ئەفسانەی ئازادیی

بەم زووانە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان باشتر لەخۆت تۆ دەناسن. بڕوابوون بە ئایدیای “ویستی ئازاد” بووەتە شتێکی خەتەرناک.

یوڤاڵ نوح حەراری

وەرگێرانی سەروەر محەمەد

Image: Pete Linforth

ئایا پێویستە توێژەران خزمەتی ڕاستیی بکەن تەنانەت ئەگەر بدات لە سازانی کۆمەڵایەتیی؟ ئایا پیویستە خەیاڵێک ئاشکرابکەیت تەنانەت ئەگەر ئەو خەیاڵە پاڵپشتی نەزمی کۆمەڵایەتیی بێت؟ لە میانی نووسینی کۆتا کتێبم-دا، ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١،  پێویست بوو لەگەڵ ئەم کێشەیە و پەیوست بە لیبڕالیزمەوە بکەومە کێشمە کێشمەوە.

لەلایەکەوە، بڕوام وایە چیرۆکی لیبڕاڵ(1) خەوشدارە، ئەوەش ئەوەیە کە ڕاستیی مرۆڤایەتی باس ناکات و بۆ ئەوەی لە سەدەی ٢١ دا ڕزگارمان بێت و پێش بکەوین پێویستە تێیپەڕێنین. لە لایەکی ترەوە، لە ئێستادا چیرۆکی لیبڕاڵ هێشتا بنچینەی کارکردنی نەزمی جیهانییە. زیاد لەوەش، ئێستا لیبڕالیزم لەلایەن ئەو دەمارگیرە ئاینیی و نەتەوەییانەوە هێرشی دەکرێتە سەر کە بڕوایان بەو خەیاڵە نۆستالیجیانە هەیە کە زۆر خەتەرناکتر و بەزیانترن.

لەبەرئەوە، ئایا پێویستە بەڕاشکاویی قسەی خۆم بکەم، ئەو خەتەرە قبووڵ بکەم کە لەوانەیە سیاسیی و دیکتاتۆرەکان وشەکانی من لە میانی (کۆتێکست) خۆیان دەربهێنن و بەکاریان بهێنن بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر نەزمی لیبڕاڵ؟ یان ئایا پێویستە ئاگاداری قسەکانی خۆم بم؟ ئەوە نیشانەی ڕژێمە نالیبڕاڵەکانە کە وا دەکەن تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوان دەربڕینی ڕای ئازاد قوورس بێت. بەهۆی بلاوبوونەوەی ئەم جۆرە ڕژێمانە، بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە لە داهاتووی ڕەگەزی مرۆڤایەتی قوورستر و قوورستر دەبێت.

لە کۆتاییدا، لەبری ئاگاداربوون لە قسەکانم، گەنگەشەی ئازادم هەڵبژارد، ئەمەش بەهۆی بڕوای من بوو بە هەریەک لە هێزی لیبڕاڵ دیموکراسی و پێویستیی نوێکردنەوەی. سوودی گەورەی لیبڕالیزم لە چاو ئایدیۆلۆجیاکانی تر ئەوەیە کە نوشتۆک و نادۆگماییە. دەتوانێت لە هەر نەزمێکی کۆمەڵایەتی تر زیاتر پشتیوانی ڕەخنە بێت. بێگومان، تاکە نەزمی کۆمەڵایەتییە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات تەنانەت بنەماکانی خۆی بخەنە ژێر پرسیارەوە. پێشتر لیبڕاڵیزم لە سێ تەنگژەی گەورە ڕزگاری بووە- جەنگی یەکەمی جیهانیی، ئاڵەنگاریی فاشیزم لە ١٩٣٠ و ئاڵەنگاریی کۆمیونیزم لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠- ١٩٧٠. ئەگەر پێتوایە ئێستا لیبڕالیزم لە خەتەردایە ئەوا تەنها لەبیرت بێت کە شتەکان لە ساڵانی ١٩١٨، ١٩٣٨ یان ١٩٦٨ چەند خراپتر بوون.

لە ساڵی ١٩٦٨، وا دەردەکەوت ڕەگەزی لیبڕاڵ دیموکراتەکان لەژێر مەترسیدا بێت، تەنانەت لە ناو سنوورەکانی خۆیاندا لەلایەن ئاژاوەچی، بکوژ، هێرشە تیرۆریستیەکان و شەڕە ئایدۆلۆجییە گەرمەکانەوە هێرشیان دەکرایە سەر. ئەگەر ڕوویدابێت لەو ڕۆژەی کە تێیدا لە واشنگتۆن (مارتن لوسەر کینگ) کوژرا لە ناو ئاژاوەگێڕەکاندا بووبێت، یان لە مانگی پێنجی ١٩٦٨ لە پاریس بووبێت، یان لە ئۆگێستی ١٩٦٨ لە کاتی ڕێکەوتننامەی پارتی دیموکرات لە شیکاگۆ بووبێت، لەوانەیە وا بیرت کردبێتەوە کە کۆتایی نزیکە. لە کاتێکدا واشنگتۆن، پاریس و شیکاگۆ نوقمی ئاژاوە بوون، مۆسکۆ و لێنینگراد ئارام بوون، هەروەها وا دەردەکەوت سیستەمی سۆڤیەت بۆ هەمیشە بەردەوامبێت. ئەمە لە کاتێکدا، بیست ساڵ دواتر ئەوە سیستمی سۆڤیەت بوو کە داڕوخا. پێکدادانەکانی ساڵانی ١٩٦٠ەکان بوونە هۆی بەهێزبوونی لیبڕاڵ دیموکراسی، لە کاتێکدا کەشوهەوا کونبڕەکەی بلۆکی سۆڤیەت موژدەی مردنی خۆی بوو.

لەبەرئەوە هیواخوازین جارێکی تر لیبڕالیزم بتوانێت خۆی ڕێکبخاتەوە. بەڵام ئەمڕۆ ئاڵەنگاریی سەرەکیی لە بەردەمیدا فاشیزم و کۆمیۆنیزم نییە، تەنانەت ئەو دەسەڵاتە سیاسییە فریودەر و دیکتاتۆرانە نین کە وەکو بۆقەکانی دوای باران بە هەموو لایەکدا بازبازێنیانە. ئەم جارە ئاڵەنگاریی سەرەکیی لە تاقیگەکانەوە سەریهەڵداوە.

لیبڕاڵیزم لەسەر بڕوا بە ئازادیی مرۆڤ بیناکراوە. بە پێچەوانەی جرج و مەیمونەکان، وا بڕوایە مرۆڤەکان “ویستی ئازاد”یان هەبێت. ئەمە ئەوەیە کە هەستەکانی مرۆڤ و بژاردەکانی مرۆڤ دەکاتە کۆتا دەسەڵاتی سیاسیی و ئەخلاقیی لە جیهاندا. لیبڕالیزم پێت دەڵێت کە  دەنگدەر باشترین دەزانێت، کە کڕیار(موشتەری) هەمیشە ڕاستە، هەروەها کە پێویستە بۆ خۆمان بیربکەینەوە و بەقسەی دڵمان بکەین.

بەداخەوە، “ویستی ئازاد” حەقیقەتێکی زانستیی نییە. ئەفسانەیەکە کە لە ئاینناسیی مەسیحییەوە(2) لەناوماندا چێنراوە. ئاینناسەکان پەرەیان بە ئایدیای “ویستی ئازاد” داوە تاوەکو ئەوە لێک بدەنەوە کە بۆچی خودا لە سزادانی گوناهباران لەبەرامبەر بژاردە خراپەکانیان و پاداشکردنی چاکەکاران لەبەرامبەر بژاردە باشەکانیاندا، ڕاستە. ئەگەر بڕیارەکانی ئێمە بە ئازادی نەدرابن، بۆچی پێویستە خودا لەبەرامبەریاندا پاداشت یان سزامان بدات؟ بەپێی ئاینناسان، کردنی کارێکی وەها لەلایەن خوداوە ژیرانەیە، لەبەرئەوەی بڕیارەکانی ئێمە ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی ڕۆحە ناوەکییەکانی ئێمەن، کە سەربەخۆیە لە هەموو سنووردارییە فیزیکیی و بایۆلۆجییەکان. 

ئەم ئەفسانەیە هیچ سەروکاری لەگەڵ ئەوە نییە کە ئێستا زانست لەبارەی مرۆڤی ژیر(3) و ئاژەڵەکانی تر پێمان دەڵێت. بێگومان مرۆڤەکان ویستیان هەیە- بەڵام ئازاد نیین. تۆ ناتوانی بڕیار لەسەر ئەو ئارەزووانە بدەیت کە هەتن. ناتوانی بڕیار بدەیت گۆشەگیر یان کراوە بیت، هێمن یان نیگەران بیت، هاوڕەگەزباز یان ”ئاسایی” بیت. مرۆڤەکان هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن- بەڵام هەرگیز هەڵبژاردنی سەربەخۆ نین. هەر هەڵبژاردنێک بەندە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە هەلومەرجی بایۆلۆجی، کۆمەڵایەتیی و کەسیی کە تۆ ناتوانیت بۆ خۆتیان دیاری بکەیت. دەتوانم هەڵبژێرم چی بخۆم، لەگەڵ کێ هاوسەرگیریی بکەم و دەنگ بە کێ بدەم، بەڵام ئەم بژاردانە بەشێوەی بەشەکیی لەلایەن جینەکانم، بایۆ-کیمیام، جێندەرم، پاشخانی خێزانیم، کولتووری نەتەوەییم و شتی تر دیاری کراون- وە من جینەکان و خێزانی خۆمم بۆخۆم هەڵنەبژاردووە.

ئەمە تیۆرییەکی ئابستراکت نییە. دەتوانیت بە ئاسانیی ئەمە ببینیت. تەنها چاودێریی بیرۆکەی داهاتووت بکە کە بە مێشکت دادێت. لە کوێوە هات؟ ئایا تۆ ئازادانە بڕیارتدا بیری لێ بکەیتەوە؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر بە وریاییەوە چاودێریی مێشکت بکەیت، درک بەوە دەکەیت کە کۆنتڕۆڵێکی کەمت بەسەر ئەوەدا هەیە کە چی ڕوودەدات تێیدا و ئازادانە بڕیار لەسەر ئەوە نادەیت بیر لە چی بکەیتەوە، هەست بە چی بکەیت و چیت بوێت.

هەرچەندە “ویستی ئازاد” هەمیشە ئەفسانەیەک بووە، لە سەدەکانی پێشوودا ئەفسانەیەکی یارمەتیدەر بووە. هانی خەڵکی داوە تا لە دژی دادگای باوەڕدۆزیی(4)، مافی خودایی پادشاکان، KGB(5) و KKK(6) شەڕ بکەن. هەروەها ئەفسانەکە بارگرانییەکی کەمی هەبوو. لە ساڵانی ١٧٧٦ یان ١٩٤٥ دا بڕوابوون بەوەی کە هەستەکانت و بژاردەکانت بەرهەمی هەندێک “ویستی ئازاد”ن لەبری ئەوەی دەرەنجامی بایۆ-کیمیا و دەمارزانیی(7) بن مەترسی کەمتر بوو. 

بەڵام ئێستا بڕوابوون بە “ویستی ئازاد” لە پڕێکدا دەبێت بە خەتەرناک. ئەگەر حکومەتەکان و کۆمپانیاکان سەرکەوتووبن لە هاککردنی مرۆڤ ئەوا ئاسانترین خەڵک بۆ هەڵخەڵەتاندن ئەوانە دەبن کە  بڕوایان بە ویستی ئازاد هەیە.

بۆئەوەی بە سەرکەوتوویی مرۆڤەکان هاک بکەیت، دوو شتت پێویستە: تێگەیشتنێکی باش لە بایۆلۆجی و توانایەکی زۆری هەژمارکردن. دادگای باوەڕدۆزیی و KGB ئەم زانین و توانایەیان نەبوو. بەڵام لەوانەیە بەم زووانە، کۆمپانیاکان و حکومەتەکان ببنە خاوەنی هەردووکیان. کاتێک توانیان هاکت بکەن نەک هەر دەتوانن پێشبینی بژاردەکانت بکەن، بەڵکو دەتوانن دووبارە هەستەکانت دیزاین بکەنەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش، کۆمپانیاکان و حکومەتەکان پێویستیان بەوە نییە بەتەواوەتی تۆ بناسن. ئەمە نەکردەیە. تەنها پێویستە کەمێک باشتر لە خۆت تۆ بناسن. ئەمەش نەکردە نییە، لەبەرئەوەی زۆرینەی خەڵک زۆرباش خۆیان ناناسن.

ئەگەر تۆ بڕوات بە چیرۆکی کۆنی لیبڕاڵ(8)هەبێت، ئەوا بە ئاسانیی هەڵدەخەڵەتێنرێیت تا ئەم ئاڵەنگارییە ڕەت بکەیتەوە. “نا، ئەمە هەرگیز ڕوونادات. هەرگیز کەس ناتوانێت ڕۆحی مرۆڤ هاک بکات، لەبەرئەوەی شتێک هەیە کە دەکەوێتە زۆر ئەودیوی جینەکان، نیوڕۆنەکان و ئەلگۆریزمەکان. هیچ کەس ناتوانێت بەسەرکەوتوویی پێشبینی بژاردەکانم بکات و یارییان پێ بکات، چونکە بژاردەکانم ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی منن.” بەداخەوە، ڕەتکردنەوەی ئاڵەنگارییەکە نابێتە هۆی نەهێشتنی. تەنها وادەکات لە بەرامبەریدا بێ دەسەڵاتتر بیت.

بە شتی سادە دەست پێدەکات. کاتێک بەناو ئینتەرنێتدا دەگەڕێیت، مانشێتێک سەرنجت ڕادەکێشێت: “دەستەیەک چەتەی کۆچبەر دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی ناوچەیی”. کرتەی لەسەر دەکەیت. ڕێک لەهەمان کاتدا، دراوسێکەشت خەریکی گەڕانە بەناو ئینتەرنێتدا، مانشێتێکی جیاواز سەرنجی ڕادەکێشێت :”تڕەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ هێڕشکردنە سەر ئێران بە بۆمبی ناوکیی”. کرتەی لەسەر دەکات. هەردوو مانشێتەکە هەواڵی ناڕاستن و لەوانەیە لەلایەن تڕۆڵە (troll) ڕووسیەکانەوە هەڵبەسترابن، یان ماڵپەڕێک درووستی کردبن لە پێناوی زیادکردنی قەرەباڵغی بۆ زیادکردنی داهاتی ڕیکلامەکەی. هەریەک لە تۆ و دراوسێکەت وا هەست دەکەن کرتەکردن لەسەر ئەو مانشێتانە ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی خۆتان بووە. بەڵام لەڕاستیدا هاک کراون.

بێگومان پڕوپاگەندە و فریودان شتی نوێ نین. بەڵام، لەکاتێکدا کە لە ڕابردوودا وەکو بۆمبارانێکی ڕەشۆکیی کاری کردووە، لە ئێستادا خەریکن دەبن بە تەقەمەنی ورد-ئاڕاستەکراو. کاتێک (هیتلەر) لەسەر ڕادیۆ وتاری دا، مەبەستی بوو بگاتە چینی هەرە نزمی خەڵک، لەبەرئەوەی نەیدەتوانی قسەکانی بەشێوەیەک داڕێژێت تایبەت بن بە لاوازییە تاقانەکانی مێشکی هەر یەک لە تاکەکان. ئێستا، کردنی ئەو کارە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بووە بە شیاو. ئەلگۆریزمێک دەتوانێت بزانێت کە تۆ مەیلت بەلای کۆچبەراندا نییە، ئەمە لە کاتێکدا دراوسێکەت ڕقی لە تڕەمپە، ئەمەش وا دەکات تۆ مانشێتێک ببینیت لە کاتێکدا دراوسێکەت مانشێتێکی تەواو جیاواز دەبینێت. لەم ساڵانەی دواییدا، هەندێک لە زیرەکترین کەسەکانی دونیا کاریان لەسەر هاککردنی مێشکی مرۆڤ کردووە تا وات لێبکەن کرتە لەسەر ڕیکلامەکان بکەیت و شتت پێ بفرۆشن. ئێستا ئەم میتۆدانە بۆ ئەوە بەکاردێن سیاسییەکان و ئایدۆلۆجیاکانیشت پێ بفرۆشن.

ئەمەش تەنها سەرەتایەکە. لە ئێستادا، هاککەرەکان پشتیان بەستووە بە شیکردنەوەی سیگناڵەکان و چالاکییەکان لە جیهانی دەرەوەدا: ئەو بەرهەمانەی تۆ دەیانکڕیت، ئەو شوێنانەی تۆ سەردانیان دەکەیت، ئەو وشانەی بە شێوەی ئۆنلاین بۆیان دەگەڕێیت. بەڵام، هێشتا، لە چەند ساڵی داهاتوودا هەستەوەرە بایۆمەترییەکان(9) دەتوانن ڕێگای ڕاستەوخۆ بدەن بە هاککەرەکان تا دەستیان بگات بە جیهانی ناوەوەی تۆ، ئەوکاتە دەتوانن چاودێری ئەوە بکەن چی لەناو دڵی تۆدا ڕوودەدات. نەک ئەو دڵە مێتافۆڕەی کە دڵخوازی خەیاڵە لیبڕاڵەکانە، بەڵکو ئەو پەمپە ماسولکەییەی کە پەستانی خوێن و زۆربەی چالاکیی مێشکت ڕێک دەخات. ئەو کاتە هاککەرەکان دەتوانن ڕێژەی لێدانی دڵت بە داتای کردیت کارتەکەتەوە(10) ببەستن، پەستانی دڵت بە مێژووی گەڕانتەوە [مەبەست گەڕانی ناو ئینتەرنێتە] ببەستن. ئایا دادگای باوەڕدۆزیی و KGB چییان بەو بازنە بایۆمێتریکیانە دەکرد کە بەبەردەوامی باری دەروونی و مەیلەکان دەگوازنەوە؟ چاوەڕێبکە و ببینە. 

لیبڕالیزم کۆمەڵێکی زۆر لە ئاڕگومێنت و دامەزراوەی سەرنجڕاکێشی پەرەپێداوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادییە کەسییەکان لە دژی ئەو هێرشە دەرەکییانەی لەلایەن حکومەتە سەرکوتکەرەکان و ئایینە توندڕەوەکانەوە دەکرێنە سەری، بەڵام نائامادەیە بۆ بارودۆخێک کە تێیدا ئازادیی کەسیی لە ناوەوە لەبن دێت و کاتێک چەمکەکانی “تاک” و “ئازادیی” ئیتر وەها مانایەکیان نامێنێت. بۆئەوەی لە سەدەی ٢١ دا ڕزگارمان بێت و سەربکەوین پێویستە ئەو بۆچوونە ساویلکەیە تێپەڕێنین کە مرۆڤەکان وەک تاکی ئازاد دەبینێت- بۆچوونێک کە بەهەمان ئەندازە لە ئاینناسیی مەسیحی و ڕۆشنگەری مۆدێرنەوە تێماندا چێنراوە- و بگەینە ئەو تێرمانەی کە بەڕاستی پێمان دەڵێن مرۆڤەکان چین: ئاژەڵی شایەن بە هاککردن. پێویستە باشتر خۆمان بناسین.

بێگومان، ئەمە ئامۆژگارییەکی تازە نییە. هەر لە سەردەمی کۆنەوە، دانایان و پیاوچاکان بەردەوام ئامۆژگاریی خەڵکیان کردووە تا “خۆیان بناسن”. بەڵام لە زەمەنی (سۆکرات)، (بودا) و (کونفوشیوس)دا لە پێشبڕکێیەکی ڕاستەقینەدا نەبوویت. ئەگەر خۆناسینت پشتگوێ خستبایە، ئەوا هێشتا بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سندووقێکی ڕەش بوویت. بەپێچەوانەوە، ئێستا لە پێشبڕکێدایت. لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دێڕانە، حکومەتەکان و کۆمپانیاکان لە هەوڵی هاککردنی تۆدان. ئەگەر بتوانن لە خۆت زیاتر تۆ بناسن، ئەوا دەتوانن هەر شتێکت پێ بفرۆشن کە مەبەستیانە- جا بەرهەمێک بێت یان سیاسییەک.

بەتایبەت گرنگە کە لاوازییەکانی خۆت بزانیت. ئەمان تووڵی سەرەکین بۆ ئەوانەی هەوڵدەدەن هاکت بکەن. کۆمپیوتەرەکان بەهۆی هێڵە کۆدی خەوشداری پێش-ئامادەوە هاک دەکرێن. مرۆڤەکان بەهۆی ترس، ڕق، مەیل و ئارەزووە پێش-ئامادەکانەوە هاک دەکرێن. هاککەرەکان ناتوانن لە هیچەوە ترس و ڕق درووست بکەن. بەڵام کاتێک زانیان مرۆڤەکان پێشتر ترس و ڕقیان لە چییە، بە ئاسانیی دەتوانن دووگمە پەیوەندیدارەکانی ئەم هەڵچوونانە دابگرن و تەنانەت هانی شێتگیریی زیاتر بدەن.

ئەگەر خەڵک نەتوانن بە هەوڵی خۆیان خۆیان بناسن، ئەوا لەوانەیە بکرێت هەمان ئەو تەکنەلۆجیایەی هاککەرەکان بەکاری دەهێنن بۆ پارێزگاریکردن لە ئێمە بەکاربهێنرێت. هەروەکو ئەوەی کۆمپیوتەرەکەت پڕۆگرامێکی دژە-ڤایرۆسی هەیە کە بۆ ڤایرۆس دەگەڕێت، لەوانەیە دژە-ڤایرۆسێکمان بۆ مێشک پێویست بێت. یارمەتیدەرە ژیریی دەستکردەکەت(11) لە ڕێگەی ئەزمووونەوە فێردەبێت کە تۆ لاوازییەکی تایبەتت هەیە- جا بۆ ڤیدیۆ گاڵتەجاڕەکانی پشیلەکان بێت، یان تووڕەیی بێت بەرامبەر چیرۆکەکانی تڕەمپ- و لە جیاتی تۆ بلۆکیان دەکات.

بەڵام هەموو ئەمە تەنها کێشەیەکی لاوەکییە. ئەگەر مرۆڤەکان ئاژەڵی شایەن بە هاککردن بن، ئەگەر بژاردەکانمان و بۆچوونەکانمان ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی ئێمە نەبێت، ئایا دەبێت مەبەست لە سیاسەت چی بێت؟ بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵە، نموونە لیبڕاڵەکان سەرۆیان داوەتە پڕۆژەیەکی سیاسی کە مەبەستیەتی ئەوەندەی بکرێت توانا بداتە تاکەکان بۆ ئەوەی شوێن خەونەکانیان بکەون و ئارەزووەکانیان بهێننە دی. ئێستا ئێمە لە هەموو کات زیاتر نزیکین لە درککردن بەم مەبەستە- بەڵام لە هەموو کاتیش نزیکترین لە درککردن بەوەی کە هەموو ئەمە لەسەر وەهمێک بیناکراوە. هەمان ئەو تەکنەلۆجیایەی کە ئێمە دامانهێناوە بۆ یارمەتیدانی تاکەکان تا شوێن خەونەکانیان بکەون، دووبارە دیزاینکردنەوەی ئەو خەونانە دەکات بە شتێکی شیاو. لەبەرئەوە، چۆن بتوانم متمانە بە هەرکام لە خەونەکانم بکەم؟

لە گۆشە نیگایەکەوە، ئەم دۆزینەوەیە جۆرێکی تەواو تازە لە ئازادیی دەدات بە مرۆڤەکان. لە سەردەمێن بووریدا، ئێمە بە شێوەیەکی بەهێز گرێدراوی ئارەزووەکانمان بووین و وێلی دوای ئەو ئازادییە بووین تا ئەم ئارەزووانەمان بۆ دەستەبەر بکات. هەرکاتێک هەر بیرۆکەیەک بە مێشکدا دێت، خێرا داواکەمان جێبەجێ دەکرد. ڕۆژەکانمان بە ڕاکردن وەکو شێت بەملاو ئەولادا بەڕێ دەکرد، وەکو یاری ”ڕێگای مەرگ”(12) کە پڕ بێت لە بیرۆکە، هەست و ئارەزووی شێتگیرانە، کە بە هەڵە بڕوامان وابوو ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی ئێمەن. چی ڕوودەدات ئەگەر خۆمان لەم یاری “ڕێگای مەرگە” قوتار بکەین؟ چی ڕوودەدات کاتێک بە وریاییەوە چاودێریی ئەو بیرۆکەی دواترمان بکەین کە بە مێشکماندا دێت: “ئەمە لە کوێوە هات؟”

وەک سەرەتایەک، هەستکردن بەوەی کە بیرۆکەکانمان و ئارەزووەکانمان ڕەنگدانەوەی ویستی ئازادی ئێمە نین یارمەتیمان دەدات کەمتر خولیایان دەبین. ئەگەر من خۆم وەکو یەکەیەکی تەواو ئازاد ببینم، وای ببینم کە هەڵبژاردنی ئارەزووەکانم تەواو سەربەخۆن لە جیهان، ئەوا بەربەستێک لە نێوان من و هەموو قەوارەکانی تر درووست دەکات. لە ڕاستیدا هیچ کام لەو قەوارانەی ترم پێویست نییە- من سەربەخۆم. ئەمە لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆر دەدات بە هەر حەزێکی من- لە کۆتاییدا من ئەم ئارەزووە دیاریکراوەم لە نێوان هەموو ئارەزووە بەردەستەکانی ناو گەردوون هەڵبژاردووە. کاتێک ئارەزووەکانی خۆمان زۆر بە گرنگ دادەنێین، ئەوا بە شێوەیەکی سروشتی هەوڵدەدەین بەپێی ئەوان تەواوی جیهان کۆنتڕۆڵ بکەین و شێوەی پێ ببەخشین. شەڕ بەرپادەکەین، دارستانەکان دەبڕینەوە و لە میانی گەڕان بەدوای ئارەزووەکانماندا تەواوی سیستمی ژینگەیی لاسەنگ دەکەین. بەڵام ئەگەر تێبگەین کە ئارەزووەکانمان ڕەنگدانەوەی بژاردەی ئازاد نین، ئەوا لەوانەیە کەمتر خەریکیان بین و زیاتر هەست بە پەیوەستیی بە تەواوی جیهان بکەین.

هەندێک جار خەڵک خەیاڵی ئەوە دەکەن کە ئەگەر واز لە بڕوا بە “ویستی ئازاد” بهێنین، ئەوا تەواو بێحاڵ و خەمسارد دەبین، لە قوژبنێکدا خۆمان گرمۆڵە دەکەین و لە برسا دەمرین. لە ڕاستیدا، وازهێنان لەم وەهمە دوو کاریگەریی پێچەوانەی هەیە: یەکەم، دەتوانێت بەستەرێکی زۆر بەهێزتر لەگەڵ تەواوی خەڵکی ناو جیهاندا درووست بکات، وات لێبکات زیاتر ئاگاداری ژینگەکەت، پێویستی و ئارەزووەکانی ئەوانی تر بیت. وەکو ئەوەیە کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت. ئەگەر تیشک بخەیتە سەر ئەوەی دەتەوێت چی بڵێیت، ئەوا بە زەحمەت بەباشی گوێ دەگریت. تەنها وەستاویت بۆ دەرفەتێک تا هەندێكی تر لە بیرکردنەوەکانی خۆتیان بۆ بگوازیتەوە. بەڵام کاتێک بیرکردنەوەکانی خۆت دەخەیتە لاوە، ئەوا دەستبەجێ گوێت لە ئەوانی تر دەبێت.

دووەم، وازهێنان لە ئەفسانەی ویستی ئازاد دەتوانێت هەستێکی زانینخوازیی قووڵ درووست بکات. ئەگەر تۆ بەهێزەوە گرێدراوی ئەو بیرۆکە و ئارەزووانە بیت کە لە مێشکی خۆتەوە هەڵدەقوڵن، ئەوا پێویستت بەوە نییە هەوڵێکی زۆر بۆ ناسینی خۆت بدەیت. پێت وایە کە بەتەواوەتی دەزانیت کێیت. بەڵام کاتێک درک بەوە دەکەیت “مەرحەبا، ئەوە من نیم. ئەمە تەنها چەند گۆڕانێکی دیاردەیەکی بایۆ-کیمیاییە!” ئەوا درک بەوەش دەکەیت کە نازانیت تۆ لە ڕاستیدا کێیت یان چیت. ئەمە دەکرێت ببێت بە سەرەتای هەژێنترین گەشتی دۆزینەوە کە هەر مرۆڤێک بتوانێت ئەنجامی بدات.

شتێکی تازە لە گومانکردن لە ویستی ئازاد یان گەڕان بەدوای سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتیدا نییە. ئێمەی مرۆڤ پێشتر هەزاران جار ئەم گەنگەشەیەمان کردووە. بەڵام پێشتر هەرگیز ئەو تەکنەلۆجیایەمان نەبووە. تەنکەلۆجیاکەش هەموو شتێک دەگۆڕێت. ئێستا کێشە دێرینەکانی فەلسەفە دەبنە کیشە پڕاکتیکییەکانی ئەندازیاران و سیاسەتڤانان. لە کاتێکدا فەیلەسووفان خەڵکانێکی گەلێک پشوودرێژن- دەتوانن بۆ ماوەی ٣٠٠٠ ساڵ گەنگەشە لەسەر بابەتێک بکەن بێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک- ئەندازیاران خەڵکانێکی کەمتر پشوودرێژن و سیاسەتڤانان لە هەمووان نائارامترن.

لە سەردەمێکدا کە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان دەتوانن مرۆڤەکان هاک بکەن، لیبڕاڵ دیموکراسی چۆن کاردەکات؟ چی لەو بڕوایانە ماوەتەوە کە دەڵێن “دەنگدەر باشترین دەزانێت’ و “کڕیار (موشتەری) هەمیشە ڕاستە”؟ چۆن دەژیت کاتێک دەزانیت کە تۆ ئاژەڵێکی شایەن بە هاککردنیت، کە لەوانەیە دڵت بریکاری حکومەتێک بێت، کە لەوانەیە (ئەمگدالات)(13) کار بۆ (پوتین)(14) بکات و لەوانەیە ئەو بیرۆکەیەی بە مێشکتدا دێت ئەنجامی هەندێک ئەلگۆریزم بێت کە لە خۆت باشتر تۆ دەناسێت؟ ئەمانە سەرنجڕاکێشترین ئەو پرسیارانەن کە ئێستا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە. 

بەداخەوە، ئەمانە ئەو پرسیارانە نین کە زۆرینەی خەڵک دەیانکەن. لەبری لێکۆڵینەوە لەوەی لەودیوی وەهمی “ویستی ئازاد”ەوە چاوەڕێمان دەکات، ئێستا خەڵکی تەواوی جیهان خەریکی پاشۆوەچوونن بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک تەنانەت لە ناو وەهمە کۆنترەکاندا. لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاریی ژیریی دەستکرد و بایۆ-ئەندازیاریی، زۆریان ڕوویان کردووەتە خەیاڵە دینیی و نەتەوەییەکان کە تەنانەت کەمتر لە لیبڕاڵیزم سەروکاریان لەگەڵ حەقیقەتە زانستییەکانی ئێستا هەیە. لەبری مۆدێلە سیاسیە تازەکان، ئەوەی پێشکەش دەکرێت کۆکردنەوەی پاشماوەکانی سەدەی بیست یان تەنانەت هی سەدەکانی ناوەڕاستە.

  کاتێک هەوڵ دەدەیت مامەڵە لەگەڵ ئەم خەیاڵە نۆستالیجیانە بکەیت، ئەوا دەکەویتە مقۆمقۆی گەنگەشەکردن لەسەر ڕاستیی ئینجیل و پیرۆزیی نەتەوە (بەتایبەت ئەگەر تۆ وەکو من لە شوێنێکی وەکو ئیسڕائیل بژیت). وەکو توێژەرێک، پێموایە ئەمە بێئومێدکەرە. گەنگەشەکردن لەسەر ئینجیل بابەتی گەرمی سەردەمی (ڤۆڵتێر) بوو، قسەکردن لەسەر بەهاکانی نەتەوایەتی فەلسەفەی سەدەیەک پێش ئێستایە- بەڵام بۆ ٢٠١٨ وا دەردەکەوێت کاتکوشتنێکی بێتام بێت. ژیریی دەستکرد و بایۆ-ئەندازیاریی خەریکە ڕەوتی پەرەسەندن خۆی دەگۆڕن، تەنها چەند دەیەیەکمان لەبەردەستدا ماوە تا بزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. نازانم وەڵامەکان لەکوێوە دێن، بەڵام بێگومان لە  کۆی ئەو چیرۆکانەوە نایەن کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا نووسراون.

کەواتە چی بکرێت؟ پێویستە لەهەمان کاتدا لە دوو سەنگەرەوە شەڕ بکەین. پێویستە بەرگریی لە لیبڕاڵ دیموکراسی بکەین، نەک تەنها لەبەرئەوەی سەلماندوویەتی لەچاو هەریەک لە جێگرەوەکانی باشترین فۆڕمی حکومەتە، بەڵکو لەبەرئەوەش کە کەمترین سنوور بۆ قسەکردن لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی دادەنێت. لەهەمان کاتدا، پێویستە گریمانە کۆنەکانی لیبڕالیزم بخەینە ژێر پرسیارەوە، پڕۆژەیەکی سیاسیی تازە پەرە پێ بدەین کە باشتر لەگەڵ حەقیقەتە زانستییەکان و توانا تەکنەلۆجییەکانی سەدەی ٢١ بێتەوە.

ئەفسانەی یۆنانی دەڵێت کە (زیوس)(15)و (پۆسیدۆن)(16)، دوو لە هەرە گەورەترین خوداکان، پێشبڕکێیان بوو لەسەر خواژن (تێتیس)(17). بەڵام کاتێک گوێیان لەو سروشە بوو کە (تێتیس) کوڕێکی دەبێت زۆر لە باوکی بەتواناتر دەبێت، هەردووکیان بە وریاییەوە پاشەکشەیان کرد. لەبەرئەوەی خوداوەندەکان پلانیان ئەوەیە بۆ هەمیشە بمێننەوە، نایانەوێت وەچەیەکی بەتواناتریان هەبێت تا کێبڕکێیان بکات. لەبەرئەوە (تێتیس) هاوسەرگیریی لەگەڵ مرۆڤێک کرد، پاشا (پێلوس)(18)، (ئەخیلیۆس)ی(19) لێ بوو. مرۆڤەکان حەزیان لێیە منداڵەکانیان لەخۆیان گەشاوەتر بن. لەوانەیە ئەم ئەفسانەیە شتێکی گرنگمان فێربکات. دیکتاتۆرەکان کە پلانیان ئەوەیە بۆ هەمیشە لەسەر دەسەڵات بن حەز ناکەن هانی ئەو ئایدیایانە بدەن کە لەوانەیە جێگایان پێ لێژ بکەن. بەڵام لیبڕاڵ دیموکراسیەکان سەرۆ دەدەنە درووستکردنی تێڕوانینە نوێکان تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی بینچینەکانی خۆیان بکەونە ژێر پرسیارەوە.

پەراوێزەکان:

1- liberal story

2- Christian theology

3- Homo sapiens

4- Inquisition

5- KGB: دەزگای سەرەکیی زانیاریی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٤ بۆ ١٩٩١.

6- KKK: گروپێکی سپی پێستی ئەمریکاییە بۆ دژی ئەفریقیە-ئەمریکاییەکان.

7- neurology

8- traditional liberal story

9- biometric sensors

10- credit card

11- AI : Artificial intelligent

12- rollercoaster

13- amygdala: کۆمەڵێک نیوڕۆنن کە شێوەیەکی بادەمییان وەرگرتووە و کەوتوونەتە قووڵایی  نێوان هەردوو لاکانی میشک و دەوری سەرەکیی دەبینێت لە پڕۆسەکانی هەستە سۆزدارییەکان و بڕیاردان.

14- Vladimir Putin

15- Zeus

16- Poseidon

17- Thetis

18- Peleus

19- Achilles

سەرچاوە:

یوڤال نوح حەراری: پرۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی زێرۆسالم، ئیسرائیل. خاوەنی زۆرترین فڕۆشیاری نێونەتەوەییە بۆ کتێبی ”ساپیان: کورتە مێژوویەکی مرۆڤایەتی”، و “مرۆڤەخوداوەندەکان: کورتە مێژوویەکی داهاتوو”.

Yuval Noah Harari : « Homo Deus: A Brief History of Tomorrow », «Sapiens : Une brève histoire de l’humanité».
https://www.theguardian.com/books/2018/sep/14/yuval-noah-harari-the-new-threat-to-liberal-democracy#comments





سەروەر محەمەد

Check Also

فێمینیزم و  زانستە مرۆڤایەتییەکان

دیالۆگ لەگەڵ خانمە فەیلەسوفی ئەمریکی مارتا نوسباوم ئەنجامدانی: فاتیمە الشملان و: هاوڕێ خالید پێشەکی پڕۆفیسۆر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *