له «ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی»یه‌وه تا «ئایدۆلۆژیست»
زانیار محه‌مه‌د
به‌گوته‌ی (واڵته‌ر بنیامین) «بیركردنه‌وه بریتییه له جورئه‌تی نائومێدی». (سلاڤۆی ژیژه‌ك) ئه‌م تێزه له (بنیامین) وه‌رده‌گرێت و ده‌یكاته ناونیشانی یه‌كێك له كتێبه‌كانی به‌ناوی «جورئه‌تی نائومێدی». (ژیژه‌ك) ده‌ڵێت گرنگه نا‌ئومێد بین و هیوای درۆ و ساخته نه‌گرینه‌به‌ر. (ژیژه‌ك) تا سه‌ر پله‌ی سفری ئومێد ده‌ڕوات و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت «جورئه‌تی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه ددان به‌وه‌دا بنێین كه ئه‌و ڕووناكییه‌ی ده‌شێت له‌وسه‌ری تونێله‌كه‌وه دیاربێت، دوور نییه ڕووناكیی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی خێرا بێت كه به‌ره‌و ڕوومان دێت و ده‌مانشێلێت».
له كولتوور و مێژووی كورددا هه‌میشه هیوای وه‌همی دروستده‌كرێت، ئومێدی ساخته ده‌به‌خشرێته‌وه، ئه‌وه‌ی «هه‌موو شته‌كان چاكده‌بن، پرۆژه‌ی گه‌وره و جیدی به‌ڕێوه‌یه، ڕووداوگه‌لی مه‌زن دێن، ئه‌مجاره‌یان ناوازه ده‌بێت، خه‌ونی مه‌زن له‌ئارادایه و دێنه‌دی، ئه‌م سه‌رۆكه‌یان له‌وانی دیی ناچێت»، به‌م چه‌شنه دروشمانه زیهنیه‌تی خه‌ڵك ڕامده‌كرێت. ئه‌مه وه‌ك ئه‌فیون و ئازارشكێن له سایكۆلۆژیای خه‌ڵك ده‌درێت.
نزیكه به سه‌د ساڵه ئه‌م دروشم و هیوایانه ده‌كرێته بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، ده‌كرێته قیبله‌گا، فۆرمی گروهـ و حیزب وه‌رده‌گرێت، جه‌ماوه‌ری پێ گۆش ده‌كرێت. وه‌هم له‌پاش وه‌هم، هیوا له دوای هیوا، فۆرمی ده‌درێتێ و جه‌ماوه‌ر ده‌بێت ته‌سلیمی بن، كڕنوشی بۆ ببه‌ن و بیپه‌رستن. له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابوردوودا بونیادی عه‌قڵی و بنه‌ما و ژێرخانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دینیی كورد، هیچ گۆڕانێكی ڕیشه‌یی و هه‌ڵته‌كێنه‌ر، هیچ ده‌ستكارییه‌كی ڕادیكاڵی تووش نه‌بووه. ئه‌م هیوا ساخته و دروشمه وه‌همیانه جگه له‌درۆی قه‌به و كڵێشه‌یی ناو لابوره‌كانی مێژوو شتێكی دیكه نین.
نه ڕووداوی گه‌وره له سیاسه‌تی كوردیدا له‌ئارادایه، نه هیچ پرۆژه‌یه‌كی جیدیش هه‌یه بۆ پێداچوونه‌وه و گۆڕینی ئه‌و بونیادانه‌ی سه‌د ساڵه عه‌قڵی كوردی له‌سه‌ری نوستووه. له‌ڕووی بونیادی عه‌قڵی و فیكرییه‌وه كۆمه‌ڵی كوردی نه‌ك هیچ گۆڕانێكی ڕیشه‌یی و گرنگی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ بونیاده‌كان له‌هه‌ر كات به‌هێزترن و ته‌نانه‌ت خۆراك له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیاش وه‌رده‌گرن بۆ مانه‌وه‌ی پتر و ڕیشه داكوتینی به‌گوڕتر.
گه‌ر له‌سیمادا شار و په‌رله‌مان و حیزب و زانكۆ و شه‌قامه گشتییه‌كان دروستبوون، ئه‌ی چ شتێكی بونیادی له كولتووری خێڵه‌كی، له عه‌قڵی داخراوی دینی، له ململانێ ناوچه‌گه‌رییه‌كانی نێوان تیره و خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان، له دیوه‌خان و ته‌كیه‌كان گۆڕاوه؟ ته‌نیا ڕواڵه‌ت و فۆرم گۆڕاوه. ئه‌و سیاسییه كورده‌ی پشتی به هێزێكی ده‌ره‌كی ده‌به‌ست دژی لایه‌نێكی دی، ئه‌و مه‌لا ئاینییه‌ی به حه‌ڵاڵ و حه‌رام ڕێگه‌ی له‌هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا ده‌گرت، ئه‌و شاعیره‌ی ئه‌ده‌بیات و شیعری كردبووه ده‌زگایه‌كی ئایدۆلۆژی بۆ وه‌عز و بانگه‌شه، هه‌موو ئه‌م ئاكارانه له‌دوای سه‌د ساڵ، ئێستاكه‌ش به‌رده‌وامن. ئه‌گه‌ر شتێك گۆڕابێت فۆرم بووه و ناوه‌ڕۆك و ماهیه‌تی ئه‌م كایانه وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
هۆكاری سه‌ره‌كیی مانه‌وه‌ی ئه‌م بونیاده عه‌قڵییه دۆگمایانه، په‌یوه‌ندیی به نه‌بوونی پرۆژه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی سه‌رتاسه‌رییه‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له كولتووری كوردیدا نامۆ و قه‌بوڵ نه‌كراوه، ئه‌وه‌ی شتێك نییه به‌ناوی نه‌ریتی ڕه‌خنه‌ییه‌وه، ئه‌وه‌ی خورافه‌ت و جه‌هل ده‌بنه به‌شی گرنگ و سه‌ره‌كی له پێكهاته‌ی مێنتاڵیه‌ت و عه‌قڵی كوردیدا، هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی پرۆژه‌یه‌كی گرنگ و ڕادیكاڵی ڕۆشنگه‌ریی ڕه‌خنه‌ییه. عه‌قڵی كوردی هه‌میشه ستایشی جه‌هل و حه‌ماقه‌تی خۆی ده‌كات و شه‌به‌نگی پیرۆز له‌ده‌وری دروستده‌كات. شانازیی به داخراویی خۆیه‌وه ده‌كات و وه‌ك ده‌ستكه‌وت و خاڵێكی زێڕین ته‌ماشای ده‌كات. ئه‌وه‌ش ته‌نیا سیفه‌تی كولتووره خێڵه‌كی و ئایینی و به‌ربه‌رییه‌كانه، كه شانازیی به‌وه‌وه ده‌كات، هێشتا به‌سه‌ر دونیادا نه‌كراوه‌ته‌وه و حه‌ماقه‌تی خۆی لێده‌بێته زانست و شاكار.
له‌م مێژووه‌دا (به‌ختیار عه‌لی) وه‌ك ڕۆشنبیر و نووسه‌رێكی جیدی و تاقانه، هه‌میشه به‌تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م كولتووره‌دا ده‌كات. ئه‌و له یه‌كه‌مین گوتاره‌كانییه‌وه مه‌ترسیی غه‌یبانییه‌ت و خورافه‌ت، هه‌روه‌ها تاكڕه‌هه‌ندی و مه‌رگدۆستی و گوتاری مانه‌وه و ناسیۆنالیزم له‌ناو كولتوور و بونیادی عه‌قڵی و بیركردنه‌وه‌ی كورددا ئاشكراده‌كات. ڕه‌خنه‌ی فیكریی قووڵی له كایه‌ی سیاسی ده‌گرێت، هه‌روه‌ها به‌پرۆژه داكۆكی له‌و ئایدیا و پره‌نسیپانه ده‌كات، كه ڕۆشنبیر له سیاسی جیاده‌كه‌نه‌وه و فیگوری ڕۆشنبیر ده‌پارێزن له‌وه‌ی ببێته واعیزی ئایینی و سیاسیی ڕووت. حه‌ماسه‌تی ساخته دروستبكات و له‌بری بیركردنه‌وه، داوای به‌یعه‌ت بكات.
ساته‌وه‌ختێك ڕۆشنبیرێكی ئه‌رتۆ‌دۆكسی وه‌ك (فاروق ڕه‌فیق) به‌ئاشكرا داوای حوكمی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و بانگه‌شه‌ی كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر خوانی موقه‌ده‌سات ده‌كات. داوای دروستبوونی فیگورێك ده‌كات له دونیای كوردیدا، له فۆرمی «جه‌نگاوه‌ری ئیمان»، (به‌ختیار عه‌لی) به كتێبی «ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی»، بونیاد و ڕیشه‌ی ئه‌م عه‌قڵه سه‌له‌فییه ده‌خاته به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕادیكاڵ و گرنگی ڕه‌خنه‌ییه‌وه. كتێبی «ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی»، وه‌ستانه‌وه و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌رییه، به‌و دۆخه سایكۆلۆژییه‌ی ڕۆشنبیری كورد، كه خۆی لێده‌بێته عاریف و شۆك و ترس و تۆقینی خۆی به‌رابه‌ر به نه‌مانی فه‌زیله‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌ناوی ڕۆحی كورده‌وه دێته‌گۆ و داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ عه‌قڵی سه‌له‌فی و داخراوی ئایینی ده‌كات.
گرنگیی كتێبه‌كه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) له‌وه‌دایه عه‌قڵی كوردی به‌رپرسیار ده‌كات له‌وه‌ی بیر له‌م دۆگمایانه بكاته‌وه، پێداچوونه‌وه بۆ ڕیشه‌كانی ئه‌م دۆگمای ئایینی و سیاسییانه بكات، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م تایپه له ڕۆشنبیر كه‌شفده‌كات، كه ده‌بنه داینه‌مۆ و بڵندگۆی دژایه‌تیی هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی، كه كار له‌سه‌ر فیكر و ئازادی بكات بۆ مرۆڤی كورد.
دواهه‌مین پرۆژه‌ی فیكریی (به‌ختیار عه‌لی) كتێبی «ئایدۆلۆژیست»(*)ه. ئه‌م كتێبه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه بۆ مێژووی سه‌د ساڵی ڕابوردووی كورد. پێداچوونه‌وه‌یه به گوتاری ناسیونالیستی و ئایدۆلۆژیی كورددا. به‌ورده‌كارییه‌وه ئه‌و مێژووه هه‌ڵده‌كۆڵێت كه ڕۆشنبیران و شاعیرانی كورد ڕۆڵ و ده‌ستی باڵایان هه‌بووه له دروستبوونیدا، به‌وه‌ی هه‌موو شتێك بخه‌نه سه‌ر شێوازی بانگه‌شه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی.
فیگوری «ئایدۆلۆژیست» له دونیای كورددا و له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابوردوودا ئه‌و كاره‌كته‌ره بووه، ڕێگه‌ی له بیركردنه‌وه گرتووه، هه‌روه‌ها وه‌زیفه‌ی ئه‌وه‌شی هه‌بووه، كه عه‌قڵی كوردی هه‌ستنه‌كات بیرناكاته‌وه. واتا وه‌همی بیركردنه‌وه‌شی دروستكردووه. ئایدۆلۆژیست ئه‌ندازیاری ئه‌و نه‌خشه سیاسییه ئایدۆلۆژییه‌یه، كه ده‌بێته پێكهاته‌و نه‌خشه‌ی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی له سه‌د ساڵی ڕابوردووی كوردستاندا.
ئه‌م كاره‌كته‌ره خورافه‌تی له فۆرمی زانست‌دا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا سه‌پاندووه، كۆیله‌یی به‌ناوی ئازادییه‌وه فرۆشتووه‌ته‌وه، حیزبی وه‌ك نیشتیمان پیشانداوه، خۆفیداكردن له‌پێناوی سه‌ركرده و مه‌زهه‌ب و حیزبێكدا، وه‌ك خه‌باتی گه‌وره‌ی ڕزگاری ناساندووه. وه‌ك (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ڵێت سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی ئایدۆلۆژیست «به‌ناوی بیركردنه‌وه‌وه، بیركردنه‌وه ده‌كوژێت». هه‌موو میكانیزمێك ده‌گرێته‌به‌ر تا سوبێكت و عه‌قڵی كوردی بیرنه‌كاته‌وه، هه‌رگیزیش وا هه‌ستنه‌كات كه بیرناكاته‌وه.
ڕه‌نگه كێشه‌ی نه‌بوون و كوشتن و چه‌پاندنی بیركردنه‌وه، یه‌كێك بێت له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی كورد له‌سه‌ده‌ی ڕابوردوودا. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیش كه به ئه‌ركی كوشتن و چه‌پاندنی فیكر هه‌ڵده‌ستێت و ئه‌نجامیده‌دات، ئایدۆلۆژیسته و گوتارێكی سیاسیی ساخته و بێقووڵایی و حه‌ماسی ده‌خاته جێگه‌ی بیركردنه‌وه و ڕه‌خنه. ڕه‌نگه باشترین پێناسه‌ش بۆ ئایدۆلۆژیا و تێگه‌یشتن له ئایدۆلۆژیست پێناسه‌كه‌ی ماركس بێت كه ناویده‌نێت «هۆشیاریی ساخته».
له‌ناو كولتوورێكی درێژی بیرنه‌كردنه‌وه‌دا، له رۆژگاری نه‌بوونی پرۆژه‌ی ڕه‌خنه‌یی جیدی و ڕادیكاڵدا، له‌ناو حه‌لقه و حه‌وزه‌ی ڕۆشنبیرانێكدا كه وه‌همی ساخته و ئومێدی درۆزنانه ده‌به‌خشنه‌وه و ده‌یسه‌پێنن، له‌ناو نووسه‌رانێكدا كه مامۆستای بیرنه‌كردنه‌وه‌ن، كتێبێكی وه‌ك «ئایدۆلۆژیست» به‌رهه‌می عه‌قڵێكی بیركه‌ره‌وه و پرۆژه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه به‌رابه‌ر به‌و میراته.
له‌ساته‌وه‌ختێكدا كتێب و جیدییه‌ت و فیكر و ڕه‌خنه له پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌دان و به‌ر له‌هه‌ر كه‌س ڕۆشنبیران خۆیان بوونه‌ته هه‌وێنی سوكایه‌تی به فیكر و داهێنان، دژایه‌تیی كتێب و ڕه‌خنه و بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن، له‌دایكبوونی كتێبێكی وه‌ها، پێویستی به ڕۆحێكی داهێنه‌ر و عه‌قڵێكی گه‌وره و جورئه‌تێكی ڕۆشنبیرانه هه‌یه.
له‌سه‌رده‌مێكدا له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه فیگوری ئایدۆلۆژیست هه‌ڵده‌تۆقێت و ئایدلۆژیا و فاشیزم و ناسیۆنالیزم و دین، هه‌موو ئاسۆكانی ڕزگارییان له‌به‌رده‌م مرۆڤدا داخستووه و بوونه‌ته ماشێنی دروستكردنی هیوا و مژده‌ی درۆینه و پووچ، (به‌ختیار عه‌لی) له‌م كتێبه‌دا داكۆكی له سوبێكتێكی دیكه ده‌كات، كه سوبێكتی بیركه‌ره‌وه‌یه.
سوبێكتی بیركه‌ره‌وه ڕه‌خنه ده‌گرێت، بیرده‌كاته‌وه، تێزه‌كه‌ی (دیكارت) داده‌ڕێژێته‌وه «من بیرناكه‌مه‌وه، كه‌واته چۆن هه‌م؟». جورئه‌تی ڕه‌خنه‌گرتن و بیركردنه‌وه، ئه‌و دوو خه‌سڵه‌ته‌ن بۆ كایه‌ی ڕۆشنبیری گه‌له‌ك گرنگن و هه‌ر كاتێك ڕۆشنبیر و نووسه‌ر ده‌ستبه‌رداری ئه‌م پره‌نسیپانه بوو، نزیكده‌بێته‌وه له ئایدۆلۆژیست.
دژایه‌تیی گه‌وره‌ی ئایدۆلۆژیست و ئه‌م واقیعه‌ش وه‌ك (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ڵێت «گرنگترین چەک بکرێت دژ بە ئایدۆلۆژیست بەکاربهێنرێت ناسینەوەیەتی، دەرهێنانێتی لە ژێر ماسکەکانی، شیکردنەوەی بانگهێشتەکانێتی، فریونەخواردنە بە دەمامکە شۆڕشگێڕ و دروشمە گەورەکانی… تێپەڕاندنی ئایدۆلۆژیست بە تێپەڕاندنی ئەو سیستم و کایانە دەبێت کە دروستیکردوون، بە خۆلادان دەبێت لەو گفتوگۆیانەی دایاندەمەزرێنێت، بە گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شیعر دەبێت بۆ ئەو شوێنانەی لێی دوورخراوەتەوە، بە پچڕاندنی پەتی نێوان بیرکردنەوە و نرخی بەکارهێنانی سیاسی‌دا دەبێت، بە ئاسایکردنەوەی وێنەی ئەویدی دەبێت، بە دروستکردنی جۆرە زمانێکی دیکەی گوزارشت دەبێت کە وەک (دۆڵۆز) دەڵێت دەبێت زمانی پەراوێزخراوان و فەرامۆشکراوان بێت.».
گه‌له‌ك ته‌وه‌ری گرنگ و بنچینه‌یی له‌م كتێبه‌دا هه‌یه و هۆشیاری و مه‌عریفه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و بنكۆڵكردن و هه‌ڵكۆڵین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، ئه‌و میتۆدانه‌ن (به‌ختیار عه‌لی) مێژووی كورد و خۆرهه‌ڵاتی پێده‌خوێنێته‌وه. له‌م كتێبه‌دا گه‌له‌ك ڕسته و ڕاستیی تراژیدی و غه‌مگین ده‌خرێنه‌ڕوو، كه به‌ڕاستی ڕاچڵه‌كێنه‌رن، گه‌ر له هه‌ر كولتوورێكی زیندوودا ئه‌م كتێبه بنووسرایه، ڕووداوی دروستده‌كرد، گومان و دڕدۆنگی و نیگه‌رانیی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وته‌وه.
په‌راوێز:
(*) به‌ختیار عه‌لی، ئایدۆلۆژیست، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2019.