یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 12, 2024
frku

لەشفرۆشی – كۆنترین پیشە لە مێژوودا-

شوان ئەحمەد

كامتان بێ‌ گوناهە، بایەكەم بەردی تێبگرێت

– حەزرەتی مەسیح –

ئەم نوسینە بەر لەهەر شتێک، بەخاتری هەموو ئەو کچ و ژنانەیە کە دەستکورتی و هەژاری و قۆرتی زەمانە، ناچار بەپیشەیەکیان دەکات کەخۆیان خوازیاری نین و ئاواتی بۆ ناخوازن.

-1-

تەمەنم نزیكەی دەساڵانێك دەبوو. بەسەردان چووبوین بۆماڵی خزمێكمان. لەپڕ لەدەرەوە غەڵبەغەڵب و بێنەو بەردە پەیدابوو. هەموو بەپرتاو بۆی دەرچوین، تابزانین چ باسە. هێندەی نەبرد ئەو كۆڵانە بەرتەسكە، پڕ بوو لەخەڵك و خوا.

لەو سەروبەندەدا، ژنێكی عەبا بەسەری سەرتاپا ڕەش دەركەوت. دوو پۆلیس پێش خۆیان دابوو. لە پیاوێكی كەتەی چوارشانەیان دەپاراست كەدوای كەوتبوو. هەڕەشەی لێدەكردو جنێوی پێدەدا. كێردێكیشی بەدەستەوەبوو.

هەرچۆنێك بوو ژنەیان بەپاڵ خستە پشتی ئەو ئۆتۆمۆبیلەی، لەو سەری گەڕەكدا وەستابوو. ئەوناوە پڕبوو بوو لە هاتو هاوارو فیكەكێشان و هەلهەلە لێدانی ئەو خەڵكەی لەوێدا كۆبووبوونەوە، لەگەڵ دانیشتوانی ماڵەكانی ئەو چواردەورەدا.

ئەوكات دایكم زۆر هەوڵیدا (كە نازانم بۆچی)، تامن هیچ حاڵی نەبم و نەیدەهێشت گوێبیستی قسەو باسی ئەو ئێوارەیەی گەورەكان بم. بەڵام هەرچۆنێك بێت تێگەیشتم، ئەو ژنە لە ماڵی براكەی ڕایكردووەو چووە بۆماڵی خۆشەویستەكەی.

كەدەچێتە ئەوێ‌ یەكێك لە ماڵە درواسێكان، هەواڵ بە براكەی دەدات و براش بەقەسدی كوشتنی هەڵدەكوتێتە سەری. ناچار ئەو ماڵەی كچەكەی لێدەبێت، پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە. ئەوانیش دێن و دەیبەن بۆ بنكەو پاشان، دەینێرنە ماڵی موختاری گەڕەك.

ڕەنگە دواجار ئەو كچە ژیانی لەسەردەستی براكەی و ئەو كێردە تیژە كۆتایی هاتبێت كە تائێستاش، لەبەرچاوم لاناچێت و لە یادەوەریمدا ناسڕێتەوە.

بیرمە هەرچەندە ئەوكاتە منداڵیش بووم، بەڵام شەوەكەی خەو لەچاوم نەكەوت. شەوێك بوو پڕبوو لە مۆتەكە و غایلەی خراپ. لەژێر لێفەكەوە بەبێدەنگی دەگریام. دەگریام و نەشم دەویست، كەس پێم بزانێت.

دیمەنی ئەو ژنە عەبا بەسەرەی بەرەو نادیار دەبرا، لەیەك كاتدا تۆقێنەر و تاقەت پڕوكێنەربوو. هەستم بەرامبەری تێكەڵیەك بوو لە ڕق و بەزەیی، لەخەمخۆری و بەنەفرەت كردن.

كاتێك بووم بە پارێزەرەو كێشەو دۆسێی كەسانی لەشفرۆش و داوێن پیس و سۆزانی دەهاتنە لام، ڕێك و ڕاست وێنەی ژنەی عەبا بەسەری ئەو ڕۆژە، لە یادەوەریمدا قوت دەبووەوە.

ئەوكات نا كە مناڵ بووم، وەلێ‌ ئەوكاتەی دۆسێی لەشفرۆشان لەسەر مێزی ئۆفێسەكەم كەڵەكەبوون، زانیم زۆربەی زۆری ئەوانە قوربانین. قوربانی نەزانی و نەبونی و كورت بینی. ئەوانە قوربانی باوك و برا و مێرد و تەنانەت خۆشەویستەكانیشیان بوون.

قوربانی كۆمەڵگەن، ئەو كۆمەڵگەیەی لەسەر هەندێ‌ هەڵە، سەختگیرەو لەپای هەندێ‌ هەڵەی ناقۆڵاتردا لێبوردەو سنگفراوانە. بەئاشكرا تەرێز لەهەندێ‌ كاری نابەجێ‌ دەكات و بەپەنهانی و ژێر بەژێریش ئەنجامیان دەدات.

ئەمە پێشەكی كتێبەكەی نوسەر و پارێزەر و ڕۆژنامەنوسی عێراقی خاتوو (سەلام خەیات)ە بەناوی “لەشفرۆشی بەدرێژایی مێژوو” و دەیەوێت ئەوە بكاتە دەروازەیەك، بۆ قسەكردن لە بابەتێكی بڤەو ڕێگە پێنەدراو. بابەتێك هەمووان بەڕواڵەت تەرێزی لێدەكەن و بێزی لێدەكەنەوە، کەچی بەنهێنی و لەژێرەوەش قسەی لەبارەوە دەكەن و حەسرەت كێشن بۆی.

ئەم كتێبە یەكێكە لەو سەرچاوە كەم و دەگمەنانەی، خۆی لەقەرەی بابەتێكی یاساغ و نەخوازراو دەدات. بابەتی لەشفرۆشان، بابەتی كۆنترین پیشە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا.

-2-

لەشفرۆشان كێن؟ بۆچی ئەو كارە دەكەن؟ ئەوەی دەیكەن هەڵبژاردنێكی ئاگایانەو لە قەناعەتەوەیە، یاخود كارێكی غەفڵەت زەدانەیەو ناچاری پێیان دەكات؟

لەشفرۆش ئەتكی جەستە و كبریائی خۆی دەكات، یان جەستەی دەگەشێنێتەوەو غەریزەی تائەوپەڕی تێر دەكات؟ بەكورتیەكەی لەشفرۆشی كامەیانە، بەدبەختیە یان مومارەسەكردنی ئازادییە؟ بێ‌حورمەتی كردنە بە نۆرم و بەهاكانی كۆمەڵگە، یاخود گوێگرتنە لە غەریزەكانی خۆی و جڵەو شلكردنە بۆ حەز و ئارەزووە ئیرۆتیكیەكان. تۆڵەکردنەوەیە لە خود یان لە بەرامبەر؟ چێژ بینینە یاخود بزنس؟

نەسكی یەكەمی ئەم كتێبە، تەرخانە بۆ هۆكار و پاڵنەرەكانی لەشفرۆشی و هەرلەوێدا پێناسەكردنێكی كورتی لەشفرۆشی تێدایە، دەڵێت: ”لەشفرۆش ئەو ژنە یاخود ئەو پیاوەیە كە بەرامبەر بڕێك پارە، چێژی سێكسی دەبەخشێتە – یان دەفرۆشێتە-، چەندین كەس و جەستەی دەكاتە كاڵایەك بۆ پارە پەیداكردن”.

 لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو كچ و ژنانەی ئەوە دەكەنە پیشەو لەڕێی هەڕاجكردنی لەش و لاریانەوە پارە پەیدا دەكەن، لە كچ و ژنانی تر جوانترن یان ژیرتر و زۆرزانترن؟ یان ئەوانە پێداویستی بایۆلۆژیان بۆ سێكسكردن و ڕاموسان خۆ خاڵیكردنەوە، لەوانی دیكە زیاترە؟ یاخود پێداویستی زیاتریان بەپارەو پول هەیە؟

یان تۆبڵێی ئەوانەی لەشفرۆشی دەكەنە پیشە، هۆكارەكەی ئەوەبێت كەسانێكی تەمبەڵ و ئیش نەكەربن و بیانەوێت بەپیشەیەك نان پەیدابكەن و ژیان بگوزەرێنن كە نە تەقەللای فیكری دەوێت و نە پێویست بە شان و باڵ كوتین دەكات و نە سەرمایەیەكی گەورەشی گەرەكە؟

سەرەتاو بەپشت بەستن بە تیۆرە و تیۆریزەی زۆرێك لە دەرونناسان، دەبێت بڵێین هەرچەندە ئەنگێزەی سێكسی، جڵەوی بڕێك لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتی مرۆڤ دەكات و (سیگمۆند فرۆید)یش وەك درێژە پێدەری ئەنگێزەی ژیان سەیری دەكات، وەلێ‌ لەگەڵ  ئەوەشدا ئەو غەریزەیەو پرۆسەی جوتبوون و خۆ تێهەڵسوین و سێكسكردن لای زۆرێكی زۆر لە سۆزانیەكان، دوچاری خامۆشی و متبونێكی قوڵ دەبێت و زۆربەیان ناتوانن چێژی لێوەربگرن.

لەشفرۆشی سەرەڕای پەیوەستبوونی بە سێكس و مومارەسەی جوتبوونەوە، وەلێ‌ هیچ چێژێكی جەستەیی بۆ خانمانی لەشفرۆش تێدانییەو مەبەست لەئەنجامدانی شتێكی دیكەیە (پارە پەیداكردن). پوڵ لەبەرامبەر سێكسدا، ئەوە ئامانج و مەبەستەكەیە.

بەئامانجگرتنی سێكس بۆ پارە لای سۆزانییەكان، ئەو هاوكێشە باوە هەڵدەوەشێنێتەوە كە سێكس كردن، بۆ حەزی ڕۆحی یان چێژی جەستەیی یاخود بۆ ئەنجامدانی پێداویستیەكی بایۆلۆژی بێت، یان بۆ منداڵ خستنەوە بێت، بۆ خاتری پاراستنی ڕەگەزی مرۆڤایەتی (بەتێگەیشتنە كۆمەڵایەتیەكەی).

نەخێر سێكس لای لەشفرۆشان، تەنها بۆخاتری پارەیە. ئەوەش سێكس كردن دەكات بە پیشەو لەشفرۆشیش وەك هەر كاسبی و بازرگانیەكی دیكە، دەمەو ئێوارە بێت یان دەمەو بەیانی، سەیری جزدان و جانتای پارەكانی دەكات و هیچی تر.

لێرەوەیە پەیوەستبوونی ویژدانی و ڕۆحی لەشفرۆشان بە مشتەرییەك لە مشتەریەكانیانەوە، یان هەر نییە یاخود گەر هەشبێت دەگمەنە.

پەیوەستبوونی ڕۆحی و بیركردنەوەی تەندروست لە یەكێك كە سەبوریت بدات، لە دۆخێكی ئارام و پڕ سوكنایدا درووست دەبێت، نەك لە فەزایەكی پڕ لە دڵەڕاوكەدا، یاخود لە شوێنێكدا كە لەشفرۆش هەوڵدەدات لە كەمترین ماوەدا، لەگەڵ زۆرترین كەسدا تگەوبەرانی بكات، بۆخاتری بەدەست هێنانی زۆرترین بڕی پارە.

دەرونشیكاران جیاوازی لە نێوان دوو جۆر لە جەستەدا دەكەن: (جەستەی تەندروست و جەستەی سۆزانی). جەستەی تەندروست بۆ خاوەنەكەی دەبێتە چاوگی ئارەزووی جنسی و دەسوێژێك بۆ تێربوون و گەیشتن بە ئۆرگازم. وەلێ‌ جەستەی سۆزانی بۆ خۆی نییە، بەڵكو جەستەیەكە بۆ ئەوی دی و بۆ تێركردنی حەز و ئارەزووە نەخۆشەكانی كابرای سێكس كەر.

لێرەوە جەستەی لەشفرۆش جەستەی خۆی نییە، بەڵكو بارمتەی حەزو چڵێسیەكانی كڕیارەو پابەندە بە ئارەزووەكانی ئەوەوە. هەربۆیە جەستەی لەشفرۆش، جەستەیەكە بێ گیان و ساردو سڕ و مردوو. لەكاتی سێكسكردن و دەست پێداهێنان و لستنەوەیدا، نەك هەر ناگەشێتەوەو موچڕكەی پێدا نایەت، بەڵكو زیاتر جەستەیەكی ڕەق و تەق و شەڕانگێز و سادی دەردەكەوێت.

زۆرن ئەوانەی لە قەحبەخانەكان و ماڵ و حاڵی لەشفرۆشاندا، بەنیازی باوەشی گەرم و سۆز و میهرەبانی چوون، بەڵام دواجار بەر جنێو و لەقە و تف و پاشەلەقەی لەشفرۆشان كەوتن و گەردن كەچ و ڕۆح بریندار هاتونەتە دەرێ‌.

لێرەدا پێویست بەوە دەكات ئێستێك بكەین و ئەو پرسیارە بوروژێنین كە داخۆ پاڵنەری سەرەكی و تاقانە بۆ لەشفرۆشی، هەر پارە و مادەیە و هیچی تر؟

ئێمە گەر پاڵنەری مادیمان وەك تاقە سەرچاوە سەیركرد، ئەوا دەبێت حوكمێكی بێویژدانانە بدەین و بڵێین (هەرچی ژن و كچی دەسكورت و نەدارە لەشفرۆشن) كە هەرگیز وانییە، یان بڵێین (هەرچی لەشفرۆش بێت، دەوڵەمەند و پارەدارە) كە ئەویش ڕاست نییە.

 دەی گەر بشڵێین هۆكاری سەرەكی شەبەق و پێداویستی سێكسیە، كەواتە دەبێت (هەموو كچانی شونەكردو سۆزانی بن)، كە وانیە. یان دەڵێن لەشفرۆشی پەیوەندی بە نەخوێندەواری و نزمیی ئاستی ڕۆشنبیری و نەفامیەوە هەیە كە ئەوەش ڕاست نییە، چونكە وەك خاتوو (سەلام خەیات) دەڵێت ”یەك دنیا لەشفرۆش هەن، ئەوەندە ڕۆشنبیر و خوێندەوار و ژیرن، كەس نایان بەزێنێت”.

ئەمانە دەریدەخەن كە لەشفرۆشی تاكە پاڵنەرێكی نییەو زیاد لە هۆكارێك بەشدارن تێیدا، وەك (هۆكاری ئایینی، هۆكاری ئابوری، هۆكاری دەرونی، هۆكاری فسیۆلۆژی و… هتد).

لەڕاستیدا، ئەوەی ئاشی لەشفرۆشی دەگێڕێت ژنان نین، پیاوانن. پیاوە نەخۆش و پڕ لە گرێ‌ و چەپێنراوەكانن. داینامۆی لەشفرۆشی كیسە پارەی بەرباخەڵی ئەو پیاوانەیە كە حەزدەكەن لە ماڵی خۆیاندا، سەردارو سەروەر بن و لە تیاترۆخانەو خانە و لانەی لەشفرۆشانیشدا، خۆڕی و تۆڕی بچنەوە سەر پلێتە ئەسڵیەكەی خۆیان.

لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆلای ڕۆماننوسی گەورەی میسری و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی 1989، (نەجیب مەحفوز) ڕادەكێشم لە سێینەكەیدا “بین القصرین، قصر الشوق، السكریة”.

لەوێدا کەسایەتی ئەحمەد عەبدولجەواد كە لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەكەیدا (مەحمود مورسی) ڕۆڵی دەبینێ‌، لە ماڵەوەو لەئاست هاوسەرەكەی، كە (هودا سوڵتان) ڕۆڵی دەگێرێ‌ و لە ئاست منداڵەكانیدا، چەند بەویقار و سەختگیرو ترسناك و بەشەرەفە، كەچی كە شەوانە لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەچنە ماڵی لەشفرۆشان، لەزنجیرە تەلەفزیۆنیەكەدا (شویكار و مەعالی زاید) ڕۆڵی لەشفرۆشەكان دەبینن، دەبێت بەچ جاکەش و موو نەرم و سوك و سەلمێك.

ئەوەی تەمەنی لەشفرۆشی لە بەرەبەیانی مێژووەوە (واتە لە زەمانی هەپە هەپەكەوە) درێژكردۆتەوە تائەمڕۆ، پیاوانی تەرەس و شەرواڵ پیسن، بەخۆیان و كیسەی پڕی بەر باخەڵیانەوە. خاتوو (سەلام خەیات) دەڵێت، لەشفرۆشێك ئاوای دەوت “تۆبە دەكەم، بەخودای گەورە تۆبە دەكەم. بەڵام دەبا پیاوانیش بەر لە من تۆبە بكەن و ئیتر لە دەرگام نەدەن”.

بەڕاست پیاوان بۆ تۆبە ناكەن؟ چی وادەكات پیر و گەنج، ژندار و بێ‌ ژن (زگورتی و لۆزەنگەر)، ڕێی ماڵە سۆزانیەكان بگرنە بەرو بەسەر دەست و پێی لەشفرۆشاندا بكەون؟

سەیر ئەوەیە زۆرێك لەو پیاوانەی موشتەری بەردەوامی قەحبەخانەو ماڵی لەشفرۆشانن، ئەوانەن كە ژن و منداڵیان هەیەو هاوسەرگیریان كردووە.

ئەوە بۆ توێژەرانی دەروونی و دەروونناسی، جێ‌ سەرنج و شوێن پرسیار بووە… پرسیاری ئەوەی بۆچی دەبێت پیاوێك كە خاوەنی ژن و منداڵ بێت، بەناو جێگایی هاوسەرەكەی ڕازی نەبێت و ئارەزووەكانی لە باوەشی سۆزانیەكدا تێر بكات؟

ئەم جێگۆڕكێ‌كردنەی پیاوان لە سێكسكردندا و پشتهەڵكردن لە هاوسەرەكانیان و ڕووكردنە سۆزانیەكان، هەندێك خەتاكەی دەخەنە ملی ژنان خۆیانەوە.

بەوەی هەموو وەختی خۆیان دەدەن بە ماڵ و منداڵ و مێردەكانیان وەلاوە دەنێن. یان لە كاتی ئاوسبوون و منداڵبوون و سووڕی مانگانەدا، لە سێكسكردن و جووتبوون دەچنەوە.

یاخود ئەو بێزاری و بێتاقەتیەی تووشی ژنان دێت، دوای ساڵی یەكەم لە هاوسەرگیری، هاوسەرگیری وایان لێ دەکات تەرێز لە سێكس و جووتبوون بکەن، لەگەڵ پیاوەكانیاندا.

پاڵنەرێكی دیكە كە پیاوان والێدەكات ناوجێگەیی هاوسەرەكانیان جێبێڵن و باوەشی سۆزانیەكان هەڵبژێرن، پەیوەندی بەوەوە هەیە ژنی خۆرهەڵاتی بەهۆی پەروەردەی خێزانیەوە، ترسی هەیە لەگەڵ خۆشەویست و دەزگیران و مێردەكەیدا، هەست و سۆزی ڕاستەقینەی خۆی بەیان بكات و وەك ئەو بجوڵێتەوە.

ئەوەش وادەكات پیاوان نەتوانن، لەچوارچێوەی خێزان و پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، سێكسێكی (پڕاوپڕ) لەگەڵ هاوسەرەكانیاندا ئەنجام بدەن، بەبیانوی ئەوەی ئەوانە بەڕێز و خانەدانن و مادامەكی بەو شێوەیەشن، كابرا ئەو پەرۆشی و جۆش و خرۆشەی نابێت بۆ پەڕین.

وەلێ‌ كاتێك ئامبازی لەشفرۆشێك دەبێت، جڵەو بۆ حەزو ئارەزووەكانی شل دەكات و پیاوەتی و نێرایەتی خۆی، تائەوپەڕی دەگەیەنێت. ئاخر ئەو لەگەڵ كەسێكی بێحورمەت و ڕەوشت نزمدا سێكس دەكات، ئیدی شەرم لەچی بكات و ترسی لەچی هەبێت؟

ئەو ڕێزو حورمەتەی پیاو لە لەشفرۆشانی دەسەنێتەوەو دەیكات بەبەری هاوسەرەكەیدا، ماڵوێرانیەكە هەم بۆ ژنە و هەم بۆ خۆشی، لەبەرئەوەی هیچیان لەڕووی سێكسیەوە تێرنابن و چێژ لە یەكتری نابینن.

پیاوی خۆرهەڵاتی بۆیە واڕەفتار دەكات، تا ژنەكەی پاك و بێگەرد بێت. ژنەش بۆیە واخۆی نیشان دەدات، تاوەك فریشتە دەربكەوێت لەكاتێكدا ئەو مرۆڤە و فریشتە نییە.

دیاردەی لەشفرۆشی، شەڕێكی بێئامانی لەنێوان ژناندا دروستكردووە. سۆزانیەكان بەسوك سەیری ژنانی مێرددار دەكەن، چونكە ناتوانن وەك پێویست مێردەكانیان تێر بكەن و ئەو چێژەیان تەنها لای ئەوان دەسگیر دەبێت.

ژنانی مێرداریش زۆر شەڕانگێزانە سەیری خانمانی لەشفرۆش دەكەن، چونكە پێیان وایە پیاوخۆرن و هەر بۆیان هەڵكەوێت مێردەكانیان لێ دەفڕێنن.

كچە ئۆغر و سەلارە شونەكردووەكانیش، داخ لە دڵن لە سۆزانیەكان و دەترسن، ئەو كوڕانە فریوبدەن كە ئەوان چاوەڕوانن لەداهاتوودا مێردیان پێ بكەن.

سەیر لەوەدایە سۆزانی كە بەپێوەدانگی كۆمەڵگە كارێكی بەدڕەوشت و قێزەون دەكات، پیاوانی بەشەرەف و بەویقار و خاوەن پلەوپایە، ئامادەن سەرجێگایان لەگەڵ بەش بكەن و ڕایان موسن و لەگەڵیاندا بخەون.

كۆمەڵگە بەو ژنانە دەڵێت بێ ڕەوشت و بێ‌ ئابڕو و قەحبە و سەڵیتە، بۆشی دەست بدات شاربەدەریان دەكات و سەریان دەتاشێت و بەویژدانێكی ئاسودەوە تیرۆریان دەكات. كەچی لەبەرامبەردا هیچ ناوێكی خراپ ناداتە پاڵ پیاوەكان (وەك بكەر و كارەكتەرێكی سەرەكی)، پرۆسەی بەدڕەوشتی سێكسفرۆشی و سێكس كڕین و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن.

ئەم كتێبە زۆرێك لەو بڕگەو بابەتانەی تێدایە كە دنیای لەشفرۆشیمان بەبێ‌ ڕوتووش نیشان دەدات، هەر لە مێژووی لەشفرۆشیەوە تا لەشفرۆش لە سەردەمی مۆدێرن و لە مێژوی ئایینە جیاجیاكان و ماڵ و شوێنی لەشفرۆشی و یاسا و سزاكانی، لەگەڵ دەردو نەخۆشی و چارەسەركردنی.

هەروەها بەسەرکردنەوەی لەشفرۆشی لە ئەدەبیاتی جیهانی و بەناوبانگترین لەشفرۆشان لە مێژوداو دوجاریش داهاتووی پیشەی لەشفرۆشی لەسەر ئەم ئەستێرەیە.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *