یه‌ك شه‌ممه‌, نیسان 28, 2024
frku

مەرگەساتی لە شفرۆشانی وڵاتی مەغریب

كەس وەك لەشفرۆش لەدایك ناببێت

شوان ئەحمەد

ئێوە تەنانەت لەناو دۆزەخەکانیش دوای ڕۆحم دەکەون،

ئەی ڕاهیبە بەستەزمانەکان.

ئەوەندەی خۆشم دەوێن،

دوو ئەوەندەش دەمبەگازندەم لێتان.

بۆ ئازاری غەمگینیتان، هەرگیز تینوێتیتان ناشکێ.

دڵی گەورەتان، لەئینجانەی ئەڤین دادەچۆڕێ!!

(شارل بۆدلێر  –  ژنە نەفرەتلێکراوەکان )

مەغریب هەر تەنها وڵاتی وەرزشكارانی بەناوبانگی، وەك: (نەوال متوەكیل و سەعید عەویتە و عەزیز بۆ دربالە و مەهدی بن عەتییە) نییە. هەر تەنها نیشتمانی ڕۆشنبیرانی گەورەو دیاری، وەك: (محەمەد عابد جابری و عەبدوڵڵا عەرەوی و تاهیر بن جەلۆن و محەمەد شوكری و عەبدوسەلام بنعەبدلعالی) یش نییە.

نەخێر لەوێدا شان بەشانی ئەوانە، لەشكرێك منداڵی دەرۆزەكارو گەنجی بێ‌ ئیش و بێ‌ ئاسۆو ژمارەیەكی زۆری، خانمی سۆزانی و لەشفرۆشیش هەن. چاوی كامێراكەی نەبیل عیوش، وەك سینەماكارێكی بەسەلیقەو ڕەخنەگر، بەدرێژایی ئەم بیست ساڵەی كاركردنی (1997 – 2017 )، لەسەر ئەو پەڵەڕەش و ئەو زۆنە تاریكانەی كۆمەڵگەكەیەتی كە نەكەس باسیان دەكات و نە دەوڵەتیش دەربایسە.

نەبیل عیوش لە 1/4/1969، لە فەرەنسا لەدایك بووە. باوكی مەغریبییەو دایكی جولەكەیەكی تونسیە. چەقی كارە سینەماییەكانی وڵاتی مەغریبە. خەمی ئەو خەمی پەراوێزنشینەكانی (تەنجەو ئاگادیرو كازابلانكاو ڕەبات و دار بەیزا)یە كە زۆربەی زۆریان، منداڵان و گەنجان و ژنانی خێر لەخۆ نەدیوون.

ئەو هەشت فیلمەی لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا دروستی كردون، نیشانەی لێهاتویی و بەسەلیقەیی ئەون لەبواری هونەری حەوتەمدا (مەكتوب 1997، عەلی زاوا 2000، چركەساتی تاریكی 2003، هەموو ئەوەی لۆلا دەیەوێت 2007، هێی ئێمە دراوسێین 2010، یاخیل اللە 2012، الزین اللي فیك 2015، غەزیە 2017).

دوو فیلمی نەبیل عیوش كەزۆر جێ‌ سەرنجم بوون (یاخیل اللە 2012) و (الزین اللي فیك 2015) بوون. لە یەكەمیاندا لەسەر پرسی تیرۆرو توندندڕەوی ئایینی دەوەستێت و لە دووەمیاندا، ئاوڕ لە بابەتی لەشفرۆشی و خۆ هەڕاجكردنی ژنانی وڵاتەكەی دەداتەوە.

لە (یاخیل اللە)دا، دەیەوێت ئەوەمان نیشان بدات كە هیچ كەس وەك تیرۆریست و توندڕەو لەدایك نابێت. ئەوە سیاقێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری داوەشاو و بێ‌ سەروبەرە، مرۆڤ ناچار دەكات بەختی خۆی لەوێدا تاقی بكاتەوەو خەشی خۆی بەدنیا بڕێژێ‌ و تۆڵەی هەموو ئەو ناهەقیانە بكاتەوە كە ژیان بەرامبەری كردویەتی.

بەكورتیەكەی گەنجە توندڕەوەكانی ناو ئەو فیلمەی، گروپە ئیسلامیە ڕادیكالەكان بەئاسانی ڕامیان دەكەن، ئەوانەن كە ژیان قەپاڵی گەورەی لێگرتون و دەوڵەت و كۆمەڵگەش، بەفەرامۆشیان سپاردوون.

لەم فیلمە نوێیەشیدا كە دوای تەواوبوونی هەرایەكی گەورەی نایەوەو پیشاندانی لە سینەماكانی مەراكیشدا بەبڕیارێكی ڕەسمی قەدەغەكرا، دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت كە هیچ ژنێك وەك سۆزانی و لەشفرۆش لەدایك نابێت.

باری قورسی ژیانی ناو كۆمەڵگەیەكی بێ‌ ڕەحمە وادەكات، ژنان لەبەرامبەر ئەو هەموو سوكایەتی و بێحورمەتی پێكردنانەیاندا ڕازی بن بۆ بڕێك پارە، لەش و لارو مرۆڤبون و شكۆی خۆیان بفرۆشن.

ئێستا وەك چۆن لە ئەوروپا (پراگ) و لە ئاسیا (بانكۆك) و لە ئەفریقاو وڵاتانی عەرەبیشدا (مەغریب) بۆتە مەڵبەندی سێكس فرۆشی و كوردانی خۆشمان لێرە لە كوردستان و لە ئەوروپاو وڵاتانی دیكەی جیهانەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئامشۆو ڕۆتی ئەو وڵاتە دەكەن.

ئەوەی نەبیل عیوش لەم فیلمەیدا نیشانی دەدا، تراژیدیاو مەرگەساتی سەدان ئافرەتە كە بۆ ئەوەی بژین، دەبێت دەستبەرداری كەرامەت و مرۆڤ بوونی خۆیان بن.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *