موحەمەد ئەحمەد
ھەر خودێک لە چەندین (من) پێکھاتووە؛ بەجۆرێک ناتوانین وێنای خود بەبێ (من)ەکان بکەین چونکە خود ھەر دەبێ لە دۆخی منێکدا دەربکەوێ یا بەسەریدا بسەپێندرێ. ھەر وەھا ناشتوانین وێنای خود لەگەڵ منەکان بکەین، چونکە کاتێک خود لە دۆخی منێکدا دەردەکەوێ خودەکە تێدا ون دەبێت و منەکە زەق دەبێت و ڕۆڵ دەگێرێت. پەیوەندیەکەیان بەجۆرێکە وەک پەیوەندی گشت و تاکە، ھیچیان ئەویتر نین ھیچیشیان بەبێ ئەویتر نابن. دەکرێت خود بەگشتێک بزانین، منەکانیش بە تاکەکانی کە مانا و ناوەرۆکی پێ دەبەخشن.
یا بەجۆرێكیتر، دەتوانین بڵێن خود وەك تیڤیەك وایە منەكانیش وەك كەناڵەكان. تیڤیەكەدا لەخۆیدا كوژاوەتەوە و ھیچ وەسف و ئاماژەیەك نابەخشێ تەنھا مەگەر پێیبكەیت و بیخەیتە سەر كەناڵێك، واتە چۆن تیڤیەك تەنھا دەبێت لە كەناڵێكدا دەربكەوێ بەبێ كەناڵەكان ناتوانین ھیچ لەو شوشە تاریكە تێبگەین، ئاوا خوديش ھەر دەبێت لە منێكدا دەربكەوێ، گەر نا، ناتوانین لێی تێبگەین.
ئیتر من لە دۆخی ئارامیدا، من لە دۆخی تورەبوندا، من لە دۆخی خۆشەویستیدا، من لە دۆخی رق و کینەدا، من لە دۆخی ئیرەیدا، من لە دۆخی بێ نیازبووندا، من لە دۆخی نیازمەندبووندا، من لە دۆخی بەرژەوەندیدا، من لە دۆخی ھەژاریدا، من لە دۆخی دەولەمەندی و پێگەداریدا، من لە دۆخی سەرسامبووندا، من لە دۆخی لەخۆبایبووندا، من لە دۆخی شکانەوەدا، من لە دۆخی خۆبەکەمزانیندا، من لە دۆخی رەشبینی و بێ ئومێدیدا، من لە ئومێدەواریدا، من لە دۆخی خەیاڵکردن و بیرکردنەوەدا (ئینجا جۆری و بابەتی خەیاڵ و بیرکردنەوەکە…)، من لە دۆخی داروخانی دەرونیدا، من لە دۆخی جەنگدا، من لە دۆخی ئاشتیدا، من لە بەرگریدا، من لە ھێرشکردندا، من و من و من… ھتد.
ئەم بار و دۆخانەو چەندانیتریش ھەن، کە لە ھەر یەک لەم بارودۆخانە تۆ منێکی تایبەتی جیاواز لەو منەی کە لە دۆخێکیتردایە. ئەو منەی لە دۆخی تورەبوون و رق و قینەدایە زۆر جیایە لەو منەی کە لە دۆخی ئاشتی و خۆشەویستی دایە یا لەو منەی لە دۆخی ئارامی و بیركردنەوەدایە.
تەنانەت ئەو منەی لە شەودایە زۆر جیایە لەگەڵ ئەو منەی کە لە رۆژدایە. من بیرمە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدابووم کچێکم خۆشدەویست نەمدەزانی چۆن بچمە سەر رێگای و نامەی لەگەڵ ئاڵوگۆر بکەم، جا شەوان پڕ بە بوێریەوە بریارمدەدا دەمگوت بەیانی ھەر دەچمە سەر رێگای و نامەکەی پێدەدەم ئیتر چی دەبێ با ببێ، بەڵام ھەر کە بەیانی دادەھات ئیتر من دەبوومە منێکی تەواو جیاواز لەوەی شەو ھیچ بوێریەکم نەدەما دەمگوت مەحاڵە ناتوانم شتی وا بکەم بەڵام لە شەودا ئەمتوانی وا بکەم!
خۆ ھەمان ئەو خودە بووم، بەڵام من لە دۆخی شەودا جیابوو لە من لە دۆخی رۆژدا!
بۆیە زۆرێك لەو ھەڵە و کردەوە خراپ و ناشرینانەی کە مرۆڤ دەیکات، زۆرجار لە شەودایە، چونکە مرۆڤ لە شەودا دۆخی خەیاڵكردن و بیرکردنەوە گەرمترە بەبەراورد بە ڕۆژ، چونكە لە بەیانیاندا جۆرە ساردبوونەوەك ڕووی تێدەكات.
