پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

ئاوڕێك لە مێژووی ژینگەی ژن

بەشی سێیەم

د. مەدیحە سۆفی

د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

سیستەمی فەرمانڕەوایی، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە مامەڵەکردن بە پرسی ژنەوە، ئەویش دەکەوێتە سەر ئەو ئایدۆلۆژیایەی ڕێبەری ئەو سیستەمەیە، لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیای سۆسیالیستی و فیدڕالیدا، ژنانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی ژێر فەرمانڕەوایی سوسیالیستی، زۆر ئاشکرا هەستیان بەو کەلێنی جیاوازیە دەکرد کە لە میانەی پرسی ژندا ئاشکرا بوون، لە سیستەمی سوسیالیستی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتدا، هەلی کاریان زۆرتر بوو، دایەنگە و باخچەی ساوایان بە ڕێژەی ١٠٠٪ هەبوو، جیاوازی ژن و پیاو کەمتر بوو، هۆکارەکەشی ئەوە بوو، لە ڕوانگەی ئەو سیستەمەوە؛ دەوڵەوت پێویستی بە توانا و هیزی کاری ژنان هەیە وەکو مرۆڤ و هاوڵاتی، لە دەستوریشدا ئەو یەکسانیە وەکو ئاماژەیەك بۆ توانای مرۆڤ  جێگیر کرابوو نەك وەکو ڕەگەز، ئەو هەوڵ و کۆششەی ژنان لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بۆ ئازادی و یەکسانی بەرپایان کرد، بۆ ژنانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات پێویست نەبوو، تەنها دیاردەیەك، کە هەردوکیان تیایدا هاوبەش بوون، نایەکسانی و ناهاوتایی بوو لە کرێی دەستی کار، کە تا ئێستاش هەر ناهاوسەنگ و نایەکسانە.

لە یەکەم وتەی ماری یواختس لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا ساڵی ١٩١٩ دا، کە پاش تێکۆشانێکی زۆر لەلایەن بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی ئازادیخوازی ژنانەوە ژن توانی دەنگ بدات و ببێتە ئەندامی کارای نێو پەرلەمان، گوتی:

”بۆ ئەم ئامادەبوونەی ئێمەی ئێستا لە نێو هۆڵی پەرلەماندا؛ ئێمە قەرزاری هیچ سوپاسکردنێکی ئەم حکومەتە نین، ئەوەی تا ئێستا مافی دەنگدان و هاتنە نێو پەرلەمانمان نەبووە، ئەوە مافێكی زەوتکراوی خۆمان بوو و بە هەوڵ و قوربانیدان و پشوو درێژی خۆمان دوبارە بەدەستمان هێنایەوە”

بۆ گێڕانەوەی چمکێکی ئەو مافە زەوتکراوەش، بە درێژایی مێژوو و بۆ هێنانەکایەوەی گۆڕانێکی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی و بۆ هەڵدانی چەترێك، لە سێبەری ئازادیدا بۆ ژنان، لە شۆڕشێك زیاتری بۆ هەڵگیرساوە و لە تەمەنێك زیاتری پێ بەخشراوە.

ئەو گۆڕانانەش، هەمیشە لە هەناوی ژیانێکی سەختەوە ڕیچکە دەشکێنن و چەکەرە دەکەن، ئەو نمونانەش زۆرن کە شایەتی بەشداریکردنی ژنانن لە هاتنەکایەوەی گۆڕانە ڕادیکاڵەکان و لە پەیڕەوکردنی دادپەروەری کۆمەڵاتیدا، شۆڕشی فەڕەنسا یەکێك بوو لەو شۆڕشانەی گۆڕانی بنەرەتی لە حوکمڕانی دەسەڵاتداراندا کرد، دەرەبەگ و کەنیسەی ڕاماڵی، هەر لە میانەی ئەو شۆڕشەدا، لە ساڵی ١٧٨٩ دا، ژنانی پاریسیش کە زیاتر لە هەشت هەزار ژن بوون و لە ژیر دروشمی ئازادی، یەکسانی و برایەتیدا، کە برسێتی ماڵ و مناڵیان بووە داینەمۆی هێرشکردنە سەر دامودەزگای ڤێرسای ، ڕێژەی نەخوێندەواری ئەوکاتەی ژنانی فەڕەنسا ٨٥٪ بوو و هەموویان وابەستەی بڕیاردانی باوك،  برا و پیاو بوون، جگە لەوەی هیچ مافێکی بەشداریکردنی سیاسی و یاساییان نەبوو[[1]]، سەختی ژیانی ژنانی کارخانەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمیش لەئەمریکادا، کە زیاتر لە دوازدە  کاتژمێر  کارکردن بوو و لەژێر بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا، بووە هەوێنی ڕاپەڕین و هاتنە کایەوەی سەرەتایەك بۆ هێنانەدی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

نمونەیەکی تر، تێکۆشانی بەردەوامی ژنانی ڕواندایە، دژ بە ڕەگەزپەرستی و پاکتاوکردنی ئیتنی، ئەمەش تێکۆشانێکی ئاسان نەبوو، قوربانیەکی زۆر و هەڵگژان بە هەورازێکی نادڵنیای پێویست بوو، تا گەیشتنە ئەوەی ڕێژەی ٦٠٪ ی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ژن بن، لەوێ ژن چمکی سەرەکی گۆڕڕانی بەدەستەوەیە، سیاسەت دەکات، سوورە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆی وەکو دوێنێ نەبێت.

کاتێ مرۆڤ هیچی نامێنێ بۆ لەدەستدان، ئیدی میوتۆسی ناوەوەی بەخەبەر دێ و ڕادەپەڕێ، شوناسی شاراوەی کەسێتی لەوە زیاتر مەودا بە شکانەوە و بێ بەهابوونی کەسێتی مرۆڤ نادات، هەر لەوێ، لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هاواری (نا) یەك سەرهەڵدەدات و گڵۆڵەی بەرگرییەك دەکاتە شۆڕش، شۆڕشێك کە ئازوقەکەی ئەو چەکە سروشتی و خۆییەیە، کە هەموو کەس هەیەتی، وەلێ لای هەموو کەس لەیەك کاتدا نایەتە گۆ و ڕاناپەڕێ، لای هەموو کەس بەئاگا نایات و نابێتە سنوورێك بۆ نەهێشتنی دەستدرێژیکردنە سەر مافی خود و ڕوشاندنی دیوی ناوەوەی خود، لەبەر ئەوەی ژینگەکان جیاوازن، هێزی کەسێتیەکان جیاوازن، بنەمای وشیاربوونەوەکان لە ئاستی گەشەی جیاوازدان، پاشان (ویست) لەلای هەموو تاکێك ئەو باڵایەی نیە، یا ئەو پێداویستیە نیە و ئەوەندە ئەو بەهایەی نیە؛ کە لە پێناویا شۆڕشی بۆ بەرپا بکات، هەندێ جار ڕاهاتن دەبێتە بەڵا و نایەڵێ چاو تابلۆیەکی جوانتر، لە چاو ئەوەی ئێستا هەیە، ببینی، لێرەدا کاتێ ڕاهاتن زاڵ دەبێ، میوتۆسی (نا) نەڕادەپەڕێ و نە دێتە گۆ.

لە دوای هەزارەی دووەمەوە و دوای ئەوەی تەکنەلۆژیا و ڕێکارە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە ئەلکترۆنیەکان زیاتر لەناو خەڵکدا بڵاوبوونەوە، هۆشمەندیەك؛ ئەگەرچی زیاتر لە سادەییەوە نزیك بوو وەك ئەوەی کرۆکی هۆشمەندی خود بگرێتەوە، زۆربەی خەڵکی گرتەوە، توینێتی ئاشنابوون بەو تۆڕەکۆمەڵایەتیانە، کێشەی زۆری لە نێو کۆمەڵگادا دروست کرد، موبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، خەڵکیان بەرەو ئامێزی یەکترناسین و ئاڵوگۆڕی هەست و نەست برد، توێژێك لە نەریتی ئەو تابووە داماڵڕا، کە پەیوەندیە نهێنیەکانی ئاخنیبووە نێو زیندانی هەستەوە، وەلێ لەبەر ئەوەی هەست بە ڕوح ئاودەدرێ، ڕوحیش ئەزەلیە، بۆیە هەمیشە زیندوو و بزێوە و هەر کەلێنێکیشی دۆزیەوە، بەبێ پرس و ڕوخسەت خۆی دەئاخنێتە نێو ئامێزی ئەو ئازادیەوە، هەر لەکاتی کرانەوەی ئەو دەروازەیەوە بەهۆی پەیوەندیە ئەلکترۆنیە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ڕێژەیەکی زۆری کچان و ژنان تووشی کێشە و کۆشتن، خۆکوشتن و جیابوونەوە بوون، شیرازەی هەندێ خێزان شیتەڵ بووەوە، ئەگەرەکانی یەکترناسین و هەڵبژاردنی هاوسەر واڵاتر بووەوە، ڕەتکردنەوەی بەزۆر هاوسەرگیری و ژێردەستەبوون، هەموو ئەم لێکەوتانە ئاماژەیەك بوون بۆ سەرەتاتکێی هۆشمەندیەك، بۆ خودناسین و هاتنەگۆی شوناسی تاك بۆ بڕیاردان، سەرەتایەك بوو بۆ گوتنی ئەو (نا) یەی کە پێشتر لە ناوەوەی هزردا قەتیس بووبوو.

کوشتنی ژنان و کچان یا خۆکوشتنیان بەگشتنی، زۆر جار بەڵگەی وتنی (نا) یە، یا لە هەندێ جاردا بەڵگەی ڕەتکردنەوەی ئەو سەپاندنەیە، بە زمانێکی زانستی و دەروونی دەتوانین بڵێین، بەڵگەی هەستانەوە و زیندووبوونەوەی ئەو یاخیبوونەیە، کە میتۆسی شوناسی ناوەوەی مرۆڤ، کە لەوە زیاتر ناکەوێتە ژێرباری خۆڕادەستکردن و سەرکزکردنەوەوە، لێرەدا (نا) یەك هەیە، کە درەنگ یا زوو، بە هەڵکەوتنی هەر هەلێك ڕاست دەبێتەوە و لەگەڵ چەپۆکەکانی سەرسەری دەکەوێتە زۆرانبازی و ململانێ ، ئەویش یا بە کوشتن و خۆکوشتن، یا بەئازادبوون لە ژێر زەبری دەوروپشتدا، تەواو دەبن، دیارە کۆمەڵگای ئێمەش، کە لە ئیستادا زیاتر ئاین و دیدگای بنەماڵەیی لەسەردا زاڵە، زۆربەی بە کوشتن یا خۆکوشتن کۆتایی دێت، ئەم کوشتن و خۆکوشتنە، زۆر کاریگەر، بەئازار،  قێزەوەن و ناشارستانیە بەڵام بەڵگەیەکی ئاشکرای بزووتنەوەی تیۆمۆسی ناخی ژنە، کە ئەو ژێردەستەیی و چەرمەسەریەی هەتاسەر پێ هەرس ناکرێت.

پەراوێزەکان:

  1. Michalik Kerstin, Der Marsch der Pariser Frauen nach Versailles am 5. und 6. Oktober 1789., 1990, S10

[1] Michalik Kerstin, Der Marsch der Pariser Frauen nach Versailles am 5. und 6. Oktober 1789., 1990, S10

 

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *