واڵتەر بنیامین: یەکەم لێکدانەوە و ڕاڤەی مارکسیستیی بۆ فیلم

نووسەر: پێشڕەو محەمەد

پێشڕەو محەمەد

واڵتەر بنیامین دەیگوت مارکسیزم تیۆری بێداربوونەوەی مێژووییە

شەڕ و ململانێی سەرەکیی نێوان ئێرنست بلۆخ و واڵتەر بنیامین دەربارەی «خەونە هێزەکییەکان» بوو. بلۆخ دەیگوت ئۆنتۆلۆژیای بوون پێمان دەڵێت ئێمە هەمیشە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەرەو یۆتۆپیاکان ئاراستەمان گرتووە. بنیامین بە سیلەی چاو لە بلۆخی گەیاندبوو کە مارکسیزم زیاترە لە تیۆرەیەکی بێداربوونەوە.

بۆیە لای نووسەری «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو»، سەرمایەداریی ئەو خەونەیە دەبێت ئێمە لەناکاو لێی بەئاگا بێینەوە: خۆ ئەگەر لەڕێگای تارمایی و کابووسەوە بێت، ئەوە باشتر. کاتێک تۆ لە خەوێکی قوڵدایت و لە ناکاو بەهۆی کابووس (مێردەزمە)، شەوە (nightmare)ێکەوە خەبەرت دەبێتەوە و لەخەو ڕادەبیت، ئەوا زۆر لات سەختە ڕەوشی خەونەکەت بیر بکەوێتەوە.

لە وێستگەیەکی دیکەدا، بنیامین گفتوگۆی لەسەر هونەر و ئێستاتیکا لەگەڵ بلۆخ دەکرد. لای بنیامین، ئەدەبیات، شیعر (با ئەوەمان بیربکەوێتەوە کە لە نامەیەکدا بۆ گرێتل کارپلوس -پاشان گرێتل ئادۆرنۆ- باس لەوە دەکات کە دەیەوێت ببێتە یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبیی) لەڕێگای ئەلیگۆرییەوە بەشداریی لە بێداربوونەوە لە خەونی سەرمایەدارییدا دەکات. بلۆخ وایدەبینی هونەر و ئێستاتیکا هەمیشە مێژوو بەئاراستەی پێشەوەدا دەبات لەڕێگای پێشبینیکردنی ئەو شتەی لە مرۆڤایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.

بنیامین زۆر هەڵوەستەی لەسەر دوا هەڵوێست نەدەکرد، بەڵام دەیگوت ئەدەبیات دەتوانێت پێشبینیکەرانە بێت: ئەدەبیات ڕەنگە ئاگادارمان بکاتەوە نەبینە هاوسەفەری پۆزەتیڤی ڕەوتی ڕاستەهێڵی مێژوو، بەڵکو دەتوانین دیوە نێگەتیڤ و نەرێنییەکەی مێژوو بەهەند وەربگرین. ئایا تێزی نۆیەم، دەربارەی فریشتەی نوێی پاوڵ کلە نەبوو لە جەنگی مەزنی جیهانیی ئاگاداری کردینەوە؟[١].

سینەما، کاری هونەریی لەسەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییدا

بنیامین یەکەم نوسخەی وتاری کاری هونەریی لەسەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییدا لە ١٩٣٥ و دووەم نوسخە لە ١٩٣٦دا دەنووسێت، واتا لە گەرمەی دەسەڵاتی فاشیزمدا. بنیامین لەنێو ڕەهەندەکانی دیکەدا، بەشێوەیەکی سەرەکیی هەڵوەستە لەسەر دوان لەم ڕەهەندانە دەکات: وێرانبوونی ئەزموونی ئێستاتیکیی و زەروورەتی لادان لە تەکنیکی سەرمایەداریی.

 بنیامین دەڵێت ئێستاتیکا دەبێت لەڕێگای کاتیگۆریی خەرمانەوە دەرک بکرێت[٢]. لە گۆشەنیگای ڕەخنەی هێزی بڕیاری ئەمانوێل کانتەوە، جوانیی، بریتییە لە ئەزموونی تاقانەیی، دووبارەنەکراوەیی، باڵایەتیی و خوایەتیئاسایی. سەرمایەداریی، بە تەکنیکە هەمیشەییە بەرهەمهێنانەوەکەی، واتا بەرهەمهێنانی کاڵاکان، دەستدەکان بە لەناوبردن و وردوخاشکردنی خەرمانەی ئەزموون، خەرمانەی جوانیی بەهۆی بەرهەمهێنانەوەی هونەرەکانەوە. لە جەوهەردا هونەر دەبێت تووشی سەرسامیمان بکات، بەڵام نەک لەڕێگای تاقانەییەوە، بەڵکو لەڕێگای بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییەوە.

ئایا ڕووینەداوە کاتێک یەکەمجار گوێ لە گۆرانییەک دەگرن، شەیداتان بکات، بەڵام کاتێک دەبێتە شتێکی باو ئیتر لەوە دەکەوێت سەرسامتان بکات؟ بەرهەمهێنانەوەی هەمیشەیی مۆنا لیزا قورس نابێت لەوەی بزانین چ شتێک مێژوونووسانی هونەر سەرسام دەکات؟

پێداگۆگیی و پێشبینیکردنی سینەمای میلیتانت

سینەما لای بنیامین وەک ئامێرێکی مەزنی پروپاگەندە لە سەرمایەدارییدا بەکاردەهێنرێت. تەنها ئەوەندە بەسە ئاگامان لە کورتەمێژووی سەرکەوتنی ئیرادەی لێنی ڕیفنشتال (پروپاگەندەی فاشیستیی) هەبێت، فیلم و فیلمسازێک لە خزمەتی ڕایشتاگ و ڕایشی سێیەمدا یاخود مێژووی هۆڵیوود وەک بەرهەمهێنەرەوەیەکی ئایدیالەکانی سەرمایەداریی لیبڕاڵ و ئەمڕۆش نیۆلیبڕاڵیزم. لەبەر ئەوە، یەکەم کتێبی مەزنی مارکسیستیی زیگفرید کراکاوەر[٣] دەربارەی هۆڵیوود بەبێ تێگەیشتن لە کاریگەریی ئەرێنیی بنیامینی هاوڕێی، مەحاڵ دەبێت.

بەڵام سینەما دوو خەسڵەت و تایبەتمەندیی هەیە. بنیامین بەرەو خاڵی دووەمیان دەچێت، بیرکردنەوە لە سینەما: کۆتێزی زۆربەی هونەرەکان. لە سینەمادا، شانۆ، مۆسیقا، فۆتۆگرافیی، شێوەکاریی و شیعر لەڕێگای بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیی وێنەوە کۆتێزیان دروستکردووە و یەکیان گرتووە و پێکهاتەیەکی نوێیان خوڵقاندووە.

ئەم ڕەهەندە، واتا تەکنیک، خاوەن ڕەگەزێکی ئەرێنییە: بۆ یەکەمجار ڕێیتێدەچێت بگات بە بینەرێکی فراوانتر. خەرمانە دەمرێت، ئاوا دەبێت، بەڵام لەپاڵ ئەم مردنەی خەرمانەدا، ئەگەر و توانای ناوەکیی بەکۆمەڵایەتیی و سۆسیالیزە دەبێت. بۆ بنیامین، سینەما یەکێکە لەو هونەرانەی خاوەنی زۆرترین ئەگەر و وزە و توانا ناوەکییە شۆڕشگێڕییەکانە. بەڵام دەبێت بەلایەکی دیکەدا ببرێت، چونکە شۆڕشگێڕبوون هەروا شتێکی خۆکرد و عەفەویی نییە.

لە کاتێکی کەمدا و بەشێوەیەکی پەروەردەیی، سینەما دەتوانێت هەزاران خەڵک والێبکات پرسیار لە ڕەهەندە کوشندەکانی ژیانی مۆدێرن بکەن. بنیامین لە یەکێک لە پەراوێزەکانی نوسخەی دووەمی وتاری کاری هونەرییدا، دەڵێت، «لە فیلمدا، بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیی بەرهەم ئەوە نییە بەشێوەیەکی دەرەکیی هەلومەرجی بڵاوکردنەوەی فراوان و جەماوەریی خۆی سەپاندبێت، واتا وەک ئەوەی لە ئەدەبیات یان شێوەکارییدا هەیە. بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیی فیلمەکان ڕاستەوخۆ لەسەر سەرجەمی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانەکانیان دادەمەزرێت». بەرهەمهێنانی فیلم بۆ جەماوەرە، بەپێچەوانەی شیعر، ڕۆمان یان شێوەکارییەوە. لێرەوەیە ئەگەر و توانای ناوەکیی فیلم دەبینینەوە. فیلم وەک بنیامین دەڵێت تەقاندنەوەی زیندانی جیهانە.

فیلم دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی پروپاگەندەی جەماوەریی و ئەکتی سیاسیی چینەکانی کۆمەڵگا لە خەباتیاندا دژی سەرمایەداریی. بنیامین ئەگەرچی وتارەکەی لە ١٩٣٥دا نووسیوە بەڵام پێشبینیی سینەمای میلیتانتی دەیەی ١٩٦٠ی کردووە، کە بە سەرتاپای جیهاندا بڵاوبووەوە. لە ١٩٦٨دا، وتارەکەی وەک دۆکۆمێنتێکی مەزنی شۆڕشگێڕانە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای میلیتانت هەبوو. لە ئەڵمانیا هارون فارۆقی و ئەلێکساندەر کلوگە، لە ئەرژەنتین ڕایموندۆ گلایزەر، لە بەڕازیل گلاوبە ڕۆچا، لە بۆلیڤیا خۆرخە سانخینز، لە مەکسیکۆ ئۆسکار مینێندز، لە فەڕەنسا ژان لوک گۆدار، لە ئیتالیا پییر پاولۆ پازۆلینی.

سەرجەمی بزووتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالی فیلم دەبوو بچێتە شەقامەوە و هاوپشتیی و سۆلیداریتیی خۆی لەگەڵ خەباتی خوێندکاران و کرێکاراندا پیشان بدات. فیلم هەروەها دەبوو یارمەتیدەر بێت لە بێداربوونەوە لە خەونەکانی سەرمایەداریی، ئەم کارەش لەڕێگای ئەلیگۆرییەوە یاخود بەسادەیی لەڕێگای دۆکۆمێنتکردنی ئەو دیمەنانەی مێژووەوە ئەنجام بدات کە دەسەڵاتداران و براوەکان سڕیبوویانەوە.

ئایا چەندان کرێکار، خوێندکار، ژنانی ماڵەوە و جووتیاران لە دەیەی ١٩٧٠دا دەچوونە یانەکانی فیلم تا ژیانیان بەسیاسیی بکەن؟ بنیامین دواجار پێسبینیکەرێکی ئەو شتەیە کە پێیدەگوترێت بۆشایی و بواری درەوشاوەی دەرەناوەند و پەراوێزییەکانی بەشداریی سیاسیی گروپە چەوسێنراوە و سەرکوتکراوەکان.

سەرچاوەکان:

[١] بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر فریشتەی مێژوو بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد: کەرنەڤاڵی شکستخواردوان (خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکانی مێژووی واڵتەر بنیامین)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

[٢] سەبارەت بە چەمکی خەرمانە و ئاوابوونی و پاشان گەڕانەوەی لە سینەمای فاشیزمدا، بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد: دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

[٣] دەربارەی کتێبی تیۆری فیلم و کاریگەریی بنیامین لەسەر کراکاوەر، بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد: لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم (دەروازەیەک بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

{4} Walter Benjamin,  The Work of Art in the Age of its Technological Reproducibility and Other Writings on Media, Edited by Michael W. Jennings, Brigid Doherty, and Thomas Y. Levin, Translated by Edmund ]ephcott, Rodney Livingstone, Howard Eiland, and Others, The Belknap Press of the Harvard University Press, Cambridge, Massachusetts London, England 2008.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *