واڵتەر بنیامین و سێرگی ئایزنشتاین

سینەما لە ڕۆژگاری فاشیزمدا

پێشڕەو محەمەد

پێشڕەو محەمەد

خەم و کەڵکەڵەی گشتیی سیاسیی واڵتەر بنیامین تەرکیزکردن بوو لەسەر قوربانیان نەک براوەکانی خەباتێکی ڕزگاریخوازی خەباتی چینایەتیی ڕابردوو، لەپێناوی پیشاندان و دەرخستنی «ئازایەتیی، گاڵتەوگەپ، زۆرزانیی، خۆڕاگریی» یان وەک یارمەتیدەرێک بۆ ئازادبوون و ڕزگاربوونیان لە ساتی ئێستادا. بنیامین فیلم وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسییانە ئاراستەگرتووی ئەم گرنگیدانەی خۆی بە کولتووری جەماوەریی وەک بەشێک لە تیۆرە ئێستاتیکاییەکەی خۆی لەگۆشەنیگای مارکسیستییەوە دەبینێت. لای بنیامین، فیلم هونەرێکی جەماوەرییە کە دەکرێت لە خزمەتی ئامانجی کۆمۆنیستییدا بەکاربهێنرێت. بنیامین فیلم وەک هونەرێکی جەماوەریی بە پۆتێنشیاڵی ڕزگاریخوازییەوە دەبینێت. لە سەدەی بیستدا دوو دەق چاپ بوون کە کاریگەرییان لەسەر کۆی ڕەوتی هونەر و سینەما بەجێهێشت. یەکەم دەقی بەناوبانگی «کاری هونەریی لەسەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییدا»ی واڵتەر بنیامین (١٩٣٦) و دووەم «ئاراستەی دیالەکتیکیی بەرانبەر بە فۆرمی فیلم»ی سێرگی ئایزنشتاین (١٩٢٩).

دەقەکەی بنیامین چارەنووسێکی ناخۆشی هەبوو، لە ژێر ترس و دڵەڕاوکێی پێشڕەییکردنی فاشیزمدا نووسرا، خۆی ئاوارە بوو و لە پاریس وەک پەنابەر دەژیا، کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون و دارایی هەبوو. هەموو ساتێک بۆ بنیامین، ساتی گرتن، ڕاوەدوونان، دیپۆرتکردنەوە، لەماڵ دەرکردن و هتد بوو. یەكەم تێبینییەكان بۆ وتاری «كاری هونەریی لەسەردەمی بەرهەمهێنانەوەى تەكنیكییدا» (Das Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit) لە پاییزی 1935دا تۆماركران. یەكەم نوسخەى وتارەكە لە كۆتایی ساڵی 1935دا تەواوبوو. دووەم نووسخە نوسینەوەیەكی كەم و فراوانكردن بوو، لە شوباتی 1936دا كۆتایی پێهات و ئەم دەقە كۆمەڵێك ماتریال و داڕشتنی تیۆریی جۆراوجۆری تێدایە كە لە نوسخەی سێیەمدا لابراون. نوسخەى دووەم ئەو دەقەیە ئادۆرنۆ لە نامەیەكیدا لە ڕۆژی 18ی ئازاری 1936دا ڕەخنەى لێگرتووە. پییر كلۆسۆڤسكی نوسخەى دووەمی «وتاری كاری هونەریی» لە بەهاری 1936دا وەرگێڕا، بەڵام نوسخەیەكی كورتكراوەى بۆ وەرگێڕانە فەرەنسییەكە گرتە بەر بەناوی “كاری هونەریی لەسەردەمی بەرهەمهێنانەوە میكانیزەكراوەكەیدا” (L’Oeuvre d’art à l’époque de sa reproduction mecanisée). وەرگێڕانە فەڕەنسییەكە، كە لە 1936 لە جۆرناڵی توێژینەوەى كۆمەڵایەتیی (Zeitschrift für Sozialforschung) سەر بە قوتابخانەى فرانكفورت دەركەوت، تێزی یەكەم و هەموو گەڕانەوە و ئاماژەكانی بۆ ماركسیزم لێ لابراوە. بە ئەنجامدانی ئەركی تەواوەتیی خۆی لەگەڵ پەیمانگاكە، بریل، سەرپەرشتیارێك لە پاریس نزیك بوو لە بنیامین تا نووسراوەكە بۆ وەرگێڕان ئامادە بكات، هەوڵیدابوو سەرجەمی ئاسەوارەكانی تیۆری ماركسیستیی لە نوسخەى دووەمی وتارەكە بسڕێتەوە و لابەرێت. ئەم تێزە «پڕۆژە یان بەرهەمی پرۆگراماتیك» لەناوەوەى چوارچێوەیەكی ماركسیستیی دادەنێت. بنیامین كە بە ترسێكی زۆرەوە چاوەڕوان بوو بریل جەختی لەسەر ژمارەیەكی دیكەى لابردن و سڕینەوەكان كردبووەوە. ئەو شتەى لە ئەجێندای جیاوازییەكانی نێوان نوسخە دووەمی ئەڵمانیی و نووسخەى وەرگێڕدراوی فەڕەنسییدا دەكرێت لەم ڕووداوەدا ڕوون بكرێتەوە و دەستنیشان بكرێت. لە دیسەمبەری 1936دا ماكس هۆركهایمەر بە بنیامین دەڵێت كە جەی لایدا پێویستی بە كۆپییەكی ئەڵمانیی «وتاری كاری هونەریی» هەیە، چونكە دەتوانێت لەو ڕێگایەوە بۆ كتێبخانەى مۆزەخانەى هونەرە هاوچەرخەكان لە نیویۆرك وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزیی. هۆركهایمەر ئامۆژگاریی بنیامین دەكات زۆر پێداگر و سوور نەبێت، تا خۆی لە قبوڵكردنی جیاوازییەكانی نێوان نوسخەى ئەڵمانیی و نوسخەى فەڕەنسیی لابدات. ئاشكرابوونی جیاوازییەكان، دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵێك «مشتومڕ». لە ڕاستیدا جیاوازییەكان جیاوازیی سیاسیین. لە نوسخەى فەڕەنسییدا نەك تەنها ئاماژە و گەڕانەوەكان بۆ ماركس ڕەشكراونەتەوە، بەڵكو هەروەها سەرجەمی ئاماژە و پەرەگرافە سیاسییە بابەتییەكانیش لابراون، كە پێگە و هەڵوێستە سیاسییەكان دەردەخەن. هۆركهایمەر جەخت لەسەر لابردنی ئەو هێڵانە دەكاتەوە كە خیانەت لە «وەفاداریی و بەیعەتی سیاسیی» دەكەن، یاخود «داڕشتنێكی سیاسییانەى بابەتیی» بەكاردەهێنێت. هۆركهایمەر باس لە زنجیرەیەكی نوێی ئاماژە و سەرچاوە و گەڕانەوەكان دەكات. پاڵنەری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك پاڵنەری لیبراڵیی، ئەگەر لەو كاتانەدا ئەم زمانە لەگەڵ گوتاری “بەرەی جەماوەریی” (Popular Frontist)دا دەگونجێت – ئاماژەكان بە فاشیزم لابراون و لەجێگەیاندا گەڕانەوە و ئاماژە بە دەوڵەتە تۆتالیتارەكان دەكرێت، سەرجەمی ئاماژە و گەڕانەوەكان بۆ كۆمۆنیزم گۆڕدراون و بوونەتە «هێزە بونیادنەرەكانی مرۆڤایەتیی»، پێكدادانی ئیمپریالیستیی دەبێتە پێكدادانی مۆدێرن یاخود جەنگی مۆدێرن، دەستەواژەى «دژ بە نەزمی كۆمەڵایەتیی هەنوكە» دەبێتە «لەپێناوی نەزمێكی ڕاستەقینەى مرۆیی»دا. ئاوەژووكردنەوە بۆ نێو دەربڕینەكانی پێشكەوتنخوازیی لیبراڵی ئەمریكیی یاخود هاوپەیمانیی چینایەتیی بەرەى جەماوەریی، بەهەر هۆیەك بێت، سەردەمی زمانی ڕاشكاوی شۆڕشگێڕانە دەكاتە قوربانیی و سانسۆری دەكات. وتارەكە ئارەزووی ئەوەى دەكرد «خواستە شۆڕشگێڕییەكان لەنێو سیاسەتی هونەردا» دابڕێژێت.

من لە کتێبی «دیالەکتیکی هونەری سێیەم»دا (٢٠٢٠) چاپکراوی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بە وردیی لەسەر وردەکارییەکانی ئەم دەقە و هەروەها بەشی کۆتاییشم بۆ ئایزنشتاین تەرخانکردووە، بۆ وردەکاریی زیاتر خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر خودی کتێبەکە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئەنجامی دەدەم بەراوردکردنی ئایزنشتاین و بنیامینە. ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە فیلمی «کەشتیی جەنگیی پۆتەمکین»ی ئایزنشتاین سەرنجی زۆربەی سینەماکار و ڕەخنەگرە سینەمایی و بیرمەندە ڕادیکاڵەکانی کۆماری ڤایماری بۆخۆی کێشکردبوو، لە ناویاندا زیگفرید کراکاوەر و واڵتەر بنیامین و بێلا بالاتز و ڕودۆلف ئارنهایم لە دیارترین نوێنەرانی بەرەی چەپ بوون کە لەدژی هەڵوێستی ڕاستڕەو و فاشیستەکان کەوتنە بەرگریکردن لە فیلمەکە.

ئایزنشتاین و بنیامین هەردووکیان بە قوڵیی بیریان لە پۆتێنشیاڵی شۆڕشگێڕانە بۆ هونەری نوێی سینەما کردبووە و سینەمایان وەک دابڕانێکی قوڵ لە هەموو چەمکە نەریتییەکانی هونەر و فەلسەفە دەبینی، بە کورتیی، هەردووکیان کۆی نەریتی چەند هەزار ساڵەی خۆرئاوایان تووشی قەیران کردبوو. لای بنیامین، سینەما خاوەن وزەیەکی ناوەکیی و پۆتێنشیاڵێکە ئەرکەکەی بریتییە لە خستن و ترازاندنی پێکهاتە چەسپیوەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵگا. لای ئایزنشتاین سینەما مۆدێلە کلاسیکەکانی نواندنەوە دەترازێنێت و لەکاریان دەخات، دوای ئەم لەکارخستنە، دەستدەکات بە دامەزراندنی مانا لەودیوی ئەو شتانەی لەلایەن زمانەوە یاخود تەنانەت وێنەی جوڵاوی فیلمی عورفیی و باوەوە سەریان هەڵداوە. هەردووکیان فیلم وەک وەک شوێنێک دەبینن تیایدا سروشت و زانست بەیەکتر دەگەن، و لەم ڕووەوە فیلم وەک فۆرمێکی هونەریی لەقەڵەم دەدەن کە تەواو شایستەی جەماوەری سەردەمی پاش-پیشەسازیی بێت.

ئایزنشتاین دەڵێت سیستەمی فیلم بە پێچەوانەی سیستەمی شانۆ یان شێوەکاریی دەجوڵێتەوە، بەڵام سیستەمی فیلم زیاتر لە میتۆدۆلۆژیای زمان دەچێت. جەختی لەسەر کۆنکرێتبوونیی ماتریالیی گرتەی تاک دەکردەوە. هەم لە زمان و هەم لە مۆنتاژدا [سەبارەت بە پرسی مۆنتاژ لای بنیامین و ئایزنشتاین بگەڕێنەوە بۆ کتێبی دیالەکتیکی هونەری سێیەم]، هەر بڕگەیەک (نیشانە و گرتە) تەنها لە پەیوەندیی و بەراوردکردنیان بەیەکتری، مانا وەردەگرن. گرتەی تاک یاخود نیشانە زۆر ئەبستراکتە ئەگەر ڕۆڵێکی سەرەکیی لە گشتێتییەکی گەورەتردا نەبێت. پاشان ئایزنشتاین گرتە و مۆنتاژ وەک ڕەگەزە بنچینەییەکانی فیلم دەستنیشان دەکات. مۆنتاژ بریتیی نییە لە زیادکردنی گرتە تاکەکان بەیەکەوە هاوشێوەی لەسەریەک دانانی خشتەکانی باڵەخانەیەک، کە گشتێتییەکی بەیەکەوەنووساو و بەیەکەلکاوی بەشە پێکهێنەرەکان دروستدەکات. بەپێچەوانەوە هێزی پاڵنەری مۆنتاژ لە نزیکبوونەوە و ڕیزبوون یاخود «بەیەکداکەوتن»ی دوو گرتەی سەربەخۆ سەرچاوە دەگرێت. گرتەیەک بریتی نییە لە ئەو بڕگەیەی دواتری گرتە ڕێپێدراوەکە – بەڵکو، دوو تێهەڵکێشراوەکە، و هەستیاریی جوڵە لە گرتنەوەی وێنە لە وێنەیەکی دیکەی گرتە جۆراوجۆرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. گرتە یەکگرتوو و بەیەکەوە بەستراوەکان هەمان وێنە یاخود بەردەوامییەکی هەمان جوڵە نین، بەڵک بریتین لە کۆمەڵە تاک گرتەیەکی جۆراوجۆر کە بەتەنیشت یەکەوە دادەنرێن و لە جیاوازیی و دوورییەکەیاندا ئاوێتەی یەکتر دەبن.

گرتەکان لە ڕوانگەی ماتریالییەوە چوون یەک و هاوجووت نین، بەڵکو ئەوان «بەشێوەیەکی هاوبەش و هاونیاز، وەک یەکن». گرتنەوەی وێنە لە وێنەیەکی دیکە و لەسەریەک دانانی گرتە زۆر و جۆراوجۆرەکانی بابەتێکی جیاواز، بەڵام لێکچوونی شایستەی نێوانیان، کاریگەرییەک نەک تەنها لە بواری شوێن و فەزادا بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو لە بوار و مەیدانی هەستیارییشدا. گشت (بەیەکداکەوتن و کارلێککردنی دوو نیشانە) گەورەترە لە کۆکراوەی بڕی بەش و کەرتەکانی. هاوشێوەی ناو سیستەمی زمان، وشەیەکی کۆنکریتیی (یان گرتەیەکی کۆنکریتیی) دژی وشەیەکی دیکەی کۆنکریتیی یەکسانە بە چەمکێکی ئەبستراکت. ئەو مانایەی لە بەیەکداکەوتن و کارلێککردنی وێنە زۆر و زەوەند و جۆراوجۆرەکاندا دروستبوون و سەریانهەڵداوە، پۆتێنشیاڵ و وزەی ناوەکیی خۆدەربڕانەی فیلم دەردەخات کە دەبێت و ناچارە بچێتە سەرووی سنوورە بەرتەسکەکانی هەم زمان و هەم نواندنەوەی عورفیی و باوی فیلم. فیلمی باو تەنها گەشە بە جوڵەکان دەدات، لەکاتێکدا مۆنتاژ بە ئاراستەی پۆتێنشیاڵی «گەشەپێدان و ئاراستەکردنی سەرجەمی پرۆسەی بیرکردنەوە»دا دەڕوات. بەمجۆرە سینەما بەباشترین شێوە لەگەڵ دەربڕینی ئەو شتەدا دەگونجێت کە ئایزنشتاین پێیدەڵێت «ئایدیۆلۆژیانە تێزگەلی ڕەخنەیی».

بنیامین خەرمانە (aura) یاخود ڕەسەنێتیی (authenticity) بەرهەمێکی بنچینەیی (ئۆریجیناڵ)ی هونەریی دەبەستێتەوە بە چەمکی نەریت (tradition)ەوە، و پاشان بە ڕێوڕەسم و دابی ئۆریجیناڵی کارکردنی هونەرییەوە. ئەو چەمکی نەریتەی بنیامین باسی دەکات زۆر شت پیشان دەدات، هەرە بنچینەکەی بریتییە لە ئایدیای کلاسیکیی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی یان سیاسیی تەحەدانەکراو کە پشت بە چەمکی خوا یان مافی بنچینەیی لەساتی لەدایکبوونەوە (میرات) دەبەستێت. کارکردن و وەزیفەی داب و ڕێوڕەسمی بەرهەمی هونەریی خزمەتی بە بەهێزکردنی دەسەڵاتدارێتیی چینە حوکمڕانە ئایینیی یان سیاسییەکان کردووە و لەمەشدا مانای نهێنیی و ڕاز و ڕەمز کۆمەکێکی گەورەی بەم بەهێزکردنەی دەسەڵاتەکانی چینە حاکمەکان کردووە. تەنها لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییدا دەکرێت خەرمانە لەناو ببرێت، پاشان بابەتی هونەریی بەرهەمهێنراوە لە کارکردن و وەزیفە ئەسڵییەکەی جیا بکرێتەوە و ڕەهەند و لایەنە داب و نەریت و کوڵتە ئایینییەکەی لەناو ببرێت. لەناوچوونی خەرمانە بەرهەمی هونەریی لە «پابەندێتیی مشەخۆرانە بە ڕێوڕەسمی ئایینیی (ڕیتوال)ەوە» ئازاد دەکات و ڕێگا بە بەرهەمی هونەریی دەدات بە ئاراستەی کۆمەڵە ئامانجێکی سیاسییدا بڕوات و لەم ئاراستەیەدا کاربکات و بجوڵێتەوە.

 بنیامین باس لەوە دەکات کە سینەما لەڕێگای گرتەی نزیک (کڵۆز-ئەپ) و جوڵەی هێواشەوە زیاتر و زیاتر دزە دەکاتە ناو ژیانەوە، لەڕێکای تەکنیکێکەوە کە تەنها فیلم توانای ئەنجامدانی هەیە. سینەما دەتوانێت مەودایەکی ڕەخنەیی بە بینەر ببەخشێت و لەمەشدا دووری بخاتەوە لە ڕەهەندە ڕۆتینییەکانی ژیانیان چونکە وادەکات «وردەکارییە شاراوەکانی ئۆبژێکت و بابەتە ئاشناکان» بەسەر بینەراندا دەربکەون. بینەر ئەو شتە دەبینێت کە «بەڕاستیی» لە جوڵەی کردە و نواندنێکی هێواش و ڕۆتیندا «ڕوودەدات»، هاوشێوەی گەیشتن بە ڕووناکییەکی زیاتر و زیاتر. پێشتر هەموومان لە زیندانی جیهاندا دەژیاین، فەلسەفە و نەریتە کۆنەکانی نواندنەوە و سۆسیۆلۆژیا و هونەرە کۆنەکان ئێمەیان تەنها لەم زیندانەدا دەنواندەوە و پیشان دەدا، بنیامین دەڵێت فیلم هات و لەڕێگای چرکەکان و وێنە خێراکان و گرتە نزیکەکانەوە زیندانی جیهانی تەقاندەوە و هیچ کەسیش هێندەی ئایزنشتاین پراکتیزەی ئەم فۆرمەی نەکردبوو. بنیامین خۆی لە وتارەکەیدا دەڵێت ئەم دەقە بە مەبەستێکەوە نووسراوە هەرگیز فاشیزم نەتوانێت بەکاری بهێنێت چونکە پێیوابوو زۆربەی فۆرمە هونەرییەکان تا ئەوکاتە لە بەرانبەر فاشیزمدا شکستیان هێنابوو. بێ هۆش نەبوو کە نازیزم لە ١٩٣٣دا یەکەم کار ئەنجامی دا، سەرجەمی فیلمەکانی ئایزنشتاینی لەناوبرد و لە ئەڵمانیا قەدەغەی کرد.

سەرچاوەکان:

1. Sergei Eisenstein: Film Form: Essays in Film Theory, Harcourt, 1969.

2. Walter Benjamin, The Work of Art in the Age of Its Technological Reproducibility, in Selected Writings, 4: 1938–1940, Belknap Press: An Imprint of Harvard University Press; 2006.

٣. پێشڕەو محەمەد: دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *