ئاوڕدانەوەیەك لە مێژووی ژینگەی ژن

 بەشی چوارەم

د. مەدیحە سۆفی

گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی خود، لە نێو کۆمەڵگایەکی هەلاهەلا، سەرلێشێواو، بێ ڕابەر، بێ پلان و فەلسەفەیەکی زیندوو، کارێکی ئاسان نیە، بەڵام لە کۆمەڵگا هەراشەکانیشدا، ئەگەر مرۆڤ تیایدا خواستی وریایی و ئەندازەیەکی باشی لە هۆشیاری هەبێت، ئەگەر نەیەوێ جەستەی هەڕاج بکرێ و ببێتە جێ چێژی کەسانی چڵێس و بێ مۆڕاڵ، ئەگەر بتوانێ بەو ژیری و زرنگیەی کە هەیەتی و ئەگەری ئەوەی هەیە مەودای ژیانێکی ئازادی بۆ دابین بکات، نەبێتە نێچیر و لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە قۆرخ نەکرێ، دەبێ بە هەموو دیوی ناوەوەی هزر و نەستیەوە دەوروپشتی خۆی بخەمڵێنێ و لە تەڵەی ئەوان گەورەتر بێ، دەبێ بزانێ لە دەوروپشتی خۆیدا بەرکەوتەی لەگەڵ چ جۆرە بوونەوەرێك هەیە و چۆن هێزی کار و سەلیقەیی خۆی دەفرۆشێ، بێ ئەوەی بە جەستەی باجەکەی بدات، وە لەبەر ئەوەی زۆر جار بەرکەوتەی نێوان کار و خاوەن کار هەر خۆی لە سنووری کارکردنەکەدا نابینێتەوە؛ بەڵکو بەرەو وروژاندن و لاقەکردنیش ئاودیو دەبێ، کە کارێکی نەخوازراو و زۆرەملێیەکی هەڕەشە ئامێزە، بۆیە هەڵمەتی هەوڵدان بۆ وشیاربوونەوە، بەتایبەتی بۆ وشیاربوونەوەی ژنانی سەرکار و خاوەن هێزی کار زۆر گرنگە، ئەو هەڵمەتەش لە کۆتایی سەدەیە بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە زۆر شێوازی جوراوجۆری گرتە خۆی، یەکێك لەوانە هەڵمەتی MeToo بوو، ئەم هەڵمەتە بۆیەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە ژنان تارانا بورکە، دژی دەستدرێژیکردنەسەر و لاقەکردنی کچان و ژنان لەلایەن دەسەڵاتدار، بەڕێوەبەر، یانەی شەوان، خاوەن کار و باڕەکانەوە هاتە ئاراوە، لە ساڵی ٢٠١٧ دا وەکو فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بۆ خستنەڕووی تەواوی ئەو هۆکار و ڕێکارانەی دەبنە هۆی ئەو لاقەکردنە، ئەو بابەتە بووە بەرهەمێکی هونەری و دونیای لەو کارە قێزەوەنانە ئاگادارکردەوە کە زۆربەیان پەردەپۆش کرابوون، لە دوای ئەو فیلمە دۆکۆمینتاریەدا خەڵکێکی زۆریش، ئەوانەی تووشی ئەو گرفتە بووبوون، خۆیان ئاشکرا کرد و تاوانبارانیان بە جیهان ناساند.

بەدڵنیاییەوە، دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنان لە تاوانە هەرە نامرۆڤایەتی و ناهەموارەکانە، ئەو کارە هەر دەستدرێژیکردنە سەر جەستەی مرۆڤ نیە، ئەوە ڕوشاندنی هەیبەت و وێرانکردنی ناخ و دەروونی کەسەکەیە، داڕوخانی وێنای دواڕۆژیەتی، ڵێڵکردنی متمانەیە، نیشتنی ترسە، چەکەرەکردنی دڵەڕاوکێیەکی هەمیشەیی و شێواندنی پەیوەندیە سێکسوالیتێتە ئاساییەکەی ئەو مرۆڤەیە لە داهاتوودا، بەڵام ئەم دیاردەیە تەنها دیاردە نیە کە ژنان و کچان دەشکێنێتەوە، خەم و دڵتەنگی لە ڕوحیاندا دەچێنێ، جارجاریش ڕق، لە بوونی خۆیان وەکو ڕەگەزی مێ، تێدا دروست دەکات، قوڵپی گریانیان قووت دەدەن، بێبەشیان دەکەن لە بازنە جوانەکانی ژیان. لێرەدا ئەم هەڵمەتە MeToo  بۆ چارەسەری کارێکە کە ڕوویداوە، ڕەخنەگرەکانی بواری ئەم هەڵمەتە دەڵێن دەبێ مەودا نەدرێ کە ئەم کارە ناڕەوایە ڕووبدات و پاشتر داکۆکی لێ بکرێ؛ بەڵکو دەبێ کار لەسەر فەراهەمکردنی جیهانێك بکرێ، نەهێڵرێ ژنان و کچان بە ترسەوە نزیكی شوێنی کار بکەونەوە، نەك پرسە بۆ ڕوودانی ئەو لاقەکردنە دابنرێ کە مێژوویەکی درێژی هەیە، بۆیە هەڵمەتی (می توو) بووەتە جێی ڕەخنەی کۆمەڵێ لە ژنانی وشیار و چالاکی ئەو بوارە، سەرچاوەی ئەو ڕەخنانەش لە دوو روانگەوە هاتنە ئاراوە:

یەکەم: ئەم هەڵمەتە بۆ کردەوەیەکە کە کراوە، دوای دەستدرێژیکردنەسەر و لاقەکردنەکەیە، دوای وێرانکردنی ڕوحی مرۆڤێکە، کە مەودایەکی باشی بۆ هاتنەوەسەرخۆ و ئاسایی بوونەوە پێویستە، ڕەخنەکە لەوەدایە، کە دەبێ کار بۆ پێش ڕوودانی ئەو کارە ناجۆرە بکرێ، نابێ هەر بۆ سەرزەنشتی تاوانێکی ڕابوردوو بێت، دەبێ کارتێکردن لەسەر هزر و هۆش بەجۆرێك بێت، کە بەبەردەوام داکۆکی لە فەراهەمکردنی دڵنیابوون بکرێ ، کە ئیتر جەستەی مرۆڤ بۆ دامرکانەوەی حەزە گڵاوەکان قۆرخ نەکرێ،  کارێك کاریگەری لەسەر ڕوونەدانی ئەو کارە قێزەوەنە لە داهاتودا ببێت، دەبێ ژنان و کچان خۆیان خاوەن توانایەکی وا بن کە ڕێگری لە هاتنەپێشی ئەو حاڵەتە نەخوازراوەدا بکەن، دەبێ ئەوانیش خۆیان بکەنە خاوەن دەسەڵاتێکی وا، کە بتوانن ئەو هەوڵە نەخوازراوانە پوچەڵ بکەنەوە، واتە ژن کار لەسەر دروستبوون و بەخەبەرهێنانی توانا خۆڕسکەکەی خۆی بکات، کە هەموو ژنێك خاوەنێتی، وەلێ لای هەندێ بەهۆی کۆمەڵێ هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاینی، عورف و عادەت، ئەو توانا خۆڕسکە مت بووە، یا نووستووە.

دووەم: ئەو ڕەخنەگرانە، بابەتی (وروژاندن) واتە وروژاندنی سێکسی ژنان و کچانیش یا بە پێچەوانەوە، هەر بە هاوشێوەی تاوان، یا لاقەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر بەرامبەر دادەنێن، ئەمەش جێگەی بڕوایە، چونکە وروژاندنی دەستکردی حەزی خود بەواتای؛ ئامادەنەبوونی کەسی یەکەم بۆ هێنانەدی ئەو حەزە لە ئێستادا، دێت، بەڵام وروژاندنی خانەکانی و بەخەبەرهێنانی ئەو حەزە بە دەستکرد، لە پێناو تێرکردنی حەزی کەسی بەرامبەر، دیاردەیەکە دەبێتە شێواندن و سڕکردنی کەسی یەکەم، کە دەکەوێتە ژێر زەبری هەوەسێکی بەزۆر جوڵەپێکراو و خۆنەویستەوە. دوبارە جەخت لەوە دەکەینەوە کە گەیشتنی ژن بە ئۆتۆنۆمی خود، کارێکی ئاسان نیە، لە مەودای نزیکیشدا ناتوانرێ بکرێتە دەسکەوت و مۆرکی ڕەنگدانەوەی لە نێو کۆمەڵگادا بناسرێتەوە هەتا جومگە تێهێڵکێشراوەکانی فەرمانڕەوایی بەو شێوەیە سڕ بن و هزر و بۆچوونی کۆمەڵگا چەقبەستوو بێت. دەستپێکی ڕوخانی شورای ئەو ڕاهاتنە لەگەڵ داخراویدا، بە لەدایکبوونی فەلسەفەیەکی زیندوو و پەیڕەوکردنی فەلسەفەیەکی زیندووەوە بەندە، ئەوەی لە ئێستادا لە باشوری کوردستاندا هەیە، دەستپێکی سیاسەتێکە بۆ پیرۆزکردنی بنەماڵە و داکوتانی سنگی ڕەشماڵی حوکمڕانی بنەماڵە، کە زۆر دوورە لە هەڵهێنانی فەلسەفەی زیندوو، نوێخوازی، گۆڕان و هەڵکردن لەگەڵ گۆرانەکاندا، ئۆتۆنۆمی چۆن لە نێو قاوغی کولتوورێکی ڕزیو و گۆمێکی وەستاو و لێخنی دیوەخانەکانەوە چەکەرە دەکات، ئەگەر چەکەرەش بکات و بۆ ڕازاندنەوەی ڕووی دەرەوەی کۆمەڵگا قۆرخ بکرێ، ئەوە ئەو ئۆتۆنۆمیە نیە کە مرۆڤ لە توێی فەلسەفەیەکی زیندوو و کارنامەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازیەکانەوە هەڵیهێنجاوە؛ بەڵکو لە چەکمەجەی مێزی حیزبەوە و بەبەرنامەڕێژیەکی ساختەوە ئامادە و وێنا دەکرێت، بۆیە ئەو کۆمەڵگایە هێشتا ماویەتی ژانی لەدایکبوونی ئەو ئۆتۆنۆمیە بیگرێ.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *