بەشێک لە کتێبی ‘ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی”

د. ساماڵ مانیی

“ئەو وەحشەی کە ڕای کرد، زۆر ترسابوو فەقیرە، من ئیشارەتم بۆ کرد بێ بەرەولای من، ئەویش هات… ئەو چۆکی دادا لەبەر دەمما و سەری دانەواند هەتا سەری دای لە ئەرزی بەرپێم و پێم کەوتە سەر سەری، ئەمەش ئەو سوێندخواردنە بوو کە ئەو کردی بۆ ئەوەی ببێت بە کۆیلەی من/ بەندەی من (عەبدی من). …….. گەرچی بە ئاگام لە پۆلینکردنی قۆناغەکانی ئەدەبی ئینگلیزی کە قۆناغی مێژوویین لە دروستکردنی ئەدەبدا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم باسە بە مەبەستێکیتر نوسراوە، خۆم بە قۆناغێکی ئەدەبەوە نەنوساندوە، بەڵکوو هەڵبژاردەیەکم خستۆتە بەرچاو لە قۆناغی جیا و نزیک بەیەکتردا. بۆ نموونە: سێ خوشکەکەی برۆنتی و جۆرج ئیلیەت نووسینەکانیان لە قۆناغی ئەدەبی ڤیکتۆریادا پۆلین کراون، نووسینەکانی ڤیرجینیا وۆڵف لە قۆناغی ئەدەبی مۆدێریندا پۆلین کراون، پامیلا ی ڕیچاردسن لە قۆناغی ئەدەبی ئۆگەستیانی ئینگلیزیدا پۆلین کراوە، بایرۆن و جەین ئۆستین لە قۆناغی ئەدەبی ڕۆمانسیدا پۆلین کراون، هتد.

با لە پێشدا، سەیرێکی چیرۆکی ڕۆبنسۆن کروسۆ بکەین وەکو یەکەم ڕۆماننووسین لە ئەدەبی ئینگلیزیدا، چونکە لەسەر خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، ڕۆماننووسیی دەستی پێکردوە و بونیات نراوە، ڕۆمانەکەی تر دواتر دۆزراوەتەوە. (مەبەستم لەوەیە دوو ڕۆمان لە ئەدەبی ئینگلیزیدا بە ڕۆمانی سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆماننووسی ئەژمار کراون) ڕۆمانی ‘ڕۆبنسۆن کروسۆ’ لە ١٧١٩ نووسراوە، سێ سەد (٣٠٠) ساڵ لەمەوبەر (دانیال دیفۆ) نووسیویەتی.  سێ مەسەلە لای من زۆر گرنگە سەبارەت بەم ڕۆمانە کە باوکی ڕۆماننووسینە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا و دەمەوێت باسی بکەم. بەڵام پێش ئەوە، زۆر بە کورتی و لەچەند دێڕێکدا هێڵە سەرەکی و ئاراستەکەی ڕۆمانەکە باس دەکەم، لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی لە ڕۆمانە ئۆریجیناڵەکەدا، دەتوانم بڵێم ئەمەیە:  ڕۆبنسون کروسۆ گەنج دەبێت، سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ سەفەری ناو دەریا، لە یەکێک لە گەشتەکانی ڕێی دەریایدا، لەسەر دەریا لەلایەن پایرەتەکانی دەریا (قەراسنە)وە، دەگیرێت و دەکرێت بە بەندە/کۆیلە. بەڵام، ڕا دەکات لەدەستیان و خۆی ڕزگار دەکات، لەو ڕاکردن و خۆدەرباز کردنەدا لە بەرازیل دەگیرسێتەوە. لە بەرازیل ئەو کۆیلە نییە ئیتر، کێڵگەی توتن و قامیشی شەکر دروست دەکات، بەڵام ئەمجارەیان خۆی دەبێت بە خاوەن کۆیلە، چەندین بەندە لە بازاڕی کۆیلایەتی دەکڕێت و کێڵگەکانی بەو کۆیلانە بەبەرهەم دێنێ و بەڕێدەخات. جارێکیان کاتێک بە پاپۆڕەکەی دەچێت بەرەو ئەفریقا بۆ کڕینی کۆیلەی زیاتر بۆ خزمەتی خۆی و ئیشکردن لە کێڵکەگانیدا، پاپۆڕەکەی تێک دەشکێت لەناو دەریادا و شەپۆلەکان بەرەو دوورگەیەکی دوور دەیبەن کە لەهەموو جێیەکیترەوە دوورە، دووردەستە. لەوێ لەو دوورگە دووردەستەدا دەگیرسێتەوە و ئیتر ڕۆبنسون کروسۆ بۆ ماوەی بیست و هەشت (٢٨) ساڵ دەمێنێتەوە لەو دوورگەیەدا.

 لەو دوورگەیەدا دوو کارئاکتەرە سەرەکیە -دووێتیەکە- دەست پێدەکات لە چیرۆکەکەدا؛ ئەو دوو کارئاکتەرە یەکێکیان ڕۆبنسون کروسۆ-یە و ئەویتریان ‘فرایدەی’یە، ، لە زاری کارئاکتەری ڕۆبنسون کروسۆوە بەم جۆرە باسی دەکات و دەڵێت: “ئەو وەحشەی کە ڕای کرد، زۆر ترسا بوو فەقیرە، من ئیشارەتم بۆ کرد بێ بەرەولای من، ئەویش هات… ئەو چۆکی دادا لەبەر دەمما و سەری دانەواند هەتا سەری دای لە ئەرزی بەرپێم و پێم کەوتە سەر سەری، ئەمەش ئەو سوێند خواردنە بوو کە ئەو کردی بۆ ئەوەی ببێت بە کۆیلەی من/ بەندەی من (عەبدی من)”. ئیتر ڕۆبنسۆن کروسۆ، وەک کۆیلەی خۆی ڕادەگرێت، ناوی دەنێت فرایدەی، فێری دینداریی ئەکات، فێری ئیشکردنی دەکات، فێری ئەتەکێتی نێوان عەبدایەتی و بەندایەتی دەکات کە کۆیلەکان دەبوایە هەیانبوایە بەرامبەر بە خاوەنەکەی. هیچ کات لە ڕۆمانەکەدا ئەم پەیوەندییەی نێوانیان ناکرێت و نابێت بە هاوڕێیەتی یەکسان، لە هەموو ڕۆمانەکەدا پەیوەندی ئەو دوو کارئاکتەرە وەکو عەبد و خاوەن عەبد دەمێنیتە و ، …………..هتد

پەڕەی ١٠٦….. ١١٣-١١٤ کتێبی ”ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی”

 د.ساماڵ مانیی

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …