یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 5, 2024
frku

ڕووە نەرێنیەکەی دیموکراسیەت لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

Image: Carlos Cañizares

یەکەم: حیزب و واقعی کۆمەڵگا

لە واقعی کرداریدا دیموکراسی حوکمی گەل نیە بەلکو تەنھا ھەڵبژاردنی تاقمی حکومرانە لەلایەن گەل.

بەم پێیەش بێت حیزبە سیاسیەکان ھەمیشە نیازداری خەلکن وە بۆ ئەوەی لەلایەن خەلک و گەلەوە ھەڵبژێردرێن دەبێت تەواو خۆیان لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕ و نەریتی کۆمەڵگا و خەلکەکە بگونجێنن. چونکە حیزبی سیاسی گوزارشتە لە واقعێکی کۆمەڵایەتی.

ھەر حیزبێکیش بتوانێت گوزارشت لە واقعی ئەو کۆمەڵگایە بکات کە تیایدا ھەڵقوڵاوە وە بتوانێت گوزارشت لە خواستی چین و توێژ و ھێزە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگا بکات ئەوا ئەم حیزبە برەودەسێنێت و گەشە دەکات، پێچەوانەکەشی ھەر راستە.

ھەر جەبری واقعی کۆمەڵایەتیشە کە پارتێک ناچار دەکات کەسێکی دەمشڕی ھیچ لەبارانەبوو بکاتە کاندید بۆ پەرلەمان نەک خودی ئەو پارتە. خۆ حیزب چەندان ئەکادیمیست و شارەزای ھەیە، بەڵام لە کۆمەڵگادا خواستراونین، بۆیە ناچارن پەنا بۆ کاندیدکردنی ئەو کەسانە ببەن کە خواستی کۆمەڵگایان لەسەرە جا ھەرچەندە کەسانێکی ئاست نزم و ھیچ لەبارانەھاتوو ناشیاوبن.

کێشەکەش ئەوەیە، لە کۆمەڵگای دواکەوتوو کەسانی ھەڵپەرست و دەمشڕ خواستراون نەک کەسانی ئەکادیمیست و پسپۆر. ئیتر حیزبەکانیش ناچارن ملکەچی ئەم واقعە دواکەوتووە ببن لەپێناو بەدەستھێنانی دەنگی خەڵک.

لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو ھەیە لەگەڵ چەند حیزبێکی پارێزگار و کۆنەپەرستی تەسلیمبوو بە واقعێکی دواکەوتوو.

 جا لێرەدا نەک ھەر حیزبی دەسەڵات ناتوانێت ھیچ گۆرانکاریەکی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی بھێنێتەکایەوە، بەلکو ئەو حیزبانەی بە‌رھە‌ڵستكاریشن ناتوانن دەست بۆ گۆڕانی واقعی دواکەوتووی کۆمەڵگا ببەن تەنانەت گەر بە دەسەڵاتیش بگەن، چونکە [کاری حیزب لە سیستەمی دیموکراسی خەلک لەخۆ رازیکردنە نەک گۆڕینی خەلک].

بۆنموونە گەر حیزبێک ھەوڵی گۆڕانی بنیادی کۆمەڵاتی بدات وە بۆ ئەو مەبەستە دژایەتی سیستەم و پێکھاتەی خێل و عەشیرەت بکات، ھەوڵی تواندنەوە و لاوازکردنی رۆلیان بدات، ھەم لە کۆمەڵگا ھەم لە دەسەڵات، ئەوا ئەم خێڵانەش دەچنە پاڵ حیزبەکانیتر، بەمەش وەک ھێزێکی کۆمەڵایەتی و خاوەن نفوز دەبنە سەنگ و قورسایی و پاڵپشتی بۆ ئەم حیزبەی کە لەخۆیان دەگرێت، بۆیە ھیچ حیزبێک ناوێرێ کارێکی لەم شێوەیە بکات.

بەمەش لەبەرئەنجامدا ھەمیشە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز بوونیان دەبێت و ھەردووکیان یەکتر بەرھەمدەھێننەوە و پارێزگاریی لە بوونی یەکتر دەکەن.

کەواتە لەم ڕووەوە، سیستەمی دیموکراسی و ھەڵبژاردن نەک ھەر ناتوانێ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان بەرەو پێش ببات، بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە ھۆکارێکیش بۆ چەقبەستووی و تۆخکردنەوەی دواکەوتووی.

 ئەویش لەبەر یەک ھۆی سادە کە ھەموو حیزبەکان بە بە‌رھە‌ڵستكار و دەسەڵات ناچارن ملکەچی واقعی دواکەوتووی کۆمەڵگا ببن لەپێناو رازیکردنی خەلک و ھێزە کۆمەڵایەتیەکان لە خۆیان. بەمەش ئەرکی حیزب دەبێتە لەخۆرازیکردنی خەلک و کۆمەڵگا، نەک گۆڕینی خەلک و کۆمەڵگا.

دووهەم: ھەلبژاردن و سنوردارکردنی ئیرادە

 لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بەھۆی نەبوونی ھۆشیاری بەرامبەر بە دیموکراسیەت و ھەڵبژاردن ئەوا ھەمیشە ھەڵبژاردن بووەتە ھۆکارێک بۆ سنوردارکردنی  ئیرادەی خەڵک و کۆمەڵگا.

خەلک وا دەزانێ تەنھا چوارساڵ جارێک مافی داوەریکردن و لێپرسینەوەی ھەیە لە دەسەڵات. خەلک وادەزانێ تەنھا مافی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی ھەیە، مافی لێپرسینەوەی لەو دەسەڵاتە نیە کە ھەڵیبژاردووە! وا دەزانن ئەو حیزبەی لە ھەڵبژاردن بردیەوە ئەوا تەواوی ووڵاتەکەی بردەوە و بووە موڵکی ئەو،  ئیتر ئازادە چۆن ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات تا چوارساڵی تر!

بەمانایەکی تر، خەلک دیموکراسیەت بە دیکتاتۆریەتی زۆرینە تێگەیشتووە، وا دەزانێ ھەر حیزبێک زۆرینە بێنێ ئیتر مافی ئەوەی ھەیە دەستکراوەبێت لە ھەر شتێک کە دەیکات. زۆر سەیرە دوای ھەڵبژاردن ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە نیازی گۆرانکاری بەدەستھێنانی ماف و ئازادیەکانیان دەدەن بێ ھیوادەبن وەک ئەوەی تا چوارساڵی تریش ھیچ!

لەم کۆمەڵگایانەدا زوڵم و نادادی و عەنتەریاتی سیاسی گەیشتۆتە ترۆپک، کەچی خەلک چاوەرێی رۆژی ھەڵبژاردن دەکات لە چوارساڵ جارێک! ئەم پەیوەست و لکاندنەی زولم و نادادی بە ھەڵبژاردن دەرخەری نزمترین ئاستی رۆشنبیری سیاسی خەڵکانی ئەم وڵاتە دواکەوتووانەیە.  

سەروەرکردنی یاسا و نەھێشتنی ستەمی حکومرانی و بەدەستھێنانی مافە گشتی و تایبەتەکان پەیوەندی بە شکۆ و کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگاوە ھەیە. ھەر چۆنێک بێت خەلک دەبێت بە دەستی بھێنێت بەبێ لەبارچاوگرتنی ئەوەی دەسەڵات لەدەست کێیە، یا بیلکێنیت بە بەدەسەڵات گەیشتنی ئەو حیزبەی کە خۆی لایەنگریەتی و خۆی دەیەوێت…!

لەلایەکیتر، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش کاریان لەسەر ئەمە کردووە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان. ئەوان خەلکیان تەواو بێ ھیوا و بێ ئیرادە کردووە لەبەرامبەر دەسەڵات کە بەھیچ جۆرێک چاکسازی و گۆڕانکاری ناکرێت. تا ئەمانە لەسەر دەسەڵات بن واتە بوونی چاکسازی و گۆرانکارییان پەیوەستکردووە بە لادانی ئەمان و ھاتنی خۆیان! ئێ بۆ ئەمەش تەنھا رێگای ھەڵبژاردن ھەیە، ئەمیش چوارساڵ جارێکە. واتە وایان لە خەلک گەیاندووە کە لە چوارساڵدا تەنھا یەک رۆژ ھەیە کە ئێوە بتوانن گۆڕانکاریەک بکەن! چونکە گۆڕانکاریان پەیوەستکردووە بە لادانی ئەمان و ھاتنی ئەوان، ئەمەش رێک سنوردارکردنی ئیرادەی خەڵکە لە چوارساڵ یەک رۆژ. دەسەڵاتیش لەرێگای تەزویر و بێ بەھاکردنی ھەڵبژاردن ئیرادەی ئەو رۆژەشی نەھێشتوە.

سێهەم: بە حیزبیبوون و پارچەبوونی کۆمەڵگا

بنیاد و پێکھاتەی ئەم کۆمەڵگە دواکەوتووانە پچڕپچڕ و نارێکخراو و نا یەکگرتووە، ئەم تایبەتمەندیەش زادەی ھەستی خێڵگەرایی و ناوچەگەرایی و مەزھەب و تەریقەتگەراییە.

راستە حیزبی سیاسی زادە و دەرکەوتەی کۆمەڵگەی مۆدێرنە، بەڵام ئەم بنیاد و تایبەتمەندیانەی کۆمەلگەی سونەتی لە حیزبدا بەرجەوستە و شێوەگیر دەبنەوە.

 جا چ لەو رێگەیەی کە خودی مەزھەب و ئاینزا و خێلەکە ببێتە حیزب وەک ئەو حیزبە مەزھەبیانەی لە عێراق ھەن، چ حیزێکی بەفۆرم مۆدێرن لەو تایبەتمەندیە کۆنانە بتوێتەوە لە رێگای لەخۆگرتنی خێل و مەزھەب و تەریقەت و ئاینزا جیاجیاکان وەک ئەوەی لە حیزبەکانی ھەرێم بەدیی دەکەین.

واتە بەھەر شێوەیەک بێت، ئەم بنیاد و پێکھاتەی کۆمەڵگە سونەتیەکان وەک ھێزگەلێکی کۆمەڵایەتی لە حیزبەکان بەرجەستە دەبنەوە، حیزبەکان ناتوانن کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم ھێزانە نادیدە بگرن. بەم شێوەش ھەر حیزبێک ھەوڵدەدات چەند ھێزێکی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت بەمەش لەئەنجامدا کۆمەڵگە بەحیزبی دەبێت.

گەر کۆمەڵگاش کۆمەڵگایەکی حیزبی بوو ئەوپەری شتێک کە بتوانێت بیکات لادانی حیزبێکە لە دەسەڵات و ھێنانی حیزبێکی ترە بۆ شوێنی و ھیچیتر. واتە بەبێ ئەوەی ھیچ گۆرانکاریەکی جەوھەری بھێنێتە کایەوە کە تیایدا بە ماف و ئازادیەکانی خۆی بگات.

ئەم لادانەش ھەرگیز بە ئاشتیانە ڕوونادات و ھەمیشە تێکدانی وڵاتی بەدواوە دێت، چونکە لە حاڵەتێکی ئاوادا خەڵک بەگشتی دابەش بووە بەسەر چەند حیزبێکی دژیەک کە ھەر کەسێک بەرژەوەندی خۆی لە بەدەسەڵاتگەیاندنی حیزبەکەی دەبینێتەوە. 

لەم جۆرە کۆمەڵگایە جەماوەری و بە حیزبیکراوانەدا شتێک نامێنێتەوە بەناوی ھێزی کۆمەڵگەی مەدەنی، تا بتوانێت ھۆشیارانە سنوری دەسەڵات دیاری بکات و دەسەڵات ملکەچ بکات بۆ سیستەمێکی دیموکراسی بە رێکارە مەدەنیەکانی. گەر ھەشبێت ئەوەندە لاوازە ناتوانێت ببێتە ھێزێک و کاریگەری بنوێنێت لەسەر دەسەڵات، چونکە ئەوەی ھەیە بوونی جەماوەرێکی حەماسیە کە کوێرانە و بەبێ ھۆشیاری لەسەر بنەمای رق لە ئەویتر و لە حیزبەکەی تر بەسەر چەند حیزبێک دابەشبوونە. بەم پێیەش، حیزبەکەی خۆی چەندە خراپ و گەندەڵ و تاوانکار بێت، بەڵام لە رقی حیزبەکانی تر ھەر کوێرانە  پشتگیری لێ دەکات.

کێشە گەورەکەش لێرەیە کە ھەر تاک و گڕوپ و کۆمەڵەیەک بەرژەوەندییان دەکەوێتە حیزبێک. بەمەش بەرژەوەندیەکانی تاک و گروپ و کۆمەڵەکانی ناو کۆمەڵگا ھەمووی دژیەک دەبێت. ئیتر وایلێدێت ھاتنەکایەی بەرژەوەندی کەس و گروپێک لەسەر حیسابی کۆمەڵە کەس و گڕوپێکی تر دەبێت. ئەمەش (بەرژەوەندی ھاوبەش) لە ناودەبات کە ڕۆحی کۆمەڵگای مرۆیی و سەقامگیریەکەیەتی.

لە ئەنجامدا کۆمەڵگا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان حیزبە سیاسیەکان، پشت ئەستوور بە جەماوەرێکی حەماسی ناعەقڵانی کە ھیچ کامیان ئەویتری قبوڵ نیە. بەمەش خەڵک لەجیاتی شەڕی گۆڕینی سیستەم بکات لە حیزبسالاریەوە بۆ دامەزراوە و یاساسالاری، ئەوا شەڕی گۆڕینی کەسەکان دەکات. وە ھەر گڕوپ و کۆمەڵەیەک ھەوڵدەدات بتەکەی ئەویتر لابدات و بتەکەی خۆی لە شوێنی ئەودا دابنێت. بەمەش لە ئەنجامدا ھەر ھەمان سیستەمی حیزبسالاری بەرھەمدێتەوە.

لە بارودۆخ و واقعێکی لەم چەشنەشدا :

سەقامگیری یەکسانە بە چەقبەستووی و دیکتاتۆری 

گۆرانکارییش یەکسانە بە فەوزا و ناسەقامگیری.

چونکە شتێک نیە بەناوی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەھێز و یەکگرتوو و رێکخراو تا بتوانێت کاریگەریی لەسەر حیزبە سیاسیەکان دابنێت و  رێگە نەدات تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا لە حیزبەکان بتاوێننەوە و ببنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندی حیزبەکان. بەڵکو حیزبەکان تەواو کۆنترۆڵی جەماوەر و فەزای گشتی کۆمەڵگایان کردووە. ھەر حیزبێک بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسانێکی بەخۆیەوە لکاندووە. بەمەش تاک و گروپەکانی نێو کۆمەڵگا ھەمیشە ئامادەن شەڕ بکەن بۆ بە دەسەڵاتگەیاندنی حیزبەکانیان، یاخود ھێشتنەوەیان لە دەسەڵات.

ئیدی گەر حیزبی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت خەڵک بێنێتە سەر شەقام بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵات ئەوا لەبەرامبەردا حیزبی دەسەڵاتیش دەتوانێت ھێندەی ئەوان و بگرە زیاتریش خەڵک بێنێتە سەر شەقام بۆ پشتگیریکردنی دەسەڵات و سیستەمی باو.

بۆ وێنە، وەک ئەوەی لە ھەولێر بینیمان لە کاردانەوەی نارەزایەتیەکانی ١٧ ی شوبات، کە بە ئەندازەی خەڵکی نارازی و دژە دەسەڵات خەڵکی پشتگیریکاری دەسەڵات ھاتبوونە سەر شەقام.

یاخود وەک ئەوەی لە میسر بینیمان، جارێک ئیخوانەکان خۆپێشاندنی ملیۆنیان ئەنجامدەدا تا دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەڵام دوای ئەوە لایەنگرانی (سیسی) و سیکۆلارەکان خۆپێشاندنی ملیۆنیان ئەنجامدەدا دژی دەسەڵاتی ئیخوانەکان، دواتر دیسان ئیخوانەکان دژی (سیسی) ئەنجامیاندەدا.

لەم حاڵەتەشدا، لە ئەنجامی نەبوونی ھێزێکی مەدەنی رێکخراو و پەروەردەکراو و کاریگەر کە بتوانێت ھێزی کۆمەڵگە گلبداتەوە و لە دەستی حیزبەکان دەربازیان بکات، ئەوا نارەزاییەتیەکان دەچنەوە چوارچێوەی ململانێی حیزبایەتی. کاتێک ململانێکانیش بەحیزبی بوون لە ئەنجامدا ئەوەی سەردەکەوێت ھەر حیزبی دەسەڵاتدارە، چونکە ھەموو ئامرازەکانی ترس و تۆقاندنی لە بەردەستە. تەنھا لە حاڵەتێکدا حیزبی ئۆپۆزسیۆن ئەگەری سەرکەوتنی ھەیە، کە پشتگیریەکی بەھێزی دەرەکی ھەبێت، ئەمەش رەنگە ھەمان دۆخی سوریا و یەمەن و لیبیایامان بۆ بەدەستە بدات.

ھەر بۆیە کۆمەڵگا بۆ رزگارکردنی خۆی نابێت پشت بە حیزبە سیاسیەکان ببەستێت و چاوی لەوە بێت حیزبێک یان سەرکردەیەکی دادپەروەر و چاکەکار بێنێتە سەر دەسەڵات تا سیستەمێکی ئەوپەڕی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بھێنێتە کایەوە. چونکە لەلایەک گەر حیزبە جەماوەریەکان گەیشتنە سەر دەسەڵات ھەر دەتوانن خەریکی ئەوەبن کە پۆست و پێگە و جومگە بنەرەتیەکان و سەرچاوەکانی دەسەڵات و دارایی بخەنە دەست ئەندام و لایەنگرانیان تا بتوانن دەسەڵاتیان بەشێوەک پتەو بکەن کە بۆ ھەرگیز لانەچن، بێگومان ئەمەش لەسەر حیسابی پشتگوێخستنی ئەوانیترە.

لە لایەکتر، ئەم جۆرە روانینە ھی مرۆڤی کۆنە کە ھەمیشە دوعایان دەکرد خوا سەرکردەیەکی باش و چاکەکاریان بۆ بنێرێت. بەڵام مرۆڤی ئازا و ئازادی ئەم سەردەمە دەبێت خۆی دەسەڵات ملکەچ بکات بۆ سیستەمێک کە ھەم سنووری دەسەڵات دیاری بکات ھەم ماف و ئازادیەکانی تێدا بەرجەستە بکات.

 واتە دەبێت کۆمەڵگا خۆی بەم ئەرکە ھەڵسێت نەک ئەم ئەرکە بە کەسانی حیزبی بسپێرێ و ھەموو رۆژێک خەریکی لادان و ھێنانی حیزب و رژێمێک بێت.  

بێگومان ئەم لادانەی حیزبەکان لەسەر دەسەڵات شتێکی پێویستە و بنەمایەکی بەردەوامبوونی سیستەمی دیموکراسیە، بەڵام ئەو کاتەی کە کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێی ھەڵسێ، نەک کۆمەڵگایەکی جەماوەری کە مۆبیلیزەکراوی دەستی حیزبەکان بێت.

چونکە لە حاڵەتی کۆمەڵگایەکی جەماوەری و بە حیزبیکراودا گەر تۆ ئەم ئەرکەت بە حیزبی A  سپارد، ئەوا کەسانێکی تر ئەم ئەرکە بە حیزبی B  دەسپێرن، ئیتر بۆ C  و D  …ھتد. بەمەش یەکێتی کۆمەڵانی کۆمەڵگەی مەدەنی لاواز و پارچەپارچە دەبێت، وە ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی توند دروست دەبێت و ھەر لایەنێک کوێرانەو دەمارگیرانە بەرگری لە حیزبەکەی خۆی دەکات.

لەسەرئەنجامیشدا، ئەوەی بەھێز دەبێت حیزبە سیاسیەکانن، ئەوەی زەرەرمەند و لاوازیش دەبێت کۆمەڵگایە.

بەکورتی، دیموکراسیەت بەرلەوەی سیستەمێکی حکومرانی بێت، دەبێت کەلتورێکی کۆمەڵایەتی بێت. گەرنا زیانەکانی کەمتر نابن لە سوود و دەستکەوتەکانی. بەمانایەکی تر، بەبێ بوونی کۆمەلگەیەکی مەدەنی چاڵاک، ناتوانین لە سەر بنچینەی کۆمەڵگەیەکی ناوچەگەری بچڕبچڕی بەحیزبیکراو بەھاکانی دیموکراسی لە سیستەمی سیاسی بەرجەستە بکەین.





موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *