باران
ئۆگۆستی ٢٠١٨
ئه‌ده‌ب وه‌ك كایه‌یه‌كی
هونه‌ریی تایبه‌تی به‌رپرس و لێپرسراو، وه‌ك زمانێكی گوزارشتكار و بیستراو، له‌سه‌ر
ئاستی تاك به‌ڕاڤه‌ی ده‌روونی و له‌سه‌ر ئاستی كۆ به نوێنه‌ری ژیان داده‌نرێت. چه‌مكی
(جێنده‌ر) له‌م كایه‌یه‌دا وه‌ك بوونه بایۆلۆژ‌ی و بوونه دروستكراو و به‌رهه‌مهاتووه‌كه‌ی،
بابه‌تێكی بنچینه‌یی و گرنگه له بینینی چۆنییه‌تی سروشتی نێر و مێ و جیاوازیی ڕه‌فتاره
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیاندا. دیاره ئه‌ده‌بی هه‌ر گه‌لێك تژییه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
كولتوور و سروشتی تاك و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، وه‌لێ گرفته جێنده‌رییه‌كان له مێژووی ئه‌ده‌بی
وڵاتاندا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هاوشێوه و ڕه‌هان، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار له‌ڕووی زه‌مه‌ن
و كاته‌وه پێش و دوا كه‌وتوون. لێره‌دا بۆ وه‌ستان له‌سه‌ر پرسه‌كه و ناساندنی
گرفته‌كان، له‌سه‌ر ئاستی گشتی ده‌پرسین:
ئاخۆ جێنده‌ر ڕۆڵی خۆی له نووسین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا چۆن بینیوه؟ ئایا خودی ئه‌ده‌ب ڕه‌گه‌زی هه‌یه؟ پۆلێنكردنی به‌رهه‌مه‌كان به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ژنانه و ئه‌ده‌بی پیاوانه‌دا دروستن؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، چۆن و ئه‌گه‌ر نه‌خێر، بۆ؟
هه‌ڵبه‌ت گفتوگۆ و به‌دواداچوونی ئه‌م پرسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و زۆر سه‌رچاوه‌ی خۆرئاوایی له‌م باره‌یه‌وه دواون، له‌م نووسینه‌دا به‌ناو هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌ی باكووردا ده‌گه‌ڕێین و به تێڕامان له دید و لێكدانه‌وه‌ی توێژه‌ران و نووسه‌رانی دونیای ئه‌ده‌ب له پوخته‌ی باسه‌كان ده‌دوێین. هاوكات له میانه‌ی ئه‌م گه‌ڕانه‌دا، تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر گرفته جێنده‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی كوردی و ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ین كه توێژینه‌وه جیهانییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه، ده‌كرێت چۆن بۆ ئه‌ده‌بی كوردی سوودمه‌ندبن …
ده‌توانین بڵێین كاری
جدی بۆ لێتوێژینه‌وه و خستنه ژێر پرسیاری جێنده‌ر له ئه‌ده‌بدا، له سه‌ره‌تاكانه‌وه
له‌لایه‌ن توێژه‌ره فێمێنیسته‌كانه‌وه ئه‌نجامدراوه. پاشان پرسی جێنده‌ر لای
زۆرێك له نووسه‌ران به ڕه‌گه‌زی جیاوازه‌وه، بووه‌ته بابه‌تێكی گرنگی لێدوان و
لێكۆڵینه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه، له هه‌وڵی ڕاڤه‌كردنی هه‌ستی به‌رپرسیارییه‌تیدا،
كار له‌سه‌ر هێترۆ و هۆمۆ و تڕانسێكسواله‌كان كراوه و ویستراوه له ڕێی بابه‌تی
ڕه‌گه‌زه‌وه، له كرده و بیری مرۆڤایه‌تی وردببنه‌وه و له ڕه‌هه‌ندگه‌لێكی وه‌ك
بوون و په‌یوه‌ندی و ئازار و خۆشی و هه‌وه‌س و تامه‌زرۆیی بكۆڵنه‌وه؛ بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه بایۆلۆژ‌ی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چ شیاوێتییه‌كیان
تێدایه و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له شێوه‌ژیانی كۆن و نوێ‌دا چۆن بووه و چۆنه.
زۆر له نووسه‌رانی
وڵاتانی خۆرئاوا، له ژن و له پیاو، به‌رهه‌می شایسته‌یان ده‌رباره‌ی ڕه‌گه‌ز و
مرۆڤایه‌تی بڵاوكردووه‌ته‌وه. له ئه‌ده‌بی نوێی خۆرئاواییدا، به‌تایبه‌ت له
دوای ساڵانی دووهه‌زاره‌كانه‌وه، به مه‌به‌ستی دانوستان و شیكاری، چه‌مكی ڕه‌گه‌ز
بۆ شیته‌ڵكردن لێكهه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له سەدەی
نۆزدەوە وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
به‌كه‌مزانینی به‌رهه‌می ژنانی نووسه‌ر، ئه‌ركی توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه
فێمێنیستییه‌كان دۆزینه‌وه و باسكردنه‌وه‌ی ژنه نووسه‌ره له‌بیركراو و به‌تواناكان
بووه؛ به‌و پێیه‌ی له سەدەی هەژدەوە ڕه‌گه‌ز له گرنگترین هۆكاره‌كانی شیاوێتی نووسه‌رێتی بووه
بۆ گه‌یشتن به خه‌رمانی ئه‌ده‌بی مێژوویی جیهانی. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه
لای سه‌ره‌تاكانی ئه‌م شۆڕشه و سه‌رنجێكی شاكاره ده‌ستپێشخه‌ره‌كان بده‌ین، ده‌بینین
ساڵی ١٩٤٩ خانمه نووسه‌ر و فه‌یله‌سوفی فێمێنیستی فه‌ڕه‌نسی (سیمۆن دی بۆڤوار) Simone de Beauviorكتێبێكی به ناوی (ڕه‌گه‌زی دووهه‌م) Le
Deuxième
Sexe بڵاوكردووه‌ته‌وه،
له‌وێوه فێمێنیسته‌كان ئه‌و پرسیاره‌یان خستووه‌ته به‌ر باس كه بۆچی ژن ژماره دووه؟
دیارده‌ی پله دوویی ژنان تا ئه‌مڕۆش له كوردستان كێشه‌یه‌كی به‌رچاو و هه‌نووكه‌ییه و چه‌ند په‌یوه‌ستكراوه به سروشتی بایۆلۆژ‌ی ڕه‌گه‌زی مێوه، ئه‌وه‌نده زیاتر په‌یوه‌سته به‌و بوونه ڕه‌گه‌زییه‌وه كه كۆمه‌ڵگه ده‌رهه‌ق به ژن به‌رهه‌مهێنه‌ری بووه. به واتایه‌كی تر، ژن به سروشت كه‌متواناتر یان كه‌معه‌قڵتر له پیاو نییه، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگه خه‌سڵه‌تی لاوازتر و كه‌متر و ژماره دووی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. له‌م ڕووه‌وه (سیمۆن دی بۆڤوار) باس له‌وه ده‌كات كه ژن بووه‌ته سێبه‌ری پیاو و زۆرجار خۆیشی ئاگایانه یاخود ناخودئاگایانه به‌شداره له‌م به سێبه‌ربوونه‌دا. (سیمۆن دو بۆڤوار) ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه تا ژنان خۆیان ڕێگه به‌وه بده‌ن وه‌ك دیارده‌یه‌كی ته‌ماوی لێكبدرێنه‌وه، هه‌رگیز نابنه خاوه‌ن قه‌ڵه‌می خۆیان و سه‌ربه‌خۆ نابن. هه‌ربۆیه بوونی بزاوتی فێمێنیزمی و هۆشیاریدان له كوردستان و كۆمه‌ڵگه ئاسیاییه‌كان له هه‌ر شوێنێكی تر زیاتر پێویسته، چوون زۆر به سانایی له‌م ناوچانه زۆرترین نه‌ریتی باوكسالاری په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
دوابه‌دوای گرفتی پله‌داری، سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌ده‌ب و ئه‌وه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ریانخستووه، ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌تای توێژه‌ره فێمێنیسته‌كان پرسیاركردن بووه له‌وه‌ی- ئه‌ده‌ب چۆن ده‌بێته فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیری ژن و پیاو؟ له‌كاتێكدا خه‌رمانی ئه‌ده‌ب Literature canon باڵاده‌ستی پیاوی پێوه دیاره و مێژووی ئه‌ده‌ب له گۆشه‌نیگای پیاوانه‌وه نووسراوه! بۆ گۆڕانكاری له‌مه‌دا، نووسه‌ره فێمێنیسته‌كان له كات و قۆناغی جیاوازدا هه‌نگاوی گرنگیان ناوه، یه‌ك له‌وانه پڕۆژه و تێزی دكتۆراكه‌ی مێژوونووسی ئه‌ده‌بی دانیماركی (پیل دالێروپ) Pil Dahlerup بووه له ساڵی ١٩٨٣ به‌ناوی “شكۆفاندنی ژنانی سه‌رده‌م”ه‌وه
Det moderne gennembruds kvinder پێشكه‌شی كردووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كاره ئه‌زموونییه جگه‌له‌وه‌ی به‌رهه‌مێك بووه بۆ مامه‌ڵه‌ی یه‌كسانیخوازیی و تیایدا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ژنه نووسه‌ره په‌ڕاوێزخراو و له‌بیركراوه‌كانی ساڵانی١٨٠٠، هه‌روه‌ها وه‌ڵام و ڕه‌خنه‌یه‌كی تووند بووه بۆ به‌رهه‌مه سه‌دساڵ له‌پێشینه‌كه‌ی توێژه‌ری دانیماركی (جۆرج براندس) Georg Brandes كه له ڕۆژانی خۆیدا به ناوی “شكۆفاندنی پیاوانی سه‌رده‌م”ه‌وه Det moderne Gjennembruds Mænd بڵاوبووه‌ته‌وه.[1]
دیاره له ئه‌ده‌بی كوردیدا (كانوونی ئه‌ده‌ب) وه‌ك لیستێكی فه‌رمی به‌رهه‌مه په‌سه‌ند و باڵاكان بوونی نییه، به‌ڵام بواره‌كه تا ئه‌مڕۆش كه به به‌راورد به مێژوو، زۆرترین نووسه‌ری ژن تیایدا چالاكه و بوونی هه‌یه، هێشتا پیاو و نێرسالاری، تیایدا دیار و ده‌سه‌ڵاتداره. ئه‌گه‌رچیش به زمانی كوردی توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی پۆلێنبه‌ندی و پڕۆسه و گۆڕانكارییه‌كانی ڕه‌خنه‌ی جێنده‌ری ئێجگار كه‌من، له نووسین و هه‌ڵسه‌نگاندنی پیاوانی كوردی نووسه‌ردا، له سه‌روه‌ختی ناوبردنی به‌رهه‌می په‌سه‌ند و باشی نووسه‌راندا، به ده‌گمه‌ن ده‌بینی ئاماژه‌یان به كار و ناوی ژنانی نووسه‌ر دابێت، بگره زۆرینه ئاماژه‌یان به به‌رهه‌می نووسه‌ری ژن هه‌ر نه‌داوه كه باسی ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆیان كربێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له بواری ئه‌ده‌بی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، وه‌ك زۆر بواری دی، گرفتێكی دووفاق و دووڕوو بوونی هه‌یه؛ دیوێكیان ئه‌وه‌یه له ئاسته سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌ركه‌وتنی به‌رهه‌می خانماندا، ته‌نها به‌خاتری ژنێتیان بایه‌خی زیاده به كه‌سانێك ده‌درێت كه زۆرجار دروست به‌هره و توانای نووسینیان نییه. هاوكات دیوی دووهه‌می كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ژنانی نووسه‌ری به‌توانا و به‌ئه‌زموون، به هۆكاری ژنبوونیان، كه‌نارگیر و پشتگوێ ده‌خرێن. لێره‌دا ئه‌م خاترگرتن و فه‌رامۆشكردنه به‌هۆی ژنێتییه‌وه وه‌ك یه‌ك ئازارده‌ره و نه‌نگی و نادروستی سروشتی مامه‌ڵه و تێڕامانی جێنده‌ریی پیشان ده‌دات و جێی هه‌ڵوه‌سته‌یه.
ئاشكرایه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی جوڵانه‌وه‌ی فێمێنیزمی ئه‌وه‌یه له مافخوراوی و سته‌ملێكراوی و هه‌ڵپساردنی ژن بكۆڵێته‌وه و هه‌وڵی هاریكاری و گۆڕینی بارودۆخه ناله‌باره‌كانیان بدات. هه‌ربۆیه توێژه‌رانی ئه‌ده‌بی فێمێنیستی بێده‌نگ نه‌بوون له ئاست ئه‌و كه‌نارگیركردن و نایه‌كسانییه‌دا كه له كایه‌ی ئه‌ده‌بدا ده‌رهه‌ق به به‌رهه‌می نووسه‌رانی ژن كراوه. به‌شێك له توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه فێمێنیستییه‌كان له‌گه‌ڵ دژوه‌ستان به په‌ڕاوێزكردنی مێیینه‌دا، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون نووسه‌رانی ژن به‌ره‌و جیهانێكی ژنانه ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه له‌لایه‌ن زۆر له نووسه‌رانی ژنه‌وه ڕه‌تكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه ژنی كردووه‌ته ڕه‌گه‌زی دووهه‌م، به‌وه‌ی له كولتووری وڵاتان و له كایه‌ی ئه‌ده‌بیشدا، پیاو نوێنه‌رایه‌تی گشتی و جۆری مرۆڤی كردووه، له‌كاتێكدا ژن به نوێنه‌ری ڕه‌گه‌ز دانراوه. هه‌ربۆیه زۆر له نووسه‌ره ژنه‌كان دوودڵن له‌وه‌ی په‌لكێشی سیاقی جێنده‌ری بكرێن، ڕازی نین به‌وه‌ی له‌جیاتی (نووسه‌ر) به (ژنه‌نووسه‌ر) ناوببرێن، چونكه به‌مه ده‌كرێنه ژماره دوو! له‌م ڕووه‌وه ژنانی نووسه‌ر ده‌یانه‌وێت ناسنامه‌ی خۆیان به لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی نووسینه‌وه ببه‌ستنه‌وه، نه‌وه‌ك به چییه‌تی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یانه‌وه. هاوكات به‌هه‌مان شێوه‌ی نووسه‌ران، ڕاڕایی دووڕیانی ڕه‌گه‌ز، ناسنامه‌ی توێژه‌رانیشی بڕیوه و زۆرجار ئه‌وانیش دوودڵ بوون له‌وه‌ی ئاخۆ توێژه‌ری ئه‌ده‌بین یاخود توێژه‌ری ئه‌ده‌بی فێمێنیستین!
ئه‌ده‌بی فێمێنیستی زۆرجار دووچاری سه‌رنجڕانه‌كێشی و سووكایه‌تی بووه‌ته‌وه و تاوانباركراوه به‌وه‌ی یارمه‌تی ورچانه‌ی ژنان ده‌دات، به‌و مانایه‌ی كاتێك وه‌ك ژن مامه‌ڵه‌ی ژنه‌نووسه‌ره‌كان ده‌كات، زیانیان پێده‌گه‌یه‌نێت. نووسه‌ری دانیماركی (هانێ ڤیێموس) Hanne Viemose كه یه‌كێكه له چالاكوانه‌كانی ساڵانی دووهه‌زارەکان، ڕه‌خنه له چه‌مكی (ئه‌ده‌بی ژنان) ده‌گرێت و باس له‌و پاڕادۆكسه‌ش ده‌كات كه ژنه نووسه‌ره‌كانی تێكه‌وتووه؛ به‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه نایانه‌وێت بچنه ژێر چه‌تری نووسه‌رانی ژنه‌وه و له لایه‌كی تره‌وه، ده‌خوازن نوێنه‌رایه‌تی ژن بكه‌ن و له گرفته‌كانیان بكۆڵنه‌وه. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه خۆی به نموونه ده‌هێنێته‌وه كه دژی هه‌بوونی ئه‌و چه‌تری جیاكردنه‌وه‌یه‌یه و هاوكات له ڕۆمانه‌كه‌یدا باس له ئاسته‌نگییه‌كانی ژیانی خانمێك ده‌كات له كۆمه‌ڵگه‌دا. وێڕای ئه‌مه، (هانێ ڤیێموس) ده‌ڵێت؛ كاتێك باسی ژنه‌نووسه‌ر و ئه‌ده‌بی ژنانه‌م بۆ ده‌كه‌ن، خۆم وه‌ك مه‌یموونه كێوییه‌كه‌ی ناو ئه‌و حیكایه‌ته ده‌بینمه‌وه كه پێش دووسه‌د ساڵ، مرۆڤناسێك له جه‌نگه‌ڵدا ده‌یدۆزێته‌وه و دوای سه‌د ساڵ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه زینده‌وه‌ره كێوییه‌كه توانای قسه‌كردنی هه‌یه، پاشان وه‌ك دیارده‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره و سه‌رنجڕاكێش ده‌ست ده‌كات به نووسین له‌سه‌ری! خوێندنه‌وه‌كان مه‌به‌ستی (هانێ ڤیێموس) وا ڕاڤه ده‌كه‌ن مێژووی ئه‌ده‌ب مرۆڤناسی باوكسالاری هه‌بووه و بەویستی پۆلێنكردنی ئه‌ده‌بی ژنان به‌جیا و سه‌رنجكێشكردنی مێیینه، ژن به مه‌یموونی ئه‌ده‌ب كراوه.[2]
هه‌ڵبه‌ت جیاكردنه‌وه و جیاكاریی له‌خودی خۆیدا هه‌ستیاره و به‌بێ هه‌بوونی هۆكار و تێگه‌یشتنی پێویست بۆ كاره‌كه، ده‌كرێت هه‌ستی ناخۆش بگه‌یه‌نێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌باره‌ت به ئاماژه‌دان به ڕه‌گه‌زی نووسه‌ران، زۆر بیر‌و ڕا هه‌یه وه‌ك نووسه‌ری سویدی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كۆری (مارا لی) Mara Lee كه ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ بوونی چه‌مكی ئه‌ده‌بی ژنانه‌دا نییه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه پرسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی تر بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی چ كات بتوانرێت باس له ژنێتی نووسه‌ر بكرێت؟ چونكه هه‌ندێكجار باسكردنی ڕه‌گه‌زی نووسه‌ر گرنگه، به‌تایبه‌ت كاتێك كه بكه‌ر به‌ناسنامه‌ی كه‌سێتییه‌وه بدوێت و ببیستێت و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، كاتێك كه نووسین په‌یامێك بێت و خودی په‌یامنێره‌كه‌ی جێی ئاماژه بێت. به‌ڵێ، چ كات بتوانرێت باس له ڕه‌گه‌زی نووسه‌ر بكرێت و چ كات پێویسته ژنێتی نووسه‌ر به ده‌قه‌وه دیار بێت؟ ئه‌مانه له‌و پرسیارانه‌ن كه گرنگه ئه‌دیبی كورد شوێن وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دروستی بكه‌وێت، چونكه به‌داخه‌وه زۆرجار نووسه‌ری پیاوی كورد پێوه‌ری غه‌ریزی به‌كارده‌هێنێت. كاتێك به‌كه‌یف و دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێت فڵان ژنانه ده‌نووسێت یان نووسینی مێ پێویسته هه‌میشه ژنانه بێت، ده‌خوازێت هه‌ركات ده‌قی خانمێكی خوێنده‌وه، هه‌روه‌ك ته‌ماشاكردنی له‌شولاری ژنێك چێژی لێ ببینێت! ئه‌مه كه شتێكی ئه‌وتۆی له به‌كاڵاكردنی مێیینه كه‌متر نییه، قۆرغكردنی ئاوه‌زی مێیه و به‌رگرتنێتی له‌وه‌ی وه‌ك مرۆڤ ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی نووسین ئه‌زموون بكات. چوون بۆ نموونه ئاشكرایه كاتێك نووسه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌كات، یاخود بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی زانستی ده‌نووسێت، پێویست ناكات و مه‌رج نییه ڕه‌گه‌زی خۆی له ده‌قه‌كه‌دا به‌یان بكات. یانیش كاتێك خانمێك له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا به ده‌نگی كاره‌كته‌رێكی جیاواز له ڕه‌گه‌زی خۆی ده‌دوێت، هه‌ر ناشێت به به‌رهه‌مه‌كه‌وه ده‌ركه‌وێت نووسه‌ر ژنه كه ده‌نووسێت.
گرنگه بزانین پێداگیری بوونی توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه له لایه‌ن فێمێنیسته‌كانه‌وه، مه‌به‌ست لێی، پێداهه‌ڵدانی مێیینه و نمایشكردنیان نییه، به‌ڵكوو ڕه‌هه‌ندێكی پشتگیرییه له جیهانی ژنانه و ڕێنه‌دانه به هه‌ڵپه‌ساردنی؛ ڕه‌هه‌ندێكی تریشی نه‌هێشتنی بوونی سیسته‌ماتیكیانه‌ی خۆیانه، به هه‌وڵی دابینكردنی یه‌كسانی بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و فه‌راهه‌مكردنی ڕۆشنبیری هاوسه‌نگ له مێژووی فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بیدا. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش ڕوون بێت ئه‌و یه‌كسانییه‌ی فێمێنیزم بۆ ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كانی ده‌خوازێت، هه‌مان ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌یه كه هزر‌ی هیومانیزم بۆ مرۆڤایه‌تی داوا ده‌كات. به واتایه‌كی تر، مه‌به‌ست له یه‌كسانی نێوان نێر و مێ و دووڕه‌گه‌زه‌كانیش، هاوتابوون و وه‌كیه‌كبوونیان نییه، له‌كاتێكدا هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ڕووی جۆر و بوونایه‌تییه‌وه جیاوازن و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، له‌كاتێكدا دوو ژنیش به هه‌مان ڕه‌گه‌زه‌وه ته‌واو هاوتا نیین، هه‌روه‌ك چۆن جیاوازی له‌نێوان دوو پیاو و دوو دووڕه‌گه‌زیشدا به‌دی ده‌كرێت. نه‌خێر مه‌به‌ست له یه‌كسانی، وه‌كیه‌كبوونی ڕه‌گه‌زه‌كان نییه وه‌ك چۆنێتی، كه زۆرجار له‌م ڕووه‌وه هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن دروست ده‌بێت، به‌ڵكوو مه‌به‌ست له یه‌كسانی، هاوبه‌هایی ڕه‌گه‌زه‌كانه وه‌ك مرۆڤ، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ڕه‌گه‌زێك له‌وی دی به‌كه‌متر و یه‌كێكی دی به‌زیاتر نه‌زانرێت. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه به‌حوكمی ڕێكه‌وتی بایۆلۆژ‌ی و به یاسای لاسه‌نگی كۆمه‌ڵگه، كه‌س سه‌ردار و كه‌س ژێرده‌سته نه‌بێت. هه‌ربۆیه توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی فێمێنیستی داكۆكی له هاوبه‌هایی نووسینی ژنان ده‌كات له به‌رانبه‌ر نووسینی پیاواندا كه زیاتر خراوه‌ته به‌ر ڕۆشنایی و به له‌پێشتر بینراوه.
وه‌كیتر، به‌ده‌ر له هه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه و تانه‌دانێك له هزر‌ی فێمێنیزمی و چالاكییه‌كانی، ڕاستییه‌كی ئاشكراش ئه‌وه‌یه، توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی فێمێنیستی، یاخود توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنان، له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییدا به تایبه‌ت له باكووری خۆرئاوا پێی خۆی به باشی داكوتیووه، به‌و پێیه‌ی نووسه‌رانی باكوور و وڵاتانی سكانده‌ناڤیا له ژن و له پیاو له بره‌وپێده‌ران و داكۆكیكارانی به‌رده‌وامی شۆڕشه‌كه بوون، له‌وانه (دان تورێل) Dan Turell له دانیمارك، (ئێلدرید لوندێن) Eldrid Lunden له نه‌رویج و (پێر ئێنكویست) Per Enquist له سوید، كه به هه‌وڵ و به‌رهه‌می ئه‌وان و زۆر له نووسه‌ران و چالاكوانانی دی جوڵانه‌وه‌كه به‌ڕاده‌یه‌ك گه‌شه‌ی سه‌ندووه، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاریان له سیسته‌می ئه‌كادیمیدا كردووه و كاریگه‌رییان دیاره به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ ژن و ڕووانگه‌ی جێنده‌ریی بوونه‌ته به‌شێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌موو زانستێك. ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌رێیی ئه‌م گۆڕانكارییه ئه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ردا پیاویش به‌ڕه‌گه‌ز كراوه و كه‌م تا زۆر جیاكاری تاكلایه‌نه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی ژن لابراوه.
به‌هه‌مان شێوه، له كوردستانیش به‌تایبه‌ت له باشوور، ئه‌مڕۆ زیاترین وه‌خته كه تیایدا زۆرترین گرنگیی به ئه‌ده‌بی فێمێنیستی و ئامانجه‌كانی ده‌درێت. چوون به‌به‌راورد به ڕابردوو، هه‌نووكه بارودۆخی ناوخۆ بۆ بایه‌خدان به ئه‌ده‌ب و دۆزی ژنان له‌بارتره و به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیا و جیهانی گڵوباڵیشه‌وه زیاتر ئاگاداری گرنگیی مه‌سه‌له‌كه و چالاكی وڵاتانن. لێره‌وه ئه‌مڕۆ تێگه‌یشتنی ژنان له‌چاو جاراندا به‌رفراوانتره و ئه‌مڕۆ زیاترین وه‌خته كه ژنه نووسه‌ره‌كانمان به به‌رهه‌م و كاره‌كانیان داكۆكی له مافی مێیینه ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر پرسی جێنده‌ر دێنه‌گۆ. هه‌ڵبه‌ت بێده‌نگنه‌بوونی ژنان پڕاكتیزه‌كردنی گرنگترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه كه توێژینه‌وه فێمێنیستییه‌كان ده‌یخوازن، به‌وه‌ی ژن چیدی گوێگر نه‌بێت و قسه‌كه‌ر بێت. وه‌لێ تا ئێستاش له كوردستان گرفت زۆره كه وا ده‌كات ڕه‌وتی فێمێنیزمی به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت و به‌ره‌وپێش نه‌چێت، له‌وانه- هه‌بوونی بۆشایی هۆشیاری پێویست لای تاكی كورد و خودی بەهه‌ڵه‌تێگه‌یشتنی چه‌مكه‌كه‌ش، كه زۆرتر وا تێده‌گه‌ن ئامانجی فێمێنیزم سه‌پاندنی خودی ژن و دژایه‌تیكردنی پیاو بێت!
ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه فێمێنیستییه‌كانه‌وه تا ئه‌مڕۆ، ڕای جیاواز له ناو خودی توێژه‌ران و نووسه‌رانی فێمێنیست خۆشیاندا هه‌بووه و زۆرجار له‌سه‌ر شێوازی هاوكاری و هه‌ڵبژاردنی چه‌مكه جێنده‌رییه‌كان ناكۆك بوون. فه‌یله‌سوف و ئه‌ده‌بناسی فه‌ڕه‌نسی (هێلێن سیکسو) Hélène Cixous له‌و توێژه‌ره فێمێنیستانه‌یه هۆكاری نه‌بوون یان كه‌مبوونی نووسینی تایبه‌ت به ژن، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌درێژایی مێژوو، ئاخافتن و نووسین له كۆمه‌ڵگه‌دا پیاوانه بوون، بۆیه به پێویستی ده‌زانێت ژن ده‌ستی بگاته زمان هه‌م به نووسین و هه‌م به ئاخافتن. به‌ڵام (هێلێن سیسكو) هۆكاری گرفته‌كه جه‌سته‌یی ده‌بینێت و پێیوایه ژن كه جه‌سته‌ی زه‌وتكراوه، كه‌سایه‌تی قه‌تیس بووه له كولتوری پیاوانه‌دا، بۆیه نه‌یتوانیووه جه‌سته‌ی خۆی بناسێت و لێیبتوێژێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت ژن و پیاو ویست و شێوازی ژیانیان جیاوازه، هه‌ربۆیه جیاوازیش ده‌نووسن. په‌یامی (هێلێن سیکسو) بۆ ژن ئه‌وه‌یه له‌ڕێی جه‌سته‌ناسی و هه‌سته‌وه‌ره‌كانییه‌وه گوتن و نووسینی خۆی ئازاد بكات، تاكوو جه‌سته‌ی ژن ببێته ڕه‌وانبێژ و ده‌نگێك بێت له مێژوودا![3]
هزر‌ی هه‌بوونی نووسینی ژنانه له ناوه‌ندی ساڵانی هه‌زارونۆسه‌ده‌كانه‌وه زۆر به‌رباس و به‌به‌رهه‌م بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌خنه‌ی زۆر له هێلێن سیسكو و هاوڕاكانی گیراوه، كه پێداگیرییان له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زێك و ڕیزبه‌ندی هه‌ڕه‌می بووه و هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه بووه به هه‌ر جۆرێك بێت چه‌مكی پیاو بگۆڕن به ژن. یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی له هێلێن گیراوه، ئه‌وه بووه كاتێك ئه‌و ژنی به جه‌سته‌یه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه و جه‌ختی له توانا فیزیكییه‌كانی كردووه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی توانای منداڵبوونی هه‌یه، ڕه‌چاوی بارودۆخی كه‌سانێكی نه‌كردووه كه له خانه‌ی ژن و پیاودا جێیان نابێته‌وه، وه‌ك نموونه‌ی كه‌سانێك كه به سه‌ر و سیما پیاون و به هه‌بوونی منداڵدانه‌وه، توانای منداڵبوونیان هه‌یه، یان وه‌ك كه‌سانێك كه به جه‌سته و ڕووخسار ژنن و منداڵدانیان نییه. هێلێن گفتوگۆی ئه‌م كه‌یسانه‌ی نه‌كردووه، بگره بۆ سه‌لماندنی دیدگه‌ی خۆی، نووسه‌ر و شاعیری فه‌ڕه‌نسی ژان ژینێ Jean Genetبه نموونه ده‌هێننێته‌وه كه نێرێكی هاوڕه‌گه‌زخوازه و به قه‌ولی هێلێن ژنانه ده‌نووسێت، چوونكه ئه‌و له ڕووی جه‌سته و سێكسوالییه‌وه وه‌كوو ژن حه‌زی له پیاوه!
هه‌ر سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی ڕه‌گه‌ز و چه‌مكی جێنده‌ر لای توێژه‌ره فێمێنیسته‌كان، ده‌كرێت له لێدوانه‌كانی خانمه پڕۆفیسۆری نه‌رویجی (توریل مۆی) Toril Moi وردبینه‌وه كاتێك ڕه‌خنه‌ی بنچینه‌یی له ڕه‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریكی (ئێلاین شاوڵته‌ر) Elaine Showalter ده‌گرێت سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌كانی له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر و فێمێنیستی به‌ریتانی (ڤێرجینیا وۆڵف) Virginia Woolf، هه‌ڵبه‌ت (ڤێرجینیا وۆڵف) له هه‌ندێك له كاره‌كانیدا له نێره‌موكایه‌تی دواوه و له گرفته‌كانی فره‌ڕه‌گه‌زیی كۆڵیوه‌ته‌وه. ئێلاین شاوڵته‌ر پێیوایه (ڤێرجینیا وۆڵف) به‌مه له ئه‌ركی فێمێنیستییه‌تی خۆی كه‌مكردووه‌ته‌وه و خۆی دوور گرتووه له‌وه‌ی كه وه‌ك ژن بنووسێت، كه ئه‌مه ده‌بێته پاڕادۆكسێك له كه‌سێتیدا وه‌ك فێمێننیستێك. له‌كاتێكدا (توریل مۆی) پێیوایه (ڤێرجینیا وۆڵف) مه‌به‌ستی هه‌ڵاتن نه‌بووه له ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زێتی خۆی و نه‌یویستووه بینینی ژنانه فه‌رامۆش بكات، به‌ڵكوو ئه‌و به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زیی، شیكاری مرۆڤایه‌تی كردووه له گۆشه‌نیگای جێنده‌رییه‌وه. (توریل مۆی) لێكدانه‌وه‌كه‌ی (ئێلاین شاوڵتەر) بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئەو ئه‌ده‌بی ڕیالیستی بۆرژوازی لا په‌سه‌نده، بۆیه به‌ها ناداته مۆدێرنییه‌تی (ڤێرجینیا وۆڵف). به‌واتایه‌كی دی، (ئێلاین شاوڵته‌ر) پشتگیری ئه‌ده‌بێك ده‌كات كه هه‌ڵقوڵاوی ئه‌زموونی خود بێت له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، چوونكه ئه‌و پێیوایه به‌رهه‌می فێمێنیزمیی ژنانی نووسه‌ر پێویسته ئاوێنه‌دانه‌وه‌ی ژنان بێت له‌ڕووی كولتوره‌وه و ڕێپیشانده‌ربێت بۆ ده‌رچوون له گرفته‌كانیان.[4] به‌ڵام به‌دیدی (توریل موی)، ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌ركی ده‌قی فێمێنیستی ئه‌وه‌یه گرفتی زمان بكاته بابه‌ت و كار له‌سه‌ر ئامه‌ژه‌دان به ڕه‌گه‌زی ژن و ڕوونیی تێمای جێنده‌ر بكات له هونه‌ری زمانه‌وانی نووسیندا.
له‌م ڕووانگانه‌وه، ئه‌ده‌بی كوردی و به‌رهه‌می ژنان به‌تایبه‌ت، ده‌شێت له هه‌ژارترین ئه‌ده‌به‌كانی دونیا بێت له‌ڕووی خودنووسینه‌وه و له‌ڕووی زمانه‌وه. له ڕووی خودنووسینه‌وه‌وه چونكه تا ئه‌مڕۆش نووسه‌ره‌كانمان سڵ له گێڕانه‌وه‌ی بایۆگرافیا و نووسینی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر خودی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه. لێره‌دا پێویسته بڵێین ئه‌مه به‌ته‌نها له‌سه‌ر ویستی نووسه‌ر نه‌وه‌ستاوه و په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به بوێری و نابوێرییه‌وه نییه، به‌ڵكوو زیاتر په‌یوه‌ندی به ئاستی خوێنه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه هه‌یه، كه وه‌ك پێویست، یان وه‌كوو خۆی پێشوازی له‌و جۆره نووسینانه ناكه‌ن، ڕێزی ئه‌زموون و ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ران ناگرن تا به‌تایبه‌ت نووسه‌ری ژن بتوانێت ئازادانه له به‌سه‌رهاته‌كانی بدوێت و كه‌سانی تریش لێی سوودمه‌ند بێت. له‌ڕووی زمانیشه‌وه، به‌وپێیه‌ی كه مێ له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسیایی باوكسالار كه‌مترین ده‌رفه‌تی قسه‌ی پێدراوه و كه‌مترین ڕای ده‌ربڕیوه، بۆیه له نووسینیشدا نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست سوود له زمان وه‌ربگرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له به‌رهه‌می ژنانی كورددا هه‌ندێكجار زیره‌كی به‌كارهێنانی زمان به لاڕێدا براوه، به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه بچووككراوه‌ته‌وه بۆ گووتنی وشه‌ی ڕووت و ده‌ربڕینی هه‌ستی سێكسی، له كاتێكدا ئیرۆتیك خۆی ڕه‌هه‌ندێكه و هونه‌ری زمان و گوزارشتكردن تا بڵێیت قووڵ و مه‌ودافراوانه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری دانیماركی (ماریانه ستیدسن) Marianne Stidsen یه‌كێكه له‌وانه‌ی پێداگیری له‌وه ده‌كات كه به‌های ئه‌ده‌ب ڕه‌گه‌زی نییه و ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بی فێمێننیستی ده‌گرێت كاتێك سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر خراپی نووسه‌ر له‌ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه، نه‌وه‌ك له‌ڕووی كواڵیتی نووسینه‌وه. له وه‌ڵامی (ماریانه ستیدسن)دا، پڕۆفیسۆر و توێژه‌ری ئه‌ده‌بی دانیماركی (ئان ڕیچارد) Anne Richard ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌ده‌بی فێمێنیستی خۆی به‌و پێشمه‌رجییه‌وه نووسراوه كه مێژووی ئه‌ده‌ب ڕه‌گه‌زیی بووه. به‌و واتایه‌ی، له مێژووی ئه‌ده‌بدا ڕه‌گه‌ز هه‌بووه و هه‌یه و پێوه‌رێكیشه نه‌ك هه‌ر بۆ چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه و گه‌یاندنی، به‌ڵكوو بۆ مانه‌وه و بوونیشی له سیسته‌می ئه‌كادیمیدا.[5] دروست سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی فێمێنیستی ده‌رئه‌نجامی بوونی كێشه‌ی پێشوه‌خت و جیاكاری ناڕه‌وای جێنده‌ری بووه له مێژوودا، دیارده‌ی پێشخستنی ڕه‌گه‌زی نووسه‌ریش به‌ر له كوالیتی نووسین، گرفتێكی ناو ئه‌ده‌بی كوردیشه، كه تا ڕاده‌ی فه‌رامۆشكردن و بایه‌خدان به ده‌ق ته‌ماشای ڕه‌گه‌زی نووسه‌ر كراوه، به‌ڵام ئه‌مانه له‌و ڕاستییه ناگۆڕن كه خودی ئه‌ده‌ب ڕه‌گه‌زی نییه و به‌ر له ڕه‌خنه‌ی ڕه‌گه‌زیی له نووسه‌ر، پێویسته گرنگیپێدان و هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسین، له‌ڕووی ناوه‌ڕۆك و كوالیتییه‌وه بێت.
لێكدانه‌وه‌یه‌كی تری توێژینه‌وه فێمێنیستییه‌كان ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه كاتێك ژنان به‌هۆی ڕه‌گه‌ز و جه‌سته‌یانه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌دا بێگانه ده‌كرێن، كه‌مه‌ركێش ده‌بن به‌وه‌ی له ئه‌ده‌بدا خۆیان له‌گه‌ڵ پیاودا ببیننه‌وه، یاخود گه‌ر پێویست بكات پیاویش تێپه‌ڕێنن. دیاره ئه‌وه نه‌نگییه‌ك نییه كه ژن بیه‌وێت ئه‌و هێڵه سووره ڕه‌ت بكات كه كۆمه‌ڵگه بۆ سنوورداركرنی له‌به‌رده‌میدا كێشاوە، نه‌نگی نییه ژن بییه‌وێت له كایه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌ده‌بدا هاوشانی پیاو له مه‌یداندا بێت، به‌ڵام نه‌نگییه ژن بخوازێت وه‌كوو پیاو بێت، نه‌نگییه ژن پێگه‌ی پیاو بكاته پێوانه و هه‌وڵی هه‌ر بۆ گه‌یشتن بێت به‌و جێیه‌ی پیاوی لێیه. له‌م باره‌یه‌وه زۆر نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ژنانی ئاڕاسته‌ی ئه‌و ڕێ هه‌ڵه‌یه كردووه، به‌وه‌ی كاری باشی مێیینه‌ی به كاری پیاوانه و خودی ژنانی لێهاتووی به پیاوان چوواندووه و پێشگر و پاشگری نێرانه‌ی داوه‌ته پاڵ ناوه‌كانیان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ژنان خۆشیان خۆشحاڵبوون به‌و نازناو و پێچوواندنانه و بوونه‌ته سێبه‌ر و لاساییكه‌ره‌وه‌ی پیاوان. له ئه‌ده‌بی وڵاتاندا، زۆر له مێیینه‌كان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر گوزارشتكردنی قووڵ له خود و به‌كارهێنانی ته‌كنیكی جۆراوجۆر. وه‌لێ سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه ڕیالیستی و كه‌سییه‌كانی ژنانی خۆرئاوا، زۆر له نووسه‌رانی پیاو دژی ئه‌و بایۆگرافیسمه بوون و ڕه‌خنه‌یان ئه‌وه بووه كه به‌رهه‌مه‌كان زۆر تاییبه‌ت و كه‌سیین و له هونه‌رەكارییان كه‌م بووه. هاوكات له‌ناو هه‌بوونی فره‌ڕایی و سه‌رجه‌م دیده جیاوازه‌كاندا، پۆلێك نووسه‌ری ژن پێیان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی تازه‌ی فره‌ڕه‌هه‌ند داگرتووه. ئه‌گه‌رچی هونه‌ره به‌كارهاتووه‌كان زیاتر به تاقیكاری له قه‌ڵه‌مدراون و تێكه‌ڵكردنی ژانره‌كان بوونه‌ته خاڵی ڕه‌خنه‌ی به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر.
به توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه فێمێنیستییه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، هێنده‌ی چۆنییه‌تی نووسینی ئه‌ده‌ب گرنگه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرسه‌كان جێده‌هێڵێت. ڕه‌هه‌ندێكی یه‌كسانخوازیی ئه‌وه‌یه بتوانرێت بێ بیركردنه‌وه له ڕه‌گه‌ز بخوێنینه‌وه، به‌ڵام ده‌شێت قورس بێت خوێنه‌ر خۆی له خوێندنه‌وه‌ی جێنده‌ری به‌دوور بگرێت كاتێك ده‌قێك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، هاوكات ڕوون نییه خوێندنه‌وه‌ی ژنانه یان پیاوانه یاخود خوێندنه‌وه‌ی هۆمۆسێكسوالییانه چییه، وه‌لێ له‌سه‌ر هه‌ر جۆرێكی خوێندنه‌وه وتووێژ زۆره. له‌م باره‌یه‌وه یه‌كێك له ڕه‌خنه ئه‌ده‌بییه فێمێنیستییه‌كان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی نێرانه‌یه له‌ڕووی جێنده‌رییه‌وه، كه هه‌میشه له هه‌وڵی مافدان به خود و لێكه‌مكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ردایه. وه‌كیتر به‌پێی توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان په‌یوه‌ندی له نێوان ڕه‌گه‌ز و خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه، به‌و ماناییه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی چی ده‌خوێنیته‌وه و چۆن ده‌خوێنیته‌وه، په‌یوه‌سته به‌وه‌وه كه چ ڕه‌گه‌زێكیت.
له به‌رانبه‌ر ئه‌م
ڕایه‌ی فێمێنیزمدا، ڕا هه‌یه وه‌ك پڕۆفیسۆری ئه‌مه‌ریكی (جۆناسان كه‌له‌ر) Jonathan
Culler كه ده‌ڵێت مه‌رج
نییه هه‌میشه ژن خۆیشی وه‌ك ژن بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ژنانه ئه‌وه
بێت كه وه‌ك مێ له ڕێی ده‌قه‌وه په‌یوه‌ندی دروست بكات له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تیدا،
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ژنانه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وه بێت كه وه‌ك پیاو نه‌خوێنێته‌وه.[6] هاوكات ڕا
هه‌یه هه‌م له‌ڕووی ڕه‌گه‌ز و هه‌م له‌ڕووی جۆره‌وه جه‌خت له هه‌بوونی جیاوازی
خوێندنه‌وه ده‌كاته‌وه. سه‌باره‌ت به‌مه، ڕه‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریكی (باڕبه‌ڕه جۆنسۆن) Barbara Johnson گووتوویه‌تی جیاوازه سیاسیانه بخوێنیته‌وه یاخود ئیرۆتیكیانه،
جیاوازه فێمێنیستیانه بخوێنیته‌وه یان لێسبیانانه. (باڕبه‌ڕه جۆنسۆن) مه‌به‌ستی
ئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه چالاكییه‌كی جێگیر و دڵنیا نییه، به‌ڵكوو ده‌كرێت هه‌مان
خوێنه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌ی بگۆڕێت به‌پێی دیاریكردنی بابه‌ت و شێوازه‌كه‌ی. له‌هه‌مان
كاتدا (باڕبه‌ڕه جۆنسۆن)
سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر سه‌رنجكێشی جیاوازی نێوان خوێندنه‌وه‌ی فێمێنیستییانه و
خوێندنه‌وه‌ی لێسبیانانه كه چۆن به‌ره‌نگاری یه‌ك ده‌بنه‌وه و پێیوایه
دووڕیانه‌كانی جێنده‌ر بابه‌تگه‌لێكن ته‌نها شیكاری و توێژینه‌وه ده‌كرێت ده‌ره‌قه‌تیان
بێت.[7]
به‌ڵێ، شیكاری و
توێژینه‌وه‌كان گرنگن، ئه‌گه‌رچی وه‌ك ده‌بینین پڕیانه له پاڕادۆكس و دژیه‌كی، چونكه
خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌كان به‌گوێره‌ی ئاراسته‌ی بینین و گۆشه‌نیگاكان، هه‌م
شێوازی پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌كه‌یان ده‌گۆڕێت، هه‌م به سه‌رئه‌نجامی جیاوازیش ده‌گه‌ن.
تا ئه‌مڕۆ توێژینه‌وه‌ی فێمێنیستی هه‌م به سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی و هه‌م به سه‌رچاوه‌یه‌كیش
داده‌نرێت بۆ دوودڵی، به‌ڵام ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه زانستی ئه‌ده‌ب و جوڵانه‌وه‌ی
فێمێنیزمیش له گۆڕاندان و به‌رده‌وام پێویستیان به تێڕامان و توێكارییه. به‌و
پێیه‌ش كه سه‌رنجماندا، گرفته جێنده‌رییه‌كانی ڕابردووی ئه‌ده‌بی وڵاتان، هاوشێوه‌ی
ئه‌و گرفتانه‌ن كه له ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌ن، هه‌ر بۆیه به‌دواداچوون و
ئاگاییمان له توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه جیهانییه‌كان سوودمه‌نده بۆ لێكدانه‌وه‌ی
پرسه‌كان و تێگه‌یشتنی زیاترمان له مێژووی كێشه‌كان و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان.
وه‌كتر هاوته‌ریب به‌و تێگه‌یشتن و گفتوگۆیانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان پێمان ده‌به‌خشن،
وروژاندن و هێنانه‌كایه‌ی چه‌ندین پرسیاری دی، خاڵێكی ئه‌رێیی توێژینه‌وه‌كانن بۆ
بیركردنه‌وه‌ی زیاتر و بایه‌خدان به پرسه هه‌نووكه‌یی و گرفته چاره‌سه‌رنه‌كراو
و پێشبینیكراوه‌كان. له‌م باره‌یه‌وه، هه‌ندێك له‌و پرسیارانه‌ی كه ده‌كرێت دوای
به‌دواداچوونه‌كان لامان دروستببن، ئه‌وه‌ن- سه‌باره‌ت به زه‌ڕووره‌تی چه‌مكی
جیاوازی ڕه‌گه‌ز، ئایا جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه به‌رامبه‌ره‌كان گرنگن یان
جیاكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ر ڕه‌گه‌زێك له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا له قۆناغه جیاوازه‌كانی
ئه‌زموونیدا؟ ئه‌ی سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بی په‌سه‌ند و هه‌ڵبژارده، ئاخۆ خه‌رمانی
ئه‌ده‌ب چی لێبێت؟ ململانێ و ئه‌ده‌بی فێمێنیستی له داهاتوودا چۆن ده‌بێت؟ ئایا
ئه‌و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانییه‌ی بۆ ژن و پیاو و دووڕه‌گه‌زه‌كانیش ده‌خوازرێت،
وه‌ك ئامانجێك، له ئه‌ده‌بدا شیاوی پێگه‌یشتنه یاخود ئه‌و خه‌ونه یوتۆپیاییه‌یه
كه نه ده‌كرێت پێیبگه‌ین، نه ده‌توانین ده‌ست له به‌ره‌وچوونی هه‌ڵبگرین؟
سه‌رچاوه‌كان
– Arping Åsa. Nordenstam Anna: Genusvetenskapliga litteraturanalyser, Lund, 2011.
– Braidotti Rosi: The politics of ontological difference i Teresa Brennan – Between
Feminism & Psychoanalysis, New York, 1990.
– Culler Jonathan: Reading as a woman – Feminisms. An Anthology of Literary Theory and
Criticism, New Jersey, 1993.
– Johnson Barbara: The Feminist Difference – Literature, Psychoanalysis, Race and Gender,
London, 1998.
– Moi Toril: Sexual/Textual Politics – Feminist Literary Theory, New York, 1991.
Www.nordicwomensliterature.net; Af Anne-Marie
Mai: Om Nordisk Kvinnolitteratur …
تێبینی: ئه‌م
بابه‌ته له ژماره چواری گۆڤاری (كو‌لتور مه‌گه‌زین)دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
[1] Arping. Nordenstam. Langås, 2011, P. 48.
[2] Mai: Om Nordisk Kvinnolitteratur …
[3] Arping. Nordenstam. Langås, 2011, P. 49 ff.
[4] Moi, 1991, P. 4 f.
[5] Richard, 1997, P. 531.
[6] Culler, 1993, P. 516.
[7] Johanson, 1998, P. 157 f.
باران
نووسه‌ر