لە نێوان کۆیلە و جەلاد

خوێنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ”بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملووك”

نووسینی بەیان سەلمان، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بەخشی ڕەهەند، سلێمانی، کوردستان.

 خوێننەوەی: ڕەفیق سەعید


یەکێکم لەوانەی ڕۆمانەكانی نوسەری بەڕێز (بەیان سەلمان)م خۆێندۆتەوە. هەریەكە لە  تێكستەكانی ئەم خاتمە نووسەرە گەورەیە خۆی دەكات بە سوچێكی تراژیدی قووڵدا، بە شێوەیكی جوان و فەلسەفیانە لەناو ئەدەبدا شتە نەبینراوەكان، ئەوانەی كە مێژوو هەر بەلایاندا ناڕوات و پەی پێنابات یان نابنە بەڵگەیەك كە بتوانین متمانەی لەسەر هەڵبچنین، ئەو خۆی لێیان دەدات. ئەدەب خەیاڵ لە واقیع هەڵدەهێنجێت و دەوڵەمەندتری دەكات و دایان دەڕێژێتەوە.

 بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملووك قسەكردنە لەسەر ژیانی كۆیلاییەتی، لە شێوە كلاسیكیەكەیدا، هەر ئەو كۆیلایەتیەیە كە ڕابردوو و ئەمڕۆ بەیەكەوە گرێدەدات، لە شێوەی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەدا  بەردەوامی هەیە، پێمان دەڵێت كۆیلایەتی هەر كۆیلایەتییە و  زۆردار هەر زۆردارە  .

جوانی ژیان  لەوەدایە قوربانی نەبێتەوە بە جەلاد. بەڵام هەر هەمان قوربانی، بە پێی زەمەن و كاتێك، دواجار دەبێتە هەڵگری ئازاری زۆربەی مرۆڤەكان. جیاوازی نێوانیان لەگەڵ جەلاددا چركە ساتێكی زۆر كەمە.

مێژوویەكی دوورودرێژە کە مرۆڤایەتی لەو یارییەدا ڕاوگەیەتی، کە چەوساندنەوەی زۆربەی مرۆڤەكان بە دەستی كەمینەیەكی زۆردارەوەیە .یاخیبوونیش لەو هەموو ناعەدالەتیی و ئازارەوە دێتە دەرێ كە تاكە چارەسەرێكە بۆ ئازارچێشتوان هیوایە بە گۆڕان، یاخبوون تاكە شۆڕشێكە بوێرێت گۆڕان دابهێنێت.

ئەو یاخیبوونە هەڵگری ئومێدە، بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی ئەویترە، ئەگەر وانەبێت كۆیلایەتی و چەوساندنەوە درێژەی دەبێت و بەبێ سڵکردنەوە زیاتر شوڵی لێهەڵدەكێشن .

تێكستەكە لە قووڵایی  ئازارەكانی مرۆڤ و نا یەکسانی و نا بەرابەری ژیان  دەدوێت، دونیا چەند تاریكە بەڵام  ڕۆژێك دێت تا كەمێك ڕووناكی دەركەوێت، زیاتر پەخش ببێتەوە و زۆر جاریش خەفەدەكرێت. ئیتر ئەو بەرزی و نزمییە لە ژیاندا كاروانێكی نەبڕاوەیە و گۆڕانی ڕاستەقیە دیارە بە شەو  ڕۆژێك ڕوونادات، بەڵکو كاتێكی زۆرتری دەوێت لەوەی مرۆڤ چاوەڕوانییەتی .

پێش هەموو گۆڕانكارییەكان، مرۆڤ دەبێت ئەو ڕۆحە زیندووە لە ناخی خۆیدا  ڕاچڵەكێنێت و لەو بەشە جانەوەریەی ناو ناخی خۆی جیای بكاتەوە، لەناو ئەو هەموو وردە ئازارانەدا ڕووناكی ببینێت، لایەنە شەڕانگێزییەكەی خۆی بمرێنێت و لێبوردەیی بكاتە یەكێك لە تاكە سەرە ڕێگای جوانی ژیان كە هەر ئازارێكیان لەوی تریان ناخۆشترە، جوانییەكان دەبێت وەك گەردەلول لە ڕۆح بێتەدەرەوە و بەرەنگاری ناشیرینیركانی سەر زەوی  ببنەوە.

زۆر كەم وابووە قوربانی بیەوێت تۆڵە لە جەلادەكەی بكاتەوە، بۆ جاری دووەم خۆی بكاتەوە بە قوربانی و ئەو قوربانی بوونە بە تۆڵەكردنەوە لە جەلاد بزانێت. هیچ نەكات بەرامبەری، بۆ ئەوەی بە جەلادەكەی بڵێ من خۆم لەناو دەبەم نەك لەبەر ئەوەی  پێم خۆشە بمرم، بەڵكو بۆ ئەوەی تۆی جەلاد ڕابگرم لە چەوساندنەوەی خۆم بەدەستی تۆ، لە هەمانكاتدا بە خوا بڵێت من پێچەوانەی بڕیارەكانی تۆ دەوەستمەوە كە ناتەوێت مرۆڤەكان خۆكوژی بكەن، ئەمەوێت چۆن بە جەلادم گووت، بەویش بڵێم تۆ دەتەوێت من بە هەموو ئازارەكانمەوە بژیم، بەڵام هەر بڵێم ئەوە ئەمری خودایە بۆم نییە پێچەوانەی ئەمر و نە هی ئەو بم! 

هاتنم بۆ ژیان بە ئازادی، بەڵام ژیان بە بندەستی و ئازار كۆیلایەتی و مردن بەدەست خودا بێت من بۆم نییە ژیان و مردنم هەڵبژێرم .

  ئەوەی بۆ من قەبووڵە و من نامەوێت وابم لە ترۆپكی نائومێدیدا  لە بیری مرۆڤدا تروسكایی ژیان بەئاگا دیتەوە و  بەرگری بوون بە شێوەكی تر دەستپێدەكات. بڕیار دەدات ئیتر هەر ئەو مەیمونە نەبێت كە هەڵیدپەڕێنن، بە پێچەوانەوە ببێت بە خۆی، هیچ بوونەورێك بێجگە لە خۆی مافی ژیان كردن و بڕیاردان و چوونە ناو ژیانی كەسێكی تری نییە.

هەندێ جار بێدەنگی و هیج نەكردنی جەلادەكان ترسناكە، هەركاتێك جەلادێك  بۆماویەكی زۆر لە بێدەنگی ڕاچوو  ئەوە بزانە كارەساتی گەورەی بە دوادا دێت .

ئەم ڕۆمانە شتە زۆر بچوك و نەبینراوەكان و بیرەوەرییەكانی مرۆڤی پڵیشاوەی ژێر چەپۆكەكان ئاشكرا دەكات كە ئەوەندە توندوتیژن بیرچوونەوەیان نیە .

لەناو هەموو ئازارەكاندا قێزەونترین و ترسناكترین شەڕ بوونی هەیە، لە بەرامبەریشدا جوانی هەیە کە عەشقی لێ دەچۆڕێت .

لە زۆربەی شوێنەكانی دونیادا بە كاڵاكردن و بێ نرخكردن و چەوساندنەوە كۆتایی نایەت و  تارماییەكانی هێزی چەوسێنەر  لە زۆر شوێن و كات و زەمانێكدا خۆیان مەڵاسداوە و دەردەكەون. كیشمەكێشی حەق و ناحەق بێ بڕانەوەیە. نمونەکە لە ناحەقی كاراكتەری (عومەرالنەزیر) و تارماییەكانیدا تێبینی دەکرێت، بەڵام جوانییەكان ئەگەر هەر هیچیان پێنەكرێت دەتوانن  زۆرداران بوەستێنن و ئازار لە سەر ژیان و ژیانی دۆستان كەمكەنەوە، نمونەی ئەوەش لە كاراكتەری (خانم) و (شێخ مەرجیع ) و (سرالورد) لەناو ڕۆمانی ”بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملووك” تێبینی دەکرێت.

31/12 /2024

رەفیق سەعید

Check Also

تێکچوونی یاساکانی سروشت

نموونەی کالیفۆڕنیا و باشووری کوردستان د. مەدیحە سۆفی نووسەری گەورەی یۆنانی نیکۆس کازانتزاکی لە ڕۆمانی …