یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 19, 2024
frku

تۆڕەکۆمەڵایتییەکان پانتاییەک بۆ نمایشکردنی کاڵا

بەیان سەلمان

Image: Zer0

دەکرێ تۆڕەکۆمەڵایتییەکان وەک بازارێکیان لێ بێت هەموو جۆرە کاڵایەک تێیاندا جێی ببێتەوە؟ یاخود وەک مۆزەخانەیەکەو هەرچی دێرینە لێیان کۆ دەبێتەوە؟ یان ئەوەتا شەقامێکە هەموو کەس تووشی یەک دەبن و کەس کەس ناناسێت؟

لێرە لەسەر ئەو لایەنە ناوەستین کە ئایا تۆڕی کۆمەڵایتی چۆن کۆنتڕۆڵی حەز و ئارەزووی تاکەکان دەکات و پێچ بەو خواستانەیان دەداتەوە لە قازانجی کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرە زلهێزەکان، بەڵکو هەوڵێک دەدەین ئەو چەند پرسیارەی سەرەوە بوروژێنین و لایەنەکانی تاوتوێ بکەین.

 سەرەتا، تۆڕی کۆمەڵایتی بازارێکە کاتێ تاکەکان بەدوای کاڵایەکی تایبەت دەگەڕێن. کاڵای ئیشق، هاوسەرگیریی، فڕۆشتنی سێکس، پێشنیاری هاوڕێیەتی، نمایشی بەهای خێزان و بەهای فیکری و دەروونی و دەیان کاڵای تر…

کێشە لە نمایشی کاڵاکە نییە، بابڵێین هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کاڵای خۆی نمایش بکات هەرچییەک بێت جۆری و کواڵەتی و بەهای.  چونکو ئەوە مافی تاکەکانە کە بە ئازادی و بە تەواوی خواستی کاڵای خۆی نمایش بکات. لەم دۆزەدا کێشەیەک دێتە پێشێ پابەندە بە وەرگری کاڵاکە. ئەو کەسەی ئەوبەر کە خواستی نمایشی کاڵاکەی هەیە، مەرج نییە و زۆرکاتیش هەروایە، کە کەسی ئەمبەر هەمان خواستی لەسەر بێت. زۆرجاریش هەردوولا کاڵا بەیەکتری دەفڕۆشن. لێرەدا خواستی کەسی نمایشکەری کاڵا، بۆ کەسی ئەمبەر دەبێتە سەپاندنی کاڵاکە، واتە تۆ بەزەبری وێنەی (هاوڕێیەتی) کاڵای خۆت دەسەپێنیتە سەر ئەویتر. بەم جۆرە، ئەوەی تۆ بەناوی هاوڕێیەتی پێشنیارت کرد لەلای ئەویتر کاردانەوەیەکی نیگەتیڤی دەبێ و ڕەتی کاڵاکەت دەکاتەوە.

ئەگەر بێینە سەر ئەوەی ئایا تۆڕی کۆمەڵایتی مۆزەخانەیەکە بۆ نمایشی هەرچی دێرینە؟ دەکرێ بڵێین، بەڵێ ئەمەش بەشێکە لەو بەکاربردنەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان. هاوڕێیانی کۆن و دێرین یەکتری دەدۆزنەوە، بەتایبەتی پاش دابڕان لە زانکۆ و لە وڵات و لە شار و جارێکی دی بە نێوەندی ئەم تۆڕە بەربڵاوانە، فەیسبووک لەسەرووی هەموویان، بەیەک دەگەنەوە. بێجگەلەوەی، مەسەلەی نۆستالژی (حەنین) هانی خەڵکانێک دەدات کە نمایشی وێنەی کۆن و سەردەمێک بکەن کە چیدی ناگەڕێتەوە. (زەمەنێک) تێیدا ژیانی مرۆڤ سادە و ئاسان و خاکیی بوو؛ تاکەکان قەناعەتیان بە هەموو شتێکی کەم هەبوو، تەنانەت لە ڕووی ئەڤین و ئیشق دەسەسڕێک و نامەیەک و هەندێجار چاوبڕکێیەک جێی هەموو ئەو هاوپەیوەندییەی ئەمڕۆی دەگرتەوە. ئەوەش لایەنی ئاڵۆزیی ژیان دەرەخات کە مرۆڤی ئەم سەدەی بیستویەکە تێیدا ژیان بەسەر دەبەن و مامەڵەی یەکتری دەکەن. خودی ئەم مامەڵەکردنە لە نزیک و لە دووریشەوەیە. مەودای لێ وەرناگریت، هاوکات مەوداکان زیاد دەکەیت. نزیکە بەوەی بە لایکێک و بە ستیکێک و بە نووسینی دوو وشەی ئیلکترۆنی پەیوەندیەکەت لەگەڵ ئەویتر دەبەستیت؛ کەچی هەتا بڵێی دووریت لە بەهای ڕاستی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان؛ دەگەڕێیت بۆ بنەمای دروستکردنی هاوڕێیەتی ڕاستەقینە و ئاڵۆگۆڕی بەسوود و بە پیت و پڕ بەرهەم، کەچی هەر نایدۆزییەوە. ئەوەی لەناو نۆستالژیش دەمێنێتەوە جێی نابێتەوە لەناو ئەو ئاڵۆزییەی ڕادەی خێرایی و گۆڕانی بەهاکان دەیسەپێنێتە سەریان. چونکو هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە و وەکو خۆیشیان نامێنن، کەسەکان بێ ئەوەی بزانن گۆڕاون و دەگۆڕێن، ژیانیان بە هەلومەرجی هەنووکەی خۆیانەوە گرێدراوە (ژیانی تایبەتی و ئابووری و پۆست و پلە و لایەنگریی فیکرێکی ئایدۆلۆژی و تەنانەت خودی بۆچوونیش لەبارەی هاوڕێیەتی گۆڕاوە) و جێ بۆ نۆستالژی نەماوە و ناشمێنێت.

دواجار دەپرسین و پرسیارەکەش کراوەیە بۆ وروژانی بۆچوونی تر و پرسیاری دیکە؛ ئایا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، فەیسبووک لەسەرووی هەمووانەوە، شەقامێک نین کە هەموو کەس تووشی یەک دەبن و کەس کەس ناناسێت؟

ئەم تێڕامانە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ”پانتایی تۆڕەکۆمەڵایتییەکان” شەقامێکە، ئەو شوێنە ناشوێنەیە کە هەموو کەس یەکتری دەبینێت و کەسیش ئەویتر نابینێت. بینین و نەبینین خەسڵەتی گیانلەبەرەکانە، لەلای مرۆڤ بەتایبەتی بە هۆشمەندییەوە لکاوە، چونکو هۆشبوونت بە بینینی کەسێکی ڕاستی لەناو شەقامێکی ڕاستەقینە، بوارت بۆ دەرەخسێنێت تاوتوێی لەگەڵ بکەیت، ئاڵوگۆڕی بۆچوونی یەکتری بکەن، بگرە لەودیو تۆڕی تەنراوی تۆڕەکۆمەڵایتییەکان پەتەکان بەیەکەوە دەچنی، بەڵام هەموو چرکەیەکیش بەرەوڕووی دابڕان دەبییەوە. کاتێ ڕەتی سڵاوی کەسانێکی سەر شەقامە دەکەیتەوە، کاڵاکەی ناکڕیت و دەیخەیتە پەراوێزی پەراوێز، ئەو پەیوەندیە شووشەییە زوو دەشکێت. بەو شێوەیە خەسڵەتێکی شاراوەی تۆڕەکۆمەڵایتییەکان دابڕانی کەسەکانە لەیەک، بە بلۆکردن و سڕینەوە و ئاماژەپێکردن لەلای کۆنتڕۆڵی سەنتڕالی ئەو تۆڕانە کە کاڵای فڵان (ناو) ناوەڕۆکەکەی ناپەسەندکراوە و جێی گومانە. ئەوجا نۆرەی ئەوە دێتەوە کە کەسەکە بە شێوەیەکی دی جارێکی تر بێتەوە؛ ئەمجارەیان ئیملی دەگۆڕێت، ناوی دەگۆڕێت، وێەنیەکی تر دادەنێت، خۆی لەژێر گوڵێک و دارێک و وێنەیەکی سروشت و ئۆتۆمبیل و خانو و ڕووبار و باڵندە و بگرە لەودیو کتێبێک و پارچە شێعرێکیش ناسنامەی ڕاستی خۆی دەشارێتەوە، ڕووکەشی پانتایی شەقامەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هەمان کاڵا نمایش دەکاتەوە.

بەیان سەلمان
نووسەر

Check Also

٨ی ئازار، بەرەو ڕۆژێکی نوێ

ڕۆژێکی نوێ بۆ پاراستنی مافی هەموو مرۆڤێک بۆ داکۆکی لە گشت ئازادییەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *