پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

گۆی زەوی وڵاتی هەموومانە

د. ساماڵ مانیی


تا کەی حکومەتەکان هیچ پلانێکی جیدی پیادە ناکەن سەبارەت بە پاراستنی ژینگە لەسەر ڕووی زەویدا؟

دارستانەکانی سەرزەوی ڕۆڵی ساردکەرەوەیان هەیە، کە دەسووتێن و کەم دەبنەوە، بلۆک و خشت و بەرد و خاک و لم و کۆنکریت و قیرتاوەکان بە تەنیا بەجێدێڵن، ئەوانیش دەبنە هیتەر و گەرمکەرەوەی سەرزەوی.

پۆرتوگاڵ، میجاز/ئەندەلوسیای ئیسپانیا، مەغریب، فەرەنسا، یۆنان، گڕیان تێبەربووە لە شەپۆلی گەرمادا. ئەمە دەستپێکی ئەم هاوینەیە و جارێ ماویەتی.

لە ڕۆژنامەکانی فاینانشاڵ تایمز، ڕۆیتەرز، گاردیان، ئۆبسێرڤەر و زۆربەی ڕۆژنامە بەناوبانگەکان گڕگرتنی دارستانەکان و سوتانی ماڵ و ماڵات، سەری دێڕن هەموو هاوینێک. شەپۆلی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لەدەستپێکی ئەم هاوینەدا ئەورۆپای گرتۆتەوە، بەڵام هەر ئەورۆپا نیە کە جاران فێنکترین بەش بوون و لە کەڵتووری ژیانی سەد ساڵیدا زۆر لە وڵاتانی فێنکەرەوە و سپلیتیان نەبوو لەناو ماڵەکانیاندا، هەتا ئێستاش لە ناوچەی هەندێک وڵاتدا هەیانە کە گەرمترینن، لەوانیتردا لە ماوەی دە ساڵی ڕابووردودا وەکو دیاردەیەکی نوێ پانکە و موبەریدەی دەستیی چکۆلە بەکاردەهێنرێت لە ماڵەکاندا، لە بەریتانیا و ئێرلەندا بۆ نموونە.

 شەپۆلی گەرما هەتا دێت زیاتر دەبێت و گەرمتر دەبێت، کە دێن سووتانی بەشێکی زۆری ڕووبەری سەرزەوی لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. ئەمە کاریگەرە لە هەموو سوچێکی ئەم سەرزەویەدا، بەتایبەتی ئەو گۆشانەی سەرزەویی کە سەدان ساڵە سەهۆڵبەندانە؛ دەتوێنەوە و دەبن بە ئاو و دەڕژێنە ناو زەریاکان و بەرزبوونەوەی ئاو و ولافاوی گەورە و یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی تسونامی شان بەشانی بومەلەرزەکان.

لە بەریتانیا هەتا ئێستا ئاگر نەکەوتۆتەوە، بەڵام لە حاڵەتی ئینزاردا دەژی. وەزیری ناوخۆی وڵاتی پۆرتوگاڵ دەستی لە کار کێشاوەتەوە، بەڵام دەست لە کارکێشانەوەکان بۆ ڕازیکردنی خەڵکە نەک پلانی چارەسەر یان پلانی ڕێگرتن. بەهەمان شێوە ڕێنماییەکان بۆ نەچوونە دەرەوە و بوتڵە ئاو بردن، بۆ ئەوەیە بڵێن ”ئەی نەمانووت”! لەلایەن حکومەتەکانەوە، پێویست بە پلان و پیادەکردنیەتی، بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی ئافاتەکانی ژینگە بە یەکجاری.

لە ناوچە بیابانیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دارستانی چڕی نیە تا گڕ بگرێت و ببینرێت، چ باسە؟ نە پلان و نە ئاماری مردن بە گەرما و نە ڕادەی بەرزبوونەوەی گەرما بەشێکە لە سیاسەت.

لای ئێمە (لەندەن) لە خوارووی بەریتانیا کە زیاتر دەشتاییە پلەی گەرما زۆر بەرزە تا ڕادەیەک فەرمان بە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە مەگەر ئیشی زۆر پێویست بێت بچنە دەر و کە دەچنە دەرەوە بۆتڵێک ئاو بەرن لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئەوەی گەرما نەیانبات/نەمرن (جاران حکومەت بوتڵە ئاوی دابەش دەکرد بەسەر ئەوانەی هاتوچۆیان دەکرد، ئێستا نایکات، چوونکە لەمەودوا  گڕتێبەربوون و گەرما و سووتان و بە گەرما مردن، بووە بە دیاردە و ئیشی هەموو ساڵێک) هەندێک مردن و زۆر کەس پێویستیی بە خەستەخانە بووە لەبەر کاریگەریی گەرما و ئیسعافەکان لە حاڵەتی تەواریدان.

تا کەی پلانێکی پیادەکراو نیە بۆ پاراستنی ژینگە لەسەر ئەم زەویەدا؟

Check Also

دیراسەیەکی ستراتیژی بۆ ئاو لە عیڕاقدا

د. مەدیحە سۆفی هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو، کە هۆکارەکانی جۆراوجۆرن لەوانەش گرنگترینییان توندبوونی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، …