ئەخلاق و یاسای ئاسنینی چێژ و ئازار

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

Photo: JL G

سەرچاوەی ھەموو کردەیەکی مرۆڤ پاڵنەرەکەی چێژ یان ئازارە. ھەموو کردەیەک کە مرۆڤ دەیکات یان بۆ ئەوەیە لە ئازار دوور بکەوێتەوە، یانیش لە چێژ نزیکبێتەوە.

(ھەر کردەیەک کە بە خەیاڵت دادێ بیھێنیتەوە ناتوانێت لە چێژ و ئازار بەدەریان بکەیت) ئیتر (حەز لە چێژ و ترس لە ئازار) سەرتاپای ھەموو بیرکردنەوە و کردەوەی مرۆڤی داگیرکردووە وە سەرچاوەی ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و ململانێکانی مرۆڤە.

ھەموو جۆرە ھەوڵدان و ئیش و کارێکی مرۆڤ، عیشق و نەفرەت، ھاورێیەتی و دوژمنایەتی، چاکە و خراپە  تەنانەت کردەی خۆکوشتنیش لە پاڵنەری چێژ و ئازار بەدەر نیە، ئەو کەسەی کە بریاردەدات خۆی بکوژێ گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کە ئیتر ھیچ چێژێک بۆ ئەو نەماوە لە دونیا وە تەواو لە چێژبینین بێ ئومێد بووە، ھاوکات پێی وایە لە ژیاندا بوونی یەکسانە بە ئازار و ئازارچەشتن وە تەنھا ئازاری بۆ ماوەتەوە. کەواتە خۆکوشتنیش راکردنە لە ئازار و نائومێدبوونە لە چێژ. بەم پێیە حەزی بەردەوامبوونمان لە ژیان یەکسانە بە ئومێدبوونمان بە چێژبینین و دوورکەوتنەوە لە ترسی ئازارچەشتن.

ھەروەھا ئەو کەسەی عیبادەتش دەکات ھەر لە پێناو دوورکەوتنەوە لە ئازار و بەدەستھێنانی چێژە. مەگەر ترس لە سزای خوا و بەھەشت و جەھەننەم جگە لە چێژ و ئازار چیترن؟ ئەگەر سزا و پاداشت لە ئایین دەرکەی چی تێدا دەمینێتەوە کە بە لای خەڵکەوە گرنگ بێت!

بەکورتیی، دەمەوێ بڵێم مرۆڤ واتە چێژ و ئازار. چێژ و ئازار دوو بنەرەتیترین ھەست و سیفەتی مرۆیین. بەدەر لە چێژ و ئازار ناتوانین بە تەواویی لە مرۆڤ و کردەوەکانی تێبگەین.

بەڵام ئەی چی دەربارەی چاکە و خراپە؟ یاخود کردەگەلی ئەخلاقی؟ ئایا ئەخلاق چەمکێکی سەربەخۆیە یان لە چەمکێکی تر داتاشراوە؟ ئەگەر سەربەخۆ بێت کەواتە بەدەرە لە پاڵنەری ھەردوو سیفەت و ھەستە بنەرەتیەکە، واتە چێژ و ئازار! گەر سەربەخۆش نەبێ ئەوا چەمکی ئەخلاق دەکەوێتە ژێر پرسیار!

چاکە و خراپە

تا ئێستا زۆرێک پێیانوایە چاکە و خراپە دوو سیفەتی مرۆیین، یاخود ھەندێک پێیانوایە مرۆڤ بە سروشت چاکەکارە (وەک جان جاك رۆسۆ، جۆن لۆك…ھتد)، ھەندێکیتریش پێیانوایە مرۆڤ بە سروشت خراپەکارە

(وەک فرۆید و ھۆبس…ھتد). بەڵام مرۆڤ بە سروشتی خۆی نە چاکەکارە نە خراپەکاریش، چاکە و خراپەیش دووسیفەتی بنەرەتیی سروشتی مرۆیی نین، بەڵکو چێژو ئازار دوو سیفەت، یاخود ھەستی بنەرەتی مرۆیین. ھەر چێژ و ئازاریش پاڵنەری کردەی چاکە و خراپە و کردەگەلی تریشن.

بەمانایەکیتر، ئەوەی وا دەکات ھەندێک مرۆڤ خراپە بکەن و ھەندێکیش چاکە، ئەوە جۆری قەناعەتیتیانە بۆ گەیشتن بە چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار.

واتە ھەندێک پێیانوایە بە رێگەی خراپەکاریش دەتوانن چێژ بەدەستبێنن و ئازار لە خۆیان دوورخەنەوە، ھەندێکیتریش بە پێچەوانەوەن تەنھا قەناعەتیان بە رێگەی چاکەکاری ھەیە بۆ ئەو مەبەستە‌. بێگومان ئەم جۆرە کەسانەی قەناعەتیان بە رێگەی خراپ ھەیە، یان ئەوەتا چێژ کوێری کردوون، یاخود ترسی ئازارچەشتن زۆری بۆ ھێناون، بۆیە ئامادەن رێگەی خراپەکاریش بگرنەبەر بۆ ئەو مەبەستە چونکە ھەموو کەسێک حەزدەکات بە رێگەی چاک و باش بگات بە چێژەکانی، نەک لە رێگەی خراپ و توندوتیژی. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە خودی بەکارھێنانی رێگەی خراپ بۆ چێژ، یاخود دوورکەوتنەوە لە ئازار، خۆی لە خۆیدا سەرکێشییەکە بۆ  چەشتنی ئازارێکی تر.

 کەوایە کە مرۆڤ خراپە دەکات لە دوو شت تێناپەرێت- یان ئەوەتا بە قەناعەتی خۆی چاکە دەکات کاتێک کە خراپەیەک دەکات ( کە ئەمەش چێژە بۆ ئەو)،  یانیش دەزانێت خراپەیە، بەڵام حەزی چێژ و ترسی ئازار ناچاری دەکات.

سەرەرای ئەوەی کە چاکە و خراپەش دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتنی کەسەکە، ئەویش دەوەستێتە سەر جۆری ئایدۆلۆژی و ئەو بەھا و باوەڕانەی کە لەسەری پەروەردە بووە و راھێنراوە، چونکە رەنگە کردەیەک بەلای کەسێکەوە چاکەکاری بێت، بەڵام بەلای کەسانی ترەوە خراپەکاری بێت. نەوەک ھەر ئەوەندە، تەنانەت زۆرێک لە مرۆڤەکان لە یەک کاتدا ھەم چاکەکاری ئەنجامدەدەن ھەم خراپەکاری لە ھەمان کردە و رەفتاریشدا.

ئەگەر بپرسین، چۆن و چی وادەکات مرۆڤ ھەم چاکەکاربێت ھەم خراپەکاریش؟

بێگومان ئەوەی وا لە مرۆڤ دەکات کە بەم شێوەیە بێت جۆری تێگەیشتن و قەناعەتیان بۆ چاکەکاری و چێژوەرگرتن لێی، بۆ نموونە کردەگەلێکی وەک گوشتنی بێ باوەڕان لە پێناو پاراستنی و سەرخستنی باوەڕەکەی خۆی (کە ھەردووکیان ھەر باوەڕن بەڵام بەرگریکردن لە یەکێکیان لای لایەکیان چاکەیە وە لە ناوبردنی لایەکەی تریشیان، بە بڕوای ئەوی تریان، ھەر چاکەیە)؛ یاخود سەلامکردن و سەردانیکردن و یارمەتیدان…ھتد، ئەمانە بەلای تێگەیشتنی کەسانێکەوە لە ھەندێک باردا چاکەن، بەڵام لە ھەندێک باریتردا خراپەن! لە ھاودین و ھاومەزھەب و ھاوبیر و ھاونەتەوەکانی کەسەکە چاکەن، بەڵام لە دژە دین و مەزھەب و نەتەوەی کەسەکە خراپەن! ئەمە لە کاتێکدا ھەمان کردەیە! ئاخر گەر بریاربێت کردەیەک لە خودی خۆیدا چاکە بێت، دەبێت پەیڕەوکردنی لە ھەمبەر ھەموو کەسێک چاکە بێت. بەڵام لەبەرئەوەی چاکەو خراپە دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتن و قەناعەتمان بۆی وە جۆری تێگەیشتن و قەناعەتیشمان دەوەستێتە سەر کات و شوێنێک و بیروباوەڕێکی دیاریکراو و ئەزموونێکی سنووردار، دواجار چۆنیەتی چێژبینمان و ئازارچەشتنمان، بۆیە ناتوانین لەسەر چەمکی چاکەو خراپە کۆکبین و تێگەیشتنێکی جیھانیانەی لەسەر دروست بکەین.

بەم پێیە، ھیچ رێسا و بنەمایەکمان نیە بۆ چاکەو خراپە جگە لە چێژ و ئازار. چونکە گەر پرسیاری ئەوە بکەین کە بۆچی مرۆڤ چاکە دەکات؟ چی وا لە مرۆڤ دەکات کە یارمەتی کەسانیتر بدات و چاکەیان لەگەڵ بکات؟ بێگومان لەم دوو وەڵامە دەرناچێت:

یەکەمیان، کە مرۆڤێک چاکە دەکات یان بۆ ئەوەیەتی کە چاکەی بێتەوە رێ، واتە چاوەڕێی پاداشتی چاکە دەکات، جا ھەر جۆرێک بێت کە خۆی مەبەستیەتی و چاوەڕێی دەکات. بەمەش واتە چاوەرێی چێژێک دەکات، کە بێتەوە رێی.

دووەمیان، مرۆڤ چاوەرێی ھیچ چاکە و چێژ و پاداشتێک ناکات، لەبەرامبەر ئەو چاکەیەی کە دەیکات. ئەمەیان رەنگە وا دەرکەوێت کە لە خودی خۆیدا چاکە بێت بە مانا (کانتیەکەی) Kantiennes  واتە ھیچ پاڵنەرێکی وەک چێژ و ئازار و بەرژەوەندی خودی لە دواوە نەبێت[1] بەڵام گەر قوڵتر لێی بڕوانین ناتوانین ئەمەشیان لە چێژ و ئازار بەدەر بکەین، چۆن؟

کاتێک کەسەکە دەیەوێت چاکەیەک لەگەڵ کەسێک بکات، یان یارمەتی کەسێک بدات ھیچ نەبێت ئەو کەسە بە شایەنی یارمەتیدان دەزانێت، دەکرێ بچێتە باری بەزەیی پێیدا هاتنەوە. ھەر بۆیە ئەوەی یارمەتی کەسەکە نەدات ئەوا ویژدانی (ئازاری) دەدات. کەواتە ئێمە گەر لە پێناو پاداشت و چاکەی چاوەروانکراویش چاکە لەگەڵ ئەوانیتر نەکەین ئەوا بێگومان لە پێناو دورکەوتنەوە لە ئازاری ویژدان دەیکەین. جگە لەوەی نەکردنی ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە، کردنیشی چێژێکی دەروونی بەدواوەیە.

کەواتە کردەی ئەخلاقیش بە مانا (کانتیەکەی) ھەر لە چوارچێوەی چێژ و ئازار دەخولێتەوە. گەر کردەی ئەخلاقی ھەڵگری رەزامەندی و ئارامی و چێژێکی ناوەکی نەبێت ھەرگیز ئەنجام نادەرێت، لەبەرئەوەی کردە نابێتە ئەخلاقی گەر رەزامەندیەکی ناوەکی لەگەڵدا نەبێت (چونکە بێ رەزامەندی ناوەکی دەبێتە جۆرێک لە ئیجباری) وە بوونی رەزامەندی ناوەکی لە ھەر کردەیەکیشدا چێژھێنەرێکی خۆیی و ناوەکیە،  ئەم رەزامەندیەش زادەی چێژی ئارامیی ناوەکیە. بەم پێیە، لێرەدا ئەوەی پێی دەوترێت ئەخلاقی کانتی، دەکەوێتە ژێر پرسیار و رەھەندێکی خەیاڵاوی وەردەگرێت. کەواتە چاکەو خراپەش ھەر لەسەر بنەمای چێژ و ئازار ئەنجام دەدرێت.

لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، ئەی ھەر ئەم ھەستکردنە بە ئازاری ویژدان لە خودی خۆیدا ھەستێکی ئەخلاقی نیە کە مرۆڤ ھەیەتی لە ھەمبەر ئەوانیتر؟ (وەک ئە‌وە‌ی كانت[2] باسی دە‌كات)، بە جۆرێکی تر بیڵێین، گەر مرۆڤ ھەستی ئەخلاقی نەبێت چۆن ھەست بە ئازاری ویژدان دەکات؟ بەڵێ مرۆڤ ئازاری ویژدانی ھەیە کە گوزارشتە لە ھەستێکی ئەخلاقی، بەڵام ئازاری ویژدان دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی چێژبینین و لە چۆنیەتی ئازار چەشتن. واتە ھیچ بنەمایەکی گشتیمان لەسەر ئازاری ویژداندا نیە کە دواجار ھەستێکی گشتی ئەخلاقیمان بۆ دروست بکات. چونکە ئەو شتەی کە ئازاری ویژدانی مرۆڤێک دەدات ھەمان شتە کە مرۆڤگەلێک نەک ھەر ھەست بە ئازاری ویژدان ناکەن بەڵکو چێژیشی لێ دەبینن. بۆ نموونە، ئێمە ھەست بە ئازاری ویژدان دەکەین کاتێک دەبینین کە کۆمەڵە کەسێک بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن؛ ئەمە لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە ئازاریان دەدەن وەکو ئێمە مرۆڤن، بەڵام ئەوان نەک ھەر ویژدانیان ئازاریان نادات بەڵکو چێژیش لە ئازاردانیان دەبینن. ئەمەش مانای ئەوە نیە کە ئەوان ویژدان و ھەستی ئەخلاقیان نیە، بەڵێ ھەیانە، چونکە ھەر ئەو کەسەی کە رەنگە چەندان کەسی بە دەستی خۆی ئازار دابێت و کوشتبێتی و چێژی لێ بینیبێ، بەڵام کاتێک کەسێکی نزیک و خۆشەویستی خۆی دەبینێت کە ئازار دەدرێت، یان گوشتویانە، ئەوا ئەوەندە ئازار دەچێژێت رەنگە وەک منداڵ بۆی بگریێت. کەواتە ھەر ئەو مرۆڤەیە لە ئازاردانی ھەندێ کەس چێژ دەبینێ وە لە ئازاردانی ھەندێکیتر ئازار دەچێژێ.

ئەمە بۆ کردەگەلی ئەخلاقی تریش ھەر راستە وەکو رێزگرتن، راستگۆیی و درۆ نەکردن، جێبەجێکردنی بەڵێن ، دەستدرێژی نەکردن، ماف زەوت نەکردن و گێرانەوەی… ھتد.

ئێمە بۆیە رێز لە ئەوانیتر دەگرین تاوەکو ئەوانیتریش رێز لە ئێمە بگرن و بە کەسێکی بەرێز ناو دەربکەین، ئەمەش چێژ بینینە. بەپێچەوانەوەش، گەر رێز لە ئەوانیتر نەگرین ئەوانیش رێز لە ئێمە ناگرن و بە بێرێز ناو دەردەکەین، ئەمەش ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە. کەواتە رێزگرتن لە یەکتر کردەیەکی (ھاوڕەفتارانەیە نەک ھەستێکی پەتی ئەخلاقی) چونکە ھەرچەندە بەڕووکەش ئەخلاقی دیارە، بەڵام لە راستیدا لەسەر بنەمایەکی بەرژەوەندی دوولایەنەیە.

ھەروەھا ئێمە بۆیە درۆ ناکەین تاوەکو پێمان بڵێن کەسێکی راستگۆیە، یاخود ھەر ھیچ نەبێت پێمان نەڵێن درۆزن، چونکە درۆزنیی ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە. بەم پێیە دەتوانین بڵێن کەسێک کە بەردەوام درۆ دەکات وەک پیشەی ھەمیشەیی وە بێ باکە لەوەی پێشی بڵێن درۆزن، ئەوا ئەم کەسە ھەست بە ھیچ ئازارێکی دەروونی ناکات کاتێک پێی دەڵێن درۆزن، بۆیە بەردەوامە لە درۆکردن و بێباکە لە بە درۆزنبوونی.

ئەمە بۆ دەستدرێژکار و مافخۆر و دیکتاتۆرەکانیش ھەر راستە، گەر کەسێک بە ئاشکرا و لەبەرچاوان و بێباکانە مافی خەلک زەوت بکات و دەستدرێژیی ئەنجامبدات ئەوا بێباکە لەوەی پێی بڵێن گەندەڵ و مافخۆر و زاڵم، چونکە ھەست بە ئازاری دەروونی ناکات با ئاواشی پێ بڵێن.

بەگشتی ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، کە چەمکی ئەخلاق یان ھەستی ئەخلاقی لە مرۆڤدا سەربەخۆ نیە وەک ئەوەی (کانت)  Kantو ھەندێکیتر باسی لێوە دەکات، یاخود وەک ئەوەی (جۆن راۆلز) John Rawls لە جیاکردنەوەی چەمکی عاقڵ و مەعقوڵ[3] دەیکات، کە پێی وایە چەمکی مەعقوڵ وەک چەمکێکی ئەخلاقی سەربەخۆیە لە چەمکی عاقڵ. بەڵکو چەمکی ئەخلاق لەسەر بنەمای چەمکی (بەرژەوەندی) لە نێوان کەسەکان بونیادنراوە‌، کە ئەویش دەوەستێتە سەر چێژ و ئازار. بە مانایەکیتر، چەمکی ئەخلاق جۆرێکە لە رێککەوتنێکی بەرژەوەندی عەقڵانی لە نێوان کەسەکان. کە بە پێی عەقڵ لە بەرژەوەندی ھەموواندا ھەیە کە رێز  لە سەرو ماڵی یەکتر بگرن، تاوەکو مرۆڤەکان جۆرێک لە متمانە و ئارامی لە نێوان خۆیان بنیادبنێن. ئەمەش بۆ ھەر کەسێک پێش ئەوەی سوودبەخش بێت بۆ ئەویتر ئەوا سوودبەخشە بۆ خۆی. نەک ئەوەی ئەو مامەڵە جوانە لە ھەستێکی بێگەرد ئەخلاقیەوە سەرچاوەی گرتبێت.

پوختەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە، کە ئێمە کردەیەکی ئەخلاقی دەنوێنین، پێش ھەموو شتێک لە سوودو بەرژەوەندی خۆمانە، چونکە پێمانوایە چێژ لەو کردەیە دەبینین و لە ئازاریش بەدوورمان دەخاتەوە.

پە‌راوێزە‌كان :

1. كانت، بناغە‌دانانی میتافیزیكی ئاكار، و. سۆران عومە‌ر حە‌مە‌، نێوە‌ندی ڕۆشنگە‌ری بۆ لێكۆڵینە‌وەی فكری و سیاسی، سلێمانی ، ٢٠١٥، چاپی یە‌كە‌م، لا(٥٦، ٥٧ ، ٥٨).

2. كانت، رە‌خنە‌ی عە‌قڵی پراكتیك، وە‌رگێرانی سۆران عومە‌ر حە‌مە‌ ، ناوە‌ندی رۆشنگە‌ری بۆ لێكۆڵینە‌وە‌ی فكری و سیاسی، سلێمانی ، ٢٠١٥، چاپی یە‌كە‌م، لا( ٢٥٥ – ٢٥٧).

3. جۆن راولز، دادپە‌روە‌ری وە‌ك رە‌وایی، وە‌گێرانی ھاوژین مە‌لا ئە‌مین، ناوە‌ندی رۆشنگە‌ری بۆ لێكۆڵینە‌وە‌ی فكری و سیاسی، سلێمانی، چاپی یە‌كە‌م ، لا (٩٠).

 
موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

Check Also

كتێبە زۆر خراپەكان

– فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە – شوان ئەحمەد بەرایی: وەك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *