کە لە هۆشماندا ئامادەیە، بەو واتایە کاتێ دەلێین “ڕۆژێک دەێت هەموو دەمرین”، دەزانین کە دەمرین، بەڵام مردن بە مانای مردنی خۆمان نایزانین، پێی نەگەیشتوین، ئەزموونمان نەکردووە. هەربۆیە مردن بۆ ئێمە دەکاتە مردنی ئەوانی تر، نەک مردنی خۆم. دوو فاقەی هاودژیی ئەو بیرکردنەوەش لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایروسێک بۆ ئەو پرسیارە دەگەڕێتەوە کە ئایا دەبینە هاوکاری یەک یان لە یەک دادەبڕێین، هەر بەو دوا بیرۆکەیەی مردنی ئەویتر بەندە.

ئەگەر بشپرسین چۆن خۆمان بپارێزین؟

وای بۆ دەچم کە بیرکردنەوە و چوونە ناو دۆخی تێڕامان و دووبارە بیرکردنەوە لە هەموو لایەکی ئەو کێشەیە بوارێکە بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و لە ئاکامیشدا خۆ پارێزیمان. مەبەستیش لێرە، کە تێگەیشتین لە دۆخەکە بەشێکی چارەسەرەکەمان دێتە بەر دەست. دەچینە ناو دۆخێکی پۆزیتیڤی بیرکردنەوە و چەق نابەستین لە ئاستی تەنها دۆخی وەرگرێك و بڵاوکردنەوەی زانیارییەک کە دەکەوێتە بەر چاومان و گوێمان.

لەوە تێدەپەڕین ببینە تاقە ئامرازێکی گەیاندن و بڵاوکردنەوە، بەڵکو بە بیرکردنەوە دەچینە ناوی پلەیەکی چالاکی هەزراندن و دەبینە فاکتەرێکی کاریگەر و بەشدار لە پرۆسەی تێگەیشتن لەو کێشەیە، کە لەم دۆزەدا مەبەست لە ڤایروسە. لێرەوە دەتوانین بڵێین، پەنابردنە بەر بیرکردنەوە بوارمان بۆ دەرەخسێنێت بچینە ناو زۆنێکی پاکژی بیرکردنەوە و خاوێنکردنی هزر. چونکە بیرکردنەوە فیلتەرێکە کە ڕۆژانە، لە ڕێگای تەلەفوون و تۆڕی کۆمەڵایەتی، بەهاتنی ئەو هەموو زانیارییانەی بەکەڵکن و بێ کەڵکن، دەبنە جێگری هەموو بیرکردنەوەیەکی تایبەت بە خۆت.

بەو شێوەیە، تاقە بیرکردنەوەیەک تەنها لە پانتایی هاتنی ئەو زانیارییانەیە کە پێشنیارت دەکرێت و ملکەچیان دەبیت. ئیدی نمایشکردنی ڤایروس بەو هەموو زانیارییانەی لە ئەزموونی تاک و ئەو کۆمەڵانەوە دەگەنە ئێمە، ڕووییەکی سڕینەوەی تێگەیشتنی راستەقینەیە لێی. زۆری زانیاریی وەک کەمیی، ناکاتە تێگەیشتن لە ڤایروسەکە، بگرە جۆرە تێکەڵکردنێک و سەر لێشێوانیش دروست دەکات.

هەر دۆخی ئەو خودنمایشکردنەی مردن کە باسمان کرد، فێرمان دەکات باشتر بژین، چاکتر لە خۆمان و لە بوونەوەر و زیندەوری تر و لە ژینگەش تێبگەین. فێرمان دەکات ئەو فیلتەری بیرکردنەوە و تێڕامانە بخەینەکار بۆ بەرگریی دەروونی و فیکری و جەستەییش. هەڕەشەی نەمانی ئێمە هەڕەشەیە بۆ هەموو گیانلەبر و زیندەوەرێک، هەڕەشەش بۆ سەر ئەوان و فەنابوونیان، پێشبینییەکی پێش وەختە بۆ فەنابوونی ئێمە.

سه‌رچاوه‌: سایتی ژیان

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *