خوێندنه‌وه‌یه‌كى ده‌روونشیكارى په‌یوه‌ندى نێوان ژن و مێردى كورد
پێشره‌و عه‌بدوڵڵا
پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، پرۆسه‌یه‌كى ئاسان و سانایه به به‌راورد به رۆژئاوا، ئه‌مه‌ش به‌شێكى په‌یوه‌سته به‌و مه‌ستبوونه‌ى كچان و كوڕانى ئێمه‌وه كه تێیده‌كه‌ون و نه‌یانتوانیوه له سیحرى وێنه‌كانى ناو زه‌ین قوتاریان ببێت. ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه ئه‌وه‌یه كه له وڵاتى ئێمه‌دا، پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى وه‌ك خه‌ون و خه‌یاڵێك دێت به‌سه‌ر گه‌نجه‌كاندا و تێیده‌كه‌ون. دواتر كه به‌خۆدێنه‌وه ئنجا بیر له پرۆسه‌كه ده‌كه‌نه‌وه. به پێچه‌وانه‌ى رۆژئاواوه كه بیرده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وسا كاره‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. بۆیه زۆربه‌ى پیاوانى ئێمه دواى هاوسه‌رگیرى په‌شیمانییه‌ك هه‌یه به‌رۆكیان به‌رنادات. هه‌میشه زگورتایه‌تیه‌ك هه‌یه ناتوانێت تێیپه‌رێنێت. له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م بینیى براده‌ره زگورته‌كانى، ئه‌و په‌شیمانییه تێیدا گه‌شه‌ده‌كات. له كاتێكدا له رۆژئاوادا كه‌متر ئه‌م حاڵه‌ته به‌دیده‌كه‌ین. هه‌رچى هى ئه‌وانه پرۆسه‌كه به ئه‌زموونێكى عه‌قڵى و واقعى زۆر قورس‌دا تێده‌په‌رێت. بۆیه هه‌میشه ئه‌م پرۆسه‌یه دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام لاى خۆمان پرۆسه‌كه له دۆخێكى مه‌سبووندا ئه‌نجام ده‌درێت؛ كه جۆرێكه له‌سه‌رخۆشى، هه‌ربۆیه زۆر زووتر له واده‌ى خۆى ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به سیحرى وێنه‌كانى ناو زه‌ینى كوران و كچانى ئێمه‌وه، كه نه‌یانتوانیوه خۆده‌رباز بكه‌ن له‌و سیحره‌و نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئازادییه تاكه‌كه‌سیه و له‌ژێر كاریگه‌رى ده‌ورووبه‌ر و ئه‌و دۆخه‌ى تێیده‌كه‌ون بریارده‌ده‌ن. بۆیه هاوسه‌رگیرى له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا ناتوانێت به‌ها راسته‌قینه‌كه‌ى خۆى بپارێزێت. هه‌میشه له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ى روخان و بێ ئه‌رزشیدایه. چونكه ژن و مێرد ناتوانن پارێزگارى له وێنه راسته‌قینه‌كه‌ى خۆیان بكه‌ن و هه‌ر رۆژه وێنه‌یه‌كى تازه نمایشده‌كه‌ن بۆ یه‌كترى و په‌یوه‌ندییه‌كه وه‌ك رۆتینێك درێژه به ژیانی خۆى ده‌دات. دیاره یه‌كه‌مین وێنه‌ى ژن و مێرد كه نیشانى یه‌كترى ده‌ده‌ن، وێنه‌یه‌كى میسالى ناواقعییه. كه كچه‌كه وه‌ك (یار) وێنا ده‌كرێت له لایه‌ن كوره‌كه‌وه و كوره‌كه‌ش وه‌ك فریادره‌سى كچه‌كه وێنا ده‌كرێت. له كاتێكدا مه‌سه‌له‌كه به‌و جۆره نییه، واته نه كچه‌كه یاره و نه كوره‌كه‌ش ئه‌و فریادره‌سه‌یه كه كچه‌كه وێناى كردووه. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته روونبكه‌مه‌وه پێویسته كه ماناى( یار) دیاریبكه‌ین.
1 – یار چییه؟
دیاره مرۆڤ له سروشتى خۆیدا وێنه‌یه‌كى میسالى هه‌یه بۆ ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ر، واته هه‌موو پیاوێك وێنه‌ى ژنێكى میسالى هه‌ڵگرتووه و هه‌موو ژنێكیش پیاوێكى میسالى له‌ناویدا ده‌ژیت. یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندییه‌ك كه مرۆڤ ئه‌نجامى ده‌دات له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كه‌ى به‌رامبه‌ریدا په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه میسالییه‌دا. واته پیاو یه‌كه‌مین جار وه‌ك ئه‌زموونێكى ناوه‌كى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه میسالییه‌دا ده‌كات و ژنیش به‌هه‌مان شێوه. دیاره ئه‌مه جیاوازه له په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وێنه رووته‌كانى ناو ژوورى ژنه رووته‌كان1 و پیاوه خودان باوه‌شه پر له سۆزه‌كان. ئه‌م دوو حاڵه‌ته په‌یوه‌ندى هه‌یه به مامه‌ڵه‌ى مرۆڤ له‌گه‌ل یادگه‌ى خۆیدا كه به‌شێكى زۆرى وێنه‌كان سه‌ر به ناوچه‌ى ده‌روونى مرۆڤن و له ده‌ره‌وه بۆى دروست بوون. به‌ڵام هه‌رچى ئه‌م وێنه‌یه‌یه، سه‌ر به‌جیهانى ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌و به‌شێكه له سروشتى مرۆڤه‌كه. واته له‌ناو جه‌وهه‌رى مرۆڤه‌كه‌دا بوونى هه‌یه. ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌رى مرۆڤ وه‌ك ناوكه قه‌یسییه‌ك وێنا بكه‌ین، كه هه‌موو سیفات و ته‌بیعه‌ته‌كانى دار قه‌یسییه‌كه‌ى تێدا بێت، ئه‌وا بوونى ئه‌و وێنه‌یه له‌ناو ناوكى قه‌یسییه‌كه‌دا بوونى هه‌یه. واته (بالقوه) ئه‌و وێنه‌یه بوونى هه‌یه له جه‌وهه‌رى مرۆڤدا و له قۆناغى دواتردا ده‌بیته(بالفعل) كاتێك كه‌سه‌كه رازیده‌بێت به‌وه‌ى له‌گه‌ل یه‌كێك له ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا بژیت.
سه‌ره‌تاكانى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش له‌و ساته‌وه دروست ده‌بێت كه مرۆڤه‌كه تووشى وه‌حشه‌تێكى ته‌نیاى ترسناك دێت، كه هه‌ست ده‌كات ئیتر پیویستى به‌وه‌یه له‌گه‌ل ره‌گه‌زه‌كه‌ى دیكه‌دا ئاوێته ببێت. دیاره ئه‌م پێویستییه پێویستییه‌كى غه‌ریزى و جه‌سته‌یى نییه و سه‌ر به جیهانى وێنه‌كانى ناو یادگه نییه، به‌ڵكو سات و كاتى ئه‌وه‌یه كه وێنه‌كه فشار ده‌خاته سه‌ر مرۆڤه‌كه كه له قۆناغى بوون به‌هێزه‌وه(بالقوه)وه بیباته قۆناغى بوون به كرده(بالفعل) و له دایكببێت. ئه‌م په‌یوه‌ندىبه‌ستنه له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه‌یه‌دا، به‌بێ ئامادەبوونی به‌رامبه‌ره‌كه ده‌ست پێده‌كات. واته ئه‌گه‌ر تاكه پیاوێك له‌سه‌ر زه‌ویدا بوونى هه‌بێت و هیچ ژنێك بوونى نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م پیاوه هه‌میشه له‌گه‌ڵ ژنى ناو خۆیدا ده‌ژیت و پێكه‌وه گه‌وره ده‌بن. بۆ ژنه‌كه‌ش هه‌ر به‌م جۆره‌یه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كاتێك پیاو و ژن رووبه‌رووى یه‌ك ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا هه‌ریه‌كه‌یان په‌یوه‌ندییه‌كه زۆر توندتر ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه‌یه‌دا، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى هه‌یه به‌وه‌ى كاتێك، پیاوێك وه‌ك رووخسار ژنێك قبووڵ ده‌كات و ژنێكیش وه‌ك رووخسار پیاوێك ده‌حوبێنێ. وێنه‌كه ده‌خه‌نه ناو جه‌سته‌ى ئه‌ویتره‌وه. واته له‌ناو جه‌سته‌ى ژنه‌كه‌دا پیاوه‌كه مامه‌ڵه له‌گه‌ل وێنه میسالییه‌كه‌ى ژن ده‌كات و ژنه‌كه‌ش له‌ناو جه‌سته‌ى پیاوه‌كه‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وێنه میسالییه‌كه‌ى پیاو ده‌كات. واته هه‌ردووكیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ (یار)ى خۆیان ده‌كه‌ن. دیاره یار یه‌كسانه به وێنه میسالییه‌كه‌ى ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ر. واته په‌یوه‌ندى ژن و پیاو له‌م باره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كى ناواقعى و كوێرانه‌یه، هه‌ردووكیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ (یار)ه‌كه ده‌كه‌ن، نه‌ك كه‌سه واقعییه‌كه. بۆیه ته‌نانه‌ت ناتوانن كه هه‌ڵه‌و كه‌مو كوڕییه‌كانى یه‌كتریش ببینن، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت چاوپۆشى لێده‌كه‌ن. دواتر كه ده‌چنه ناو پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌وه و ماوه‌یه‌ك پێكه‌وه ده‌ژین، ئیتر ورده ورده كه‌سه واقعییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون له‌ناو كه‌سه‌كاندا و وێنه میسالییه‌كه بزر ده‌بێت. ئیتر ئه‌م په‌یوه‌ندییه توشى بارگۆڕین دێت، واته هه‌ر ئه‌و دووكه‌سه له خۆشه‌ویسترین كه‌س بەلای یه‌كه‌وه كاتێك به‌ینیان تێكده‌چێت ده‌بنه سه‌رسه‌خترین دوژمنى یه‌كتر. له‌كاتێكدا كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش تێك بچێت ده‌بێت هێنده‌ى تیا بمێنێته‌وه، لانىكه‌م یه‌ك بریندا نه‌كه‌ن، كه ئه‌مه ناو بنێین ژیان له مانا گه‌وره‌كه‌یدا و مرۆڤبوون له پاڵیدا.
كاره ترسناكه‌كه ئه‌وه‌یه كاتێك ژن ومێرده‌كان به‌ره‌و ئه‌و شه‌ره ده‌رۆن، ئیتر وێنه میسالییه‌كه بۆ ئه‌به‌د ونده‌كه‌ن و ته‌سلیم ده‌بنه‌وه به هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى ناو كۆمه‌ڵگه. دیاره ئێمه له‌دواى راپه‌ریینه‌وه و راده‌ستگه‌یشتنى تاكى ئێمه به‌و هه‌موو زانیارییه، جۆرێكى دیكه له كو‌لتوور و ژیان هاتۆته ئاراوه. كه‌تا راده‌ییه‌ك جیاوازه له‌وه‌ى پێشخۆى. روونتر باسیبكه‌م نه‌وه‌ى یه‌كه‌م له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كه ده‌كه‌ونه پێش راپه‌رینه‌وه، خاوه‌ن جۆره هاوسه‌رگیرییه‌كى نه‌گۆڕن وه‌ك ریوره‌سم و بنه‌ما، دواتر له‌دوایى راپه‌رینه‌وه رووبه‌ڕووى نه‌وه‌ى دووه‌م ده‌بینه‌وه، كه‌تا راده‌یه‌ك هاوسه‌رگیرى تێیدا جیاوازه. به‌ڵام ئه‌وه‌ى خاڵى لێكچوونه له نێوانیاندا ئه‌وه‌یه هه‌ردووكیان له ئاسته گشتییه‌كه‌یدا بكوژى وێنه میسالییه‌كه‌ن و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تى و رووتینییه‌كه درێژه‌ىداوه به‌ته‌مه‌نى هاوسه‌رگیرییه‌كه. نه‌ك گه‌شه‌كردن و له‌دایكبوونى وێنه میسالییه‌كه. واته هه‌ردووكیان چ پیاو چ ژن ده‌توانن خه‌ریكى ئه‌وه بن كه ئیتر خۆیان ببن به وێنه میسالییه‌كه، واته ببن به‌وه‌ى ده‌یانه‌وێ له یه‌كتردا. ئه‌مه‌ش به‌وه‌ده‌بێت كه خه‌مى گه‌وره‌بوونى خۆیان بخۆن و خۆ ئازاد بكه‌ن. ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌رۆن كه ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ى سێهه‌میش كه نه‌وه‌ى دوایى ساڵه‌كانى نه‌وده‌كان و دووهه‌زاره‌كانه، وه‌ك بكوژى یار بێنه پێشه‌وه له ئاسته گشتییه‌كه‌یدا. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له ئاسته رۆشنبیرییه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كاتێك رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان و ئه‌و تایپه له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، كاتێك هاتنه پێشه‌وه ویستیان ئه‌و وێنه میسالییه به‌رجه‌سته بكه‌ن له واقعدا. نه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵكو وایانكرد كه پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى وه‌ك په‌تاو به‌ڵایه‌ك بناسێنن كه ده‌بێته بكوژى منى نووسه‌ر و منى شاعر. واته نه‌وه‌ى یه‌كه‌م تاراده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووتر بوون له درێژه‌دان به پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى. چونكه له‌گه‌ڵ ژیانى مرۆڤ بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا ورده ورده پیكداچوونێك دروست ده‌بێت كه تاراده‌یه‌ك هاوسه‌نگییه‌ك هه‌یه دێته ئاراوه. به‌ڵام رۆشنبیرانى ئێمه تاقه‌ت و سه‌برى ئه‌وه‌یان نه‌بوو درێژه به‌م پرۆسه‌یه بده‌ن، چونكه سه‌رله‌به‌رى ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌بر و به‌رپرسیارێتییه و به رۆحى سه‌ركه‌ش و سه‌رشێت و نائارام راناگیرێت. بۆیه رۆشنبیران گورزێكى گه‌وره‌یاندا له مانا‌و به‌هاى هاوسه‌رگیرى هەیە. ناراسته‌خۆ ده‌رگاى هاوسه‌رگیریان له كچان و كورانى ئێمه داخست. ده‌شیبینین كه چۆن به‌شێكى زۆریان له‌م پرۆسه‌یه پاشكشه ده‌كه‌ن و جارێكى تر له‌به‌رامبه‌ر پێكه‌وه‌بوون ئه‌و زگورتایه‌تییه هه‌ڵده‌بژیرنه‌وه.
2 – به‌رجه‌سته‌بوونى وێنه‌ى تر له هاوسه‌ردا
ئه‌و كێشه‌یه‌ى كه مرۆڤه‌كه رووبەڕووى ده‌بێته‌وه هه‌میشه چاوه‌رێى ئه‌وه‌یه كه یار ده‌ربكه‌وێت له جه‌سته‌ى هاوسه‌ره‌كه‌یدا، به‌ڵام هه‌میشه وێنه‌یه‌كى تر ده‌بینێت. تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى ئیتر بێهیوا ده‌بێت و ئه‌و خه‌ونه‌ى به‌كۆتا دێت له ناو خۆشه‌ویسترین كه‌سیدا. جیا له‌مه، هه‌میشه وێنه‌ى جیاجیا به دیده‌كات له هاوسه‌ره‌كه‌یدا، كه تێكه‌ڵن و ناتوانێت بیناسێت. خراپییه‌كه ئه‌وه‌یه كاتێك ئێمه نه‌مانتوانى ئیش له‌سه‌ر خۆمان بكه‌ین و خۆمان په‌روه‌رده بكه‌ین. شوناسێكمان نه‌بێت له واقعدا هه‌میشه رووبه‌ڕووى ئه‌وه ده‌بینه‌وه كه شوناسى دیكه له خۆماندا باربكه‌ین. به‌تایبه‌ت كاتێك نه‌مانتوانى چاكسازى بكه‌ین له ناو وێنه عه‌مباركراوه‌كانى یادگه‌ماندا و نه‌مانتوانى هه‌موو ئه‌و وێنانه به فلته‌رێكى ماناداردا ببه‌ین ئیتر زۆر ئه‌سته‌مه ئێمه بتوانین ببین به‌و شته‌ى كه خۆشمان مه‌به‌ستمانه. بۆ گه‌یشتن به‌و وێنه راسته‌قینه‌ییه‌ى كه شوناسى راسته‌قینه‌مان دیاریده‌كات، ده‌بێت هه‌موو وێنه‌كان فریده‌ینه ده‌ره‌وه و جارێكى تر ریكبخرێنه‌وه و ره‌ف دروست بكه‌ین و له ما‌نایان تێبگه‌ین. بۆئه‌وه‌ى له‌ژێر حوكمى هه‌ڵگرتنى وێنه‌كاندا به‌ئاگا بین و نه‌هێڵین جه‌سته‌مان به‌كاربهێنێت بۆ نیشاندانى خۆى له واقعدا. كیشه‌كه ئه‌وه‌یه كاتێك پیاو و ژن ده‌رۆنه‌وه ماڵه‌وه هه‌میشه به‌ته‌نها نین و هه‌میشه وێنه‌ى دیكه ده‌به‌نه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان. به ئاستێك ده‌بن به‌و وێنه‌یه‌و گوزارشت له‌و وێنه‌یه ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌میشه یار كاتى نییه و ده‌رفه‌تى پێ نادرێت كه بێته‌ده‌ر، چونكه یه‌كه‌مین مه‌رجى ده‌ركه‌وتنى ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ خاڵى بوببێته‌وه له هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ى رۆژانه بێ‌ئاگا عه‌مباریكردوون و ئیشى پێكردوون. ئه‌گه‌رچى ئه‌مكاره كارێكى تاكه‌كه‌سى و ته‌نهاییه و ده‌بێت ئه‌و مرۆڤه خۆى بكاته پرۆژه‌ى خۆى. تا بتوانێت له سیحر و جادووى وێنه‌كان بێته ده‌ر.
هه‌موو ئه‌و مۆدیلانه‌ى جل و به‌رگ، خانوو خواردن و خواردنه‌وه، كه رۆژانه په‌خشده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌یه زه‌ینمان پربێت و دواتر بمانجوڵێنێت. ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كى ساده وه‌ربگرین له‌م سالانه‌دا، مۆدیلى كه‌وانته‌ر هاته ئاراوه، كه مۆدیله‌كان هه‌مووى په‌یوه‌ندى هه‌یه به چاوه‌وه. نه‌ك ئاسانكارى بۆ كارى شیولێنان. ژنانى ئێمه زۆر به‌خێرایى كه‌وتنه ژیر ئه‌و هێرشه‌ى وێنه‌وه و ئاماده‌بوون یه‌كساڵ قه‌رز بده‌نه‌وه، به‌ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناندینه‌كه‌ى له وێنه‌ى ئه‌و ناندینه بچێت كه له تیڤییه‌كانه‌وه بۆى پێشكه‌شكراوه. دواجار ماڵى كوردى نابێته ماڵێك مرۆڤ تێیدا بحه‌وێته‌وه، چونكه شته‌كان و ره‌نگ و بابه‌ته‌كان هه‌موو هى ده‌روه‌ى خۆییه‌تى و بازار و بازرگان ئاراسته‌ى ده‌كات. بۆیه هه‌میشه هه‌ست ده‌كات له‌و ماڵه گه‌وره‌یه‌دا جێیه‌كى نییه تێدا ئاسوده‌بێت. پیاو و ژنى ئێمه بێجێگه‌ترین مرۆڤن له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه، نه له ماڵه‌وه ئه‌وه ده‌دۆزنه‌وه نه ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێته ئه‌و جێگه‌یه. هه‌مووشى په‌یوه‌سته به‌و كاره ناوه‌كییه‌ى كه مرۆڤى ئێمه نه‌یتوانیوه له خۆیدا ئه‌نجامى بدات. ئه‌ویش خه‌مڵاندن و پیداچوونه‌وه‌ى وێنه‌كانه. ئه‌و جه‌سته‌یه‌ى ئێمه هه‌مانه بۆ ئه‌وه‌یه هى خۆمان بێت، ببێته نماینده‌ى جه‌وهه‌رى خۆمان، نه‌ك وه‌ك شاشه‌یه‌ك وابێت بۆ نیشاندانى هه‌موو كه‌سه‌كانى دیكه جگه له خۆمان. هاوسه‌ره‌كان ناكه‌ونه به‌رهه‌ستى یه‌كتر و ناكه‌ونه به‌ر دیدى یه‌كتر، چونكه له بنه‌ره‌تدا بزربوون. ئه‌م شێواویه‌ش ده‌گوازرێته‌وه بۆ مناڵه‌كان، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه ناتوانێت هه‌نگاوێك بێته پێشه‌وه و خۆى خۆشبوێت، دراوسییه‌كه‌ى خۆشبوێت، وڵاته‌كه‌ى خۆشبوێت. لانىكه‌م هێند تێبگات به ئاسانى نه‌بێته بڵندگۆى ئایدۆلۆژیاكان و بیر‌و باوەڕه‌كان.
3 – هه‌تیوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و هاوسه‌رگیرى كوردى
هه‌تیو له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا خودان برینى قوڵى سایكۆلۆژییه، چونكه كاتێك مناڵێك هه‌تیو ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ى سیسته‌مى حوكمرانى كوردى سیسته‌مێكى باوكئامێزنییه، بۆیه ده‌ردى هه‌تیوى ئالۆزتر خۆى نیشان ده‌دات وه‌ك له مناڵێك كه له رۆژئاوا ده‌ژیت و هه‌تیو ده‌بێت. ئه‌و مناڵه یه‌ك برین هه‌یه رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه ئه‌ویش سۆزى هه‌تیوییه، چونكه سیسته‌مى حوكمرانى وا رێكخراوه كه مناڵ به‌بێ بوونى دایك و بابی و خزم و كه‌س و كاریش هه‌لى ژیانى هه‌یه و سیسته‌مه‌كه ده‌بێته كه‌س و كارى، به‌ڵام هه‌تیوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى جگه له‌وه‌ى بێ داك و باب گه‌وره ده‌بن دواتر ده‌كه‌ونه به‌ر به‌رداشى خزم و كه‌س و كار و چه‌ندیین برینى نوێ ده‌كرێته نێو جه‌سته‌ى سایكۆلۆژییه‌وه، بۆیه باره‌كه‌ى قورستره. ئه‌وه‌ى من لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسى بكه‌م ئه‌وه‌یه كه كاتێك كوڕێك پێشتر هه‌تیو بووه، ئه‌گه‌ر باوكى نه‌مابێت، چوون پێشتر نه‌بوونى باوك له ژیانى ئه‌ودا بۆته گرێیه‌كى ده‌روونى، بۆیه به‌رده‌وام به‌م سۆزه‌وه له هه‌رچى پیاوى دنیاییه نزیك ده‌بێته‌وه. به‌جۆرێك له‌ناو براده‌ر و دۆست و خزم و ته‌نانه‌ت خه‌زوریشیدا به شوێن باوكی‌دا ده‌گه‌رێت. واته ئه‌و تامى باوكایه‌تى ده‌وێت له‌ناو هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ى كه تێكه‌ڵیان ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر كچ بێت خه‌مه‌كه‌ى قورستره؛ چون باوك له زه‌ینى كچدا، شوێنێكى پیرۆزى هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندى هه‌یه به‌وه‌وه كه پیاو بۆلاى ژن ده‌روات و ژنیش بۆ لاى پیاو. هه‌روه‌كو پێشتر روونمكرده‌وه. كه ئه‌م حاڵه‌ته جیاوازه له‌وه‌ى فرۆید به پاڵنه‌رێكى سێكسى گوزارشتی لێ كردووه. ئه‌م كچه كاتێك ده‌چێته نێو پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌وه، به‌رده‌وام له‌ناو هاوسه‌ره‌كه‌ى خۆیدا به شوێن باوكی‌دا ده‌گه‌رێت. ته‌نانه‌ت كاتێك باوه‌شى پیاوه‌كه‌ى خۆى ده‌كات. هه‌ردوو ده‌سته‌كانى له‌ناو قه‌دى ده‌ئاڵێنێ وه‌ك مناڵێك. نه‌ك ده‌ست بكاته ملى و وه‌ك دوو عاشق تێك بئاڵێن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه كاتێك كورێك به نه‌بوونى دایكى هه‌تیو بووه، به‌رده‌وام له‌ناو ژنه‌كه‌ى خۆیدا به شوێن دایكی‌دا ده‌گه‌رێت. جا نه‌بوونى دایكیش بۆ پیاو زۆر قورستره وه‌ك له‌وه‌ى باوكى نه‌بێت، به‌هه‌مان رێساى كچه‌كه كه هه‌یه‌تى بۆ باوكى. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه نه پیاوه‌كه تامى باوك ده‌دات بۆ ژنه‌كه‌ى نه ژنه‌كه‌ش تامى دایك ده‌دات بۆ پیاوه‌كه‌ى، بێهیواییه‌ك هه‌یه به‌رۆكى هه‌ردووكیان ده‌گرێت. بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆیان بزانن له‌سه‌ر یه‌ك شتى بچكۆلانه، ئارامى ماڵه‌كه‌یان تێك ده‌چێت، ناشزانن ئه‌وه‌ى ئه‌م كێشه‌ییه‌ى خوڵقاندووه مێژژوییه‌كى هه‌تیوى به‌جێماوه له‌ناو ده‌روونى خۆیاندا، چوون واعى نین و خۆیان نه‌ناسیوه. نه ده‌زانن بۆ شەڕ ده‌كه‌ن و نه‌شده‌زانن چی‌یان ده‌وێت.
_ 4 سه‌رجێیكردن له‌گه‌ڵ وێنه عه‌مباركراوه‌كاندا
كاتێك ئه‌و وه‌عییه نه‌كه‌وته‌كار و پرسگه‌مان نه‌بێت بۆ هاتنى وێنه‌كانى ناومان، ته‌نانه‌ت ژن و مێرد ئه‌وكاتانه‌ش كه پێکەوە جووت دەبن. چون پیاوه‌كه هه‌ڵگرى وێنه‌ى تایبه‌ت و چێژبه‌خشه و ژنه‌كه‌ش له فه‌زاییه‌كی تردا ده‌ژیت، بۆیه ئه‌وه‌ى پیاوه‌كه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات هاوسه‌ره‌كه‌ى خۆى نییه، به‌ڵكو ئه‌و وێنه‌ییه، به‌ڵام له‌ناو جه‌سته‌ى ژنه‌كه‌یدا به‌ریده‌كه‌وێت. بۆیه جووتبوون له‌جیاتى ئارامى رۆحى و به جێهێشتنى جه‌سته و گه‌یشتن به شوێنێكى دیكه له‌ناو خۆتا، زیاتر به‌ره‌و جیهانى جه‌سته هه‌نگاو ده‌نێت و وێنه‌كه زیاتر هێز په‌یدا ده‌كات. دورتر ده‌كه‌وێته‌وه هه‌م له خۆى، هه‌م له یار. چونكه له‌باره سروشتییه‌كه‌ى جووتبوون هاوسه‌ره‌كاندا، ئیتر جه‌سته داده‌مركێت و جیهانى یار ده‌ست به ده‌ركه‌وتن ده‌كات و مرۆڤ هه‌ست به عاله‌مێكى دیكه ده‌كات. خۆشه‌ویستییه‌كى تازه هه‌یه هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه به‌ریده‌كه‌ون. له راستیدا ئاسوده‌یى له‌و جیهانى جه‌سته‌وه‌یه به‌جۆریك نا ئێمه جه‌سته نه‌فی بكه‌ین نه‌خێر! جه‌سته كۆمه‌ڵێك مه‌نزڵى خۆى هه‌یه، ده‌بێت بیگه‌ێنینه ئه‌و مه‌نزڵه. ئیتر جه‌سته واز له جیهانى ناوه‌وه‌مان ده‌هێنێ و بیركردنه‌وه و خه‌یاڵمان باشتر ده‌توانێت له خۆى تێبگات. واته جووتبوونی هاوسه‌رانه، مه‌رجى وه‌دیهاتنى یاره و ئیتر یار ئه‌و مه‌حاڵه نییه ده‌ستمان پێی نه‌گات. له‌دوایى ئه‌م باره‌وه مرۆڤ هیچ نه‌بێت ئه‌و جیهانه ئاسوده‌ییه ده‌ناسێت تا ئه‌و ئاسته‌ى بتوانێت بێ ئه‌و ده‌رگایه، له‌و جیهانه‌دا ئامادەگی په‌یدا بكات. چونكه غه‌ریزه‌ى سێكسى كاتێكى هه‌یه بۆ ته‌واوبوون و ئیتر له ته‌مه‌نێكى دیاریكراودا ده‌كوژێته‌وه. خۆ ئه‌و مرۆڤه ئه‌وكاتانه‌ى كه له‌وپه‌رى به هێزییدا نه‌یتوانیبێت لە ساییەی ئه‌م ده‌رگایه ئه‌و جیهانه‌ى كه‌شفكردبێت، ئه‌و كاته زۆر سه‌خت به‌سه‌ریدا ده‌شكێته‌وه. ئێمه بۆیه له پیرى ده‌ترسین، چونكه ژیانێكى دیكه شك نابه‌ین جگه له جیهانى جه‌سته‌و خه‌یاڵه‌كانى. هه‌ر كاتێك ئه‌و جیهانه‌مان دۆزییه‌وه زوتر حه‌ز له پیرى ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌وكات وه‌ك سێبه‌رێك و وێنه‌یه‌ك باشتر ده‌توانین له‌گه‌ڵ چه‌مكه بالاكان و به‌ها ره‌وشتییه‌كاندا مامه‌ڵه بكه‌ین و چێژى ئه‌و جیهانه مه‌ستمان بكات.
دیاره پله‌ى ئه‌و ئامادەبوونە بریتییه له لایه‌نى مه‌عنه‌ویى و ره‌وشتى ئه‌و مرۆڤه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه خودى چاوى دووه‌مییه‌تى. ئه‌و منه باڵایه‌یه كه مامه‌ڵه‌ى پێ ده‌كات و شوناسى لێ وه‌رده‌گرێت. سۆفییه‌كان زۆر باشتر و بانتر له ئێمه له‌مه تێده‌گه‌ن، چونكه سۆفیزم هه‌وڵى گه‌وره‌بوونى رۆحى و ره‌وشتى مرۆڤه و وه‌رزشى خۆ جڵه‌وكردنه. بۆیه نمونه‌ى زۆر جوان و پڕ به‌ها هه‌ن له مێژووى سۆفیگه‌ریدا كه چۆن مرۆڤى گه‌وره‌گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێناوه. چونكه تێده‌گات هه‌ر ئه‌وه قوه‌تى ئیمانه‌كه‌شییه‌تى. بۆیه سۆفییه‌كان هێند به ته‌ماعن، به‌دواى پله‌یه‌كدا ده‌گه‌رێن كه هه‌موو بوونى خۆیانى تێدا مه‌حو بكه‌نه‌وه و شتێك نه‌مێنێته‌وه به‌ناوى منه‌وه و هه‌مووى ببێت به یار. دیاره یارى ئه‌وانیش (خودا، پێغمبه‌ر، شێخ، رابه‌رى رۆحى…) هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى ده‌یكه‌نه هۆى گه‌وره‌بوونى مه‌عنه‌ویاتیان.
لێره‌دا له به‌هاى غه‌ریزه‌ى سێكس ده‌گه‌ین، كه جگه له پاراستنى نه‌سلى مرۆڤایه‌تى، وه‌زیفه‌ى رۆحیشى به خۆووه گرێداوه. چونكه هه‌موو شتێك هه‌موو جه‌سته و ته‌نێك جگه له وه‌زیفه واقعییه‌كه‌ى وه‌زیفه‌یه‌كه‌ى عه‌قلى و میتافیزیكیشى له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ى شته‌كان، ده‌توانین بڵێین ده‌سته‌یه‌كى كه‌من و زۆرینه ناكه‌ونه نێو ئه‌م جیهانه‌وه. ئێستا تێده‌گه‌ین كه وێنه راسته‌قینه‌كانى ژن و مێردى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ناو چ ئاڵۆزیى و په‌شێوییه‌كدا گوزه‌رده‌كات و گه‌شه‌ده‌كات. تێده‌گه‌ین كه كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه سه‌رچاوه‌ى چ قه‌له‌قى و نیگه‌رانییه‌كه. هه‌موو ئه‌وشتانه‌شى كه به‌رهه‌مى ده‌هێنێت وه‌ك ( حیزب، خێزان، حكومه‌ت، تاك، پیاوى ئاینى، مامۆستا…)، شتگەلێكن شوناسى نییه و هه‌ر رۆژه به وێنه‌یه‌كه‌وه خۆى نمایشده‌كات و سیسته‌م و په‌یڕه‌وى نییه و دواجاریش ناتوانێت ببێته جیهانێكى ئاسوده و ئارام و تاك ناتوانێت وه‌ك نیشتیمان، ماڵ، ئینتماى بۆى هه‌بێت. بۆیه ئێمه پێویستمان به په‌روه‌رده‌یه‌كى ده‌روونى و مه‌عنه‌وییه له ئاسته راست و دروسته‌كه‌یدا. كه خه‌ونى تاكه تاكه‌ى كۆمه‌ڵگاكه بێت و ئیشى ناوه‌كى تاكه‌كان بێت. ئه‌وه ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌یه كه ده‌توانێت له‌و سه‌ره‌وه مرۆڤ به‌رهه‌م بهێنێت، نه‌ك رۆبۆت. ئه‌مه‌ش له ده‌روونى خۆماندا ئه‌نجام ده‌درێت.
پەراوێز:
(1) ژوورى ژنه رووته‌كان، بابەتێکە لە ژمارەکانی تری سایتی (ترانسکولتوور) بڵاوکراوەتەوە.