موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د
کانت له‌سه‌ره‌تای کتێبی (بناغه‌دانانی میتافیزیکیای ئاکار) ده‌ڵێت ” هیچ شتێک نابێت پێی بگوترێت باشه ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌کی باشه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت که بۆ بیرکردنه‌وه شیاوبێت، ئیراده‌ی باشه‌ش ئیراده‌یه‌که له خودی خۆیدا باشه.”. واته په‌یوه‌ست نیه به به‌دیهاتن یان به‌دینه‌هاتنی ئامانجه‌کان، یان هه‌ر شتێک که له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێت. به‌م پێیه ئیراده‌یه‌کی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه له هه‌موو هۆکار و ئامانجێکی ده‌ره‌کی، واته ده‌ره‌وه‌ی خۆی.
وه بۆ تێگه‌یشتن و ده‌ستنیشانکردنی ئیراده‌ی ئازادیش لای کانت ده‌بێت جیاوازی بکه‌ین له نێوان دوو جۆر کرده (کرده‌ی مه‌رجدار) و (کرده‌ی بێ مه‌رج).
کرده‌ی مه‌رجدار، کرده‌یه‌کی ئامرازیه یاخود نێوه‌ندێکه له پێناو گه‌یشتن به ئامانجێک، یاخود سوود و ده‌ستکه‌وتێکی خودی. وه ئه‌م جۆره کرده‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌ز و ئاره‌زوو خودبه‌رژه‌وه‌ندی دامه‌زراوه که پاڵتپێوه‌ده‌نێن بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌یه‌ک له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌که‌ت، ئه‌م حه‌ز و ئاره‌زووانه‌ش ده‌بنه بابه‌تی به‌رده‌ستی مه‌یل. به‌م پێیه، ئه‌م کرده خودان ئامانجه خودیه که له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌ز و ئاره‌زووه‌کان دامه‌زراوه هه‌رگیز ده‌ستناده‌ن تاوه‌کو ببنه (یاسایه‌کی گشتی ئه‌خلاقی). به‌کورتی، کرده‌ی مه‌رجدار ئه‌وه‌یه که مه‌رجدارکراوه، یاخود په‌یوه‌ستکراوه به ئامانج و سوودێکی خودی، بۆیه ناشێت ببێته یاسایه‌کی گشتی.
به‌ڵام (کرده‌ی بێ مه‌رج) کرده‌یه‌که له خودی خۆیدا باشه، واته باشیه‌کی په‌یوه‌ست نیه به به‌دیهاتنی هیچ ئامانج و سوود و ده‌ستکه‌وتێکی خودی. هه‌روه‌ها ئه‌م کرده‌یه له‌ژێر کاریگه‌ری هیچ مه‌رجێک سنوردار ناکرێت، جا ئه‌م مه‌رجه بابه‌ته به‌رده‌سته‌کانی مه‌یل بێت، وه‌ک حه‌زوو و ئاره‌زوو و خۆویستی، یاخود هۆکار و پاڵنه‌ره ده‌ره‌کیه‌کان بێت. به‌مه‌ش ئه‌م کرده‌یه وه‌ک زه‌ڕووره‌تێکی ره‌های پراکتیکی ده‌رده‌که‌وێت چونکه هیچ مه‌رج و مه‌به‌ستێکی نیه. به‌م پێیه ده‌توانین ناوی بنێین کرده‌یه‌کی ئه‌خلاقی، چونکه په‌یوه‌سته به هه‌ڵسوکه‌وتێکی ئازاد و بێ مه‌رج، که‌واته ته‌نها کرده‌ی بێ مه‌رج که سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردنی ئیراده‌دا هه‌یه ده‌توانێت ببێته یاسایه‌کی گشتی ئه‌خلاقی.
به‌م شێوه‌یه له کرده‌ی مه‌رجدار دا، ئیراده‌ی مرۆڤ پاشکۆ(پاشکۆیه‌تی ئیراده‌ش) واته ئیراده‌ی مرۆڤ له‌ده‌ره‌وه‌ی بنه‌مای خودیانه‌ی خۆی به‌دوای یاسادانه‌رێکی گشتی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت و ئیراده‌ی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت. به‌مه‌ش ئیراده خۆی یاسا بۆ خۆی دانانێت، به‌ڵکو بابه‌ت له رێگای په‌یوه‌ندیداربوون به ئیراده‌وه یاسای پێ ده‌به‌خشێت. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌زو ئاره‌زوو یان هۆداریه‌تی سروشته، واته لێره‌دا ئیراده ئازاد نیه.
به‌ڵام کرده‌ی بێ مه‌رج ده‌مانبات به‌ره‌و (خۆکرده‌یی ئیراده – ئیراده‌ی ئازاد) به‌ومانایه‌ی خودی ئیراده له‌رێگای بنه‌مای خودیانه‌ی خۆی یاسا بۆ خۆی داده‌نێت سه‌ربه‌خۆ و ئازاد له هه‌موو پاڵنه‌رێکی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی وه بێ مه‌رجداربوون به‌هیچ مه‌به‌ست و ئامانجێکی خودی.
بۆنموونه له (ئیڕاده‌ی پاشکۆ) ده‌ڵێت “من نابێت درۆ بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆبم.”، به‌ڵام له (خۆکرده‌یی ئیراده) یان له ئیراده‌ی ئازاد دا ده‌ڵێت ”من نابێت درۆ بکه‌م، هه‌رچه‌نده درۆکردن هیچ عه‌یبه و سزا و شه‌رمه‌زاریه‌کی نه‌بێت، واته ئه‌گه‌ر درۆکردن ئاساییش بێت.”، که‌واته له‌وه‌ی یه‌که‌میان وایه له (ئیراده‌ی پاشکۆ دا) ئامانج و مه‌به‌ستی له درۆنه‌کردن به‌ده‌ستهێنانی (راستگۆیی) بوو، واته مه‌رجی هه‌بوو بۆ درۆ نه‌کردن، ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی راستگۆیی بوو. به مانایه‌کیتر، درۆنه‌کردنی وه‌ک ئامرازێک به‌کارهێنا، نه‌وه‌ک وه‌ک ئامانجێک له خودی خۆیدا. به‌ڵام له‌دووه‌میاندا (خۆکرده‌یی ئیراده – ئیراده‌ی ئازاد) هیچ مه‌به‌ست و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی خودی له درۆنه‌کردن نه‌بوو به‌ڵکو درۆنه‌کردن له خودی خۆیدا ئامانج بوو به‌بێ مه‌رجدارکردنی بۆ به‌دیهێنانی سوود و مه‌به‌ستێک.
کانت پێی وایه مرۆڤ وه‌ک بونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی له خودی خۆیدا ئامانجه، هه‌ر شتێکیش له خودی خۆیدا ئامانج بێت ئه‌وا بنه‌مای کرده‌یه‌کی بێ مه‌رجه. وه کاتێک ده‌ڵێین مرۆڤ له خودی خۆیدا ئامانجه به‌مانای (ئامانجێکی خودیانه) نیه که له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زوو و خۆویستی و ئامانجێکی خودیانه بێت، به‌ڵکو مرۆڤ وه‌ک (ئامانجێکی بابه‌تیانه‌یه)، واته له خودی خۆیدا ئامانجه. به‌م پێیه‌ش ده‌بێت کرده‌کانی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئامانجێکی بابه‌تیانه بێت که دواتر هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته یاسایه‌کی گشتی ئه‌خلاقی، ئازادیش به لای کانت بریتیه له ملکه‌چبوون بۆ ئه‌م یاسایه ئه‌خلاقیه.
که‌واته ئه‌گه‌ر مرۆڤ له خودی خۆیدا ئامانجه پێویسته ئامانجه‌کانی ئه‌و گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی (من) ئه‌مه‌ش سنووری باڵای مامه‌ڵه‌کردنی هه‌ر مرۆڤێکه.
واته ئه‌و کرده‌یه‌ی تۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ی پێویسته جێگای ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌ک بێت. به‌مه‌ش ئازادی هه‌ر مرۆڤێک سنوورداره به ره‌زامه‌ندی ئه‌وانی تره‌وه. وه لێره‌دا کانت ده‌ڵێ، ده‌بێت کرده‌کانی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌رک بێت، ئه‌رکیش پێویسته له‌گه‌ڵ هه‌موو بونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی بگونجێت و ره‌زامه‌ند بێت. به مانایه‌کی تر، کرده‌ی ئێمه ده‌بێت به‌پێی یاسایه‌کی ئه‌خلاقی بێت، وه ملکه‌چبوون و په‌یوه‌ستبوون بۆ ئه‌م یاسایه ئه‌خلاقیه ئه‌رکه.
ئیتر کرده‌ی ئێمه وه‌ک بنه‌مای خودیه‌تی ئیراده کاتێک ده‌بێته یاسایه‌کی گشتی که لێکدژ نه‌بێت له‌گه‌ڵ خودی خۆی؛ بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک که خۆت پێت ناخۆشه به‌رامبه‌رت بکرێت تۆش به‌رامبه‌ر به هیچ که‌سێک ئه‌نجامی مه‌ده. که‌واته “هه‌میشه به‌گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایه کرده ئه‌نجام بده که ببێته یاسایه‌کی گشتی، واته کرده‌یه‌کی بابه‌تیانه بێت و له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی بگونجێت.”. ئه‌م بنه‌مایه‌ش لە خودی خۆیدا ئامانجه. به‌م پێیه‌ش، هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی وه‌ک ئامانج له خودی خۆیدا ده‌بێته یاسادانه‌ر(خود یاسادانه‌ر) به‌مه‌ش ته‌نها ملکه‌چی یاساکانی خۆیان ده‌بن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی و خاوه‌ن ئیراده‌یه‌کی ئازاد.
ئیتر لێره‌ش عه‌قڵی په‌تی له رێگای ئازادیه‌که‌یه‌وه ده‌بێته بناغه‌یه‌ک بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئیراده. وه یاسای ئه‌خلاقیش به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ئیراده‌ی ئێمه ده‌ستنیشان ده‌کات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی بابه‌تیانه نه‌وه‌ک بنه‌مایه‌کی خودیانه. ئه‌م یاسایه ئه‌خلاقیه‌ش له هۆداریه‌تی عه‌قڵانیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، واته له عه‌قڵێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو مه‌رجێکی (ئیمپری) و ئه‌زموونی، یاخود مه‌یل و ئاره‌زووه‌کانی خودی. ئه‌مه‌ش واته یاسای ئه‌خلاقی یاسایه‌کی ئازاده، ئیتر ئیراده‌ی ئێمه له یاسایه‌کی ئازاده‌وه که له عه‌قڵی ئازادی ئێمه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ده‌ستنیشان ده‌کرێت چونکه جگه له‌م یاسا ئه‌خلاقیه هیچ یاسایه‌کی تر نیه که رێگه بگرێت له کاریگه‌ری هه‌ست و مه‌یله‌کان و مه‌رجه ئیمپڕیه‌کان له‌سه‌ر ئیراده‌ی ئێمه، وه کرده‌ی ئێمه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه ئه‌خلاقیه ئه‌رکه.
به‌م شێوه‌یه‌ش، کانت ده‌ڵێ هۆداریه‌تی بوونه‌وه‌ره عه‌قڵانیه‌کان ئیراده‌یه، ئازادیش به‌هۆی سه‌ربه‌خۆبوونی له هۆکاره ده‌ره‌کیه‌کان ده‌بێته سیفه‌تێکی ئه‌م ئیراده‌یه؛ که‌واته ئیراده‌ی ئازاد هۆداریه‌تی مرۆڤه وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی. ئه‌م ئیراده ئازاده‌ش سه‌ربه‌خۆیه و ملکه‌چی هیچ هۆکارێکی ده‌ره‌کی نابێت، به‌ڵکو ته‌نها ملکه‌چی یاسا ئه‌خلاقیه‌کانه، یاسا ئه‌خلاقیه‌کانیش زاده و هه‌ڵقوڵاوی ئه‌م ئیراده ئازاده‌ی مرۆڤه‌ن، به‌مه‌ش ئیراده‌ی ئازاد ته‌نها ملکه‌چی یاساکانی خۆی ده‌بێت.
کانت جیاوازی ده‌کات له نێوان جیهانی تێگه‌یشتن و جیهانی هه‌سته‌کی. ده‌ڵێت مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی عه‌قڵانی سه‌ر به جیهانی تێگه‌یشتنه، چونکه جیهانی هه‌سته‌کی ملکه‌چی یاسا ئیمپڕی و مه‌رجداره‌کانه، به‌ڵام جیهانی تێگه‌یشتن سه‌ربه‌خۆ و ئازاده له هه‌موو مه‌رج و یاسایه‌کی ئیمپری، به‌ڵکو ته‌نها ملکه‌چی عه‌قڵی پراکتیکی و ئیراده‌ی ئازاده، یاسای ئه‌م ئیراده ئازاده‌ش یاسایه‌کی ئه‌خلاقیه نه‌ک خۆویستی. به‌مه‌ش جیهانی تێگه‌یشتن جیهانێکی ره‌سه‌نه، به‌ڵام جیهانی هه‌سته‌کی جیهانێکی پاشکۆیه. به مانایه‌کی تر، بوونی مرۆڤ له جیهانی تێگه‌یشتن واته ئازادی ئیراده‌ی مرۆڤ.
هه‌روه‌ها کانت باس له لێکدژی ده‌کات له نێوان (هۆداریه‌تی زه‌رووره‌تی سروشت) و (هۆداریه‌تی ئازادی) له کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی کرده‌کانمان. پێی وایه هه‌ر رووداوێک یان کرده‌یه‌ک که ئه‌نجامی ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر له‌ژێر کاریگه‌ری مه‌رجێکی زه‌مه‌نی بوو ئه‌وا زه‌ڕووره‌ته؛ چونکه ئه‌م مه‌رجه زه‌مه‌نیه رابردووه و له ژێر ده‌سه‌ڵات و ئیراده‌ی ئێمه‌دا نیه که وه‌ک مه‌رجێکی ده‌ره‌کی له من کاریگه‌ری له‌سه‌ر کرده‌کانی من داده‌نێت. به‌مه‌ش له‌و کاته زه‌مه‌نیه‌ی که من کرده‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌م هه‌رگیز ئازاد نیم، چونکه له هه‌ر خاڵێکی زه‌مه‌نی من ملکه‌چی ئه‌و زه‌ڕووڕه‌ته ده‌بم، بۆیه له کرده‌ی خۆمدا ئازاد نیم.
که‌واته زه‌ڕووڕه‌تی سروشت که لێکدژه له‌گه‌ڵ ئازادی ئیراده دا کرده‌ی مرۆڤ به زه‌مه‌نێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه که له رابردووه و سه‌ر به ئیراده‌ی ئه‌و نیه. به‌م پێیه کانت پێی وایه ئه‌م زه‌ڕووره‌ته سروشتیه دژی چه‌مکی ئازادی و به‌رپرسیاره‌تیه، بۆ ئه‌مه‌ش باس له ( ویژدان – هه‌ستی ئه‌خلاقی) ده‌کات. ده‌ڵێت، کاتێک مرۆڤ تاوانێک ئه‌نجام ده‌دات ناتوانێت بڕوا به خۆی بهێنێ که ئه‌م کرده‌یه یان ئه‌و تاوانه‌ی که ئه‌نجامی داوه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئازادی ئه‌و بووه و خۆی لێ بێبه‌ری بکات و بڵێت ئه‌مه به‌پێی زه‌ڕووڕه‌تی سروشت روویداوه و هه‌ر ده‌بوایه روویدابوایه، چونکه ئه‌گه‌ر واشبکات ئه‌وا له ناوه‌وه‌ی خۆیدا (ویژدانی – هه‌ستی ئه‌خلاقی) سه‌رزه‌نشتی ده‌کات و ئازاری ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ی که کردوویه‌تی. که‌واته ئه‌و تاوانه‌ی که کردوویه‌تی به ئیراده‌ی ئازادی خۆی بووه، بۆیه ویژدانی ئازاری ده‌دات و سه‌رزه‌نشتی ده‌کات، یاخود هه‌ست به ئازاری ویژدان ده‌کات.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌ر له منداڵیه‌وه له ژینگه‌یه‌کی شه‌رانگێز په‌روه‌رده بووبێت و پێگه‌یشتبێت تاوه‌کو گه‌وره‌بوون نابێت بڵێت من سروشتێکی شه‌رانگێزم هه‌یه و ناتوانم ده‌ستبه‌رداری بم. واته شتێکی زه‌رووره‌ته و ته‌واو له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئازادی خۆمه، چونکه ئه‌مه دیسان راکردنه له به‌رپرسیاره‌تی. به‌م شێوه‌یه، ده‌بێت بڵێین ئیراده سه‌ربه‌خۆیه له یاسای هۆداریه‌تی سروشت، چونکه ئیراده ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی خودی ده‌ستنیشان ده‌کرێت ئه‌مه‌ش واته ئازادی ئیراده.
به‌م پێیه، فۆرمی یاسادانه‌ر که ناوه‌رۆکی (ماکزیمه – بنه‌مای خودیانه‌ی) ئێمه بوونی هه‌یه تاکه شتێکه که ببێته بنه‌مای ده‌ستنیشانکردنی ئیراده. که‌واته وه‌ک کانت ده‌ڵێت “وه‌ها کرده ئه‌نجام بده یان مامه‌ڵه بکه که (ماکزیمه – بنه‌مای خودیه‌تی) ئیراده‌ی تۆ وه‌ک پره‌نسیپێکی یاسادانی گشتی ده‌ست بدات.”.
سە‌رچاوە‌كان
* كانت، بناغە‌دانانی میتافیزیكای ئاكار، وە‌رگێرانی سۆران عومە‌ر حە‌مە، ناوە‌ندی رۆشنگە‌ری بۆ لێكۆلینە‌وە‌ی فكری و سیاسی، كوردستان ٢٠١٥.
* كانت، ڕە‌خنە‌ی عە‌قڵی پڕاكتیك، وە‌رگێرانی سۆران عومە‌ر حە‌مە، ناوە‌ندی ڕۆشنگە‌ری بۆ لێكۆلینە‌وە‌ی فكری و سیاسی، كوردستان ٢٠١٥.