چوار شه‌ممه‌, ئایار 15, 2024
frku

ترانسکولتوور

بەیان سەلمان

Photographe: Jeffrey Czum

وشەی (کولتوور) لە فەرهەنگی (لاروس) و (ڕۆبێرت) بە گشتیی بەم شێوەیە پێناسەی دەکرێت: ”دەوڵەمەندکردنی هزرە بە نێوەندی مەشقکردنی فیکر.”. وشەکە لە بنەڕەتدا لە زمانی لاتینەوە هاتووەcultura بۆ بواری کشتوکاڵ بەکار براوە، بەڵام هەروەها بۆ نیشتەجێبوونیش. وشەی (ترانسکولتوور) Transculture شێوازێکە لە بینینیی پەیوەندی نێوان کولتوورەکان.

بە پێی (وکیپێدیا)، کۆمەڵی ترانسکولتوور ئەمڕۆکە، بە نێوان میدیای وەک ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆن، ئامرازێکی هاوپەیوەندی مۆدێڕنە، سەرجەمیان بەشدارن لە بەستنەوەی پەیوەندی و تێکهەڵکێشانی نێوان کولتوورەکان. بەو جۆرە ترانسکولتوور دەبێتە گەورەترین هەمەجۆریی کولتووریی لە ناو خودی یەک کۆمەڵگەیەک، هاوکات دەبێتە فاکتەرێکی گرنگی کاریگەر لە نێوان سەرجەمی کولتوورەکانیش. ”کۆمەڵی تراسنکولتوور”، بیرۆکەیەکە کە (ولفگانگ ویڵش) Wolfgang Welsch لە ساڵی ١٩٩٧ دایهێنا؛ دەستنیشانی کولتوورێک دەکات کە هەموو کەسێک دەتوانێ ببێتە بەشێک لەو پرۆژەیە، بەدەر لەوەی ناسنامەکەی چییە.

لە کتێبی “چۆن دەبیتە ئۆتۆکتۆن”، نووسەر (مارسێل دێتیێن) DETIENNE, Marcel ئاماژە بەوە دەکات کە ”وشەی (ئۆتۆکتۆن) autokhthôn داهێنانێکی شارستانییەتی هیلینییە بۆ دامەزراندنی مەرزێک لە نێوان هاوڵاتی گرێکی دێرین و ئەو بێگانەییەی لە دەرەوەی شارە.”. بەو مانایە، شارستانیەتە جیاوازەکانی دنیا، بە درێژایی مێژوو تەقەلای ئەو جوداکارییەیان داوە بۆ هێشتنەوەی ئەوەی بەناڕەوایەتی بە کولتوور و نەریت ناوی دەبەن. دیارە لە فیکری گۆشەگیرەوە، تێکەڵاوبوون دەکاتە دابڕان و داتاشین لە هەموو شتێک کە ڕەسەنە. بەو شێوەیە بوونی ئەویتر لەسەر خاکێک کە ئەویتری لێ لەدایک نەبووە دەبێتە جۆرێک لە پەلاماردانی ئەو پانتاییە دیاریکراوە کە مۆرک و نیشانە و کۆدەکانی ئەو کۆمەڵگەییەی هەڵگرتووە.

ئەو بیرۆکەیە دەچێتە پاڵ ئەوەی نووسەر خاتوو (ئیمانوێل ترەمبلێ) TREMBLAY, Emmanuelle لە کتێبی ”داهێنانی بەئەندامبوون: ئەدەبی کێبک نوقسانی لە ڕەسەنایەتی هەیە”، کە تێیدا بە وردیی جەغت لە کەموکوڕیی کایەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کێبیک دەکات. بە وردیی باس لەو کێشەیە دەکات لەناو ئەدەبێک کە سەپێندراوە، بەڵام زۆرچاک بۆ سەرجەمی ئەو بیروبۆچوونەش دەگونجێت کاتێ خودی نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی دەبێتە بێگانە و مامەڵەی ئەوی تر لەگەڵ کولتوور و ڕەسەنایەتی پشتگوێ دەخرێت و دەخرێتە خانەی ئەویتر، هاوڵاتیبوون بە مەرجی پلەی دووهەم.

لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ چۆن ئەندامێتی کۆمەڵگەکان دووبارە داهێنراوەتەوە؟ ئەم تێڕوانینە بۆ بێگانەبوون، هەستێکی باڵادەستیی بەسەر ئەویتردا دەسەپێنێت، ئازادییەکی وەها دەبەخشێت بە باڵادەست کە وێنەیەکی تایبەتی لەبارەوە دروست بکات تێیدا تەنها خۆی خەیاڵی لێ کردۆتەوە و ئەویتر بە تەواویی پەراوێز خراوە. واتە خەیاڵی تایبەتی خۆی سەبارەت بە ئەویتر دەبێتە یاسا و سەرچاوەی داڕشتنەوەی کۆدی نوێ. لەوەدوا ئەندامی نوێ بە پێی ئەو کۆدانە کار و ڕەفتار دەکات و هەڵوێست دەنوێنێت و بگرە دەچێتە ناو سیستەمی بیرکردنەوە و کاریشەوە.

بۆ ئەوەی ئەویتر ببێتە ئەندامێکی نوێی ئەو کۆمەڵگە نوێیە، هەندێکجاریش دیسان ببێتەوە بە ئەندامی کۆمەڵگەی خۆی کە لێی سێندراوە و داگیرکەر بۆتە خاوەنی خاک و زمان و کولتووری نوێ، دەبێ بیسەلمێنێت کە شایەنی ئەوەیە و بەڵگەی نوێ بخاتە ڕوو. ئەگەر بچینە سەر کولتووری هیندیە ئەمریکییەکان و ئەندوژێنەکانی ئیسپانیا و ئوستڕالیا و نیشتەجێبوە دێرینەکانی ئەفریقیای باشوور، تێبینی ئەوە دەکەین چۆن کولتووری ئەویتر جێگۆڕکێ دەکات بە خاوەن کولتوورێکی بنەڕەتیی ڕەسەن و دەیخاتە پلە دوو و ئاستێکی نزمتر پێ دەدات و بە ناوی دەرچوون لە قۆناغی دڕندەیی و مانشێتی زلی مەدنییەتەوە باڵادەستی کولتووری خۆی بڵاو دەکاتەوە و دەیکاتە مۆدێلێک بۆ پەیڕەوکردنی. هەر لادانێکیش لەو مۆدێلە ئەگەر بە لاوازکردن و پەراوێکردنی تەواو نەبێت، ئەوە بەدڵنییایەوە بە دۆڕانی ئەویتر کۆتایی دێت.

 بەئەندامبوونەوە لەو ئاستەدا ناوەستێت، بەڵکو تاکو ئەوێش دەڕوات کاتێک کەسێک لە کۆمەڵگەی دایک دابڕاوە، شەرعیەتی ئەندامبوونی لە کیس دەدات. بێگومان لێرەدا قسە لەسەر ئەو جۆرە کۆمەڵگانەیە کە سیستەمێکی دیمۆکراتی پەیڕەو ناکەن. لێرەدا کاری زۆری بۆ کراوە تاکو بەئەندامبوونەوەی کەسێک بسڕدرێتەوە. لێرەشدا ئەندامە بەناو چالاکەکانی ئەو کۆمەڵە چەقبەستووە بەشدارن لەو پرۆسەی سڕینەوەیە؛ لە ترسی زاڵبوونی فیکری ئەویتر بەسەر فیکری چەقبەستوو. تەماشای هەردوولا بۆ یەک دەبێتە تەماشای دوو بێگانە، بگرە دوو نەیاری توندوتیژ لە ئاستی یەک، ئیدی کولتووری ئەویتر و ئەویتر لە ماڵی یەک نیشتماندا بەر یەک دەکەون. ئەم دۆخە لەلای ئەو میللەتانە تێبینی دەکرێت کە کۆچکردن تێیاندا بەرپایە و بە هۆیەکەوە کۆمەڵە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە نیشتمانیان بەجێهێشتووە و دواتر بۆی دەگەڕێنەوە، چ بە کاتیی و چ بە یەکجارەکی. ئەم بە ئەندامبوونەوەیە پڕە لە هاودژیی فیکری، لێبوردنیش لە نێوانیاندا دەگاتە پلەی سفر.

بەرابەر بەو دۆخانە، جۆرێکی تری تێکەڵبوونی کولتووری لە ئارایە. ئەوەش هەر بە هۆی کۆچبەرییەوە بەرهەم هاتووە. گروپی ئەو کەسانەی لە هەموو قوژبنێکی دنیاوە دەگەنە وڵاتێک، دەبنە ئەندامی نوێ و پلەی هاوڵاتی ئەو وڵاتە پێشوازیکەرەی پێ دەبەخشرێت. دەشێ بڵێین، پاش زنجیرە تاقیکردنەوەیەک و خۆسەلماننی شەرعیەتی ئەو ئەندامێتییە. بەو جۆرە ئەندامی نوێ کۆمەڵ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت. ئەگەر لەو دۆخەدا چەند لایەکی پۆزەتیڤی تێکڵاوبوونی کولتووریی نوێ لێکدەینەوە، ئەوە تێبینی گۆڕانکاریی بەرچاو دەکەین لە فیکری ئاینیی، لە زمان، لە جۆری خواردن، لە بەربڵاویی ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری، لە جۆرە هاموشۆیەکی فیکریی لە نێوان هەردوولا، لە کۆدی جلوبەرگ و ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و دەیان نەریتی تر دێنە کایەوە کە هەردوولای ئەندامەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێشتر لێیان بێ ئاگا بوون، یاخود هێشتا ئامادە نەبوون بۆ وەرگرتنیان و کار پێکردنیان. لەوە دوا قبوڵکردنی ئەو گۆڕانکارییانە دەبێتە کارێکی حەتمی بۆ هاوتەبابوون.

بێ گومان لەم تێڕوانینەدا دۆزێکی هەڵوەشانەوە لە ئارادیە و دۆزێکی تریش بەرامبەر بەوە لە دووبارە دروستکردنەوەدایە. ڕۆڵی تێکەڵبوونی کولتوورە جیاوازەکان لەوە دەبیندرێت کە ئەو لایەنە هەڵوەشاوە بە تێڕوانینی نوێ دروست بکاتەوە. کۆمەڵگە پۆست مۆدێرنەکانی دوای لە جڵەودەرچوونی عەولەمە و بەربڵاویی بەکارهێنانی ئینفۆراماتیک، ئەوەندەیان بۆ ماوەتەوە کە هاوتەبا بن لە پێناو سەقامگیریی کۆمەڵی نوێ. ئەو کۆدە نوێیانەی لەوەدوا کاریان پێ دەکرێت، دەبنەوە یەک کۆدی هاوبەش کە هەموو قاڕەکان دەبڕێت  Transcontinentalو دەبێتە کۆدی یەک کۆمەڵگەی گەورە کە هەر هەمووی بەیەکەوە گرێدراوە. ئەوەش لە ساییەی کولتووری بەربڵاوی هاوپەیوەندی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و تەلەفوونی فرە پێشکەوتوو و ئامێری تری نوێ کە هێشتا لە ڕێگادان، ئاسانکاری لەو پرۆسەیە دەکەن.

لە تەک ئەوانەدا، لە ئەمڕۆدا گەورەترین پرسیار کە بەرەوڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، کێشەی ژینگە و گۆڕانی پلەی گەرمایە. ئەم پرسیارە جێی تاوتوێکردن و کێشەیەکی ڕاستەقینەیە کە هەموو مرۆڤایەتی ناچار دەکات بکەوێتە خۆی لە پێناو دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی بژێوی و ئاو و وزە و شوێن دابینکردن بۆ هەموو کەسێک. هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگە دەخاتە بەر بەرپرسیارێتی بەهۆشبوون بە کێشەی ڕوودانی کارەساتێکی سروشتی لە جێیەکی تری دنیا و کاریگەریی بەسەر گشت کۆمەڵگەکانی ترەوە هەیە کە لە جێیەکی تردا دەژین. ئەو پرسیارە ڕەوشتی مرۆڤ دەخاتە بەرامبەر بە وەرگرتنی بڕیارێکی خێرای بەجێ و بەسوود بۆ قازانجی هەموو لایەک، چونکو گۆی زەوی ئەو ماڵە گەورەیەیە کە سەرجەمی گیانلەبر و ڕوەک و ژینگەی گرتۆتە خۆی و دەمانخاتە ناو پرسیاری بەرەڕووبوونەوەی کارەسات بە کۆی مرۆڤایەتی، نەک تاقە کۆمەڵگەیەک.

کۆمەڵگەی نوێ بێ کولتووری ئەویتر درزی تێ دەکەوێت. چونکە ڕاستیی تێکەڵبوونی کولتووری میللەتان و نەتەوەکان و ئاینەکان پێکەوەژیان و پێکەوە حەوانەوە پێشنیار دەکەن. هەموو لادانێک لەو پێشنیارە دەبێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەرجەمی ئەو کۆمەڵگە نوێیە. بەدەر لە ئاڵۆزیی پەیوەندیی نێوان ئەو کولتوورانە، هەردوولا ناچار دەبن، بە خواستی خۆیان، یان بێ خۆاستیان، یکتری قبوڵ بکەن. چونکە فۆرم و ناوەڕۆکی نوێی ئەو کۆمەڵگە نوێیە بوار نادات گرەو لەسەر یەک لایەکیان بکەیت؛ دروستە گەمەکە لە نێوان هەردوولایە، بەڵام هەردوولایش دەزانن کە مەترسی ئەو گەمەیە وا دەکات پانتایی بۆ بردنەوە نەمێنێتەوە، پتر بیر لە داهاتوو بکەنەوە.    

چۆن بتوانین لە ئەمڕۆدا پێکەوە بژین، وێڕای جیاوازیی، ناکۆکیی، هاودژیی و نەیارییش؟

ترانسکولتوور دەبێتە ئەو پانتایی هاوتەباییە و لە ژێر ئەو چەمکە پڕ واتا هەڵگرە، دەرگایەکی گەورە واڵا دەکات بە ڕووی بیروبۆچوونی جودا بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ بە گەشتیی، دەشبێتە ئامرازێکی گەورەی کاریگەر کە فرەڕەهەندیی و فرەبۆچوون لە خۆ دەگرێت. ئەگەر ئیرسێکی نوێ بۆ داهاتووی هەمووان لە ئارادا بێت ئەوە دۆخی ئاڵوگۆڕی کولتوورییە، کە لە وشەی ترانسکولتوور خۆی کورتدەکاتەوە و دەبێتە هەڵگری گوتارێکی فرەڕەنگ و فرەدەنگ لە ناو هەناوی یەک کۆمەڵگەی گەورە کە تێیدا هەر هەمووان بێگانەن و هاوکات دانیشتوانی رەسەنین.

سەرچاوەکان:

– TREMBLAY, Emmanuelle. L’invention de l’appartenance : La littérature québécoise en mal d’autochtonie. (Bibliothèque et Archives Nationales du Québec). Éd. Presses de l’Université de Montréal, 2018.

– DETIENNE, Marcel. Comment être autochtone. Du pur Athénien au Français raciné. Éd. Seuil, Paris, 2003.





بەیان سەلمان

نووسه‌ر – وه‌رگێڕ – رۆژنامه‌نووس

Check Also

به‌رخۆریی هزریی له ‌روناکبیری کوردیدا

نه‌وزاد جه‌مال photo: LeoNeoBoy سەرەتا ئەم نووسینە تاوتوێکردنی دۆخی پاشکۆییە لە روناکبیریی کوردیداو پەردەلادانە لەسەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *