نەوزاد جەمال
جیاکردنەوەی ‘واقیع’ لە ناواقیع و راستی لە ‘خەون’ لە هەموو کاتێک پێویسترە. ژیانکردنی نێو تۆڕەکان ژیانێکی تەریب بەوەی کە “هەیە”، هەر ئەوەشە کە وامان لێ بکات بپرسین: واقیع چییە؟
پێش هەڵبژاردن- هەرێم- بە وتارێک دووپاتم کردەوە کە هەرچییەک رووبدات و ببێت، چیتر ئێمە داناچڵەکێنێت. ئینجا، ئەوە بەهۆی مردنی-هزری/هۆشەکی “ئێمەوە” بێت یان بەوەی کە بە ‘مەرگی واقیع’ بێت. پاش هەڵبژاردنیش، پرسیارم لەلا درووستبووەوە، ئایا واقیع چۆن مرد و ئەی ئەوەی ئێمە تێدا دەگوزەرێن، بە ڕاست خەونە یان چیە؟
پێش نزیکەی چوار سەدە لەمەوبەر (دیکارت، 1596-1650) ئەپرسێت: ئایا ئەوەی هەیە راستە یان خەون؟ چۆن بزانم راستە، لە کاتێکدا خەون ئەبینم، هەستەکان-پێنج هەستەکانمان کاردەکەن و چالاکن؟ ئیتر، چۆن هێڵێک لە نێوان راستی و ناڕاستییدا بکێشین؟
رەنگە بپرسین؛ ئەو بیرۆکە ساویلکەیەی دیکارت چییە! ئاخر، کەس هەیە درک بە جیاوازی خەون و راستی نەکات؟ هەڵبەت، ئامانجی دیکارت ئەوەبوو؛ خەون بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی کە هەستەکانمان لە زانینی راستییەکاندا بە هەڵەماندا دەبەن. بۆیە واقیع دەبێتە پرسیارێکی تەنگپێهەڵچن و دیکارت بەرەو میتۆدی ‘گومانکردن’ پەلکێشدەکات (لە دەرفەتێکی تردا باسی دەکەم).
بێمەوەسەر فیلمی خەیاڵئامێز ”ترومان شۆ” کە لە ساڵی (1998)دا پەخش کرا، ئایکۆنی سینەمایی (جێم کاری) رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت. کرۆکی فیلەمەکە ئەوەیە؛ رواڵەت، ئەوەی دەبینرێت، دەستکردە، هۆنینەوەیەکە لە زمان و ئەندێشە. واقیع ساختەکراوە، بابەتێکی دروستکراوە.
لێرەوە، نەک هەر جیهان، راگەیاندن و سیاسەت، تەنانەت هاوڕێ و نزیکەکانیشمان درۆمان لەگەڵدا دەکەن. بۆیە، ئێمە و ترومان لە ‘مانیاکێکی-نەخۆشی دەروونی- دەچین کە واقیع لە هۆشیدا ئاوەژوو بۆتەوە. لە رێی چەپاندن و رەشکردنەوەی راستییەکان هەڵگێڕدراوەتەوە.
ژینگە، رووداو، بابەتەکان هەموویان لەو ‘شوێنە رێکخراوە’دا ئامادەکراون کە دواجار وەک بابەتێکی راگەیاندن پەخشدەکرێت. ژیانی ‘ترومان’ لە نێو پێنج هەزار کامێرادایە. ئیتر ژیانێکی کامێراڕێژکراو، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوەی دەبینرێت، هەمووی سیناریۆیە. کارەکەی، ژنەکەی، هاوڕێ و هاوکارەکانی هەموویان ئاکتەرن. بەشێکن لە زنجیرە پەخشێکی تەلەفزیۆنی راستەوخۆ کە لەسەرتاسەری جیهاندا دەبینرێ.
بەسەرهاتەکە؛ پاش ئەوەی ‘ترومان’ دایکی بە منداڵی بەجێیدەهێڵێت، کۆمپانیایەکی ‘بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی’ هەڵیدەگرێتەوە. هەموو ژیانی لە دورگەی ‘سی هێڤن’ نەچۆتەدەرەوە. دواتر، کۆمپانیاکە دەیخاتە ناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە. هەڵبەت، ترومان بێ ویست و خواستی و زانینی خۆی، لە زۆر شت بێبەش کراوە، تەنانەت ناشتوانێ توخنی ئاوی دەریا بکەوێت. چونکە، بە سیناریۆیەک ‘باوکی’ بەبەرچاوی خۆیەوە لە بەلەمێکدا دەخنکێت و بەو هۆیەشەوە لە ئاو دەترسێت.
ئەو جێگەیەی-ستۆدیۆ- کە تێیدا گەورەبووە، وەک ژینگەیەکی واقیعی هەستپێدەکات. لە کاتێکدا ئاو، ئاسمان، پلەی گەرما، دیمەنەکان، کۆڵان و خانوو، مارکێت و هتد، بەشێکن لە ستۆدیۆ ئامادەکراوەکە. نازانێ، ئەو ژیانەی هەیەتی راستیی نییە.
لە ژیانی ‘ئێمە’شدا، دیاردەی ‘داخزانی واتا’ هەستپێدەکەین و بەسەرماندا دەڕوات. لە میدیا و تۆڕەکاندا سیاسییەکان، کاراکتەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیی و ئایینی و نیولیبراڵ، خەریکی دەستکاریکردنی واتا و “راستییەکانن”. ئەوەشی روودەدات، ئاگاییمانی خستۆتە بەردەم مەترسیەکی تر؛ دەسەڵاتخوازی هێز و بکەرە ناوخۆییەکان.
لە پێناو درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان، خەریکی وەهمسازیین. پاش سێ دەیە، هەر لە ‘گرەوێکی فاوستیانە’دان لەگەڵ ئەهریمەن/شەیتان. بە چیرۆکە ساختەکانیان، لە هەڵبژاردن و دیموکراسی دڕندەیەکی وەک ئەوەی ‘فرانکشتاین’یان دروستکرد. کە توانی ویست و خواست و هیوا و مافی خەڵک کەلەپارچەبکات.
دروستکردنی واقیعێکی ساختە، پاساودراو و بەهانە بۆ هێنراو، بریتییە لە گزی، گەندەڵی و درۆکردن لەگەڵ خەڵک. ساختەکردنی واقیع جا هەڵبژاردن بێت یان هەر بابەتێکی تر، بە گێڕانەوەی ناڕاست دخرێتە هزر و هۆشی مرۆڤی ئێمەوە. دۆخی کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگای پاش- هەقیقەت دەچێت کە لێوانلێوە لە زانیاری و هەواڵی هەڵبەستراو و راستی شێوێنراو.
دۆخێکی تراجیک کە لە ژانی فیلەکە دەچێت: کە دواجار ژانی بە مشکێکەوە گرت کە خۆی لێی ئەترسا! ئەمە کارەساتێکی مێژووییە؛ مارکس وتەنی مێژوو جارێک وەک تراجیدیا و جارێکیش وەک گاڵتەجاڕیی دووبارە دەبێتەوە. لای ئەو تراجیدیاکە مردنی ناپۆلیۆنە، گاڵتەجاریەکەش هاتنی ‘ناپۆلیۆنی سێیەمە’. ئاخر، کەسێکی بوودەڵە چۆن دەسەڵات بۆ خۆی دەبات! لە دەقی ‘هەژدەی برۆمێر’دا مارکس دەیەوێ وەڵام بداتەوە؛ چۆن و بۆچی پاش شۆڕێکی گەورەی فەرەنسی، بوودەڵەکان دەگەنە دەسەڵات؟
لە بەرامبەر دیاردەی ‘شێواندنی واقیع’دا، پێویستە لە پەیامەکەی نیگارکێشی ئینگلیزیی ‘فرانسیس بیکۆن’ (1909–1992) تێبگەین؛ ”ئەگەر بتەوێت ڕاستییەکان بگەیەنی، دەتوانی تەنها لە ڕێگەی جۆرێک لە “شێواندنەوە” ئەنجامی بدەیت. دەبێت بیشێوێنیت بۆ ئەوەی کە پێیدەوترێت ‘دەرکەوت’ بە وێنە بگۆڕێت”.
لە سۆنگەی خەونەکەی دیکارت و وەهمەکەی ترومان و فڵچەکەی ‘بیکۆن’ەوە، دەکرێ بیری ‘فەلسەفی’ لەو خەوە ناحەزەی ناوی واقیعە، بێدارمان بکاتەوە. کە ‘هەموو’ گوتار و گێڕانەوەکانی تر سەرگەرمی خەواندنی مێشکمان بن، دەبێ لەوێدا ئاگایی بەدەستبهێنینەوە. لە یادەوەری ساڵانی مامۆستایەتی ‘بەشی فەلسەفە’ رۆژانە لەگەڵ ‘خۆشیاد’ د.حەمید عەزیزدا دەکەوتینە گفتوگۆ کە باسی بابەتێکی دەکرد دەمپرسی ‘بەڕاست’؟ ئەویش بەتەوسێکەوە دەیووت؛ ئەی خۆ بە درۆ؟
نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت
Images: https://pixabay.com/fr/