بەم پێیەش بێت، ئێمە ناتوانین ھیچ پێناسەیەکی گشتگیر و دیاریکراو بۆ مرۆڤ بکەین جگە لەوەی بڵێین [مرۆڤ سندوقێکی تاریکە پڕە لە ئەگەری منەکان کە لە دۆخە جیاوازەکان دەردەکەون]. هەروەها، ناتوانین بلێین ئایا ئەو مرۆڤە چاکە یان ئەو مرۆڤە خراپە! دەبێت بڵێین، ئایا ئەو مرۆڤە لە چ بارودۆخێکدا چاک و باشە وە لە چ بارودۆخێکدا خراپ و نەگریسە… ھتد.
ھەر بۆیە ھەر کاتێک ویستمان بریار لەسەر کردەوەیەکی دیاریکراوی کەسێک بدەین دەبێت باش لەو بارودۆخە تێبگەین کە کەسەکە کردەوەکەی تێدا ئەنجامداوە و خۆمان بخەینە نێو بار و دۆخی ئەو.
ھەر وەھا، ئێمە پێویستە زۆر وریای دۆخەکان بین کە منەکانی تێدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە، کاتێک دەکەویتە ناو گروپ و چەند کەسانێکی زۆر لە ھاوفیکر و ھاوبیر و ھاوشووناسەکانت ئیتر دەنگی ھۆتاف و دروشمەكان بەرزدەبێتەوە و دەبینی کەسانێکی زۆر لە ھاوفیکرەکانت لە دەورتن ھەست بەھێزێک دەکەیت و تووشی خروشان و وروژان و هاندان و پاڵنان و سەرگەرمی دەبیت؛ لە ئەنجامدا بیرکردنەوەیشت گەرم دادێت.
بیرکردنەوەی گەرمیش، واتە وروژانی ھەست و سۆز و عاتیفە و سەرسامبوون و توڕەبوون و شادی و سوپاسگوزاری… گشت دۆخە گەرمەكان كە بەسەر تاكدا دێت.
وە لە دۆخی بیرکردنەوەی گەرمیش مرۆڤ بە پێشەسەری forebrain بیرناکاتەوە کە شوێنی عەقڵ و لۆژیک و بریاردانی دروستە، بەڵکو بە ناوەڕاستی سەری بیردەکاتەوە کە جیاوازیەکی وای نیە لەگەڵ ئاژەڵدا(١). بۆیە لەو کاتەدا پاڵنراو دەبێت و کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات چۆنی ئاراستە بکەن ئاوا دەکات و ھەڵەو رووداوی زۆر خراپی لەدەست دەکەوێتەوە.
بەو جۆرە، کاتێک ھەڵەیەک، یان تاوانێکت لەدەست قەوما لە دۆخی گەرمبووندا، دواتر کە دەکەویتەوە دۆخی ساردبوونەوە پەشیمان دەبیتەوە و ویژدانت ئازارت دەدا. بوونی پەشیمانبوونەوەش لە مرۆڤدا باشترین بەڵگەیە لەسەر دژیەکبوونی منەکان لە مرۆڤدا، چونکە لێرەدا، پرسیارەکە ئەوەیە باشە ھەر تۆ ئەو ھەلەو تاوانەت کردووە ئەی بۆچی پەشیمانی؟ وەڵامەکە ئەوەیە، ئەو منەی کە ئێستا پەشیمانە ئەو منە نەبووە کە ھەڵەو تاوانەکەی ئەنجامداوە، چونكە مرۆڤ لەیەك كاتدا ناتوانێت لە دوو دۆخی دژیەك دابێت، بۆیە لەو حاڵەتەی لە دۆخی گەرمبووندایت تۆ دۆخە گەرمەكەت بۆ خودی خۆت پەسەندە و ساردبوونەوە ڕەتدەكەیتەوە. بۆیە تیایدا بڕیاریش دەدەی بە پێچەوانەوەش لە دۆخی ساردبوونەوەدا تۆ دۆخی گەرمبوون ڕەتدەكەیتەوە پێتباشە مرۆڤ ھەرگیز نەچێتە دۆخی گەرمبوونەوە.
پەراوێز
1. داڤید پاتریك ھۆتۆن، سایكۆلۆژیای سیاسی، و. حەمە ڕەشید، چاپخانەی سەردەم- سلێمانی، چاپی یەكەم ٢٠١٨ لا ٣٠١
موحەمەد ئەحمەد