گرەو لەسەر گوناه: دەربارەی سەماکردنەکەی شەقامی سالم

شەهلا نەجمەدین ــ حەمەی مەلا

Image: OpenClipart-Vectors

١ــ ڕەخنە دژ بە یار و نەیار

بۆ تێگەیشتن لە هەر پرس و دیاردەیەک، سەرەتا پێویستمان بە ناسین و دەستنیشانکردنی ڕەهەندە جیاوازەکانییەتی، تا بتوانین فاکتەرەکانی دروستبوونی دەستنیشان بکەین و لە چییەتی و کارکردەکانی تێبگەین لەناو بەستێنی کۆمەڵایەتی و ژینگەی کولتووریماندا. بەبێ ڕەخساندنی زەمینە بۆ تێڕامان و خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن بۆ هەر ڕووداو و بوویەرێک، کە دەشێت لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا ڕوو بدەن، هەر قسەکردن و داوەریکردنێک لە بارەیەوە، یان دەبێتە حوکمی پێشوەختە و مامەڵەیەکی میکانیکی و خۆوێژیانە، یاخود دروستبوونی فەوزا و ئاڵۆزی و بەدحاڵیبوون دەخاتەوە، کە هیچییان نابنە هەوێنی تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی بابەتیانە بۆ پرس و ڕووداوەکان چ لە ئاستی ڕەخنەکردن و ڕەتکردنەوەیاندا، چ وەک قبوڵکردن و ستایشکردن و ناونشینکردنەوەیان لەناو ژیاندا. مایەی نیگەرانییە، ساڵانێکی زۆرە ئەوەی لەگەڵ دەرکەوتنی ڕووداو و دیاردەکاندا دروست دەبێت لە دونیای ئێمەدا، (دەستەبژێرێکی کەمی لێدەرچێت)، ڕاستەوخۆ دابەشبوونی کۆمەڵگایە بەسەر دووبەرەی یار و نەیاردا. هەڵبەت زۆر جار ئەم کەرتبوونە، نوخبەشی گرتووەتەوە و جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە نێوان بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرێک و کەسێک کە بەها بۆ کەسانی تر دانانێت نەبینراوە بۆ خوێندنەوەی ڕووداوەکان. بە مانایەکی دیکە؛ ئەوەی یار و نەیار دروست دەکات لێرە، لەناو قاڵب و بیچمە ئەخلاقی و دینی و خێڵەکییەکانەوە دێت، لە لێکچوونی زۆر و هاوشێوەیی نێوانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دواجار تەنیا لە فۆڕماڵدا جیاواز و دژبەیەک دەردەکەون، ئەگینا لە بونیاد و ناواخندا دوو دیوی هەمان پەڕەن و هەردوکیان بە تاڵ و خاڵین. یار و نەیارەکانی دونیای ئێمە، لێکەوتەی بەرخورد و مامەڵەیەکی ڕیئاکشنیستانەن تا ئەوەی لە بەرمەبنای پێکدادانێکی تیۆریی و ڕەخنەییەوە دروستبووبن. پنتی سەرەکیش لێرەدا کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە، ئەوەیە کە پرۆسەیەکی لەم چەشنە ئیمکانەکانی ڕەخنەکردن و گۆڕانکاریی لەناو ڕووداو و دەرکەوتەکاندا دەکوژێت و ئاڕاستەی ململانێکان لە پەیوەست بە نواندنی بەرەنگاریی و بەدیهاتنی ژیانێکی شایستەترەوە، دەگۆڕێت بۆ قووڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان گروپەکان و درێژەدان بە بیرکردنەوەی دوالیستی و ڕیدەکشنیستانە، کە خۆی لەناو چاکە/خراپە، حەرام/حەڵاڵ، ئەخلاقی/نائەخلاقی، ژنانە/پیاوانە، ڕۆشنبیرانە/عەوامانە و هتد دا، مانیفێست دەکات. ئاشکرایە لە خۆرئاوا بیرکردنەوەی دوالیستی، لە مێژووی فەلسەفەدا لە ئەفڵاتونەوە دەست پێدەکات و لە دیکارتدا دەگاتە تەشقی خۆی، پاشان لە لایەن نیچەوە تێکدەشکێنرێت و بە دیکۆنسترەکشنی دێریدایی قڵپدەکرێتەوە و لەناو صەیرورەی دۆڵۆزیدا هێڵی هەڵهاتن دەدۆزێتەوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵات، بەو پێیەی هەمیشە بیرکردنەوەی دینی ئامادەگی هەبووە و شاگوتارێک بووە خوێنی بە ڕەگی ژیان بەخشیوە، شانبەشانی ئەم چەشنە بیرکردنەوەیەش ڕەهەندی خێڵەکیانە و ماکی کولتووری جۆراوجۆر لەبرەودابوون، لەبەر ئەوە سەرباری مۆدێرنیزاسیۆن و هاتنی عەقڵی ئەمڕازی مۆدێرنە، تا ڕادەیەکی زۆر بیرکردنەوەی دوالیستی ڕەنگی خۆی نەدۆڕاندووە و هێشتا لە ئاستی گشتیدا وەکو خۆی ماوەتەوە. سادەترین نمونەش بۆ ئەم تێکەڵاوی و ئاڵۆزبوونە، کە چیتر دەنگی ڕەخنەی جیدی و بەرپرسیارانە ناناسرێتەوە لە بەرانبەر هەڵوێستی ساختە و حوکمدانی نەخۆشانە و گوتاری دینی و خوتبەی مەلاکان و لێکدانەوەی فۆڕماڵی ئەکادیمیستەکاندا. سەمای کچ و کوڕە لاوەکەی بەردەم “جان کافێ”یە لە شەقامی سالم، لەگەڵ ڕووداوی گرتن و ڕاوەدونان و بە زمانێکی دێرینتر ڕاوکردنی هۆمۆکانە (وەک ڕاوکردنی کۆیلەکان لە شارستانیەتی چینیی کۆندا).

Image: OpenClipart-Vectors

٢ــ قاوەخانە، شۆستە، سەما

هێشتا ماوەی مانگێک تێنەپەڕیوە بەسەر ڕووداوی گرتن و ئازاردان و سوکایەتی پێکردنی هۆمۆکاندا، دیسان لەگەڵ شەپۆلێکی کۆنەپەرستانەی دیکەی سەرکوتکردنی ئازادی و کوشتنی جیاوازیدا ڕووبەڕوو دەبینەوە. ڕۆژی شەممە، لە بەردەم “جان کافێ” لە شەقامی سالم، کچ و کوڕێکی گەنج بە سەماکردن ئێوارەی شاریان ڕازاندەوە. بەڵام زۆری نەخایاند، بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆی سەماکردنەکەی ئەم دوو لاوە، شڵەژانێکی کۆمەڵایەتی و دینی و میدیایی گەورەی لێکەوتەوە. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕکران لە وێنەی ئەم دوو گەنجە و وەک هەمیشە چەند بەرەیەکی جیاواز بۆ هەڵوێست نواندن لەبەرامبەر ئەم دیاردەیەدا -چ وەک یار و لایەنگران و چ وەک نەیار و رەتکەرەوە- دروستبوون. بەرلەوەی بێینە سەر ڕەخنەکردنی هەڵوێستی بەرەی ڕاگەیاندنەکان و گوتاری تاریکی سەلەفیزم و ڕەهەندی پۆپۆلیستیانەی دەسەڵات و بیرکردنەوەی خێڵەکییانەی کۆمەڵگە، سەرەتا کەمێک لەسەر ماناکانی شار و قاوەخانە و شۆستە و سەما دەوەستین و پاشان تاووتوێی پرسەکە دەکەین.

مێژووی دروستبوونی شارەکان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ کە دۆڵی نیل و میزۆپۆتامیا و هند و چین لانکەی دروستبوونیان بوون. هەر یەک لەم شارە دێرینانە خاوەنی بونیاد و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیان بوون. بۆ نمونە شوورا و دەروازە، کاروانسەرا و حەرەمسەراکان، قوللەی پاسەوانی و مەشعەلی ڕووناکردنەوە لە پێوەرە گشتی و سەرەتاییەکانی شارە دێرینەکان بوون. هەرچی پەیوەستە بە شاری مۆدێرنەوە، یان بە ئۆربان و میترۆپۆڵیسەکانەوە، بە هەمانشێوە پێکهاتە و ستروکتوور و نیشانەی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ ناسینەوە؛ کارگەکان و بازاڕە گەورەکان و سکەی شەمەندەفەرەکان، پاشانیش مارکێت و هایپەر مارکێت و مۆڵ و تەلارەهەوربڕەکان و هتد، لە سیما دیارەکانی شارە مۆدێرنەکانن. بەڵام هاوکات دیاردەی هونەریی وەک سەما و گۆرانی و میوزیکیش هەن، کە لە نێوان سەردەمی کۆن و نوێدا هاوبەشبوون و پێ بە پێی گەشەکردنی شارستانیەت گەشەیان کردووە. هەرچی قاوەخانەکانیشە، لەدوای کاروانسەرا و چایخانەکانەوە دووەمین شوێنن بۆ پشودان و حەوانەوەی پیادەڕەوان و لە شارستانییەتی نوێدا سەرهەڵدەدەن. بە بڕوای هابرماس لە سەدەی سیازدەهەم بە دواوە کاتێک دەوڵەتی مۆدێرن لە فەزای تایبەتی پادشا دابڕا، خانەدانەکانیش لە دەربارەکان هاتنەدەر و لە شارەکاندا نیشتەجێبوون. هەڵبەت شارەکان تەنیا بەهۆی ڕەهەندی ئابوریی و پیشەسازییەوە نەبوونە سەنتەری کۆمەڵگای مەدەنی، بەڵکو وەک شوێنی ململانێ و دژییەکی سیاسی و کولتووریش فۆڕمی دەربارییان تێپەڕاند و بوون بە شوێنێک بۆ دروستبوونی فەزای گشتی؛ کە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی بریتیبوون لە قاوەخانەکان و ئەنجومە ئەدەبییەکان و هۆڵەکانی بۆنەگێڕان و سینەماکان و هتد. فەزای گشتی لای هابرماس لە ڕێگای گفتوگۆوە بەدیدێت و هەر لێرەشەوە ڕەخنەی مارکسیزمی تەقلیدی دەکات و پێی وایە فۆڕمی خەباتی چینایەتی لە شێوەی توندوتیژیدا کۆتایی پێهاتووە، بە بڕوای هابرماس بەهۆی خۆهەڵقورتانی دەوڵەت و سەرمایەداریییەوە بۆناو ڕووبەری ژیانی تایبەتی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵگە بە دەزگاکانی دەوڵەت، لەمڕۆدا دەست بەسەر فەزا گشتییەکانی وەک قاوەخانەکان و هۆڵەکانی سینەما و هۆڵی کۆنسێرت و ئۆپێراکاندا گیراوە، کە بە سەپاندنی هێزەکی “بالقوة” هەڵگری پۆتانشیەڵی بەدیهاتنی ڕزگاریی و فراوانکردنی پانتایی دیموکراسین. هەڵبەت فەزای گشتی لای هابرماس لە دوای ڕۆشنگەرییەوە و لە لێکدان و ڕەخنەکردنی دیدگاکانی کانت و هیگڵ و مارکسەوە دێت؛ فەزای گشتی وەک شوێنی دەربڕینی ئازادانەی دیدگای تایبەت “کانت”، بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا “هیگڵ”، وەک شوێنێک بۆ یەکگرتنی چەوساوەکان و ئومێدی ڕزگاریی لەدەست سیستەمی سەرمایەداری “مارکس”. ئەوەی هابرماس لە ئاکامی ڕەخنەکردن و گرێدانی ئەم دید و بۆچونانەوە پێی دەگات، ئەوەیە کە فەزای گشتی شوێنێکە لە ڕێگای کردەی پەیوەندیسازانە communicative action وە، ئومێدی ئەوە دەکرێت لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی و نمایشیی سەرمایەدارییدا ڕزگار بکرێت. قاوەخانەکان بۆ هابرماس شوێنێکن کە تاکەکان لە کەشێکی ئینتەرسوبێکتیڤیتیدا دەکەونە گفتوگۆوە و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی ڕزگاریی بۆ کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دەدەن. گرنگترین تایبەتمەندی ئەم فەزا گشتیانە بەلای هابرماسەوە، بە تایبەت قاوەخانەکان، لەوەدایە کە “دەرەدەزگایی”ین. شوێنێکن پەراوێزی و شۆستەنشینن و بەتاڵن لە یاساکانی حکومەت وەک “دەزگای دەوڵەتی” و دەزگای خێزانی وەک “دەزگای تایبەت”. فەزای گشتی شوێنێکە دەکەوێتە نێوان فەزای تایبەتی و فەزای دەوڵەتییەوە. ئەگەر لە دەزگای تایبەتیدا هەستی تاک و خواستی شەخسی باڵادەست بن و لە فەزای دەوڵەتیشدا دەسەڵات و کۆنترۆڵ خۆیان مومارەسە بکەن، ئەوا فەزای گشتی شوێنێکە بۆ حەوانەوە و گفتوگۆی عەقڵانی و ئەرگیومێنتسازی لە پێناو تێپەڕاندنی کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. کەواتە ئەوەی وادەکات قاوەخانەکان شوێنی نمایش و مەسرەفگەراییەکی ڕووت نەبن، شوێنێک نەبن بۆ چاولەوەڕاندن و بەرهەمهێنانی چێژی ساختە و بە فیڕۆدانی لیبیدۆ، ئەوەیە کە ئەم مانا ڕادیکاڵانە لە خۆیاندا ناونشین بکەنەوە و بە وتەی میشێڵ فۆکۆ خەسڵەتی دژەشوێن وەربگرن و درێژکراوەی قومارخانە و مزگەوتەکان نەبن. دژەشوێنەکان لای فۆکۆ ئەو شوێنانەن کە دەکەونە دەرەوەی دەسەڵات و چاودێرییەوە و شوێنگەلێکی پەراوێزیین لەناو شوێنە یۆتۆپی و خوڵقێنراوەکانی دەسەڵاتدا. قاوەخانەکانیش ئەو شوێنە پەراوێزییانەن کە دەکەونە سەر شۆستەکان، مارشاڵ بێرمەن لە کتێبی ئەزموونی مۆدێرنیتەدا لە ستایشی شۆستەکاندا دەڵێت؛ شۆستەکان دیارترین و بەرچاوترین داهێنانی شارەکانی سەدەی نۆزدەیەم بوون و مایەی پێشکەوتن و مۆدێرنیزاسیۆنی شارە سونەتییەکان بوون، شۆستەکان کەنارەڕێ و تێپەرگەیەک بوون خاڵە جیاواز و دوورەدەستەکانی شارەکانیان بە یەکتری دەگەیاند، قەراغ شار و ناوچە پەراوێزنشینەکانیان لەگەڵ ناوشارەکان و سەنتەرنشینەکاندا کۆ دەکردەوە. لەوێدا کە هەژموونی بازاڕەکان زیاد دەکات و لەبەر کەڵەکەکردنی کاڵاکان ڕێی پیادەڕەوان نامێنێ، قاوەخانەکان و دوکانە بچوکەکان شوێنی سەرەکی خۆیان، کە ناوجەرگەی بازاڕەکانە بەجێدەهێڵن و بەسەر شۆستە و پەراوێزەکاندا دابەش دەبن. ئامادەگی و دابەشبوونی قاوەخانە و دوکانە بچوکەکان، پیادەڕەوان بۆ پیاسەکردن وەک خەسڵەتێکی سوبێکتی مۆدێرن دەخەنە سەر شۆستەکان. لێرەوە مرۆڤی مۆدێرن، شار وەک گرنگترین لێکەوتە و بەرجەستبوونی مۆدێرنیتە ئەزموون دەکات. بەم پێیە دەتوانرێت بوترێت قاوەخانەکان لەناو پیاسەی دوورودرێژی سەر شۆستەکاندا وەک کاروانسەراکانی سەرەڕێی نێوان شارە کۆنەکان ڕۆڵ دەبینن، شوێنێکن بۆ لادان و پشودان، بۆ بەرکەوتن و گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا، بە ئیزافەی گوێ گرتن لە میوزیک و بەستنی ژوان لەگەڵ یاردا. یاخود دژەشوێنێکن بۆ گۆرانی وتن و خوێندنەوەی شیعر و پێرفۆرمانسی هونەری و سەما. وەک ئەوەی کە لە بەردەم “جان کافێ” لە شەقامی سالم ڕویدا و بۆ چەند ساتێک ئەو شوێنەی لە شوێنێکی نمایشییەوە گۆڕی بۆ دژەشوێن و زەمینەی ئاکتی هونەری و بەرهەمهێنانی دژەگوتار بە تەنیشت هێزە کۆنەخواز و کۆنزێرڤاتیڤەکانەوە. بەڵام بەداخەوە هەر زوو لەژێر کاریگەری فشاری دەسەڵات و بیرکردنەوەی خێڵەکی و نەفرەتی پیاوانی ئایینی و گوتاری سەلەفییەتدا، خاوەنەکانی قاوەخانەکە حاشایان لەم ئەکتە ڕادیکاڵە کرد و خۆیان لێ بێبەری کرد. هەر هێندەی ئەم ئەکتە هونەرییە بەسترایەوە بە پرسی گوناهەوە، کچ و کوڕە سەماکارەکە پشتیان تێکرا و هەر هێندەی دۆخەکە وەک گوناه و لادان و فەسادی زەقکرایەوە، خودی سەماکارەکانیش خۆیان بێبەری کرد لە پێرفۆرمانسە قەشەنگ و ناوازەکەیان. لە کاتێکدا پێویستە وەک چۆن دەسەڵاتی تێکەڵ بە گوتاری خێڵەکی و پۆپۆلیست، هاوشانی گوتاری سەلەفیزم و فەتوای پیاوانی ئایینی؛ ئەم کردەیە وەکو گوناه دەکەنە بەهانەی سەرکوتکردنی ئازادی و مومارەسەکردنی هونەر و جوانی، دەبێت چ سەماکەران و چ هونەرمەندان و نوسەران و شانۆکاران و سینەماکاران و هەر تاکێکی دیکەی ئەم کۆمەڵگایەش کە خوازیاری کرانەوە و پێکەوە ژیانێکی ئازادانە و هەمەڕەنگە، هەموومان پێکەوە گرەو لەسەر بردنەوەی ئەم گوناهە بکەین و بیکەینە هێڵی هەڵهاتن بۆ دەرچوون لە زوڵمەت و تاریکبیری سەلەفییەت و ئیخوانیزم و تێکشکاندنی بتی ئەخلاقی خێڵەکی و بەرەنگاری لە دژی دەسەڵاتی کارتۆنی و پۆپۆلیستی، کە هەمیشە لافی دیموکراسی و نوێخوازی لێدەدات.

٣ــ بەڵێ بۆ سەماکردن

Image: russia-QuietQuitter

سەما هونەرێکی جیهانیی هەم فەردی و هەم دەستە جەمعییە، لە خودی جەستە خۆیەوە بۆ خۆی دەردەچێت، جەستەی سەماکار بە نێوەندگیریی و میدیۆمێکدا ناڕوات بۆ ئەوەی سەما بخوڵقێنێت، بەڵکو سەما وەک ئینێرژییەک لە خودی جەستە خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و لە فۆڕمی جوڵە و چەمانەوە و سوڕانەوە و شەپۆلداندا، لەسەر جەستە خۆی دەردەخات. سەما جوڵە و ڕیتم و میوزیکی جەستەیە، تەقاندنەوەی ئیمکانە ناوەکییەکانی جەستەیە و ئەکتێکە جەستە بەسەرخۆیدا دادەخات و ناتوانرێت جەستەی لێ ڕووت بکرێتەوە. لە بەرانبەردا هەڵپەڕکێ هونەرێکی لۆکاڵیی و دەستەجەمعییە و لە هیچ کامێک لە فۆڕمەکانیدا “چەپی، سێپێیی، شێخانی و مەریوانی و عەرەبی و هتد”دا، نابینرێت بە تەنیا ئەنجام بدرێت. جگە لەوەش هەڵپەڕکێ بە بیرکردنەوەی ئەخلاقی و سنوردانانی نەریتی و کۆمەڵایەتی کۆدڕێژکراوە و هیچ کاتێک وەکو سەما ناتوانێت جەستە ئازاد بکات و بەسەر خۆیدا بکرێتەوە. هەڵپەڕکێ هەر لە شێوازی دەستگرتنییەوە، کە لەژێر کاریگەری ئەم کۆدە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییانەدا لێوانلێوکراوە لە ئاماژەی سێکسی و شەهوانیەتی ڕووت، تا دەگات بە قەدەغەکردنی ڕەشبەڵەک و تێکەڵ نەبوون بە بێگانە و دەرنەچوون لە ڕیزدا بە نیازی سوڕدان، جەستەکان کۆنترۆڵ دەکات و جەستە هێندەی خۆی لەگەڵ ڕێسا سەپێنراو و خێڵەکییەکانی هەڵپەڕکێدا ڕێکدەخات، هێندە نایپەرژێتە سەر ئەوەی خۆی بۆ ئیمکانە ناوەکییەکانی بکاتەوە. ئەمە جگەلەوەی هەڵپەڕکێ زۆر بەدەگمەن دەتوانێت ڕادیکاڵ بێت و لەو فۆڕمە دیاریکراوەی خۆی بترازێت بۆ جێکردنەوەی جوڵەی نوێ یان لێکەمکردنەوەی، چونکە هەر گۆڕانێک لە جوڵە دیاریکراوەکانیدا لەنگی دەکات و هاڕمۆنییەتەکەی دەشێوێنێت. لە کاتێکدا سەما کراوەیە بۆ هەر جوڵە و بزوانێک و چوارچێوەبەندی ناکرێت. ئەوانەی پێیانوایە لە پاراستنی هەڵپەڕکێوە وەک هونەرێکی ڕەسەن و خۆماڵی، داکۆکی لە سەما کردنەکەی ئەو دوو لاوە ناکەن، تەنیا لە فۆبیای بێگانەدا دەژین و ئەگینا کردەیەکی ڕادیکاڵی وەک سەما لەوە ئیستاتیکی تر و سەرنجڕاکێشترە بخرێتە بەراوردێکی لەوجۆرەوە. لە سەمادا جەستەکان دەچنە صەیرورەوە، بەڵام لە هەڵپەڕکێدا جەستەکان دەچنە ناو قاڵب و چوارچێوەکانەوە، بە کورتی سەما دژی ڕێکی و دیسپلین و کۆنترۆڵکردنی جەستەیە و هەڵپەڕکێ لەناو سوڕێکی داخراودایە و تەریبە بە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ڕیتم و جوڵە و ڕێکێتی کە بۆی دیاری کراوە. هەر بۆیە جەستەی سەماکار جیاوازە لە جەستەی سەرچۆپی کێش و کچە مۆدێلەکان و سۆزانی و پۆڕنستارەکان، جەستەیەکی هونەرییە و ئەلیمێنتێکی پێکهێنەر و بەشدارە لە کردنی ژیاندا بە تابلۆیەکی هونەریی. میشێل فۆکۆ لە یەکێک لە وانە وتارەکانیدا باسی جەستەی یۆتۆپی دەکات، ئەم تێزەی فۆکۆ لەسەر گەڕانەوەی شکۆ بۆ جەستە و ڕزگارکردنی لە دەستی یۆتۆپیاکان کار دەکات. یۆتۆپیاکان لای فۆکۆ دەرەشوێن و خەیاڵین، بەڵام جەستەیان پێ گەمارۆ دەدرێت و جەستەکان لەخۆیان دادەبڕن و پڕدەکرێن لە ئایدیاڵە بەرهەمهێنراوەکانی جەستە. بۆ نمونە لای فۆکۆ ڕۆح یۆتۆپیایەکە لەناو جەستەدا، هێندە بە پاک و بێگەرد و جەوهەری باسدەکرێت، دەبێتە جێگای ستایش و لە میانەیەوە جەستە لەبیر دەکرێت. بەڵام بۆ فۆکۆ جەستە دڵی جیهانە و لە خۆیدا شوێنی شاراوەی دیکەی هەیە، بۆیە جەستە خۆی یۆتۆپیای خۆیەتی نەک لەخۆدابڕینی و فڕێدانی بۆناو یۆتۆپیاکان. ئەوەی ئەمڕۆ کچە مۆدێلەکان و ئەستێرە ناودارەکان دەیکەن، بارکردنی جەستەیە بە یۆتۆپیاکان، زیادکردن و لێکردنەوەی جەستە، داپۆشین و ڕووتکردنەوەی جەستە بۆ نمایش، تێنەگەیشتنە لە جەستە و کردنەوەی دەرگایە بە ڕووی یۆتۆپیاکاندا تا داگیری بکەن و لە جەستەی بخەن. بوون بە شاجوان و مۆدێل و بردنی جەستە بۆ ناو ڕیکلام و بە کاڵاکردنی، نابێتە ئەکتێکی ڕادیکاڵ دژ بە کولتووری خێڵەکی و گوتاری دینی، بەڵکو بارکردنی یۆتۆپیاکانە لە جەستە و بەر لە هەر شتێک دژ بە خودی جەستەکانە. چونکە هەموو ئەمانە سەرمایەداری وەک ستاندارد و ئارکیتیپی جوانی بەرهەمیان دەهێنێت و جەستەکان تێوەدەگلێنێت و دەیانکات بە کاڵا. بەهەمانشێوە؛ باڵاپۆشی و حیجاب و ستایشکردنی جەستەی داپۆشراویش هەڵهاتنی جەستەکانە بۆ ناو یۆتۆپیای داوێنپاکی و کۆنترۆڵکردنی جەستەیە بە یۆتۆپیای دینی. ئەکتی ڕادیکاڵ لەم نێوانەدا ئەوەیە جەستەکان بەپیر بانگ و خواستی یۆتۆپیاکانەوە نەچن و ڕەتیان بکەنەوە. سەماکردن یەکێکە لەو شوێنە شاراوە و پەنهانانەی جەستە، کە جەستەکان دەتوانن دژ بە پۆڕنۆگرافیا و کولتوری خێڵەکی و دینی لە خۆیاندا زەقی بکەنەوە. بێگومان کە دەڵێین سەماکردن، مەبەستمان لە سەمای کابارەیی و ئەو ژێستە نمایشی و بەکاڵاکردنەی جەستە نییە کە لە مەلهاکاندا دەکرێت، چونکە ئەمە فرۆشتنی سەمایە و بە کاڵاکردنی ئیمکانەکانی جەستەیە. مەبەستمان لە سەما هونەری سەماکردنە، وەک ئەوەی لە شەقامی سالم لە لایەن ئەو دوو گەنجەوە کرا. هونەری سەما، ئاوێتەکردن و ئیزافەکردنی ڕیتم و جوانی و هارمۆنییەت و هەندێکجاریش دروستکردنی کۆنتراست و ناڕێکییە لەناو ژیاندا. لە میتۆلۆژیای گریکدا سەما هاوشانی شیعر و میوزیک جێگای بایەخ و گرنگی پێدان بووە، هۆمیرۆس سەما بە دانایی و حەقیقەت وەسف دەکات. لە میتۆلۆژیای میسریشدا فێربوونی سەما بە بەشێکی گرنگی پەروەردە دانراوە و لەگەڵ ژەمەخۆراکی خوداکاندا پێشکەشی ئاموت و حتحور و موت و مین کراوە. سەما لەم مانا هونەرییەیدا زۆرجار گۆڕانکاری گەورەی خوڵقاندووە لە کایەکانی دیکەی ژیاندا. بۆ نمونە لە لێکدان و بەیەکداکێشانی سەما جیاوازەکانی دیۆنیسۆسی و ئەپۆلۆنییەوە گۆڕانکاری لە شانۆی گریکدا بەدیهات. یاخود لە سەدەی پازدەهەمی زاینیدا کاتێک لە ئیتاڵیا سەمای بالیە لەسەر شانۆی ڕێنیسانسەکاندا پێشکەشکرا، زمانی سەمای تێرمینۆلۆجی فەڕەنسی لەخۆ گرت و تا ئێستا جۆرەها سەمای دیکەی لە خۆیدا داهێناوە. هەر بۆیە هونەری سەما بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان و لە ئاهەنگگێڕانەوە تا شیوەن و جەنگ و عەشق، زمانی گوزارشتکردن و دەربڕینی جەستەیە و زۆرجاریش لە ڕێگایەوە ئاڕاستەی جیاواز لە کایەکانی ژیاندا کەشف کراوە. ئەوەی لە شەقامی سالم کرا، بە هەموو پێوەرەکان هونەری سەما بوو، کوڕ و کچێکی گەنج لە قاوەخانەیەکدا دانیشتوون و دوای ئەوەی کەشی نمایشیی شوێنەکە دەیانبزوێنێت، بڕیار دەدەن لە ڕێگای سەماوە خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن و بۆ چەند ساتێک لەم پێرفۆرمانسە قەشەنگەدا ئێوارەیەکی جیاواز و پڕ لە جوانی دروست بکەن. بەڵام بە پێچەوانەوە، نەک دەستخۆشییان لێنەکرا، بەڵکو بە بەرەڵاو و بێشەرەف و تێکدەر و لادەر و گوناهبار کران و خرانە بەر شەپۆلی هێرشێکی ناڕەوای کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسییەوە و بە نەفرەتکران و کەمپینی دژ بە بەدڕەوشتی لە دژیان ڕاگەیەنرا. ئەمە بەسەرێک نیشانیداین کە گوتاری سەلەفیەت تا چ ئاستێکی ترسناک لە دونیای ئێمەدا برەوی سەندووە، بە سەرێکی دیکەیش بونیادی گوتاری ژورنالیستی ڕوکەشانە و سەراوەکی میدیاکانی باشتر دەرخست و بۆی سەلماندین ڕاگەیاندن و میدیا لەم وڵاتەدا جگە لە هەواڵگوێزەرەوەیەکی خراپ، خاوەنی هیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی میدیایی نین و شاسەنعەتیان بەرهەمهێنانەوەی دۆخی باڵادەستە و توانای شرۆڤە و تاوتوێکردنی هیچ پرسێکی جیدییان نییە و مشەخۆرێکن لەسەر جەستەی داڕزاوی دەسەڵاتی کوردی و هێندەی سەکۆیەکن بۆ پەخشکردنی وەعز و ئیرشادی ئەخلاقی و مێنتاڵیتی کۆنزێرڤاتیڤانە، نیو هێندە نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە وشیارکردنەوەی ئینسانی ئێمەدا. هەرچی دەسەڵات و دەزگا سەرکوتکارەکانییەتی، بوون بە پاسەوانی پیاوانی ئایینی و لە پێناو بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان و سەرقاڵکردنی هاوڵاتیانەوە بەم گرفتە لاوەکیانەوە، بوون بە خزمەتکاری سەلەفییەت و پارێزەری ئەحکامە دینییەکان. بەڵام هەموو ئەمانە بە پەشیمانبوونەوە و داوای لێبوردنی سەماکارەکان و ئەنجامدانی نوێژی جەماعەتیشەوە لە شوێنی سەماکەدا، هێشتا ڕووداوی سەماکردنەکە وەک زەبرێکی کوشندە کاری خۆی کردووە و بوو بە برینێک لەسەر ویژدانی ئاینی و خێڵەکی و دواجاریش بە ڕوخساری دەسەڵاتەوە. فۆکۆ لە کتێبی چاودێری و سزا “المراقبة و المعاقبة”دا، زۆر بە وردی باسی ئەم نمایشەی دەسەڵات دەکات لە دوای درزتێبوون و برینداربوونییەوە لە لایەن لادەران و سەرپێچیکارانەوە. ئەو کەیسی”دامیا” بە نمونە دەهێنتەوە کە ویستویەتی لویسی پازدەهەم بکوژێت و پلانەکەی ئاشکرا دەبێت، هەڵبەت دامیا لە مەیدانی شاردا و بە بەرچاوی هەموو هاوچەشنەکانییەوە، ترسناکترین جۆری سزا دەدرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەڵام فۆکۆ سازدانی ئەم نمایشی سزادانەی دەسەڵات ناو دەنێت ڕێوڕەسمی ساڕێژکردنەوەی برینی دەسەڵات. نمایش و ئەنجامدانی نوێژی جەمەعاتی دیندارە سەلەفییەکانیش لە شوێنی سەماکەدا، هەمان نمایشی ساڕێژکردنەوەی برینی دەسەڵاتی دینی بوو، چونکە کارێکی لەم شێوەیە دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی سەماکردنەکە برینێکی قوڵی کردووەتە جەستەی ئیمانەوە. ئەوەی پێویستە لە ئێستادا بکرێت زیادکردنی برینەکانە، ئەمەش پێویستی بەجۆرێک لە بەرەنگاری “هەر ئێستا و لێرەدا” هەیە، دواخستنی خەبات بۆ ڕۆژێک کە ئیتر هەموو شتەکان بە ئارەزووی ئێمەن، کاری نەکردەیە و پرۆسەی بەدیهاتنی ڕزگاری پەکدەخات. بەرەنگاری ژیانی ڕۆژانە، گەڕان بۆ ڕزگاری دواناخات بۆ هاتنی بەرەبەیانی شۆڕش، بەڵکو مانای شۆڕش وەک گشتێکی ئەبستراکت، دابەشدەکات بەسەر ساتەوەختە جۆراوجۆرەکاندا و هەر ئامڕازێکی سادەی بەردەستیش دەکاتە چەکی بەرەنگاری. سوبێکتی شۆڕشگێر لەناو بەرەنگاری ژیانی ڕۆژانەدا، ئەرکی ئەوەیە لینکی پەیوەندی لە نێوان ئەم برین و درزانەدا دروست بکات. بۆ نمونە، ئەوەی لە ئێستادا و بۆ هەر دیاردەیەکی دیکەی هاوشێوەش پێویستە بیکەین، گەورەکردنی ئەم پانتاییانەی بەرەنگارییە دژ بە نۆرماڵیزاسیۆن و بە گشتیکردنی پرسە تایبەتەکان. بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوودا پرسی هۆمۆ سێکسواڵەکان بە بیانووی تێکدانی شیرازەی ئەخلاقی کۆمەڵگاوە کرا بە پرسێکی گشتی، سەمای ئەم دوو گەنجەش بە بەهانەی سوکایەتی کردن بە مانگی ڕەمەزان و سوکایەتیکردن بە دینەوە بە گشتی کرا، بە هەمانشێوە چالاکی باوەشی خۆڕایی( فری هەگ)ی کچەکەی هەولێریش بە کەمپینێکی پیاوانی ئاینی و بەخشینی بەهەشتەوە بە خۆڕایی وەڵامدرایەوە. ئەکتی ڕادیکاڵ؛ داکۆکیکردن و دۆزینەوەی لینکی پەیوەندییە لە نێوان ئەم کردانەدا و خۆراکپێدانێتی بە زیادکردنی ڕووبەرەکەیان تا لە شێوەی دژەگوتار و هێزی بەرەنگاردا بچنە ململانێی هێزەکانەوە و لە سیاقی ژیانی گشتیدا وەک گوتار جێکەوت ببن و ببنە ستایلی ژیانکردن. کەواتە؛ بەڵێ بۆ سەما، بەڵێ بۆ ژیان.

٤ــ هەڵهاتن لە باخی ملکەچی

بە بڕوای ئێمە ئەو مەترسییەی لە لایەن دەسەڵات و دین و کۆمەڵگەوە هەیە بەرامبەر بە هەر کردەیەکی ڕۆشنگەرانە، ئەو خواستە زۆرەی لە لایەن ئەم گوتارانەوە هەیە بۆ ڕێکێتی و تێکنەدانی وێنەی ئەو بەهەشتە وەهمییەی لە خەیاڵدانیاندایە، هێندەی لە کوشتنی جیاوازی و سەرکوتکردنی ئازادییەوە دێت، هێندە پەیوەست نییە بە پاراستنی کەرامەت و شکۆی ئینسانی کوردەوە. بەهەشت وەک ئیستیعارەیەک بۆ ژیانێکی پێرفێکت و بێ گرفت، کە دەسەڵات لە دینەوە وەریگرتووە، هیچ نییە جگە لە باخێک بۆ ملکەچی، تێزی گوناهی یەکەم و چیرۆکی دەرکرانی ئادەم لە بەهەشت بۆ خۆی گێڕانەوەی مێژووی گوناهباربوونی ئینسانە بە شێوەیەکی ئەزەلی، تا ئەو کاتە بەهەشت ماڵی ئادەمە کە ئیرادەی خۆی بەکار نەهێناوە، لەو شوێنەدا کە ویستی خۆی، ئارەزووی خۆی بۆ ئەزموونکردن بەکار دەهێنێت و ئەو بەهەشتە ڕەتدەکاتەوە کە ئەوی تر “خودا” بۆی دروست دەکات، چیتر بەهەشت جێگای ئەو نییە. ئەمە تەنیا بە دیوە مەجازی و ئەفسانەییەکەیدا ڕاست نییە، بەڵکو بەدیوە واقیعی و مێژووییەکەشیدا هەر ڕاستە. تراژیدیای مرۆڤ لە ئاسمان بەدەست خوداکانەوە، هەمان تراژیدیای مرۆڤە لەسەر زەوی بەدەست دەسەڵاتدارانەوە. لە هەردوو بارەکەدا دونیایەک هەیە ئەوانی دیکە دەیبەخشن، چ بەهەشتی ئاسمانی بێت یان زەمینی، جیهانێک هەیە تۆ بۆ ئەوەی بتوانی لەناویدا بمێنیتەوە پێویستە ملکەچی یاساکانی بیت. بەهەشت، باخی ملکەچی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە خواست و ئیرادەی خۆیان ڕادەستی خوداکانیان کردووە. گەر بە وردی سەرنج بدەین گێڕانەوەی چیرۆکی ئادەم، لە هەمان کاتدا گێڕانەوەی یاخی بوون و تابۆ شکاندنیشە. کەواتە گوناه، بەدەر لەو مەدلولە بێزراوەی پێی دراوە، هەڵگری مانایەکی ڕادیکاڵیشە کە لە ئەمڕۆدا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە زیندووکردنەوە و چالاککردنێتی. لە هەر شوێنێکدا گوناه هەبێت، واتە سنوورێکی قەدەغە هەیە و شکێنراوە. گوناهبارەکان کەسانێکن کە ئیرادەی خۆیان، ویستی خۆیان بۆ ژیانکردن بەکار دەهێنن و نایەنەوێت ملکەچی یاسا و ڕێساکانی ئەوانی دیکە بن. فۆکۆ دەڵێت؛ لە هەر شوێنێکدا لادان هەبێت، لەوێدا دەسەڵات هەیە، ئەمە بۆ گوناهیش ڕاستە؛ لە هەر جێگایەکدا گوناه هەبێت لەوێدا پیرۆزێک هەیە و شکێنراوە. بۆیە هەموو ئەوەی دەسەڵات و دین و کۆمەڵگە، بەناوی سەرپێچی و گوناه و سنوربەزاندنی ئەخلاقییەوە ئینسانی ئێمەی پێ تاوانبار دەکەن، زادەی سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ئینسانەکانە، نەک خواستی پاراستن و ڕێزگرتنیان. هەمووان دەزانین ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە سایەی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردییەوە بە ئینسانی ئێمەکراوە و تا ئەم ساتەوەختەش بەردەوامە، هەر فۆڕمێکی بێڕێزیکردن و شکاندنی کەرامەتی تێپەڕاندووە و هیچ کاتێکیش نە دەسەڵات و نە دین و نە کۆمەڵگە خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە بەرانبەر بە ئینسانی ئێمە. ڕۆژانە بە ئاشکرا دەیان یانەی لەشفرۆشی مۆڵەتی یاساییان پێدەدرێت و لەشفرۆشی بیانی دەهێنرێتە کوردستانەوە، کە هەڵگری چەندین نەخۆشی جۆراوجۆرن، نەک دەسەڵات لێی بەرپرس نەبووە، بەڵکو خۆیان هۆکار و شەریک و هاوبەشن لەگەڵ خاوەن شوێنەکانیاندا. لە مەرزەکانەوە بە سەدان جۆر خواردنی ئێکسپایەر و دەرمانی ئێکسپایەر دێتە ئەم وڵاتەوە، ڕۆژێک بەرپرسێکمان نەبینی وەک هەڵوێستێکی ئینسانی و لە ئاکامی فەشەلی ئەم حکومڕانییەوە داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بکات و دەست لەکار بکێشێتەوە. دەیان قومارخانە لە شارەکانی کوردستاندا هەن، کە سەرجەمیان مۆڵەتیان پێدراوە و ژمارەیەکی زۆری گەنجەکانمان ئالودەی بوون، دەسەڵات هەرگیز لە خەمی ئەمانەدا نەبووە. سەدان گرفتی دیکەی وەک نەبوونی موچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک؛ ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و کێشەی بێکاری و ژنکوشتن و سەرهەڵگرتن و کۆچکردنی گەنجانی ئەم وڵاتە بەهۆی خراپی دۆخی ژیانیانەوە باس ناکرێت و بە مەترسی دانانرێن، بەڵام سەماکردنی دوو گەنج لەسەر شەقامێکی گشتی یاخود کەمینەیەکی وەک هۆمۆسێکسواڵ و بیسێکسواڵەکان، گرفتێکی گەورەن و پێویستە لەناو ببرێن! ئەم نمایشە قێزەونەی دەسەڵات و ئەو وەعزە ئەخلاقیانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە هاوتەریب بە گوتاری سەلەفیزمی دینی و ئەخلاقی خێڵەکیانە پەخشدەکرێت، ڕێککەوتنێکی پەنهان و ڕەمزییە لەگەڵ ناوکە خێڵەکییەکەی خۆیاندا کە گوتاری زاڵی ناو کولتوری کۆمەڵایەتی ئێمەیە، ئەم ڕێککەوتنە هاوشێوەی ڕێکەوتنی دز و پاسەوانە؛ کە لە دووانەی دەسەڵات/ کۆمەڵگە، دا بەرجەستە دەبن؛ دەسەڵات وەک ماڵبڕ و کۆمەڵگەش وەک پاسەوان و پارێزەری نەریت و کۆنەخوازی، یەکیان گرتووە و هاوشانی یەکتر هەڵدەکوتنە سەر ژیانی تایبەتی ئینسانەکان، بۆ تاڵانکردنی ئازادیی و لەباربردنی پلورالیزم و کوشتنی جیاوازیی و پێکەوە ژیان. لەمەشدا ئەوەی دەستکەوتەکان دەقۆزێتەوە ئیخوانیزم و گوتاری دینییە و لە خزمەتی بەهێزکردن و جێکەوتبوونی سەلەفیزمی دینی و کۆمەڵایەتییدایە. هەر بۆیە بە بێ دیدێکی ڕەخنەییانە و لێکدانەوەیەکی وردی ئەو کۆ-پەیوەندییە گوتارییەی لە نێوان دەسەڵات/نمایش، یاسا/تاوان، کۆمەڵگە/دیسپلین، دین/گوناه دا هەیە، تێگەیشتن لە ماناکانی بەرەنگاری و ئازادی و بەرگری و گوناه و سەرپێچی، تا ڕادەی محاڵ قورس و دژوارە و دەمانخاتە ناو کڵێشە پێشوەخت و ئامادەکانی بەر لە بیرکردنەوە و تێڕامانەوە. بەرگری ئێمە لە سەما و شانۆ و گۆرانی و سینەما و هەر کردەیەکی ڕادیکاڵانەی دیکە، بەرگرییە لە ئازادی و ئیشکردنە بۆ فراوانکردن و زیادکردنی ڕووبەری دژەگوتارەکان، یان کاتێک بەرگری لە هۆمۆسێکسواڵەکان و بیسێکسواڵەکان دەکەین، بۆ شەرعییەتدان نییە بە بڵاوبوونەوە و برەوسەندنی ئەم دیاردە و دەرکەوتانە وەک چێژگەرایی و لەشفرۆشی، بەڵکو بەرگرییە لە ئینسان بەبێ جیاوازی و هەڵاوێردی ڕەگەزیی و ڕەچاوکردنی باری سێکسواڵی و جێندەریی. بەرگرییە لە ڕزگاری ئینسان و دەرهێنانی لە شوناسە بچوک و پێدراوەکان، کە دەسەڵات و یاسا و ڕێسا ئەخلاقی و دینییەکان لە ڕێگای چاودێریی و کۆنترۆڵەوە دەیسەپێنن و لەناو بونیادی کۆمەڵایەتیدا دەروونی و ناونشینی دەکەنەوە. بەم مانایە، سەرنجدان لە گوناه وەک لادان و ئەکتێکی ڕادیکاڵانە، وەک کردەیەک کە دەمانخاتە ناو فۆڕمێکی نوێی سوبێکتسازییەوە، ئەرکێکی هەنوکەیی و خۆلێلانەدەرە. ئەوەی دەسەڵات وەک تاوان و کۆمەڵگە وەک لادان و سەلەفیزمی دینییش وەک گوناه، کردەیەکی ڕادیکاڵی وەک سەماکردنی ئەو دوو گەنجە ڕەتدەکەنەوە، دەبێت پێداگرترمان بکات لەسەر بەخشینەوەی مانای دیکە بە چەمکەکانی وەک تاوان و لادان و گوناه و گرەو لەسەر داگیرکردنیان بکەین، بۆ ئەوەی لەو سیستەمە گوتاریانە دەریانبهێنین کە دۆخی باڵادەستیان خوڵقاندووە. تا بتوانین لە ڕێگای ئەم پرۆسەی لە قەڵەمڕەویخستن و بە قەڵەمڕەویکردنەوەیەی چەمکەکانەوە، ڕێگای ڕزگاری و هێڵی هەڵهاتن بۆ تێکشکاندنی قاڵبەکان و دەرەوەی چوارچێوەکان بدۆزینەوە.

________________________

تێبینی/ سود لەم سەرچاوانەی لای خوارەوە وەرگیراوە:

1ــThe Structural Transformation of the Public Sphere: An Inquiry into a Category of Bourgeois Society/translated into English in 1989 by Thomas Burger and Frederick Lawrence/This translation © 1989 Massachusetts Institute of Technology.

2ــ Moral Consciousness and Communicative Action/translated by Christian lenhardt and shierry Weber Nicholsen/introduction by Thomas McCarthy/ This translation © 1990 Massachusetts Institute of Technology.

٣ــ المراقبة والمعاقبة – ولادة السجن/ میشیل فوکو، ت: د. علی مقلد/ م. تقدیم: مطاع صفدي/ انتاج و منشورات: مرکز الإنماء القومي بیروت سنة، ١٩٩٠.

٤ــ تجربە مدرنیتە/ مارشال برمن، ت: مراد فرهادپور، انتشارات طرح نو، چاپ هشتم ١٣٨٩

٥ــ ایدەهای خیابانی، the idea of street، امین بزرگیان/ تهران، انتشارات ققنوس، چاپ اول١٣٨٨.

٦ــ جوانییەکانی ناڕێکی/ کۆی بەرهەمە تیۆرییەکان، بەختیار عەلی، چاپی یەکەم٢٠١٥ لا٤٥ بۆ ٦٩.

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …