پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

کتێبی “ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی”

نووسەر: د. ساماڵ مانیی

بۆ یەکەم جارە کە خاتوو ‌ د. ساماڵ مانیی ”فەلسەفەی جێندەریی” دەهێنێتە هزراندنی کوردیەوە. ئەمە دوا کتێبی پرۆژە نووسینی فەلسەفی (هەگبەی زانین)ە و کردی بە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی ”فەلسەفەی جێندەریی” لە کوردستاندا.

 ئەو کتێبە بە ناونیشانی “ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی”یە، لە ڕۆژی ژن، رۆژی ٨ ی ئازار ی ٢٠٢١ دا لە شارەکانی کوردستان بڵاو بۆەوە. بەم دوا کتێبەی هەگبەی زانین، د. ساماڵ مانیی فەلسەفەی جێندەریی بۆ یەکەم جار خستە ناو کوڵتووری کورد و کتێبخانەکانی کوردستانەوە. هیواخوازە ئەم فەلسەفەیە ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە هزریان دەوڵەمەندتر بکات. لە ئێستادا، د. ساماڵ مانیی پرۆژە نووسینێکی تری نوێی فەلسەفی دەستپێکردوە بە ناونیشانی ”سەرزەمینی مانا” و یەکەم کتێبی ئەو پرۆژە نووسینە نوێیەی نزیک بە ئامادەیە و هەر لەئەم ساڵدا بڵاو دەبێتەوە.

ئەم پرۆژە نووسینە فەلسەفیانەی د. ساماڵ مانیی، هەر یەکەیان لە سێ کتێبی جیا و سەربەخۆ پێکهاتوون، کۆی هەردوو پرۆژە نووسینەکانی بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی. ئەو کتێبانە، زۆر بەش و بابەتی فەلسەفەی لە هەناودا هەڵگرتووە و تێکهەڵکێشی کردوون. لەوانە:  مێژووی فەلسەفە، فەلسەفەی سۆسیۆلۆجی، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی، فەلسەفەی زانست، گومانگەرایی، ئەپیستیمۆلۆجی و فەلسەفەی زانستی، مۆڕاڵ، فەلسەفەی جێندەریی، فەلسەفەی زمان و مانا، هتد. هەموو بەش و ناو بەشی ئەم کتێبانە بەسوودن بۆ مەنهەجی خوێندنی زانکۆیی لە کوردستان، چ لەناو بواری خوێندنی فەلسەفەدا بن، یان لە بوارە پەیوەندیدارە ئەکادیمیەکانی تردا. هەروەهاش دەکرێت وەکو کۆرسێکی فەلسەفی لە ماڵەوە بخوێندرێن لەلایەن ژن و پیاوی ڕۆشنبیری کوردەوە چ لە کوردستان بن یان لە هەندەران.

د. ساماڵ مانیی دەڵێت: “هەگبەی زانین” و ”سەرزەمینی مانا” دوو پرۆژە نووسینی فەلسەفی ئاڕاستەکراون بۆ کوردستان؛ بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی جیا و سەربەخۆ، بەشدارن لە دروستکردنی زەمینەی فەلسەفە و هزراندن و ڕۆشنبیریی بە زمانی کوردی و لە کوردستان و لەناو کوردی هەندەران دا. هەموویان لەسەر ئاستی دیبەیتی فەلسەفی ئەکادێمی لە ئەورۆپا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ئۆستۆرالیا نووسراون، بەڵام کورت و پوخت و بە زمانێکی سادە و ئاسان دایرشتوون.

دوا کتێبی ”هەگبەی زانین”  بۆ یەکەم جار فەلسەفەی جێندەریی دروست دەکات و دەیهێنێتە کوردستانەوە بە زمانی کوردی. لەو بارەوە دەڵێ: “زۆر مەبەستمە فەلسەفەی جێندەریی ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە بیرکردنەوە و هزریان دەوڵەمەندتر بکات.”

نووسەر دەڵێت:  مەرج نیە ڕۆشنبیر و فەیلەسوف لە نادادپەروەری جێندەریی تێگەیشتبێت. هەڵەیە وابزانرێت لەبەرئەوەی کەسێک ڕۆشنبیرە یان فەیلەسوف، نادادپەروەریی جێندەریی ناکات. ئەم نادادپەروەرییە جێندەرییەی باسی دەکەم، لە بواری فەلسەفە و ڕۆشنبیریدایە، کاریگەرترن لەوەی ڕۆژانە لە شەقام و بازاڕەکاندا هەن و بەرچاومان دەکەون. ئەو جۆرەی نادادپەروەری جێندەریی ‘سەربارن’، واتە هەن سەرەڕای کۆمەڵێک لە جۆرەکانی تری خراپەکاری و خراپ مامەڵەکردنی جێندەری تر بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، سەرباری هەبوون و کردنی، بۆ نموونە: ژن کوشتن، لێدان، ترساندن، هەراسانکردنی جێندەریی، دەست بۆبردن، دەستدرێژیکردنی سێکسی، جنێو و سوکایەتی پێکردن، لێدان، هەڕەشە لێکردن، ناوزڕاندن، بەئاسانی بەدناوکردن، بەزۆر حەزلێکردن، خۆبەسەرا ساغکردنەوە، درۆ بۆ هەڵبەستنی جووتبوون، درۆی پەیوەندی بەزۆر هەڵبەستراوی سۆزداری، بەکارهێنانی هونەری زمانەوانی بۆ شکاندن و شکاندنەوە، بچوکردنەوە و بەکەمزانین، هتد، لەو کارە خراپ و بەدکارییانەی پەیوەندییان بە جێندەرەوە هەیە و ڕۆژانە دەکرێن لە بازاڕ و ناوماڵ و سەر شەقامەکان و لە دوکان و شوێنی ئیشکردن و هەموو کونج و قوژبنی کۆمەڵگەکەد. هەموو ئەو جۆرانەی تر لە خراپەکاری جێندەریی چ ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون و چ ئەوانەشی لەلایەن خەڵکیترەوە زۆر باس کراون و دەستنیشان کراون، زیاتریش هەن کە باس ناکرێن. هەندێک لەوانەش لەناو بواری فەلسەفەشدا و لەناو بوارە ئەکادێمیەکانی تریشدا هەن، چ لە ناو زانکۆکاندا و چ لە دەرەوەی زانکۆکاندا لەو بنکە و دەزگایانەی پەیوەندیدارن بە فەلسەفەوە.

بۆ نەهێشتنی هەموو ئەوانە، پێویستی بە پلان و بەرنامە و یاسا دانان هەیە بۆ قەدەغەکردنی پراکتیزەکردنیان لەناو بوارە ئەکادێمیەکاندا (هەروەهاش لەناو بوارە ڕۆشنبیریەکاندا لە دەرەوەی زانکۆکان). هەندێک وڵات بۆ ڕێگەگرتن لەوە پلان و بەرنامەیان هەیە و بە یاسا قەدەغەیان کردووە و لە هەندێک وڵاتدا هێشتا ئەو بازاڕە گەرمە بێ لێپرسینەوە.

 فەلسەفە و هزراندنی فەلسەفی و ئیشکردن لە فەلسەفەدا، ئیشکردن و بەرکەوتنە بە کایەیەکی بیرکردنەوەی گرنگ لە باشترین هزراندنی مرۆڤدا. هەر ئەمەشە کە دەبێتە یەکێک لەو هۆکارە چاوبەستانەی وادەکات ناداپەروەری جێندەریی نەبینرێت لەناو بواری فەلسەفەدا. ئەمەش بۆخۆی وا دەکات فەلسەفەی جێندەریی پێویست و گرنگ بێت. ئەمە لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان وەکو پاکژ و بێ غەلوغەش دەبینرێت لەناو کۆمەڵەگەدا و هەروەها لەلایەن ئەوانەوە کە ئیشی تیا دەکەن. چونکە فەلسەفە و مێژووی فەلسەفە لە کۆدا، قوڵ و فراوان و پڕە لە داهێنانی فیکری و باس لە هەبوونی دونیا و مرۆڤ و بیرکردنەوەکان و هەموو بوارەکانی تری هزراندن دەکات؛ ئەوەی هەیە و نییە. هەروەها، ئەوانەی ئیش لە بواری فەلسەفەدا دەکەن، واتە فەیلەسوفەکان، هەندێکیان پێیان وایە فەلسەفە بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی. هەر وەکو چۆن، لای هەندێک لە هونەرمەندان هونەر باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، یان لای هەندێک شاعیر شیعر باڵاو مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، یان لای هەندێک لە سیاسیکار ئەو سیاسەتەی کە باوەڕی پێیەتی باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، هەروەهاش لای هەندێک لە زانای زانستەکان، زانست باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، لای هەندێک لە فەیلەسوفیش بەهەمان شێوەیە.

هەموو ئەو تێڕوانینانە، وای کردوە کە نادادپەروەریی جێندەریی لەناو بواری فەلسەفەدا هەبێت و بەڵام سەختتر ودرەنگتر لە بوارەکانی تردا باسی بکرێت. نە فەلسەفە و نە بواری فەلسەفە و نە هیچ ڕەوتێکی ناو فەلسەفە و نە هیچ فەیلەسوفێک، نە ئەو دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بە فەلسەفەوە و نە ئەو دەزگا ئەکادێمیانەی کە ئیش لە فەلسەفەدا دەکەن، لە دەرەوەی کۆمەڵگە نین. نادادپەروەریی جێندەریی کە لەناو بواری فەلسەفەدا هەیە و ئەنجام دەدرێت، پشت دەبەستێت بەوەی ڕەگەزی مێینە لە دەسەڵاتدا نییە لە کۆمەڵگەکەدا، ئاسانترە زوڵم لێکردنی/ نادادپەروەرییکردن بەرامبەری. زۆرجار لەوە ئاسانتریشە، چونکە نادادپەروەریە جێندەریەکە دەکرێت خۆی بئاڵێنێت بە کۆمەڵێک لە نادادپەروەریی ترەوە کە لە کۆمەڵگەدا هەن و پرسی جێندەر نین، بەڵام تاک و گرووپی بەرکەوتوو هەڵگری شوناسێکن ئەو نادادپەروەریانەی تر دەیانگرێتەوە. لەم حاڵەتەدا لەبەرئەوەی نادادپەروەرییە جێندەرییەکە دەئاڵێت بە یەک پێکهاتەی گەورە لە نادادپەروەری تر، هەم بەهێزتر دەبێت لە کاریگەرییە نیگەتیڤەکەیدا بۆ سەر کەسی بەرکەوتوو، هەم لەبەر هەمان هۆ زۆر ئاسانتر دەبێت ئەنجامدانی ئەو نادادپەروەریە لە هەموو شێوە و فۆرمێکیدا.

ئەم کتێبە فەلسەفیە بەم ناونیشانەیە: ”ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی’‘  لە ڕۆژی ژن دا/ ٨ ی مارچی ٢٠٢١ دا لە لایەن دەزگای مێخەک بڵاو کرایەوە لە هەرێمی کوردستان. لە پەڕەی ٦٩-٧١ ی ئەو کتێبەدا.

Check Also

ڵێدان ل ناسناما ژنێ

ئەگەر ئەز وەکۆ ژن د هشمەندیا وێ چەندێ دا نەبم، کو رەگەزەکا داگیرکریمە! گرنگە ب …