نەزیرە حارس
بەشی دووەم:
لە ناوەراستی مانگی نۆی ئەمساڵ واتا ساڵی ٢٠٢٤، سەردانێکمان کرد بۆ وڵاتی ئوردون، زۆرترینی کاتەکە لە شاری (عەمان)ی پایتەخت ماینەوە، من پێشتر لە سەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠)، ئەو وڵاتەم بینیبوو، ئەو کات (١٠٠)دۆلار بەرامبەر بە (٧٠) دیناری ئوردونی بوو، ئیستاش نرخی دیناری ئوردونی هەر هەمان نرخە و هیچ گۆڕانێکی بە سەرا نەهاتوو کە ئەمەش نیشانەی جێگیری بارودۆخی ئابووری ئە وڵاتەیە. بە هەرحاڵ، ئەم بابەتی ئابووریە لە بواری شارەزایی مندا نییە و قسەیەکم نییە لەسەری، ئەوەی کە بابەتی شارەزایی منە وەکو ئەندازیارێکی شارستانی، شێوەی ئەندازیاریی بینای خانوبەرە و باڵەخانەکانی نیشتەجیبونە.
لە هەموو شاری عەمان بە تایبەتی و لە هەموو وڵاتی ئوردون بە گشتی، بەرزی باڵەخانەکانی نیشتەجێبون لە پێنج قات تیپەڕ ناکات، مەگەر بە دەگمەن، تاکوتەرا بگاتە شەش قات، کە هەموی بە بەردی ناوخۆی سپی دروست کراون و لەگەڵ سروشت و بەرزی و نزمی شارەکەدا یاخود بڵێین وڵاتەکەدا گونجاون، گونجانێکی سەرنج ڕاكیش بە شێوازێکی ئەندازیاری کە هارمۆنیەکی جوانی بەخشیوە بە شارەکە بە هیچ جۆرێک کاریگەری نەرێنی دروست نەکردووە لە سەر سروشت و ژینگەی، بەراوردکردنی ئەم بابەتە بە شێوەی دروستکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کوردستان بە گشتی و لە شاری سلێمانی بە تایبەتی کە بە ڕاستی مایەی سەرسوڕمان و داخە.
سروشتی جوانی سلێمانی بە شێوەیەک تێکدراوە کە ئەو شارە جوانە ناناسرێتەوە بەهۆی دروستکردنی باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە بەرزی (٣٥-٤٠) نهۆم لە شوێنی بەرز و هەستیار و بناری شاخەکان کە ژینگەی شارەکەی بە تەواوەتی تیکداوە و جوانی سروشتەکەی شاردووەتەوە، لەبەر هیچ نا تەنها لەبەر قازانجی زیاتری چەند کۆمپانیایەک، بۆ نمونە (شاری ئارام) کە لە بەرزترین شوێنی نێوان شاخی گویژە و شەقامی شەست مەتری لە بناری شاخی گۆیژە دروست دەکرێت، پرۆژەی (کەڵینان) لەسەر شەقامی شەست مەتری لە دامێنی شاخی گۆیژە، پرۆژەی (ستی تاوەرس) هەر لە بناری گۆیژە، پرۆژەکانی بەرزاییەکانی (قەیوان ) و (گۆیژە ستی)، بیجگە لە پرۆژەی بەرزاییەکانی سڵیمانی کە بەم دواییە لەناو جەرگ و دڵی شاخەکان دروست دەکرێت… هتد، ئەمە لە کاتێکا کە بە هیچ جۆرێک کێشەی نیشتەجێبون نییە لەناو شاری سلێمانی و ئەگەر کێشەی نیشتەجیبوونیش هەبوایە ئەوا بە هیچ جۆرێک کێشەی شوێن (زەوی) نییە بۆ دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون، هەتا کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون بەرببنە شاخ و داخ و دار و درەختی شارەکە و وێرانی بکەن لەپێناو بەرژەوەندی زیاتر!
لێرەوە دەڵێین بە داخەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێدانی مۆڵەتی پرۆژەی نیشتەجێبوون هەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی و یەکێتی ئەندازیاران و دامودەزگا ژینگەییەکان و گەشتوگوزار، ئەم لایەنانە، ئەگەر خۆیان شارەزا نین و نایزانن، یاخود دەیزانن بەڵام شارەکەیان خۆش ناوێت و کەمتەرخەمن بەرامبەری، ئیتر بە هەرهۆکارێک بێت، با ڕاوێژ بە خەڵکانی شارەزا و دڵسۆزی شارەکە بکەن یان ئەوە وڵاتی ئوردون لەو نزیکەوە با سەردانی بکەن و بیبینن ئەوان چەندە و چۆن پارێزگارییان لە جوانی سروشتی وڵاتەکەیان کردووە، باسی وڵاتی (یابان) ناکەین کە بەم دواییانە، تەنها بە هۆکاری ئەوەی دیمەنی شاخێکی شاردبووەوە، پرۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێبونیان تێکدا، کە زۆرینەی یەکەکانی فرۆشرابوون. دەکرا ئەو باڵەخانە بەرزانەی سڵێمانی لە شوێنێکی تردا دروست بکرایە کە کاریگەری لەسەر سروشت و ژینگەی شارکە نەبوایە، وەکو هەندێ پرۆژە کە لە شوێنی ڕوتەنی شاردا دروست کراون و بونەتە هۆی جوانکردنی شوێنەکە نەک وەکو ئەوانی کە ناومان هێنان لە جوانترین شوێنی شاردا دروست کراون و بونەتە هۆی ناشرینکردنی شوێنەکە و شاخەکەیان شاردووەتەوە بە دیواری کۆنکریتی! بە داخەوە بۆ ئەو بەرپرسە نابەرپرسانەی کە وایان لەم شارە کرد و شێواندیان، ئەمە بێجگە لەوەی کە شاری سلێمانی نەخشەی بنەڕەتی هەیە (ماستەر پلان)، ئەو نەخشەی بنەڕەتییە بۆ ماوەیەکی دوورمەودا دروست کراوە و هیچکەس و لایەنێک بۆی نییە هەروەها بە ئاسانی بە ویستی خۆی دەستکاری بکات، یان جۆری (صنف) زەویەکە بگۆڕێت وەکو ئەوەی کە ئەگوزەرێت لە سلێمانی.
نەزیرە حارس
ئەندازیار و نووسەری بواری ژینگە