ئازادی ژن، لە دروشمبازیەوە بۆ رازەکانی بوون و هەبوون

گفتۆگۆ

جوان عزه‌ت

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش


نووسەر و رۆژنامەنووس بەهرە حەمەڕەش، لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە ئازادی و ئازادی ژن دەڵێت: ژن ئازاد نابێت، هەتا پیاویش ئازاد نەبێت. سەبارەت بە ئازادی ژنی کورد پێیوایە، ژنی کورد دووجار دەچەوسێندرێتەوە، جارێک وەکو نەتەوە و جارێکيش وەکو رەگەز.

جوان عزه‌تیش، له‌ وه‌ڵامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: كاتێك ژنێكى ئازاد درۆست بوو، خێزانێكى ئازادیش دێته‌ به‌رهه‌م. بوونى خێزانى سه‌ربه‌خۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونى ژنێكى سه‌ربه‌خۆ‌. هەروەها، سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامى ژنى كوردیش ده‌ڵێت: پێش نه‌ته‌وه‌ى كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كى داگیركراوه‌بێت، نیشتمانێكى داگیركراوه‌یه‌، كاتێك نیشتمان/ خاك داگیركراو بوو، ژنیش داگیركراو ده‌بێت، چۆنكه‌ نیشتمان دایكه‌/ دایكیش زه‌مینه‌یه‌، زه‌مینه‌یش به‌رهه‌مه‌. بۆیه‌ هه‌تا كورد نه‌گاته‌ قۆناغى نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانێكى سه‌ربه‌ست ژنى كوردیش ناگاته‌ قۆناغى ناسینى مرۆڤى.

جوان عزه‌ت: ئازادى چییه؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: بەپێی تێگەیشتنى من بۆ ئەم چەمکە، لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە کلتورێکەوە بۆ کلتورێکی دیکە، لە ئایدۆلۆژیایەکەوە بۆ ئایدۆلۆژیایەکی دیکە دەگۆڕدرێت. کەواتە تێگەیشتن بۆ پرۆسه‌ى چه‌مكى ئازادی لە کۆمەڵگاى رۆژهەڵاتییەکان به‌رامبه‌ر کۆمەڵگاى ئەوروپی جیاوازه‌. هەروەها پێناسەی ئازادیش بەهەمان شێوە جیاوازە، تێگەیشتن بۆ ئازادی لە ئایینی مەسیحی و ئایینی ئیسلامدا جیاوازە، لە تێڕوانینی ژنێکی ناوماڵ بۆ ژنێکی نووسەر، واتە بەپێی پیشە و جۆری کاریش جیاوازی خۆى هەیە. 
ئازادی لە نێوان چین و توێژەکاندا جیاوازە، بەپێی تەمەن دەگۆڕدرێت. ئەو ئازادییەی بۆ کەسێکی سەرو هەژدە ساڵ بەرەوا دەبینرێت، بۆ کەسێکی بەر لەو تەمەنە رەوانییە، بەو لێکدانەوەیەی، کە پێش هەژدە ساڵ هێشتا پێویستیان بە ئاگامه‌ندى و رێنماییە. هاوکات تێگەیشتن بۆ ئازادی وادەکات، بزانی تا کوێ سنووری ئازادی کەسەکەیە و لە کوێ دەبێتە دەستدرێژی و دەستوەردان بۆ سنووری بەرامبەر، ئەوە لەسەر ئاستی خێزان، دامودەزگای فەرمی و دەوڵەتیش بەهەمان شێوە.

دەوڵەتێک ئازادییەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی لە چوارچێوەی یاسا و رێنمایی و نووسراودا داڕشتووە، بێگومان تێیدا رەچاوی کلتۆر و چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە کراوە. بۆیە پێوەرەکانیش بۆ ئازادی جیاوازن لە کلتور و وردەکلتورەکاندا. ئەوەی رەنگە لە شارێک قەدەغە و نائاساییە، لە شارێکی دیکە لە سنووریی ماف و ئازادییەکاندا ناسرابێت. بۆیە ناتوانین پێناسە و چوارچێوەیەک بۆ ئازادی دیاری بکەین،

بەڵکو دەتوانین بەپێی پێوەر، دنیابینی و کلتور و نەریتی خۆمان، هەریەکە و پێناسەیەک بدەینە ئازادی، کە چۆن تێدەگەین و دەیبینین. بە تێگەیشتنی من، ئازادی مومارەسەکردنی ژیان، ئەرک و مافە، بەبێ بەزاندنی سنووری کەسی دیکە.

 جوان عزه‌ت: ژنى ئازاد كێیه؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: ئازادی ژن و پیاو واتە هەردوو رەگەز، لە سنووری کلتۆر و کۆمەڵگەیەکدا وابەستەی یەکترن، بێگومان ئازادی لە ئازادی هزرەوە سەرچاوە وەردەگرێت. تاکو هزر ئازاد نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بیر لە ئازادییەکانی دیکە بکاتەوە. کەسێک کە پێیوابێت پرۆژەکانی ژیان و هاوسەرگیری و منداڵ خستنەوە دەکەوێتە چوارچێوەی خاوەندارێتی، ناتوانێت تێگه‌یشتن و شرۆڤه‌ى مه‌عریفى بۆ ئازادی هەبێت. مرۆڤ کاتێک هۆشیاری بۆ ئازادی نەبوو ناتوانێ هیچ لێکدانەوە و بیركردنه‌وه‌ى گشتی بۆ ئازادی هەبێت. بەم پێوانه‌یە، ژن لە کۆمەڵگەیەکدا ئازاد نابێت کە هێشتا چەوساندنەوە و نادادی تيادابێت. کەواتە کاتێک پیاو ئازاد نەبێت، ژن چۆن دەتوانێ ئازاد بێت؟ چونکە ژیانی ئەم دوو کەسە، لە چوارچێوەی دەزگا فەرمی و نافەرمییەکان وەکو یەکترە. دەتوانین بڵێین لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە، پیاو ئازادی جەستەیی زیاترە نەک هزری، بەو تێگەیشتنە کاتێک کەسێک هزری ئازاد نەبێت و هێشتا خۆی ئازاد نەکردبێت، ناتوانێت مانا بداتە ئازادی لە چواردەور و ژینگەی خۆی، بەتایبەت بۆ کەسانێک، کە لە رووی جەستە و ماسولکەوە لەو بێهێزترن. بە کورتی، تا پیاو ئازاد نەبێت، ژنیش ئازاد نابێت. به‌تایبه‌تى له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی بیرى پاشكه‌وتوو تییادا رێژه‌ى ژنى نا‌ ئازاد زیاتره‌ له‌ ژنى ئازاد.   

جوان عزه‌ت: ئایا دەكرێت ژنێكى ئازاد لەسەر بیرۆباوەڕى كۆن دروست ببێت؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: به‌ بیركردنه‌وه‌ى من، ژنی ئازاد لە کۆمەڵگەیەک دروست نابێت، کە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیا و نەریتی باودابێت. لە کۆمەڵگەی نەریتیدا، فشارەکان لەسەر ژن زیاترن تا پیاو، هەرچەندە پیاویش تیيادا چەوساوەیە. مرۆڤی ئازاد لە کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت، کە بتی (باوک، نێرسالاری و عەشیرەتگەری) شکێنراوبێت. هەموو ئەو بتانە، هێشتا لە کۆمەڵگە و کلتوری ئێمەدا ئامادەییان هەیە، کەواتە چۆن مرۆڤی ئازاد دروست دەبێت!

رەنگە کاتێک ئەم گفتوگۆیەی ئێمە دەخوێندرێتەوە، ژن هەبێت پێیوابێت ئازادە، لەبەرئەوەی دەتوانێ وەکو فەرمانبەرێک دەوام بکات، لەبەرئەوەی ئەم مافە بۆ نەوەی پێش ئەو قەدەغە بووە. لە کاتێکدا، ئەوەی ئەمە بە ئازادی تێیدەگات و زۆر کەسیش ئەو تێگەیشتنەیان هەیە، کارکردنە و بەشدارییە لە بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی خێزان، کەواتە ئەرکە. دەتوانین ئاماژە بەوەش بکەین، کە لە نەریتی باودا بتی باوک لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا نواندن دەکات، لە دەزگایەک وەک بەڕێوەبەر، لە یەکێکی تر وەک وەزیر، لە فێرگەیەک وەک مامۆستا، چونکە تەنیا مومارەسەی پیشە ناکەن، بەڵکو ماف بە خۆیان دەدەن، کە ئازادی کەسەکانی تر بەپێوەری ئەوان بدورێت بەبێ گوێدانە یاسا و رێنمایی فەرمی. لێرەدا دیسان دەڵێم، دەکەوینەوە سەر دووپاتکردنەوەی ئەوەی، کە ئازادی لە هزرەوە دەست پێدەکات، بەپێچەوانەوە هەموو شوێنێک دەبێتە دیوەخان و بەڕێوەبەر بتی باوکە لە بەرگی جیاوازدا.

جوان عزه‌ت: ئەو بەربەستانه چین، ئەوانەى بوونەتە سنوور له بەردەم بیرى ئازادى ژن؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: بەربەستەکان لە بەردەمی ئازادی ژن زۆرن، یەک لەوانە ئازادنەبوونی پیاوە، هەموو ئەو بەربەستانە بە دروستکردنی سیستـه‌مێکی پەروەردەی تەندروست و مرۆیی دەشکێن، دەکرێت ئەو ئازادیەی ژن لە رەهایى کۆمەڵگەیەکدا لەسەر ئاستی تاک بێتەدی، بەڵام زۆرێک لە ژنان ناتوانن مومارەسەی ئازادی ئەرک و مافەکانیان بکەن، تا ئەو هەویرەی، کە پێی دەڵێن سیسته‌مى پیاوسالارى کۆمەڵگە، دروست نەبێت و راست نەکرێتەوە، چونکە لەم هەویرە هەرچی دروست بکەی، هەر ناتەواو دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا هێشتا پیاو ئازاد نەبووبێت، بێگومان ژنیش ئازاد نابێت، چونکە کەسی ئازاد نە دەبێتە کۆیلە و نە حەزیش دەکات کۆیلەی هەبێت.

جوان عزه‌ت:   بۆچى هەمیشه ژن لە ژێر ناوى ئازادى دەچەوسێندرێتەوە؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: لێره‌ ژن و پیاو هه‌ردووكیان لەژێر ناوی ئازادی دەچەوسێندرێتەوە، چونکە هێشتا ئێمە ئازادی ناناسین و تێگەیشتنی کاڵ و کرچمان بۆی نییە، بۆیە ئاساییە چەواشەکاری و چەوساندنەوە لەژێر ئەم ناوەدا هەیە. چۆنكه‌ لە کۆمەڵگایى رۆژهەڵاتییەکاندا، هێشتا ئازادی لەسەر ئاستی سیسته‌مەکان نییە، هەر لە سیسته‌می پەروەردە، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی و…هتد بگره‌ ئیتر چۆن مرۆڤ دەتوانێ تییادا ئازادبێت.

لەم کۆمەڵگایانەدا، کە جیهانی سێهەمی پێدەڵێن، هێشتا کۆمەڵێک بازنە لە دەوری ژیانی مرۆڤەکانن، کە هێشتا زۆرترینیان باون و بەشانازیشەوە باسیان دەکرێت. سادەترین نمونە ئەوەیە، کە زۆر لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز (وەزیر، پەرلەمانتار و مامۆستای زانکۆ)، لە بواری جۆراوجۆردا پاشگری ناوەکانیان ناوی عەشیرەتەکانیانە، واتە ناوی خۆیان بە کەم دەزانن، بۆ خۆ سەلماندن و دیاربوونی ناوەکانیان، پێیانوایە بەبێ ناوی عەشیرەتەکانیان ناتوانن گەورە بن. کەواتە لە کۆمەڵگایه‌كى ئاواد، مروڤ چۆن دەتوانیت وێنای ئازادی بۆ ژن بکات، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌كان و خوێندنه‌وه‌كان جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌سه‌ر پێ خۆى نه‌وه‌ستن؟

جوان عزه‌ت: ژنى كورد، ژنێكى ئازاده یان نا؟ ئەگەر ئازاد نییه، دەتوانێت لەسەر چ جۆره عەقڵ و سیستەمێک، بیرى خۆى ئازاد بكات و ببێته خاوەن دروستكردنى كاراكتەرێكى سەربەست؟

به‌هره‌ حه‌مه‌ ره‌ش: ژنی کورد دووجار چەوساوەیە، جارێک وەکو نەتەوە و جارێکيش وەکو رەگەز، بۆیە بار و ئەرکی سەختترە، وێڕای تێکۆشان و هەوڵدان لە بازنەدا دەخولێتەوە. کورد وەکو نەتەوە هێشتا ژێردەستەیە و ئازاد نییە، ئەمە فشارێکی زۆر لەسەر تێگەیشتن و دنیابینی ئێمە بۆ ناسینی ئازادی دروست دەکات. ئێمە بەردەوام وا فێربووین و چێژ لەوە دەبینین، کە وەک قوربانی باسمان دەکرێت و بەشانازییەوە دەڵێین، ئەنفال و کیمیاباران کراوین، لەگەڵ ئەوەشدا پەندمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە. لە هەر قۆناغێکدا، بە شێوازی جیاواز دەچەوسێنرێینەوە!

کاتێک لەسەر ئاستی نەتەوە، کلتوری داگیرکاری تا ناو خێزانەکانمان هاتووە، چۆن مرۆڤی ئازاد لەم کۆمەڵگەیەدا دروست دەبێت؟ پیاوێک لە ژێر زوڵمی پۆستاڵ و کاولکاری گوند و بۆمبارانکردنی شارەکەی هاتبێتە دنیا و گەورە بووبێت، دەبێ چ تەعبیرێکی بۆ ئازادی هەبێت، یان کاتێک دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، چۆن خێزان و دامودەزگا بەڕێوە دەبات.

زۆر بەکورتی و لە کۆتایدا، دەتوانم بڵێم، برینەکانی ئێمە وەکو نەتەوە قوڵ و دژوارن، ساڕێژکردنی بە هزرێکی ئاوەدان و ئازاد بۆ کۆمەڵگە بەگشتی دەبێت. هەروەها یەک لە کێشەکانی ئێمە وەک کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوین، نەبوونی پێناسە و تێگەیشتنێکی راستەقینە بۆ هەموو چەمک و مۆدێلەکان، کە لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ ئێمە دێن. بەم واتایە، دەبێت سەرلەنوێ دووبارە پێداچوونەوە و نرخاندنی هەموو چەمک و مۆدێلەکان بکەینەوە. لە ئەنجامدا، دەبێت کار لەسەر ”ئازادی ژن، لە دروشمبازیەوە بۆ رازەکانی بوون و هەبوون” بکرێت.

ئەنجامدانی گفتوگۆ

 جوان عزەت

Image: https://pixabay.com/fr/

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …