دوا توێژینەوە لە بارەی ژمارەی دانیشتوان لە جیهاندا

د. مەدیحە سۆفی

لە دوای شۆڕشی پیشەسازیەوە و بەهۆی ئەو سەرهەڵدان و گەشەسەندنەی زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتەوە، بەتایبەتی گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی بواری تەندروستی و بەرهەمهێنانی وزە، ژمارەی دانیشتوانی جیهانیش هاوتەریب بەو پێشکەوتنە لە زیادبووندایە، بەجۆرێك لە ساڵی ١٨٠٠ ی زایینیدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان تەنها یەك ملیار کەس بوو، لە ساڵی ١٩٥٠ دا ٢،٥ ملیار کەس و لە ئێستادا  لە ساڵی٢٠٢٠ دا گەیشتووەتە زیاتر لە ٧،٨ ملیار کەس.

تا ئێستا پێشبینیەکان وا بوون کە (زۆربوونی دانیشتوان) وەکو کێشەیەكی گەورە، چ بۆ ژینگە، چ بۆ فەراهەمکردنی سامانی سروشتی و چ بۆ بواری دابینکردنی وزە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیەکان، ئاماژەی پێدەکرا، بۆیە ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی لە هەوڵی داڕێژانی پلان و بەرنامەدا بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك، کە بەر بە زۆربوونی دانیشتوان بگرێت، لە هەمان کاتدا دەرئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژەیان بە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا و ئاسیا دەدا، تەنانەت ئەو کەمبوونەوەی دانیشتوانە لە هەندێ وڵاتی ئەوروپیدا ترسی کەمبوونەوەی دەستی کار، بەرهەمهێنان، تێکچوونی مۆرفۆلۆژی کۆمەڵگا و ناهاوسەنگی دروست کردبوو. واتە زۆربوونی دانیشتوان لە هەندێ وڵات و کەمبوونەوەی بەتایبەتی لە ولاتانی ڕۆژئاوادا، ببوە کێشەیەك کە بوارە پەیوەندیدارەکانی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەر کردبوو.

بە پێی  پێشبینی دەرئەنجامەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢١٠٠ دا، نزیکەی ١١،٢ ملیار کەس دەبێ، هەر بە پێی ئەو توێژینەوانە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ژمارەکانیان زیاتر دەبن بریتین لە هیندستان، زۆربەی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا وەکو تەنزانیا و نیجەر، سۆماڵیا، ئۆگەندە و ئەنگۆلا[[1]]

وەلێ، بە پێچەوانەی ئەو دەرئەنجامانەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، لە دوا توێژینەوەی زانکۆی واشنتۆندا، کە لە ڕۆژی پازدەی تەموز لە ڕۆژنامەی (ڤێڵت)ی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە، پێشبینی پێچەوانەی بۆ ژمارەی دانیشتوانی جیهان خستووەتە ئاراوه‌، به‌وه‌ی تا ساڵی ٢٠٦٤، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ژماره‌ی دانیشتوان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا بێت، لە دوای ئەو ساڵەوە به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌ بڕوات به‌ تایبه‌تی له‌ کیشوه‌ری ئه‌وروپادا. توێژه‌ره‌کانی ناوه‌ندی Health Metrics and Evaluation  له‌ زانکۆی واشنتون گه‌یشتنه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی، که‌ به‌رزترین ئاستی ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌گاته‌ 9.7 ملیار که‌س، واته‌ دوو ملیار که‌س که‌متر له‌ پێشبینیه‌کانی ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی جیهان، وه‌ هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ له‌ ساڵی 2100 دا، ژماره‌ی دانیشتوان ته‌نها 8،8 ملیار که‌س ده‌بێت.

ڕیچارت هۆرتۆن، سەرنووسەری گۆڤاری زانستی ”The Lancet” لە بابەتێکدا کە لەو گۆڤارەدا، لەبارەی ئەو پێشهاتە نوێیەی ژمارەی دانیشتوانەوە، بڵاویکردووەتەوە دەڵێ: ” لە سەدەی بیست و یەكدا شۆڕشێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەتدا ڕوودەدات[[2]]

دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەی زانکۆی واشنتۆن بریتی بوون لە کۆمەڵێ پێشبینی نوێ و چاوەڕوان نەکراو، کە زۆربەی پێشبینیەکانی پێش خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، دەتوانین ناوەڕۆکی ئەو توێژینەوەیە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:

  1. لە ساڵی  ٢٠٦٤ دا زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لە سەر گۆی زەوی دەژین و دەگاتە ٩،٧ ملیار کەس، پاشان هێدی هێدی کەم دەبێتەوە و لە ساڵی ٢١٠٠ دا ئەو ژمارەیە دەگاتە ٨،٨ ملیار کەس.
  2. لە کۆی هەموو وڵاتانی جیهاندا، لە ٢٣ وڵات، لە نێویاندا هەندێ وڵاتی ئەوروپا و ئاسیا، ژمارەی دانیشتوانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
  3. سەدەی بیست و یەك سەدەی فرەجەمسەرە، وڵاتەکانی هیندستان، چین، نیجیریا و ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لە پێشهاتەکاندا دەبینن.
  4. لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا، ڕێژەی لەدایکبوونی مناڵ لە ٢،٣٧  مناڵ بۆ هەر ژنێك لە ساڵی ٢٠١٧ دا بۆ ١،٦٦ مناڵ بۆ هەر ژنێك کەم دەبێتەوە، بەمەش ژمارەی دانیشتوان بەرەو کەمی دەڕوات، تەنانەت هەندێ وڵات بەبێ کردنەوەی دەرگا بۆ کۆچبەر، ناتوانن ئابووریەکەیان هاوسەنگ بکەن.
  5. زاناکان پێشبینی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی چینیش دەکەن، کە لە ساڵی ٢١٠٠ دا، ئەو ژمارەیە دەبێتە کەمتر لە یەك ملیار کەس.
  6. هەر بەهۆی ئەو کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوونەوە، گۆڕانێکی بەرچاو لە ژمارەی بەتەمەنەکاندا دروست دەبێ و لە ساڵی ٢١٠٠ دا لە جیهاندا نزیکەی ٢،٣٧ ملیار کەس لە سەرووی تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و تەنها ١،٧ ملیار کەس لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵیدا دەبن، ئەمەش سیستەمی ئابووری و بەرهەمهێنان و دەستی کار دەشێوێنێت.
Image: Peter H

تا ئێستا هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون بریتی بوون لە بەرزی ئاستی خوێندن، پێشکەوتن و بوونی ڕێوشوێنی پزیشكی گونجاو بۆ ڕێگرتن لە دروستکردنی مناڵ و بەشداری زیاتری ژنان لە کارکردن و تەواوکردنی خوێندن، کە مەودای هاوسەرگیری لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵدا کەمتر دەکاتەوە.

عیڕاق لەو وڵاتانەیە، کە زۆربوونی دانیشتوانی وەکو کێشەیەك بۆ دواڕۆژ  دەبینرێ، ئەگەری زۆرە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەکەی بگاتە پەنجا ملیۆن کەس، لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا، کەمی باران، وشکەساڵی، کەمی ئاو و نائارامی سیاسی نێوخۆ هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، زۆربوونی دانیشتوانیش دەبێتە یەکێك لەو فاکتەرانەی کە کاریگەری لەسەر گرژی بارودۆخی نێوخۆ زیاتر دەبێت ئەگەر زانستیانە پلانێك بۆ هێورکردنەوەی ئەو زۆربوونی دانیشتوانە دانەنرێت. لە ساڵی ١٩٦٠ تا ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتوانی عیڕاق لە ٧،٢٩ ملیۆنەوە بۆ ٣٩،٣١ ملیۆن زیادی کردووە، واتە بە ڕێژەی ٤٣٩٪ زیاتر بووە[[3]]

یەکێك لەو هۆکارانەی کە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٥ دا، دەرگای بۆ هاتنی کۆچڕەو کردەوە، پێشبینیکردنی بوو بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لە داهاتوودا، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاستی گەشەکردن و بەردەوامی پەرەسەندن و بەرهەمهێنان و داهاتی نەتەوەیی دەبێت، بۆیە قۆزتنەوەی ئەو هەلەی، بە وەرگرتنی زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە و کۆچڕەو، بە یەکێك لە چارەسەرەکانی بۆ دواڕۆژ، هاوسەنگکردنی دەستی کار، باجدان و بەردەوامی بەرهەمهێنان ئەژمار دەکرێ.

ئەوەی لەو توێژینەوە نوێیەی زانکۆی واشنتۆن گرنگە، ئەوەیە کە کارەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، یا باشتر وایە بڵێین، کار و توێژینەوەی شارەزاکانی ئەو بوارە لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە؛ بەوەی ئایا لە چ ڕەهەندێکەوە ئەوان پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی جیهانیان کردووە؟ بۆ جیاوازی نێوان دەرئەنجامەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و زانکۆی واشنتۆن دوو ملیار کەسە؟ لە کاتێکدا تەواوی ناوەندەکان بە پشتبەستن بە توێژینەوەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی جیهان ڕاپۆڕتەکانیان دەخەنە ئاراوە و پرۆژەکانیان دادەڕێژن.

پەراوێزەکان:

  1. https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/uno-prognose-so-entwickelt-sich-die-bevoelkerung-bis-2100-a-1046128.html
  2. https://www.welt.de/wissenschaft/plus211624261/Weltbevoelkerung-Neue-Prognose-Afrika-und-die-arabische-Welt-werden-Zukunft-praegen.html
  3. https://www.laenderdaten.info/Asien/Irak/bevoelkerungswachstum.php

[1] https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/uno-prognose-so-entwickelt-sich-die-bevoelkerung-bis-2100-a-1046128.html

[2] https://www.welt.de/wissenschaft/plus211624261/Weltbevoelkerung-Neue-Prognose-Afrika-und-die-arabische-Welt-werden-Zukunft-praegen.html

[3] https://www.laenderdaten.info/Asien/Irak/bevoelkerungswachstum.php

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *