ناسنامە لە فەڕەنسا: هەڵبژاردنی ناو و نازناو

کاروان بازیان

ماوەیەکە لە کوردستان کەمپینێک ڕاگەیەندراوە بەناوی “ناوی من ناوی دایکمە”. لە میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان هەڵایەکی زۆری ناوەتەوە. لەڕاستیدا زۆر گەڕام لەسەر ئینتەرنێت هیچ زانیارییەکی بەسوودم نەدۆزییەوە لەسەر کەمپینەکە، واتا هەرکەسەو قسەیەک دەکەن، بۆیە تێنەگەیشتم بەتەواوی ئامانجی کەمپینەکە چییە بەشێوەیەکی دیاریکراو.

ناو و نازناو لە فەڕەنسا چۆن هەڵدەبژێردرێن؟

من ئەمە دەکەم بە دەرفەت بۆ خستنەڕووی ناونانی منداڵ لە فەڕەنسا، یان کەسێک چۆن ناودەنرێت لە وڵاتێکی خاوەن ئیدارە، ئازادی و شارستانییەتی وەک فەڕەنسا؟

لە فەڕەنسا، هەموو کەسێک کە لەدایک دەبێت لە یەکەوە تا سێ ناوی لێدەنرێت، هەندێجاریش زیاتر؛ ناوی یەکەم، ناوی دووەم و ناوی سێیەم تاد… دواتر نازناوی باوکی یان دایکی و باوکی لەسەر ناسنامە و پاسەپۆرتەکەی دەنووسرێت. ئەگەر منداڵەکە تەبەنی بکرێت ئەوا نازناوی بەخێوکەرەکە وەردەگرێت. هەر بۆ نموونە لەسەر ناسنامەی فەڕەنسی ناو و نازناو بەم جۆرەیە:

  • نازناو: کامۆ
  • ناو: ئاندرێ، فرانسوا، بێرنارد

ئەگەر ئەو نموونەیەی سەرەوە وەربگرین، لەهەموو دامودەزگایەکی ڕەسمی، تەنها ناوی یەکەم و نازناوەکەی بەکاردێت. بۆ نموونە لە دامودەزگاکاندا بەم شێوەیە بانگ دەکرێت: بەڕێز کامۆ ئەندرێ. هەروەها لەناو هەموو خەڵکدا تەنها بە ئاندرێ بانگ دەکرێت، واتا ناوی دووەم و سێهەمی بەکارنایەنن.

بەڵام ئەگەر باوکی منداڵەکە لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکە ئامادە نەبێت ئەو منداڵە بەهی خۆی بزانێت، ئەوا دایکەکە نازناوی خانەوادەکەی خۆی بە منداڵەکەوە دەلکێنێت. هەر بۆ نموونە:

ئەگەر دایکەکە ناو و نازناوەکەی بەم جۆرە بێت:

  • نازناو: دوکارلی
  • ناو: سێسیل، ژۆزێت، ئان

لەم حاڵەتەدا منداڵەکەی، بۆنموونە ئەگەر کوڕ بێت، دایکەکە پێشتر بەلایەنی کەمەوە ناوێکی بۆ دیاری دەکات و نازناوی خانەوادەکەی خۆیشی بۆ دادەنێت، بەم جۆرەی خوارەوە:

  • نازناو: دوکارلی
  • ناو: فرانسوا، ئارنۆ

بۆیە، لە فەڕەنسا هیچ کوڕێک ناکرێت بەناوی دایکییەوە ناو بنرێت، بەپێچەوانەشەوە ناکرێت کچێک ناوی باوکی، کە پیاوە، بەکار بهێنرێت بۆ ناونانی، ئەوە زۆر نا لۆژیکییە، چونکە ناوی دایکی ناوێکی ژنانەیە، ناکرێت کوڕەکە بەو ناوەوە ناوبنرێت. بۆ نموونە، ئەگەر دایکەکە ناوی کارۆلین بێت، ناکرێت ئەگەر کوڕێکی بوو ناوی بنێت کارۆلین، چونکە شیاو نییە و ئەو ناوە ناوی کچە.

لەسەر کارتی نیشتمانی فەڕەنسی (ناسنامە) ئەم زانیارییانە هەن:

پێشەوەی کارتەکە:

  • ژمارەی ناسنامە
  • نازناو
  • ناو
  • ڕەگەز (کچ، کوڕ)
  • لەدایکبوون
  • شاری لەدایکبوون
  • بەرزی باڵا
  • ئیمزا

لە پشتەوەی کارتەکە:

  • ئادرێس
  • دەرچوونی و بەسەرچوونی
  • ئەو لایەنەی کە کارتەکەی داوە: وەزارەتی ناوخۆ
نموونەی کارتی نیشتمانیی فەڕەنسی

لە فەڕەنسا دوای هەژدە ساڵی هەموو کەس دەتوانێت ناوەکانی یان نازناوەکەی بگۆڕێت بەهەر هۆکارێک بێت. بۆ نموونە ژنێک کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک دەکات لەگەڵ نازناوەکەی خۆی و نازناوی هاوسەرەکەیشی بۆ زیاد دەکات. یان هەر نازناوەکەی خۆی لادەبات و نازناوی هاوسەرەکەی دادەنێت. تەنانەت پیاویش دەتوانێت نازناوی هاوسەرەکەی لەپاڵ نازناوەکەی خۆیەوە زیاد بکات، لەم حاڵەتەیشدا بە خەتێک جیادەکرێنەوە، وەک ئەم نموونەیە، ئەگەر ژنەکە نازناوی (کامۆ)ی هەبوو پیاوەکەیش (دوکارلی)، ئەنجام بەم جۆرەی لێدێت (کامۆ-دوکارلی). بۆ ئەم گۆڕانانەیش داواکاری لەسەر ئینتەرنێت و لە ڕێگەی نامەوە دەکرێت و ١١٠ یۆرۆی تێدەچێت.

کەمپینی “ناوی من ناوی دایکمە”، لە ڕووی بابەتییەوە هیچ جێگایەکی نییە، کەس نازانێت ئامانجە سەرەکییەکەی ئەمانە چییە. لە وڵاتێکی خاوەن شارستانی و دیمکراسی و سیستمی وەک فەڕەنسایش جێگەی نابێتەوە و هیچ واتایەکی نییە. ئەکرا کەمپینەکەیان بەجۆرێکی تر بکردایە، بۆ ئەوەش نموونەی وڵاتێکی وەک فەڕەنسا یان هەر وڵاتێکی تریان هەڵبژاردایە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوانەی کەمپینەکەیان کردووە کەسانێکیان تێدایە کە لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژائاوا ژیاون، کەچی نەیانتوانیوە بچوکترین سوود لەو وڵاتانە وەربگرن بیبەنەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵکو چوونەتەوە بۆ کوردستان لە جیاتی ئەوەی پرۆژەیەکی جدی پێشکەش بکەن و سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ڕۆژئاوا وەربگرن لەسەر ناسنامەی باری کەسێتی، کەچی بوونەتە مایەی سەرئێشە و ئیستیفزاز بۆ کۆمەڵگای کوردی. دووریش نییە هەر وەک هەر بابەتێکی تر دەستی سیاسی لەپشت ئەم کەمپینەشەوە نەبێت بۆ لابردنی ڕووناکی لەسەر هەندێ پرس و بابەتی ڕۆژ و تیشکخستنەسەر و سەرقاڵکردنی سۆسیال میدیا و خەڵک بەم بابەتە لاوەکییانەوە.

سەرچاوە:

Changement de nom de famille pour motif légitime https://www.service-public.fr/particuliers/vosdroits/F1656

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …