ڕۆچوونی نەوت بۆ نێو دەریاکان، کارەساتێکی ژینگەییە

مەدیحە سۆفی \ ئەڵمانیا

یەکێک لە کێشەکانی ژینگە، کە کاریگەری زۆری لەسەر تێکچوونی ئیکۆسیستیمی زیندەوەرەکانی نێو ئاودا هەیە، بریتییە لە پیسبوونی دەریا و ئوقیانوسەکان ئەویش بەهۆی ڕۆچوونی نەوتی نێو کەشتییەکان، تەقینەوەی چاڵەنەوتی ژێر دەریا و ئوقیانوسەکان، شکانی لوولەی گوازتنەوەکانی وزە بە گشتی و هەندێ جاریش بەهۆی شوشتنی کۆگای عەمبارکردنی نەوەتەوە لەناو دەریاکاندا.

لە ساڵی 2010دا تەقینەوەیەکی بەهێز، لە کاتی پشکنینی چاڵەنەوتێک لە پلاتفۆڕمێکی نێو کەنداوی مەکسیکدا، ڕوویدا و لە ئاکامدا یازدە کەس گیانیان لەدەستدا، کە بەداخەوە لاشەکانیان نەدۆزرانەوە و زیاتر لە سەد کەسیش بە بەلەمو فریاکەوتن ڕزگار کران، ئەم کارەساتە بە دژوارترین کارەساتی پشکنینی وزەی بن دەریا دادەنرێت، کە زیاتر لە هەشت سەد ملیۆن لیتر نەوت ڕۆچووە نێو ئەو کەنداوەوە، ماکەکانی ئەم ڕووداوە تا ئێستاش لەسەر ژینگە و ئیکۆسیستیمی ئەو ناوچەیەدا کاریگەری خۆی هەیە و کۆمپانیای BP (بریتش پیترۆلیۆم) کێشەی یاسایی زۆری بۆ هاتە پێش و دادگاکان بە چەندەها ملیار دۆلاریان سزای ئەو کۆمپانیایەیان دا[1]

لە دەلتای نیجیریا، کۆمەڵێ کۆمپانیای جیهانی وەکو تۆتال و شێل سەرقاڵی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتن، چەندەها جار لوولەکانی گوازتنەوەی نەوت لیکی کردووە و ڕوبەرێکی زۆری خاک و ئاوی ئەو ناوچەیەی پیس کردووە و خەڵکی ناوچەکە؛ کە پێشتر پیشەی ڕاوکردنی ماسییان هەبووە و بژێوی خۆیان پەیدا کردووە، بەهۆی تێکچوونی ژینگەی ماسی و کواڵتێتی ئاوەکە نەیانتوانیوە بەردەوامی بە پیشەکەیان بدەن و سروشتی ناوچەکە بەجۆرێک تێکچووە و ژینگەکەی تا ڕادەیەک بەکەڵکی کارکردن و ژیان نەماوە، تەنانەت ئاوی خواردنەوە و ماسییەکانیش تامی نەوت گرتووە، حوکمڕانی ئەو دەوڵەتەش لەبەر گەندەڵی و هاوپەیمانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزە، هیچ کاردانەوەیەکیان لەمەڕ بێبەشبوونی خەڵک لە مافەکانیاندا نییە و نەبووە، بۆیە لەلایەکەوە لەبەر بێبەشبوونی خەڵک لە بەشە بژێوی خۆیان لە داهاتی وزەی وڵاتەکەیان، لەلایەکیترەوە لەبەر پیسبوونی ژینگەی ژیان و لەدەستچوونی کار و پیشەکەیان، گروپی توندڕەو و ڕادیکالیان لێ دروست بووە و تەنانەت ئاسایشی وڵاتەکەشی تێکداوە.

لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا، لە ویستگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە بەندەری بانیاسی سوریادا، بەهۆی بوونی چەند درزێک لە عەمباری کۆگای نەوتی پاڵاوگەکە، بڕێکی زۆری نەوتەکە ڕۆچووەتە نێو دەریای ناوەڕاستەوە، ڕوبەری پیسبوونی دەریاکە نزیکەی 800 کیلۆمەتر دوجا دەبێت، کە بە ئەوەندەی ڕوبەری شاری نیۆیۆرک دەخەمڵێنرێت، ئەمەش دووەم ڕووداوە لە ماوەی سێ مانگدا ڕوودەدات، لە مانگی حوزەیرانیشدا لەکاتی بەتاڵکردنی کۆگایەکی نەوت کە لە ئێرانەوە هاتبوو، دوبارە بووە هۆی پیسبوونی ئەو دەڤەرە، شارەزایان دەڵێن ئەگەری زۆرە سنووری ئەم ڕووداوە بگاتە کەنارەکانی قوبرس و تورکیاش، ئەم پێشهاتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زیندەوەری نێو دەریا، ئیکۆسیستیمی بوونەوەری نێو ئاوەکە و پیسبوونی ئاوی دەریاکە هەیە، کاریگەری لەسەر بازاڕی ماسی و ئابووری خەڵکەکەش هەیە.

خۆراکی نێو ئاو بەتایبەتی ماسی، یەکێکە لە سەرچاوەکانی پرۆتین بۆ مرۆڤ، بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ خۆراک و کشتوکاڵ FAO لە ساڵی 2013دا بڕی 140 ملیۆن تەن ماسی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساغ کراوەتەوە[[2]] هەروەها پیشەی ڕاوکردنی ماسیش سەرچاوەی داهات و بژێوی زۆربەی دانیشتوانی کەناری دەریا و ئوقیانوسەکانە لە جیهاندا، کە لە ئێستادا چ بەهۆی پیسبوونی ئاوەکەوە و چ بەهۆی قۆرخکردنی ڕاوکردنی ماسییەوە لەلایەن کۆمپانیا زلهێزەکانەوە، باری ئابووری خەڵکەکە شێواوە و ماسیگر و گروپە بچوکەکان ناتوانن وەکو جاران بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

ڕۆچوونی نەوت لە نێو دەریا و ئوقیانوسەکان دیاردەیەکی نوێ نییە، بەردەوام نەوت و دیزل و بەنزین لە کەشتییەکانەوە یا لە چاڵەنەوتی بندینی دەریاکانەوە دەڕژێنە نێو ئاوەکەوە، لە کەنارەکانی بەڕازیل، فەڕەنسا، ئیسرائیل، روسیا، پەنەما، دەلتای نیجیریا و زۆر شوێنیتر، جگە لەوەی لە کاتی شەڕی کەنداودا لە ساڵی ١٩٩١دا، چەندەها چاڵە نەوت سوتێنرا و هەزارەها تەن نەوت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕۆکرایە نێو کەنداوی عەرەبییەوە و هەرچی زیندەوەر و گژوگیای نێو ئاو هەبوو، کە سەرچاوەی خۆراکی ئەو زیندەوەرانە بوون لەناوچوون.

دەرئەنجامی بەدواداچوونی پیسبوونی دەریاکان بە نەوت و پاشماوەکانی ئەوە دەردەخەن کە لە کەنداوی مەکسیکدا نزیکەی یەک ملیۆن باڵندەی دەریایی لەناوچوون، هەروەها زۆربەی زیندەوەرەکانی لەبەر ژەهراویبوونی خۆراکی نێو ئاوەکە و کەمی ئۆکسجین لەناودەچن، لە ڕووی کیمیاویەوە پێکهاتەی نەوت پێکهاتەیەکی ژەهراوییە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسە و پێستی زیندەوەری وەکو کیسەڵ، نەهەنگ و باڵندەی ئاوی دەبێت.

ئەم پێشهاتانە زیانی یەکجار زۆر بە ژینگە و ئیکوسیستیمی زیندەوەرەکان دەگەیەنن، توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە پاککردنەوەی ئەو ئاوە بەو قەبارەیەی، کارێکی ئاسان نییە و ناتوانرێ ژینگەی ئەو زیندەوەرانە لە ژەهراوی بوون بپارێزێ، هەروەها لەبەر ئەوەی چڕی نەوت لە چڕی ئاو کەمترە و سەرئاو دەکەوێت، بۆیە وەکو چینێی ئەستور  ڕێگری لە تێپەڕبوونی تیشک و توانەوەی ئۆکسین دەکات، جگە لەوەی فڕێدانی ژمارەیەکی زۆر لە پلاستیک بۆ نێو دەریاکان، کە هەندێکیان لە سەد ساڵ زیاتری پێویستە بۆ شیبوونەوەی، ڕۆڵی زۆر  دەبینێ لە لەناوچوونی زیندەوەرەکانی نێو ئاو.

ڕێکخراوەکانی ژینگە و پاراستنی سروشت هۆشداری دەدەن، کە ئەم جۆرە کارەساتە ژینگەییانە چ بۆ گیانلەبەری نێو ئاوەکە و چ بۆ مرۆڤ کاردانەوەی نەرێنی هەیە، هەندێ جار زیندەوەری نێو ئەو ئاوانە بۆ ماوەیەکی زۆر بە کەڵکی ڕاوکردن و خواردن نایەن، هەروەها کاریگەری ئەو پێکهاتە کیمیاویەی نەوت لەسەر بوونەوەری نێو ئاوەکە کاریگەری جۆراوجۆرە و چەندەها فاکتۆر ڕۆڵی تێدا دەبینن، بە ڕای شارەزایان هەندێ لەو کاریگەریانە زیاتر لە دە ساڵ دەخایەنێت[[3]]

سەرچاوە و پەراوێزەکان

  1. https://www.spiegel.de/geschichte/deepwater-horizon-explosion-2010-das-hoellen-bohrloch-a-1ba2a13e-6774-4fff-ba1e-9acc3c0b590e
  2. Harald Lesch&CO, Die Menschheit schafft sich ab, Verlag KOMPLETT-MEDIA, 2017 ,S.247
  3. https://www.zeit.de/wissen/umwelt/2010-07/wahrheit-oelpest-oilspill/seite-3?utm_referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.de

[1] https://www.spiegel.de/geschichte/deepwater-horizon-explosion-2010-das-hoellen-bohrloch-a-1ba2a13e-6774-4fff-ba1e-9acc3c0b590e

[2] Harald Lesch, Die Menschheit schafft sich ab, Verlag KOMPLETT-MEDIA, 2017 ,S.247

[3] https://www.zeit.de/wissen/umwelt/2010-07/wahrheit-oelpest-oilspill/seite-3?utm_referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.de

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …