نووسەر: برایان ترەیسی
وەرگێڕ لەیلا قادری
پێشەکیەکی کورتی وەرگێڕ
ئەو كتێبە چكۆلە و بە ناوەرۆك گەورەیە، وەبیر ژنانی دێنێتەوە كە خاڵە بەهێزەكانی خۆیان لە بەرچاو بگرن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەهێزتریان بكەن. باس لەوە دەكات كە ژنان نابێ هەستی متمانە بە خۆیان بێتە خوارێ.
برایان ترەیسی كەسایەتییەكی ناسراوە لە بواری كەڵكوەرگرتنی باشتر لە كات و چاكسازیی كردەوەی تاكەكەسی.
ئەو، هەموو ساڵێ زۆرتر لە سەدهەزار كەس فێری بنەما و شێواز و تەكنیكەكانی چاكسازی كردەوەی تاكەكەسی دەكات. ئەو مرۆڤ فێر دەكات كە چۆن دەتوانن هاوكات لەگەڵ سازكردنی هاوسەنگی لە ژیانیاندا، پێشكەوتنی خۆیان دوو یان سێ بەرامبەر بكەن.
ئەم كتێبە چكۆلە بە ناوەرۆك گەورەیە، بە فێركردنی ڕەمز و ڕازەكانی سەركەوتن بۆ ژنان لە ژیان و لە كار و هەروەها باشترینی ئەو بیر و باوەڕ و شێوازانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، دەخاتە ڕوو.
نووسەر لەم کتێبەدا بە بڕگەی کورت کورت چەغت لە بیرۆکەکانی دەکات و ئێمەیش تەواویی کتێبەکە وەک خۆی لێرەدا بە چەند بەشێک دەیخەینە ڕوو.
بەشی چوارەم و کۆتایی
ژنان باریكبینی و ڕووناكبینی زۆرتریان هەیە، ئێوە خاوەنی هێزی باڵای تێگەیشتنن.
***
بنج و بناوانی زۆربەی دڵەكوتە و پەرۆشییەكان، نەچوونە ژێر یان بەرامبەر نەبوونەوە لەگەڵ هێندێك ڕاستەقینە تاڵەكانی ژیانە.
***
هەركات بە هەر هۆیەك دڵتان گیرا، لە خۆتان بپرسن: «چ بابەتێك لە ژیانمدا هەیە كە نامهەوێ قەبووڵی بكەم؟»
دڵەكوتە و نیگەرانی لە ناخی دەروونەوە سەرچاوە دەگرێ. نیگەرانی، وڵامی ئێوەیە بە بارودۆخ و پێگەكان، نەك خودی ئەوان.
***
هۆی خەم و ئازارەكەتان هەرگیز ئەو بابەتە نییە كە بیری لێ دەكەنەوە. هۆكارەكە هەمیشە بابەتێكی دیكەیە.
***
كاتێك لەگەڵ كەسانی نەرێنی سەروكارتان هەیە، لە بیری مەكەن كە ئێوە تەنیا نیشانەی كاردانەوەی نەرێنی ئەوان نین، بەڵكوو دەبنە قوربانیی ئەوانیش.
***
لە ڕۆژدا كاتێك تەرخان بكەن بۆ دانیشتن لە بێدەنگیدا، ئارام بوون، مێدیتەیشێن، عیبادەت و گوێ شل كردن بۆ بێدەنگی.
***
وەها خۆتان سەرقاڵی ئەو كارە بكەن كە لاتان گرینگە كە ئیدی دەرفەتێك بۆ ئازاركێشان، دڵەكوتە و نیگەرانی نەمێنێ.
***
ئەگەر بڕیارە چەند ساتوكاتێك لەگەڵ بنەماڵە یان هاواڵەكانتان تێپەڕ بكەن، پێویستە پێشەكی بەرنامەتان بۆ داڕشتبێ. بەو چەشنەی بۆ كار و ئیشەكەتان بەرنامە دادەڕێژن.
***
كات و تێچوونی پشوودان و سەفەرەكانتان لە سەرەتای هەر ساڵێكەوە دیاری بكەن. ئەو شێوازە زەمانەتی ئەوە دەكا كە حەتمەن ئەو كارە سەر بگرێ.
***
بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانتان لە وزە و هێزتان پێڕەوی بكەن. كاتێك كارە گرینگەكان ئەنجام بدەن، كە بەگوڕتر و شادترن.
***
بەردەوام بۆ پێوەندی لەگەڵ پیاوان و ژنانی سەركەوتوو تێبكۆشن.
***
دەتوانن كاتژمێرێك زووتر لە خەو هەستن و بەرنامە بۆ ئەو كارانە دابڕێژن كە بڕیارە لە ماوەی ئەو ڕۆژەدا ئەنجامی بدەن.
***
لە كاتێكی دیاریكراودا لیباس مەشۆن، بەڵكوو هەركات هەلێك ڕەخسا، ئەو كارە بكەن.
***
حەوتووی جارێك، بۆ كڕینی خواردەمەنی بچنە دەرێ. ئەویش تەنیا لە فرۆشگەیەك. پێرستێك ساز كەن و لە كاتی بێكاریدا بچن بۆ كڕین.
***
چێشتێكی زۆر لێنێن و بۆ كەڵك وەرگرتن لە ڕۆژانی داهاتوودا لە فریزێری بخەن.
***
كارەكانتان پۆلێنبەندی بكەن و بۆ پاشقڵ كردنی كاتەكەتان، كارە هاوچەشنەكان پێكەوە ئەنجام بدەن.
بۆ هەركام لە منداڵەكانتان لە ڕۆژدا وەختێكی تایبەت تەرخان بكەن. باشترین كات بۆ ئەم كارە، كاتێكە كە منداڵان بۆ خەوتن دەچنە نێو پێخەفەكەیانەوە.
***
منداڵەكەتان فێری سەربەخۆیی بكەن. ئەوان بۆ چێشتلێنان، پاكوخاوێنی و هاوكاری لە كاروباری نێوماڵ هان بدەن.
***
كارەكانتان كاتبەندی بكەن، بۆ ئەوەی بە كەڕەتێك چوونە دەرێ، بتوانن چەند كار پێكەوە بكەن.
***
قژی سەرتان بە جۆرێك ڕاگرن كە شوشتنەكەی و ئاگاداری لێكردنەكەی ئاسان بێ.
***
بەر لە خەوتن، لیباسەكانی سبەینێتان ئامادە بكەن.
***
لە هەموو كەسدا خاڵە لاوازەكان لە خاڵە بەهێزەكان زۆرترن.
***
ژنانی كارامە لە جیاتی شەڕ و هەڵڵا، بیر لە چۆنیەتی كردەوەی خۆیان دەكەنەوە.
***
قەت بە دوای كەسێكی هەرەچاكدا مەگەڕێن، هەموو ژنان و پیاوان تێكەڵێكن لە خاڵی لاواز و خاڵی بەهێز.
***
مەبەست و ئامانجی هەموو ڕێكخراوەیەك پتەو كردنی خاڵە بەهێزەكان و لەنێوبردنی خاڵە لاوازەكانی تاكەكانە.
***
لە سەر كار جیددی و سوور بن و بە شێوازێك لیباس بپۆشن كە خەڵكیش بە جیددیتان بگرێ.
***
باشترین ڕێ بۆ تاودانی ئەسپ، ئەو ڕێیەیە كە ئەسپەكە بۆخۆی دەیدۆزێتەوە.
(مێدی بەیكێر فوولێت، ڕاوێژكاری بەڕێوەبەرایەتی لە دەیەی بیستدا)
***
پێوانە و ڕێسایەكی بەرزتان هەبێ بۆ خۆتان. خۆتان بكەنە سەرمەشق بۆ خەڵك.
***
ژنانی گەورە بە چەشنێك هەڵسوكەوت دەكەن، دەڵێی لە ژێر چاوەدێری هەموو كەسدان. تەنانەت ئەگەر كەسیش نەیانبینێ.
***
زۆر جار بۆ ئەوەی خەڵك، ئەو ڕێز و ڕەفتارەی لەگەڵ پیاوانی دەوروبەرتانی دەكەن، لەگەڵ ئێوەش هەیانبێ، دەبێ زۆرتر تێبكۆشن و بەرزتر بێنە بەرچاو.
***
لە ماڵێ، بە بابەتە تاكەكەسییەكانتان ڕابگەن و مەیانبەنە شوێنی كارەكەتان.
***
ڕاشكاوانە قسە بكەن و بۆ دەربڕینی مەبەستەكانتان درێژدادڕی مەكەن.
ئەگەر لەگەڵ بابەتێك دژایەتیتان هەیە، بیروڕای خۆتان ڕاشكاوانە دەرببڕن. زۆر جار، بێدەنگی، بە مانای ڕەزامەندی، ناشارەزایی و گەمژەیییە.
***
بە هیچ كلۆجێك لە سەر كار دەنگتان بەرز مەكەنەوە و هەڵمەچن. ئەو كارە تەنیا دەتوانێ بە زەرەری ئێوە تەواو بێ.
(دیانا فێین ئیستێین، ئەندامی سێنا ئەمەریكا)
***
چەم هەڵگری لە خۆتاندا پەروەردە بكەن. كاتێك لەگەڵ كۆسپ و تەگەرەكان ڕووبەڕوو دەبنەوە، بە جێی وردبوون و لەنێوچوون، چەمهەڵگر و لاستیكی بن تا بتوانن دووبارە سەر هەڵێننەوە.
***
خۆتان فێر بكەن هەموو كارێك تەواو بكەن. هیچ كارێك بە نیوەچڵی بەجێ مەهێڵن.
سەرنج بدەنە ئەو دەسكەوتانەی لە كارەكانتان وەدەستی دێنن و بەردەوام كاروبارەكانتان دروست بكەنەوە. لە هەر ئەزموونێك دەرس وەربگرن.
جەستەتان پەرستگەی ڕۆح و ڕەوانتانە. بە خۆشەویستی و سەرنجەوە ئاگاداری لێ بكەن.
***
ژنانی كارامە هەمیشە و هەموو كات بڕیاری دروست نادەن، بەڵام بڕیارە هەڵەكانیان چاك دەكەنەوە.
***
زۆرتر تێبكۆشن بزانن ڕاستەقینە چیە، بە دوای ئەوەدا مەبن بزانن حەق بە كێیە؟
لە كاتی كاركردندا لەگەڵ خەڵك هاوئاهەنگ و سازگار بن. هەروەها گفت و لفتتان لەگەڵیان خۆش بێ و سەر و زمانخۆش بن.
***
یاسای ئاڵتوونی بۆ وێككەوتنەكان بە كار بێنن: وەها لەگەڵ خەڵك بجووڵێنەوە، كە پێتان خۆشە لەگەڵتان بجووڵێنەوە.
***
بۆ وەدیهێنانی خەون و خولیاكانتان سڵ لە مەترسی مەكەن و لە بیری ئاسوودەییدا مەبن.
***
پێویست ناكا ببنە كەسێكی جیاواز لەوەی هەن. تەنیا دەبێ تواناییەكانتان بە كار بێنن.
***
بوێری یەكێكە لە گرینگترین تایبەتمەندییە ئەخلاقییەكان، بە چەشنێك كە تایبەتمەندییەكانی دیكە پێوەندییان بەوەوە هەیە.
هەموو جۆرە پێشكەوتێكی گەورە لە ژیاندا، بە بازدان و پەڕین بۆ لای ئیمان و هەنگاو نان لە سەر ڕێگا نەناسراوەكان دەست پێدەكات.
***
بۆ هەبوونی كردەوەیەكی زۆر باش، چاكسازی بەردەوامی كاروباری تاكەكەسی و پیشەیی، وەك سەكۆیەكی بازدان دێتە ئاراوە.
***
هیچ كارێكی گەورە بەبێ كۆڵنەدان و تێكۆشان بە ئاكام نەگەیشتووە.