پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

چۆن ئاو شەڕ هەڵدەگیرسێنێت و چۆن دەیکوژێنێتەوە

د. مەدیحە سۆفی


گۆی زەوی بە هەردوو نیوەکەیەوە، چ نیوەی خوارەوەی و ج نیوەی سەرەوەی بە کێشە و ئەستەنگی جۆراوجۆری ئەم سەردەمە تەنراوە، سەرچاوەی سەرەکی کێشەکانیش خۆی لە سەپاندنی دەسەڵاتی ئابووری و پاشان سیاسی دەبینێتەوە. تاڵانکردنی سامانی سروشتی بەتایبەتی وزە و ئاکامە دژوارەکانی؛ کاردانەوەی نەرێنی بەسەر ژینگەی هەموو جیهاندا هەیە، بەڵام باجی نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی بە تاڵانکردنی کەرەستە خاوەکانیان لەلایەکەوە و بە تێکچوونی ژینگەکەیان قورسترە لە باجی نیوەی سەرەوەی، ئەویش لە پای کاردانەوەی کێشەی کەشوهەوا، قەیرانی ئاو، لافاو، وشکەساڵی و گۆڕانی  دیمۆگرافییەکەیەوە.

ئاو وەکو سامانێکی سروشتی ڕەها و وەکو شاخوێنبەری ژیان، ئاوەدانی، پیشەسازی، دابینکردنی ئاسایش و پێشکەوتن، یەکێکە لەو سامانە سروشتییانەی بە یەکسانی لەسەر گۆی زەوی دابەش نەکراوە، کورتهێنانی بڕی ئاوی پێویست لە هەندێ ناوچە هەمیشە بووەتە مایەی تەنگژە و ئاستەنگ بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی نەتەوەیی، جگە لەوەی دەستبردن بۆ چەکی ئاو وەکو سنووردانان بۆ دەسەڵات یا  بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات لەلایەکەوە، یا بۆ ملکەچکردن و ناچارکردن لەلایەکیترەوە، یەکێک بووە لەو ساسەت و ڕێوشوێنە ناپەسەندانەی؛ هەندێ جار لەلایەن حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانەوە پەیڕەو کراوە، ئەم سیاسەتە چ وەک زادەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداو و ویستگەی بەرهەمهێنانی وزە کارەبا لەسەر ڕوبارە هاوبەشەکان، چ وەکو تۆڵە و بەرپەرچدانەوە، چ وەکو وەستاندنی شەڕ و کوژانەوەی جەنگی نێوان دوو لایەن، بووەتە کارتی دەسەڵات.

لە سەر گۆی زەوی 261 سیستەمی ئاوی هاوبەش هەن چ ڕوبار و چ دەریاچە؛ لەوانە ڕوباری دانووب بە حەڤدە وڵاتدا تێدەپەڕێ، ڕوباری کۆنگۆ و نیجەر هەریەکەیان بە یازدە وڵاتدا، ڕوباری نیل بە دە وڵاتدا، ڕوباری ڕاین و سامبیسی بە نۆ وڵاتدا، ئەمازۆن و دەریاچەی چاد لەگەڵ هەشت دەوڵەتدا هاوبەشن، جگە لە هەژدە ڕوبار و دەریاچە هاوبەشن لە نێوان 3-6 دەوڵەتدا، لە 176 سیستەمەکەی تردا تەنها لە نێوان دوو وڵاتدا[[1]]

کێشەی سیستەمی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەیەکی بەردەوامە، لەوانە کێشەی ڕوباری دیجلە و فورات لە نێوان عیڕاق و سوریا و تورکیا، تورکیا دەسەڵاتی ئاو وەکو فشارێکی سیاسی دژ بە عیڕاق و سوریا بەرجەستە دەکات، پاشان کێشەی ڕوباری ئوردن، کە ئیسرائیل بە تەواوەتی قۆرخی ئاوی ئەو  دەڤەرە دەکات و زۆر نادادپەروەرانە مامەڵەی بەشەئاو دەکات لەگەڵ فەڵەستینییەکان.

عیڕاق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی دەمێکە گرفتی ئاوی شەتولعەرەبی هەیە لەگەڵ ئێران، مێژووی دیاریکردنی سنوور لە نێوان عیڕاق و ئێراندا؛ مێژوویەکی پڕ لە کێشەی هەبووە، هەر ئەوەش هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە بوو لە ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ١٩٨٨، گرفتەکانیش زیاتر لەسەر سنووری شەتوڵعەرەب بوون، لە سەدەکانی پێشوودا بەردەوام پەیماننامە و ڕێکەوتن لە نێوانیاندا مۆر کراوە و پاشان لایەنێک ڕەتیکردووەتەوە و دوبارە گرژی دروست بووە. لە ساڵی ١٩٣٧دا و  لە شاری تەهران پرۆتۆکۆلێکی ڕێکەوتن لە نێوان هەردوولادا مۆرکرا، بە پێی ئەم ڕێکەوتنە عیراق مافی خاوەندارێتی شەتولعەرەبی پێ بەخشرا و سنووری نێوان عیڕاق و ئێران کەوتە ئەودیو کەناری شەتوڵعەرەب بە دیوی ئێراندا، ئێرانیش دانپێدانانی خۆی بۆ دەسەڵاتداری عیڕاق بەسەر شەتوڵعەرەبدا ئاشکرا کرد، جگە لە چەند خاڵێکی بچوکی ئەو دەڤەرە.

لە نۆزدەی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٦٩، ئێران ئەم ڕێکەوتنەی ڕەت کردەوە، بە بیانووی ئەوەی؛ ڕێکەوتنێکە بە سەرپەرشتی بەڕیتانیا جێبەجێ کراوە. لە ساڵی حەفتاکانیشدا و لەگەڵ هەڵگرسانەوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کورد لە عیڕاقدا، ئێران چ بە چەك و چ بە حەوانەوە پاڵپشتی ئەو شۆڕشە بوو، بەجۆرێک ئاسایشی نێوخۆی عیڕاقی شێواندبوو و خەرجی دەوڵەتیشی خستبووە ژێر فشارەوە. بەردەوامبوونی ئەو شەڕە دۆخێکی ئابووری و ئەمنی نالەباری بۆ عیڕاق دروستکردبوو. بۆ وەستاندنی ئەو شۆڕشە و دەستبەرداربوونی ئێران لە یارمەتیدانی کورد، عیڕاقیش دەستبەرداری نیوەی شەتولعەرەب بوو، ئەوە بوو لە شەشی مارسی ساڵی ١٩٧٥دا، ڕێککەوتنی جەزائیر لە لایەن عیڕاق و ئێرانەوە و بە سەرپەرشتی جەزائیر مۆرکرا.

یەکێک لە بەندە گرنگەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەوە بوو؛ کە ئێران خاوەندارێتی نیوەی شەتولعرەب بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەستبەرداری یارمەتدان و حەوانەوەی شۆڕشی کرد ببێت، بەم ڕێککەوتنەی جەزائیر شۆڕشی کورد کوژایەوە و عیراقیش هەندێ شوێنی ستراتیژی خۆی لەدەستدا، لە حەڤدەی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا پاش ئەوەی پێنج ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێپەڕی و  عیڕاق لە دەستپێکی بوژانەوە و هەستانەوەدا بوو، یەکلایەنە ڕێککوتنەکەی ساڵی ١٩٧٥ی ڕەتکردەوە و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عیڕاق و ئێران هەڵگیرسا.

بە پێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاو سامانێکی سروشتی گشتییە و موڵکایەتی پێوە ناکرێت، لێ لە هەندێ ناوچەش ئاو بڕیاردەری هەڵگیرسانی شەڕ و کوژانەوەی شەڕیشە، هۆکاری تکچوونی ئاسایشی خۆراک و ئاوە،  لە هەمان کاتدا کارتی فشاری ساسی و ئابوورییە لە نێوان وڵاتەکاندا. عیڕاق ئەو دەوڵەتەی بە میسۆپۆتامیا ناودەبرێت، ئەویش بە پاڵپشتی هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات، لە ئێستادا ڕوبەڕووی کێشەی کەم ئاوی و تکچوونی ئاسایشی ئاو بووەتەوە، لە بابەتێکی ڕۆژنامەی (Süddeutsche Zeitung) لە ڕۆژی ٢٢ی ماسی ٢٠٢٣دا باس لەوە دەکات، کە سەرباری کێشەکانی کەشوهەوا؛ کە کەمی باران و وشکەساڵی و زۆر کێشەی دیکەی بەدوادا دێت، کێشەی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات و گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیاوە، عیڕاقی میسۆپۆتامیا بەرەو داڕوخان و تێکچوونی دیموگرافییەکەی دەبات، هەر لەو بابەتەدا دەڵێ ” هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات لە ئێستادا تەنها ٣٠٪ی ئاوەکەی بەرەو عیڕاق تەوژم دەدات لەچاو پێشتر[[2]]

بە گشتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و سەرجەم کێشەکانی ژنگە و بەتایبەتی زۆربوونی دانیشتوان لە عیڕاقدا، خۆڵبارین و تێکچوونی کواڵیتێتی زەوی، کەمبوونەوەی  ڕوبەری زەویوزاری بەپت بۆ چاندن و کشتوکاڵ و گەلێ گرفتی دیکە؛ ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر تەواوی بوارەکاندا دەرکەوتووە و عیڕاقی بەرەو پاشەکشێ بردووە، بەتابەتی ئەگەر حوکمڕانییەکەی بەم شێوازە لاوازە بەردەوام بێت، باشترین ڕێگاچارەسەر وەکو دەوڵەتێکی خاوەن وزە و کەرەستەی خاو، بتوانێ بە پاڵپشتی داهاتی نەوتەکەی و بە هەمان بەرنامەی پرۆژەکانی (مجلس الاعمار) ساڵی پەنجاکان زیندوو بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا بە پشتیوانی تەکنەلۆژیا و ڕێوشوێنی زانستی دەتوانێ ڕێگری لە سەرهەڵدانی زۆربەی قەیرانەکان بکات، عەقڵی زانستی و تەکنەلۆژی بەردەوام لە داهێنان و پێشکەوتندایە، ئەگەر تاکڕەوی و سەپاندنی حوکمی کۆنەپەرستی مەودا بدات، هەروەها دەکرێ هەمان چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیش ببێتە بەرنامەی کار.

لێرەدا دەتوانرێ ئەوە دەستنیشان بکرێ؛ کە بۆ دەستپێکی هەموو بوژانەوە و سەرهەڵدانەوەیەک (سامانی ئاو) ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، لە بواری پیشەسازی، کشتوکاڵ، ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەییش، بۆ بنبڕکردنی دوودڵیش بۆ گەیشتن بەو دابینکردنە ؛ حکومڕانێکی بەهێز و چوارچێوەیەکی توندوتۆڵی بڕوابوون بە خۆشەویستی نیشتمانی پێویستە، ئەوەی ئێستا هەیە بنەمایەکی ناجێگیر و پڕ لە بەرژەوەندییە و ناتوانێ لە بەرامبەر وڵاتە دراوسێکانیدا ماف و بەشە ئاوی خۆی مسۆگەر بکات.

ئاو شەڕ هەڵدەگیرسێنێت و دەیکوژێنێتەوە، دەبێتە کارتی سیاسی و بەرامبەر ناچاری ملکەچی دەکات، وڵاتێکی بەپیتی وەکو عیراق لە نازناوی میزسۆپۆتامیاوە دەگۆڕی بە وڵاتێک کە لە چاوەڕوانی وشکەساڵی و  داڕمانی کۆمەڵایەتیدا بێت. ئاو دەبێتە دەسەڵاتی سیاسی و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی دەکات، هەروەکو چۆن تورکیا بەرامبەر عیڕاق و سوریا دەیکات، شەڕی ئاو بەرامبەر نەوت، یا شەڕی ئاو بەرامبەر بەدیهێنانی مەرامە سیاسییەکانی خۆی وەکو بەرنامە دادەڕێژێت.

پەراوێزەکان

  1. Wilhelm Sager, Wasser, Hamburg 2001, S33
  2. Der Irak trocknet aus, Süddeutsche Zeitung 22.05.2023

[1] Wilhelm Sager, Wasser, Hamburg 2001, S33

[2] Der Irak trocknet aus, Süddeutsche Zeitung 22.05.2023

Images: https://pixabay.com/fr/

Mar_Fernández

Bessi

qimono

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …