ڕاسیزم، فاشیزم ، دژەژنبوون، سێكوچكەى یەك كێشە

هێرۆ خوسرەوی

Image: Firentis de Pixabay
Firentis-de-Pixabay

خەبات بۆ ئازادیی و ڕزگاریی ژنان خەباتێکە  لەهەمان کاتدا تێکەڵکێش لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاریی مرۆڤایەتی. کەسێک ناکرێت بۆ ئازادیی و پێکەوە ژیان هەوڵبدات، بەڵام لەگەڵ خەباتی ژناندا نەبێت، یان کەسێک بۆ ڕزگاریی گەلەکەی هەوڵبدات، بەڵام لەگەڵ ڕزگاریی گەلێکی دیكەدا نەبێت و …هتد.

خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان و جوڵانەوە فیمینیستییەکان لەسەرەتای دەستپێکردنییانەوە تا ئێستا گەیشتوون بە بەشێکی زۆر لە ئازادیی و ماقی ڕەوای یەکسانی جێندەری و کار و ژیان. ئەو بەهایانەی کە ئێستا هەن، لەئەنجامی ئەو خەباتە کۆمەڵایەتییانەوەیە کە ژنان شان بە شانی پیاوان شەڕییان بۆ کردووە و بەدەستیان هێناوە، بەڵام بەو مانایە نا کە بە لوتکە گەیشتووەو ئیتر پێویست ناکات ئێمە هیچ بکەین و ئەوەی لەسەرمانە تەنیا یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە وەک هەر بۆنەیەکی دیكە کە تەنیا ڕۆژێکی بۆ دادەنرێت و بەس. بۆیە پێویستە لەسەر هەریەکێک لە ئێمە ئەو ڕۆژە بەرزڕابگیرین و بەردەوامی بدەین بە پاراستنی ئەو بەهایانە و خەبات بکەین بۆ گەیشتن بەو بەهایانەش کە هێشتا پێینەگەیشتووین، یان ئەوەی کە هێشتا لە زۆر شوێندا نەچەسپیوون. چونکە لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و ئەو گۆڕانە سیاسییانەى بەردەوام ڕوودەدەن، گۆڕانکاریی بەسەر ئەو بەهایانەشدا دێت کە لەناو کۆمەڵگایکدا هەن.  لەمەوە دەبێت تێبگەین کە جیاکاریی جێندەریی و دابەشکردنی کار و ڕۆڵی ژنان نەک تەنیا شتێک نییە خۆڕسک بێت و لەئەزەلەوە هەبووبێت بەڵکو تەواو ماتریالیستیییە، و بۆیە دەکرێت لەڕێگەی کارکردن و خەبات بۆ بەشداریی یەکسانیی کۆمەڵایەتیی و یەکسانیی جێندەریی بگەین پێیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەروەک پێشتر ئاماژەم بە گۆڕانی بەهاکان لە دۆخ و ساتی جیاوازدا كرد بەهۆی ئەجێندای سیاسیی یان ئایینی یان  بەناو کولتووریی، دەکرێت لەمەترسیدا بن و هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت.

یەکێک لەوانە ئەو ئایدیا ڕاسیزم و فاشیستییانەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو لەوڵاتانی ئەوروپی گەشەی کردووە. لێرەو لەوێ گوێبیستی کارە تیرۆریستییەکانی ڕاستڕەوکان دەبین، ئەوەیە کە لەگەڵ ڕاسیزم و فاشیزمدا بەردەوام بەر دژەژنبوون [دژەفیمینیسم] دەکەوین.

ئەگەر بگەرێینەوە سەر ئەو هێرشەی کە لە ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ کرایە سەر سیناگۆگێکی جولەکەکان لە شاری هالە (ئەڵمانیا) و بەمەش دوو کەس کوژران لەلایەن شتێفان ئێرنستی ڕاستڕەوەوە، ئەوەی تەنیا باسکرا ئەوەبوو کە ئەو کردەوەیە وەک کردەیەکی ڕەگەزپەرستیی لەقەڵەم درا. بەڵام کە بێین سەیری ئەو ڤیدیۆیەى هێرشکردنەکە بکەین، لەو کاتەدا کە شتێفان لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە، گوێبیستی گۆرانییەکی ڕاپ دەبین، کە لەلایەن کەسێک بەناوی ئێگ وایتەوە گوتراوە، ناوی گۆرانییەکە وەک هاوخەمییەک بۆ ئالێک میناسیان [ئالێک میناسیان لە نیسانی ساڵی ٢٠١٨دا لە تۆرۆنتۆ هێرشکی کردە سەر ١٠ کەس لەناو مینی بوسێکدا، کە ٨ لەوانە ژنبوون، ڕق هەبوون بەرامبەر ژن و دژەژنبوونی مۆتیڤی کارەکەی بوون] دانراوە و دەڵێت “وەرە کێرم بمژە، کاتێک پیادەڕەوەکان ژێر ئۆتۆمبێلەکەم دەخەم“، پێدەچێت بکەری ئەم ڕوداوە ئەم گۆرانییەی وشیارییەكی تەواوەوە هەڵبژاردبێت بۆ ئەنجامدانی کارەکەی. لێرەدا ئەوەی گرنگە کە باسی لێوە بکەین توندوتیژیی و سێکسن، ئایا دەکرێت کەسیک کە خۆی ئامادەکردووە بۆ لەناوبردنی کەسانی دیكە، هەر لەخۆیەوە ئەو گۆرانییەی خستبێتە سەر و گوێی لێگرتبێت؟ ئایا ئایدیا ڕاستڕەوییەکان تەنیا جیاوازیی ڕەگەزیی و نەتەوایەتیی زەقدەکەنەوە یان ئەوەی لەگەڵ خۆیاندا پەرە بە مۆتیڤەکانی دژەژن دەدەن و وردە وردە وێنەی دژەژنبوون بڵاودەکەنەوە و بەردەوام لە بەهاکانی ڕزگاریی ژنان دەدەن. ئەگەر زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قوڵببینەوە، دەبینین بەر لە هێرشەکەی شتێفان ئێرنست بۆ سەر سیناگۆگەکە لە لایڤێکیدا فیمینیسم بە هۆكار دەزانێت و دەڵێت: “دەبێت فیمینیزم بەهۆی كەمبوونەوەى ڕێژەى لەدایكبوون سەرزەنشت بكرێت، كە بووەتە هۆى كۆچی جەماوەریی. و جولەكەش ڕیشەى هەموو ئەم كێشانەیە” (شتێفان ئێرنست).

هەر ئەم تێزە لەوانەیە بۆ زۆربەمان جێگەی پێکەنین بێت و بڵێین، باشە بۆ ئەم شتانەی بەیەکەوە تێکەڵکردوون. کەمبوونی ڕێژەی مناڵ لە وڵاتێکدا دەکرێت زۆر هۆکاری سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کولتووری لەپشتەوە بێت نەک تەنیا فیمینیسم، و هۆکارەکانی پشت کۆچککردنی جەماوەرییش ئەوە کە لای زۆربەمان ڕوونە جەنگ، وێرانبوونی ژینگە و کارەساتە ژینگەییەکان، هەژاریی و خراپی باری ئابووریی ئەو وڵاتەنەی لێیەوە دێن، کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمن…..هتد. بەستنەوەی جولەکەکانیش وەک تیۆری پیلانگێڕیی جولەکەکان دەبینن بۆ کەمکردن و لەناوبردنی ڕەگەزی سپی پێستەکان. بەڵام کاتێک دەبینین هەر ئەم تێزە دەبێت بەبەشێک لە پلان و بەرنامەی کۆمەڵێک خەڵک هەتا حیزبێکیش، ئیتر چی دی جێی بێدەنگبوون و هەڵوەستەلەسەرنەکردن نییە، بەڵکو ئەمە ئاماژەیەکە بۆمان کە ڕاسیزم، فاشیزم و ئەنتی فیمینیسم سێکوچکە و تەواوکەری یەکترن، ئیتر لێرە سەرهەڵبدات یان لەشوێنێکی دیكە.

لە ئەوروپا بەهۆی بوونی جوڵانەوە سیاسییە فیمینیستییەکان و چەپەکان کە ساڵانێکی زۆرە کار لەسەر ئازادیی و یەکسانیی ژن و پیاو دەکەن، کەمتر دەتوانێت ئەو کاریگەرییە بەرچاوەی خۆی بسەپێنیت، ئەگەرچی بەردەوام لەدروست بووندان. بەڵام لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی شوێنێکی وەک کوردستان، بەهۆی ئەوەی کە دەگووترێت لای ئێمە فاشیزم و ڕاسیزم نییە، ئەوا بیانووی ئەوە دەهێنرێتەوە كە ئەم تێزە بۆ ئێرە دروست نییە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەهۆی مزگەوتەکان و ئیسلامی سیاسییەوە لە کوردستان ڕوویانداوە. ئەو وتارانەی کە لەمزگەتەکاندا دەخوێنرێن و سوکایەتیی بەژن دەکەن و لەهەوڵی داسەپاندنی ڕۆلی ژنانن وەک ئۆبیێکتێک بۆ سێکس، ڕێگە لەو ئازادییە دەگرن کە ڕێژەیەکی کەمی لە کۆمەڵگای کوردییدا هەیە، دەبینین ڕاسیزم، فاشیزم و ئەنتی فیمینیسم بەڕێژەیەکی زۆر خێرا گەشەی کردووە كە کەس نەهاتووە ئەمانە بخاتە بەر باس لەبەر هەمان ئارگومێنتی پێشوو کە دەڵێن لەکۆمەڵگای کوردییدا مادام کۆمەڵگایەکی یەک نەتەوەییە بابەتی وەک ڕاسیزم و فاشیزم گەشەی نەکردووە و لەبەرئەوەى فیمینیزم وەک جوڵانەوەیەکی چالاک بوونی نییە ئیتر ئەنتی فیمینیسمیش بەهیچ شێوەیەک نییە. ئەم ئەرگومێنت و فەرامۆشكردنە، ئەم بێدەنگبوونە لە ئاست گەشەسەندنی سەرەتا نەرمی ئەم گوتارە و پاشان تۆخبوونەوەى، هۆكارێك بووە بۆ گەیشتنمان بە ئێرە. زۆربەى زۆری ئەو ڕوانگە و نووسینانەى لە ڕابردوودا هەبوون، هەمیشە پێیانوابووە ئەم دیاردانە ئەوروپیین و لە كۆمەڵگای ئێمەدا جێگایان نابێتەوە، ئەمەش ڕێگای خۆشكردووە تێزە فاشیستیی، ڕاسیستیی، دژەژنیی و دژەفیمینیستیی، بە نەرمیی گەشە بكەن تا لە كەسانی وەك مەلا هەڵۆدا دەگەنە لوتكە.

خاڵێكی دیكە لێرەدا پێویستە ئاماژەى پێبكرێت ئەوەیە، كە لێرە و لەوێ كەسانێكی زۆر هەن لە كۆمەڵگای كوردییدا بیانوویان دەستكەوتووە هێرشبكەنە سەر خەباتی ژنان بەبیانووی ئەوەى ئەم بزووتنەوە و ڕێكخراوانە لەگەڵ خۆشیاندا ناكۆكن یان سەر بە حزبی سیاسیی و دەسەڵاتن. ئەگەر ئەم بابەتە ڕاستیی تێدا بێت، بەڵام مەترسییەكی گەورەتری دژەژن لەپشتییەوە وەستاوە. لێرەدا من نامەوێت بەرگریی لەهیچ یەكێك لەو ڕێكخراوانە بكەم و خۆشم ڕەخنەم هەیە لەسەریان بەڵام دەمەوێت ئەو ڕەمزە كەشف بكەم كە هێرشێكی پێچەوانەیە بۆسەر كۆی بزووتنەوەى ژنان و بۆسەر ژن بەگشتیی. بۆ؟ چونكە سەرەڕای لاوازیی و كێشەى بزووتنەوەكان، ئەوە لە ساڵانی ڕابردوودا تەنها ئەو بزووتنەوانە بوون هاوتەریب لەگەڵ گەشەی جیهانیی بزووتنەوەى ژنان، ئەگەر كەمێكیش بێت وشیارییان لە كۆمەڵگادا بۆ ژن بڵاوكردووەتەوە. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە، كە ئەمانەى ئەو بۆچوونانەیان هەیە كە پێیانوایە ئەم ڕێكخراوانە بەرپرسن لە گەشەسەنەكردنی وشیاریی ژن، لەڕاستیدا ئەمە بۆچوونێكی زۆر ئایدیۆلۆژییە چونكە لە ڕابردوودا وەك دەزانین هیچ جۆرە بزووتنەوەیەك و وشیارییەكی چالاكی ژن بەرانبەر بە سوبێكت و بوونی خۆیان وەك ئەمڕۆ لە ئارادا نەبووە، ئەم هێرشەى ئەمجۆرە كەسانە، لە بنەڕەتدا نەك بۆ خزمەتكردن بە ڕێكخراوەكان و بزووتنەوەكەیە، بەڵكو بۆ وەستاندنییەتی. ئەمجۆرە بیرۆكانە پێیانوایە وشیاریی بەشێوەیەكی سروشتیی گەشەدەكات نەك لەڕێگای دەستێوەردانی مرۆییەوە. هیچ وشیارییەك بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی گەشەی نەكردووە. ڕەخنەكان لەسەر بزووتنەوەی ژنان لە ئاستی دونیادا هەرچەندێكیش بن، نابێت ببێتە بیانوویەك بۆ هێرشكردنە سەر بزووتنەوەكە و خەباتیان لەپێناوی ڕزگاریی ژناندا. ئەمڕۆ چەندەش لە كێشە و پەرتەوازە و قەیراندا بن، لەداهاتوودا بەخەباتی بەردەوامی هەمەلایەنە، ڕێگای خۆیان ڕۆشن دەكەنەوە.

دواجار، خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان، خەباتێكە بەستراوەتەوە بە دژایەتیكردنی سەرجەمی ئەو دیاردانەى لەسەرەوە باسكران. هەروەها ڕەخنەگرتنیش لەو گوتارە باوانەى هەن، دەبێت بەشێك بێت لە خەباتی ژنان لەپێناوی ڕزگارییدا.


سەرچاوەکان:

https://de.wikipedia.org/wiki/Anschlag_in_Halle_(Saale)_2019
https://genius.com/Egg-white-alek-minassian-lyrics
https://en.wikipedia.org/wiki/Toronto_van_attack




هێرۆ خوسرەوی

Check Also

ڵێدان ل ناسناما ژنێ

ئەگەر ئەز وەکۆ ژن د هشمەندیا وێ چەندێ دا نەبم، کو رەگەزەکا داگیرکریمە! گرنگە ب …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *