یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 5, 2024
frku

ھەنگاوەکانی بەدیھاتنی دیموکراسی

کۆژین سدیق

پرۆسه‌ی ھەڵبژاردن یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، کە بریتییە لە ھەڵبژاردنی کۆمەڵێک ئەکتەری سیاسی لەلایەن تاکەکان و ھاوڵاتییانه‌وه‌، کە بڕیارە نوێنەرایەتی خەون، بەرژەوەندی، ئارەزوو، ئومێدو چاوەڕوانیەکانی گروپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. بەڵام، بارودۆخ بەرەو ئاڵۆزی و نائاسایی دەڕوات، کاتێک ھاوڵاتیان گومانیان لەسەر ئەو کارەکتەرانەی کە ھەڵیانبژاردوون بۆ درووست دەبێت. كه‌واته‌ کۆمەڵگە دەبێت چی بکات بۆئەوەی ئەکتەرە سیاسییە دەنگپێدراوەکانی ئەمڕۆ، لە سبەینێیەکی نزیکدا نەبنەوە بە ئەکتەرە سیاسییە گەندەڵ و گومڕاکانی دوێنێ؟ کۆمەڵگە دەتوانێت چیبکات بۆئەوەی ئەکتەرە سیاسییە دەنگپێدراوەکانی دوێنێ، نەبنە توێژێکی لەخۆگۆڕاوی بێ یادەوەری و بێ ھەست؟ کۆمەڵگە دەتوانێت چی بکات بۆئەوەی نوخبەی دەسەڵاتدارو بەرپرسان، یاری بە چارەنوسی کۆمەڵگە نەکەن؟ چی بکات بۆئەوەی شوڕشگێڕەکانی دوێنێ، کە بەناوی شەرعییەتی دیموکراسییەوە جەنگی مان و نەمانیان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت دەکرد، لەسبەینێیەکی نزیکدا نەبنەوە بەھەمان ئەو دیکتاتۆرەی ڕووبارێک خوێنیان لەپێناو رشت.

ھەڵبژاردن بەتەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی ببێت بەنمونەی لێبوردەیی و دەستپاکی، بڵێین تەواو سیستمەکە دیموکراسیە. بەڵکو لەدوای ھەڵبژاردن، چاودێریکردن یەکێکە لە کارە ھەرەگرنگەکان، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی باسمانکرد ڕوونەدات، ھەڵبژێردراو خۆسەپێن و گەندەڵ نەبێت، دەبێت چاودێرییەکی ورد ھەبێت.

دەسەڵاتی چاودێریکردن ئەو ھێزە کارایەیە کە دەتوانێت تیشک بخاتەسەر ناوچە لاوازەکانی سیستەمی نوێنەرایەتیکردن.

بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە؛ دەسەڵاتی چاودێریکردن، لەچی پێکدێت و چۆن دەتوانێت مومارەسەی خۆی بکات؟

دەسەڵاتی چاودێریکردن، یەکێکە لە کارە ھەرە گرنگەکان، کە دەتوانێت لەڕێی ھەرسێ میکانیزمی ئاگابوون، ڕەخنەگرتن، نمرە پێدان، مومارەسەی خۆی بکات. لە دیمورکراسیدا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان کۆمەڵگەی ھاوڵاتی و کۆمەڵگەی مێگەلدا ھەیە. کۆمەڵگەی مێگەل بەو کۆمەڵگەیە دەوترێت، کە پێیانوایە سەرۆک لەبری ھەموان بیردەکاتەوە، لەبری ھەموان ستراتیژ دادەنێت، لایانوایە لەھەموولایەک پاکترە، پیرۆزترە، جوانترە، داناترە، زاناترە، سیاسیترە، بەڵام کۆمەڵگەی ھاوڵاتی، تەواو پێچەوانەی کۆمەڵگەی مێگەلەوە ڕەفتار دەکات.
مرۆڤی کۆمەڵگەی ھاوڵاتی ھەمیشە ھاوڵاتییەکی بەئاگاو بەخەبەرە و ھەمیشە زیندووە، ھەمیشە لەسەر پێیە، ھەموکات بەئاگاو وریایە. بەئاگاییەوە لە پڕۆژەو جوڵانەوەکانی، ئەوکەسانە دەڕۆانێت کە لەڕێگەی ھەڵبژاردن، نوێنەرایەتییکردنەوە گەیشتونەتە ناوچەکانی دەسەڵات.

یەکێکی تر لەمیکانیزمەکان، میکانیزمی ڕەخنەگرتنە كه‌ بریتیە له‌ ناساندنی شتەکان وەک ئەوەی کەھەن. پەردەلادان لەسەر شتەکان. لە ئاشکراکردن و ڕوونکردنەوە و باسکردن بەشێوەیەکی جوان و پەسەند. جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان کردەی ڕەخنەگرتن لەگەڵ گەڕان بەدوای فەزیحەت و ئابڕووبردن و شکانی کەسەکە.  چەند ڕەخنەگرتن بەژداریدەکات لە پڕۆژەی چاودێریکردنی دیموکراسی، جێگیرکردنی پایەکانیدا ئەوەندەش گەڕان بەدوای فەزیحەت و ئابڕووبردن گورز لە سیستەمی دیموکراسی دەدات و پایەکانی لاواز دەکات.
سیستمی دیموکراسی زیندوو، ھەمیشە لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە چاودێری دەکرێت. کە ھەموو جومگەکانی بەردەوام دەخاتە نێو کردەی ھەڵسەنگاندن و نمرە بەخشینەوە. ھەڵسەنگاندن بریتیە لە پشکنینی بیناکراو لەسەر دۆکۆمێنت: تەکنیک و نمرە بەخشین. ھەر نمرەیەک بە ئەکتەرێک، دەزگایەک، ئۆرگانیک، خزمەتگوزارییەک، گروپێک، حیزبێک دەبەخشرێت. دەبێت چەندین بەڵگەی بەھێز، بابەتی وردی لە پشتەوە بێت. بێھودەنییە کە لە دیموکراسییە گەورەکانی وەک ئەوروپا، ئەمریکای باکوردا، ھەزاران دەزگای تایبەت بەھەڵسەنگاندن و نمرەبەخشین دامەزراون. ڕۆژانە چاودێری وڵاتەکانیان دەکەن و لەڕێگای نمرەکانیانەوە ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەگۆڕن.

 سودمان لەم سەرچاوانە وەرگرتووه‌

کۆمەڵگەی ڕەش، د. عادل باخەوان، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی٢٠١٣.

 تکایە مەبنە مەڕ، مەحمود نامەنی، چاپخانەی خانی، دھۆک٢٠١٢.





کۆژین سدیق
رۆژنامه‌نووس

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *