
د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا
ناوەندی زانستی ماکس – پلانک لە ئەڵمانیا یەکێکە لە ناوەندە زانستییە سەرکەوتوو و گرنگەکانی توێژینەوە لە ئاستی جیهاندا، ئەم ناوەندە لە ساڵی ١٩٤٨وە دامەزراوە و زاناکانی نێو ئەم ناوەندە زانستییە خاوەنی چەندەها خەڵاتی نۆبلن. توێژینەوەکانی ئەم دواییەی ئەم ناوەندە زانستییە لە بارەی گۆڕانی کەشوهەواوە و بەتایبەت ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەریانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، دەرئەنجامی زۆر هەستیار دەخەنەڕوو، لەوانە هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرمی، بەجۆرێک بۆ ژیان و گوزەران زۆر سەخت و نەشیاو دەبێت.

ئاو، نهێنی ژیان و بهردهوامی و ئاوهدانییه، سهرچاوهی گهشهسهندن، دهستپێکی سەرهەڵدانی شارستانییەت، بناغهی بوژانەوە، هاتنهکایهوهی تازهگهری و پێشکهوتنی پیشەسازییە. بۆ سهلماندنی نهێنی ئهو دهستپێکه میسۆپۆتامیا باشترین نمونەیە، که به بوونی ههردوو ڕوباری دیجله و فورات ئەو دەڤەرە بووهته پێشهنگی کۆنترین شارستانییهت له مێژوودا.
بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەو بڕی ئاوەی لە ئێستادا لە جیهاندا بەردەستە بۆ بەکاربردن، لە ساڵی 2040دا تەنها بەشی 70%ی دانیشتوانی جیهان دەکات، لە هەمان کاتدا پێشبینییەکانی یۆنسکۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2025دا 2/3ی دانیشتوانی جیهان کێشەی کەم ئاوی دەبێت و لە ئێستادا 670 ملیۆن کەس هیچ دەروازەیەکی بۆ ئاوی پاک و تەندروست لەبەردەستدا نییە[[1]]
کاتێک بۆچوون و توێژینەوە و پێشبینییهکان ئاشکرای دهکهن؛ که تا ساڵی 2040 ڕوباری دیجله و فورات له وشکبوون نزیک دهبنهوه، دهبێ زۆر به ڕاشکاوی و وردییەوە ئهو ڕهههندانه بخهینه ڕوو، که ئەو روبارانە بۆ وشک دهبن و ئهگهر ببن چی ڕوودهدات، بێگومان ئهوهی ڕوودهدات، تهواو پێچهوانهی ئهوه دهبێت که لە مێژوودا ڕوویدا، واته پێچهوانهی بووژانهوه و سهرههڵدان، پێچەوانەی پێشکهوتن و ئاوهدانی، پێچهوانهی بنیاتنانی شارستانییهت و گهشهسهندن. ئهوهی ئهرکی داهاتووش قورستر دهکات گۆڕانی کهشوههوا و ماکهکانییهتی؛ که وشکهساڵی و کهم بارانی بهدوای خۆیدا دههێنێت، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە کەم ئاویدا دەناڵێنێت.
له دوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نێودهوڵهتی بۆ کهشوههوا WMO جهخت له سهر ئهوه کراوهتهوه که گۆڕانی کهشوههوا بههۆی گهرمبوونهوهی ئهتمۆسفیری بهرگهی گۆی زهوی، ڕاستییهکه نکوڵی لێ ناکرێت و کاردانهوهی نهرێنی لهسهر ههموو گۆشهیهکی جیهاندا هەیە و دەبێ، داڕێژانی پلان و ڕێوشوێنی زانستی بۆ خۆگونجاندن و لێکەوتنی کەمترین زیان لە کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی، دەبێ لە هەموو وڵاتێکدا دیراسە بکرێت و ئەگەرەکانی بخرێنەڕوو.

یۆز لێلیفێڵد سەرۆکی ناوەندی ماکس – پلانک بۆ توێژینەوەی زانستی لە ئەڵمانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەو دەرئەنجامانەدا، کە لە میانەی توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە؛ کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە داهاتوودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەراسان دەکات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ٥٦ پلە و زیاتر ژیان مەحاڵ دەکات، لەهەمان کاتدا ئەم زۆربوونی دانیشتوانەش فاکتەرێکی دیکەیە بۆ کاردانەوەی نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوا، جگە لەوەی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەو ناوچانە بەبەراورد لەگەڵ پێش سەردەمی پیشەسازی، لە ساڵی ١٩٨٠وە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو پلە[ [2]] هەروەها لە تێکڕای توێژینەوەکانی لێلیفێڵد دەرکەوتووە؛ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕوبەڕووی کەم ئاوی و خۆڵبارین دەبنەوە، بەجۆرێک لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە ڕێژەی خۆڵبارین ٧٠٪ زیادی کردووە، جگە لەوەی لە ساڵی ١٩٨٦-٢٠٠٥ تەنیا ١٦ ڕۆژی زۆر زۆر گەرم بووە، وەلێ لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەوە دەگاتە ٨٠ ڕۆژ و لە کۆتایی سەدەکەش دەگاتە ١١٨ ڕۆژ؛ کە گەرماکەی نائاسایی و هەڵپڕوکێنەر دەبن[[3]]
جیهان لە بەرامبەر گۆڕانێکی چڕ و خێرادایە، ئەگەرچی پەتای کۆڕۆنا کاریگەری هەبوو لەسەر ڕاگرتنی کاتی زۆربەی جومگەکانی ئابووری، پەیوەندی کۆمەڵاتی، بڕیاری سیاسی و بەرهەمهێنان، لێ شەڕی ئۆکرانیا تەواوی بوارەکانی دیکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دۆخێکی خوڵقاند؛ کە هەناردەنەکردنی دانەوێڵە و پەینی کیمیایی لە ئۆکرانیا و ڕوسیاوە، ببێتە جێگای دڵەڕاوکێ بۆدابینکردنی دانەوێڵە لە وڵاتەکانی وەکو میسر و هەندێ وڵاتی دیکەی ئەفریقا، بەڵام لەم دوو پێشهاتە گرنگتر؛ کە زۆر بە ئەگەری کەمتر دادەنرێت و ڕەواجی جیددی لە پلانەکاندا بۆ ئەژمار نەکراوە، ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە.

یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی، چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا هەیە، بوونی ئاوارەی ژینگەییە، ئەوانەی ئیدی هیچ دەرفەتێکیان بۆ مانەوە و بەردەوامی ژیان، لە زێدی خۆیاندا بۆ ناڕەخسێ، لە هەندێ شوێندا وشکەساڵی و نەبوونی ئاو شیرازەی کۆمەڵگای هەڵوەشاندووەتەوە و وازیان لە کاری کشوکاڵی هێناوە و بەرەو ناوچەکانیتر لە کۆچ و ڕەودان، لە هەندێ شوێن بەهۆی لافاو و کارەساتی سروشتییەوە، چ قوربانی و چ ئاوارەیی لێ کەوتووەتەوە، وەکو ئەوەی لە فلیپین و بەنگلادش دەبینرێت، جگە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەڕادەبەدەری ئەتمۆسفێری هەندێ شوێن وەکو هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت؛ کە لەداهاتوودا ژیان لە هەندێ شوێنی ئەو ناوچانەدا تا ڕادەیەک مەحاڵ بێت و نەگوزەرێت.
لە ئەوروپادا، کێشەکە ئەوە نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگی وەکو کەمبوونەوەی ئاو و لافاو و وشکەساڵی دێنێتە کایەوە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە؛ کە نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی کە گەرما و بێ ئاوی و وشکەساڵی زۆری بۆ دێنێت، بەرەو نیوەی گۆی زەوی سەرەوە کە ئەوروپایە، دەکەونەڕێ و وەکو ئاوارەی ژینگەیی بەرەو ئەو شوێنانە کۆچ دەکەن. لە ڕۆژئاوادا چ لەبەر ئەوەی پێشتر خۆئامادەکردن بۆ ئەو جۆرە خەمڵاندنانە هەیە، چ لەبەر ئەوەی زۆربەی وڵاتەکانی تا ڕادەیەک خاوەنی سامانێکی باشی ئاون، چ لەبەر ئەوەی زانست لەو وڵاتانەدا کار لەسەر کێشەکانی داهاتوو و چارەسەرەکان دەکات، دەتوانێ تا ڕادەیەک بەرگەی ئەو ماکانە بگرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها دەمێکە بەرنامەی جۆگونجاندن و هەڵکردن لە پلان و نەخشەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە.
ڕاستە خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە، ڕاستە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی کەم بارانییەوە، ڕۆڵی گرنگ لە دوبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەبینێ، بەڵام ئەو ڕەهەندانەی لەپشت بەردەوامبوونی ئەم خۆڵبارینەوەن؛ دەرئەنجامی نالەباری سیاسەتی ئاوی ئیقلیمییە لەلایەن ئێران و تورکیاوە، بەتایبەتی پرۆژەی گاپ لە تورکیا؛ کە پێویستی بە سیاسەتێکی بەهێزی ناوەند هەیە بۆ دژایەتیکردنی؛ بەڵام ماوەکەی بەسەرچووە تا بتوانێت کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و ژیانی دانیشتوانی عیراق و باشووری کوردستان کەم بکاتەوە، بۆ نمونە پرۆژەی گاپ، یا پرۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات، کە بریتییە لە بنیاتنانی 22 بەنداو 19 ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بووەتە هۆکاری:
- کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات بەڕادەیەک تا ساڵی 2040 توێژینەوەکان ئاماژە بە وشکبوونی ئەو دوو ڕوبارە دەدەن، کە دەبێتە هۆی تێکچوون و بەبیابانبوونی ڕوبەرێکی زۆری زەویوزار ، بەتایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عیڕاقدا.
- تێکچوونی ئیکۆسیستیمی ناوچەکە و ڕووتانەوەی چینی سەرەوەی زەوی لەگەڵ هەڵکردنی با و خۆڵبارین لە تەواوی ناوچەکەدا.
- زۆربوونی ڕێژەی خوێی زەویوزار و بەکەڵک نەهاتنی بۆ کشتوکاڵ.
- کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی و نەمانی پتەوی خاک و ڕووتانەوەی.
- پڕکردنی هەر یەکێک لەو بەنداوانە دەبنە هۆی نەشیانی ڕوبەرێکی گەورەی زەویوزار بۆ چاندن، تەنها بەنداوی ئەتاتورک بووە هۆی بێبەشبوونی 696 هەزار هکتار زەوی لە کشتوکاڵ و چاندن، بەنداوی ئیلیسوو لەسەر ڕوباری دیجلە زیاتر لە 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لە تورکیا گلدەداتەوە، هەزارەها هیکتار زەوی لە عیڕاق بەهۆی شوێری خاکەکەی، بێ بەرهەم دەهێڵێتەوە و دەبنە بیابان و پاشان لەگەڵ هەڵکردنی بادا، بەرەو ناوچەکانی دیکە هەڵدەکەن.
- تێکچوونی مۆڕفۆلۆژی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، پەناهەندەی ژینگەیی، لەدەستدانی پیشەی جوتیار و زۆریتر.
- کەمتەرخەمی سیاسەتی ژینگەی عیڕاق و باشووری کوردستان چ لە هەڵمەتی چارەسەر و سەوزکردنی ڕوبەری زۆرتر، گلدانەوەی ئاو و پشتێنەی پاراستنی ژینگەی و دروستکردنی (مصدات الریاح)، چ لە بوێری بۆ ڕێگرتن لە پەیڕەوکردی سیاسەتی ئاوی وڵاتە ئیقلیمییەکان.
بابەتی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئەو ناوچانە نوێ نین، سیاسەتی عیڕاق سیاسەتێکی لاوازە و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە بەردەوام سازشی لەسەر بەشە ئاوی خۆی کردووە. چارەسەرکردنی ئەم پێشهاتانە پێویستی بە دوو ڕوانگە هەیە یەکەمیان سیاسەتێکی بەهێزی دەوڵەت و دووەمیان پێویستی بە ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، ئەویش بە پشتبەستن بە ئەزمونی کەسی شارەزا و پسپۆر لەو بوارەدا.
پەراوێزەکان
- https://www.focus.de/finanzen/wasserstrategie-der-bundesregierung-kampf-ums-wasser-wie-die-landwirtschaft-die-trinkwasserversorgung-bedroht_id_12510905.html
- https://www.sueddeutsche.de/wissen/klima-forscher-warnt-fluchtbewegung-aus-nahost-durch-klimawandel-dpa.urn-newsml-dpa-com-20090101-211221-99-462380
- https://www.mpg.de/10479763/klimafluechtlinge-naher-osten-nordafrika-klimawandel
[1] https://www.focus.de/finanzen/wasserstrategie-der-bundesregierung-kampf-ums-wasser-wie-die-landwirtschaft-die-trinkwasserversorgung-bedroht_id_12510905.html
[2] https://www.sueddeutsche.de/wissen/klima-forscher-warnt-fluchtbewegung-aus-nahost-durch-klimawandel-dpa.urn-newsml-dpa-com-20090101-211221-99-462380
[3] https://www.mpg.de/10479763/klimafluechtlinge-naher-osten-nordafrika-klimawandel
Images: https://pixabay.com/fr/