دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

”بۆچی ژن بەشداریی فیکری کەمە، یاخود وەبەرچاو نییە؟”

لەژێر ئەو ناونیشانە تەوەرێکمان کردۆتەوە و بانگەشەی نووسەران و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە خۆیاندا ڕادەبینن تەنانەت چەند دێڕێک لەو بارەوە بنووسن.

سارا فەقێ خدر

Image: Alexandr Ivanov

فیکر ئاستێکی باڵایە لە گەشەکردنی مرۆڤ و پەیوەستە بەو بارودۆخەی کە تێیدا ژیاوە.

ژنی کورد لەبواری فیکردا ھێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، چونکە رابردووی پڕە لە کێشەو گرفتی جۆراوجۆر. تاسەرەتای ھەشتاکانیش، ژنی کورد کێشەی نەخوێندەواریی ھەبوو. راستە دوای خوێندن، ھاتە مەیدانی کارو نووسین و سیاسەت و ھتد… بەڵام تێڕوانینی کۆمەڵ بە ژن و پیاوەوە بەرامبەر بەژن ھەروەک خۆیەتی، وەک جەستەیەک بۆ سێکس و زاوزێ مایەوە!

ئیدی لەکام زەمینەدا گەشەبکات وبتوانێ جوان بیربکاتەوە و قسەی ھەبێ و لەسەر مەسەلە فیکریەکان بنووسێت؟

ئەمەش بەو مانایە نییە دۆخەکە ھەروا بمێنێتەوە؛ لە جیھانیشدا ھەروابووە و پرۆسەکە بەھێواشی چووەتە پێشەوە. (فرۆید) لە زۆربەی شیکردنەوە دەروونییەکانیدا بە بوونەوەرێکی جیاواز لە پیاو و سلبیانە بۆ ژنی روانیوە، بەڵام کاتێک کچەکەی گەورە دەبێت، دەبینێ کە لەڕووی فیکرەوە زۆر لە کوڕەکانی بەتواناترە، لە زۆرێک لە بۆچوونەکانی پەشیمان دەبێتەوە.

لە کوردستانی باشوور ئامادەییەکی ڕووکەشی ژن ھەیە لە زۆربەی بوارەکاندا، ئەویش بۆ بەرژەوەندی و جوانکردنی دیوی دەرەوەی دەسەڵاتە. ژنانێکیش کە توانیبێتیان سەرکەوتنی راستەقینە بەدەسبھێنن، بەھەوڵ و پەروەردەی تاکەکەسی خۆیان، یان بەهی خێزانەکەیان بووە، یان لە دەرەوەی وڵات ژیاون و زەمینەی لەبارتریان بۆ رەخساوەو سوودیان لێوەرگرتووە؛ ئەمانەش ژمارەیەکی کەمن و دەگمەنن ئەوانەی لەبواری فیکردا دەنووسن .

Image: Pixabay

هەرێم عوسمان

لە پرسیارەکەدا بڕیاردانێک بۆ لە دەرەوەوەستانی ژنان لەناو کایەی فیکردا هەیە، کە ئەمەش هەڵهێنجراوی روانینە لە واقیعی ئیستا و رابردوو. بەڵام، دەکرێت بە ناو ریزکردن وەڵامی ئەم بڕیاردانە بدرێتەوە؛ هاوکات لە پرسیارەبڕیارییەکەدا بەراوردکاری لەبەر دیدە گیراوە، کە رێژەی بەشداری پیاو لەناو کایەی فیکریدا زیاترە. لەگەڵ هەردوو بڕیارو بەراوردکارییەکەدا نیم و ناشتوانم لەڕووی زانستییەوە بڵێم کە ژنان سۆزدارانە بیردەکەنەوە و زۆر دەڵێن و کەم گوێدەگرن؛ بۆیە ناتوانن لەناو کایەی فیکردا بەشداری بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بونیادی کولتووری ناوچەیی و جیهانی بەشدارییەکی چالاکییان لە سەرکوتکردنی هزری ژناندا هەیە، دەنا لە رووی بوونناسییەوە پێموایە ژنان وەک پیاوان دەتوانن بیربکەنەوە و بەرهەمداربن و بەشداری شۆڕشگێڕانەیان لە هزردا هەبێت. کەواتە بەبۆچوونی من هۆکارگەلێک هەن کە ناچالاکی ژنان لەناو کایەی فیکردا نیشاندەدەن، بەڵام بنەمای ئەو هۆکارگەلە وجودی نین، بەڵکو دروستکراون.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *