ژن و کتێب

” ژن لەناو کتێبەکاندایە، بەڵام کتێب لە ژیانی ژندا نییە”

نەوزاد جەمال

لە ناونیشانەکەدا، دووانەیەکی کێشەئامێز کە ”ژن” و ”کتێب”ە دەکەنەونە پەیوەندییەکی ناهاوسەنگەوە. هاوکات، بەجۆریکیش وەڵامێکە کە بۆچی کولتووری خوێندنەوە لەناو ئێمەدا هەژارو لاوازە. رەنگە، ناڕاستەوخۆش وەڵامێکی ئەو پرسیارەی سایتی ”ترانس کولتور” بێت: بۆچی ژنان لەبواری هزریدا رۆڵیان نییە؟

لێرەوە، بابەتەکە باس لە تەنگەژەی خوێندنەوەی کتێب، بە تایبەت، لای ژن دەکات. تائەم ساتەش، ئەوە روونە ژنی خوێندەوارمان بە بەراورد سەردەمی رابووردوو زۆرترە. رەنگە، رێژەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا دەرخەری ئەوەبن. بەڵام، لەبواری خوێندنەوەو گەڕان بەدوای کتێبدا لەدەرەوەی پرۆگرامی خوێندن، لەئاستێکی دڵ خۆشکەر نییە.

ئەمە واتای ئەوەش نییە کە تەنها ژن کەم بایەخ بە کتێب دەدات. لەنێو پیاوانیشدا ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام، لە ئەزموون و گێڕانەوەی دەوروپشت و ئەوانەی کتێبخانەیان لە ماڵەکانیاندا هەیە، هەمیشە گوێبیستی ئەوەبووم کە هاوژینەکانیان دژی کتێب و کتێبخانەن لەنێو ماڵەکانیاندا. هەمیشە بۆڵەو گلەییان لەسەرە. ئەم وتەیە، ئەوەندە باوو بیستراوە، هەموو یەکێک دەتوانێ وەک ”دیاردە” هەستی پێبکات و چەندان نموونە بەبەڵگە بهێنێتەوە.

“بۆ پارە بە کتێب دەدەی؟ ئەمە سوودی چییە؟ باشە ئەم هەموو کتێبە بۆچییە، ئیتر چەن دانەیەک بەسنییە؟ و هتد… رەنگە لەرووی سایکۆلۆجیەوە، ژنان بەرگری لە پێگەی خۆیان بکەن. وەکئەوەی لە ژینی هاوسەرییدا بەهۆی بایەخدان بە کتێبەوە، پێگەی ئەوان لای پیاوەکان کەمتربێتەوە. ئیدی، کڕینی کتێب لای ژنان نەک هەروەک پێویستی خۆراکیش نییە، بەڵکو بە بابەتی رازاندنەوەو پێویستی لاوەکیش هەژمارناکرێت. ژن حەزی لە نێوماڵی جوانە، بەڵام هەبوونی کتێبخانەیەکی بچووک بە بەشێک لە جوانی نازانێت.

نەبوونی کتێب و رۆڵی لە ژیانی ژناندا لەبەرئەوە نییە کە ژن بە سروشتی خۆی حەز بە کتێب و خوێندنەوە ناکات، بەڵکو بە چارەکێکی ئەو بایەخ و گرنگیدانەی بە ئارایشت، خۆجوانکردن، خشڵوزێڕو قسەوباس و سەرقاڵبوون بەهەندێک چالاکی سەرپێی رۆژانە، کتێب بە گرنگ نازانێت. دیارە، ناتوانم لە چاوی خۆمەوە(وەک پیاوێک) هەر چالاکیەکی رۆژانەی ژن هەڵبسەنگێنم، بەڵام، بۆ کتێب نەبۆتە جێی بایەخپێدان؟

Image: DarkWorkX

ئەوە دیاردەیەکی زەقە کە ”ژن” وەک بابەت لەنێو کتێبەکاندا وەسفی جوانی، پاڵەوان قوربانی و هتد…ی هەیە. بەڵام، بەکەمی کتێب لەناو ژیانیاندا ئامادەیە. بەشێکی زۆری ژنان، پاساوی کاروباری نێوماڵ دەکەنە هۆکاری سەرنەپەرژانیان بۆ خوێندنەوە، لەکاتێکدا، سەردەمی ئێستە -رەنگە لە شارەکان پتر- تاڕادەیەک پیاوان هاوکارن. ماڵەکان ئامێری پاککەرەوەو خاوێنکردنەوەو شۆردنیان تێدایە. خواردن ئامادەکرنیش پێش کۆرۆناو گرفتی مووچە، لە رۆژانەوە هەفتانە بوو. زۆربەی کات، خواردنی داواکراو یان نانخواردن لە دەرەوە باوبوو. نانکردن لە ماڵەوە-لەنێو شارەکاندا- دەگمەن بوو. نانەواخانە ئەو پێویستییەیان پڕکردۆتەوە.

منداڵیش دەبردرێتە دایەنگەو باخچەی ساوایان. ئیتر ماڵداری سووکترو کەمترە. کاتی خۆشڕابواردن زێتربووە. بیانوویەکی تریش ئەوەیە ”دەبێ مێشکم حەساوەبێت، ئینجا دەخوێنمەوە”، لەکاتێکدا کتێب رێگەیەکی باشە تا مرۆڤ لە کێشەو گرفتەکان دوورکەوێتەوەو ماندووبوونی کەمبکاتەوە. 

ئیدی، لە کۆتاییدا نامەوێ بەڵگە لەسەر ئەوەبهێنمەوە کە ”ژن و کتێب” دووانەیەک دژیەک بەیەک نین. سەروەختی ژیان لە ئەورپاو خوێندنی فەلسەفە، نموونەی زیندوون کە لە هەندێک وانەی فەلسەفەدا زۆربەی هاوپۆلیەکانم کچان بوون. هەندێک مامۆستام ژن بوون، ئەوەندە خوێندەوارو لێهاتووبوون کە رۆژێک گومانم لە توانایان وەک ژنێک لە بواری فەلسەفەدا نەکردووە.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *