موحه‌مه‌د ڕ. ئه‌حمه‌د
هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆیی بونیادی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ئه‌م بونیاده‌شی زاده و هه‌ڵقوڵاوی کۆمه‌ڵێک ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما و فاکته‌ری تێکه‌ڵه که چه‌ندان ساڵ و سه‌ده‌یه ڕۆحی و پێکهاته‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یان پێکهێناوه بو‌نه‌ته تایبه‌تمه‌ندی و ئه‌دگاری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و پێی جیاده‌کرێته‌وه له نه‌ته‌وه‌کانی تر، ئه‌م فاکته‌رانه‌ش وه‌کو مێژوو، زمان، ئایین، هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی، سه‌رچاوه‌ی ئابووری، بارودۆخی سیاسی، خوین و ڕه‌گه‌ز… هتد. بێگومان بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کیش کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی و ژیانی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌و بونیادانه‌ی له ئازادیه‌کی زیاتر به ئه‌ندامه‌کانیان ده‌ده‌ن تاکێکی ئازاد و خاوه‌ن ئیراده و سه‌ربه‌خۆ دروست ده‌که‌ن به پێجه‌وانه‌وه‌ش ئه‌و بونیادانه‌ی که ئازادیه‌کی زۆر که‌م ده‌ده‌ن به ئه‌ندامه‌کانیان ئه‌وا تاکێکی ملکه‌چ و ده‌سته‌مۆ دروست ده‌که‌ن. دواجار ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ڕۆحیه‌تی دیموکراسی هه‌م له‌سه‌ر ئاستی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی سیسته‌می سیاسیش. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش له‌م گوتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ڕۆڵ و کاریگه‌ری چه‌ند یه‌که و ده‌زگا و بونیادێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک (خێزان، خوێندگه، مزگه‌وت و ئاینداری، حیزبی سیاسی) له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی باشوور ده‌ربخه‌ین له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کو‌لتووری ملکه‌چی.
فاکته‌ری یه‌که‌م، سیسته‌می په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی تاکه له خێزان و بنه‌ماڵه‌کاندا؛ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تاک هه‌ر له منداڵیه‌وه کۆمه‌ڵێک کۆد و وشه و ده‌سته‌واژه‌ی ملکه‌چیانه‌ی ده‌خزێننه نێو مێشکی وه‌کو ( ملکه‌چی برا گه‌وره بۆ برا بچووک، ملکه‌چی کوڕ بۆ باوک، بۆ له‌خۆی گه‌وره‌تر… جا وه‌نه‌بێ په‌یوه‌ندیه‌که ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و گفتوگۆی دوو لایه‌نه بێت، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای ملکه‌چیه، ئامانجیش لێی هه‌ر ملکه‌چیه له‌پێناو هێشتنه‌وه‌ی ڕێسا ته‌قلیدیه‌کانی خێزان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پته‌و. به‌مه‌ش کاتێک گه‌وره قسه ده‌کات و فه‌رمان ده‌رده‌کات بچووک ده‌بێت بێ ده‌نگ و ملکه‌چ بێت، ئه‌گه‌ر گه‌وره دابنیشێت بچووک ده‌بێت هه‌لسێت، گه‌وره ده‌بێت له‌سه‌ره‌وه دابنیشێت بچووک له خواره‌وه، له دانیشتنی گه‌وره‌کاندا بچووک نابێت قسه بکات، هه‌ر قسه‌یه‌کیش بکات زوو به گوێچکه‌ی داده‌رێته‌وه تۆ هێشتا منداڵی، تۆ هێشتا دونیات نه‌دیووه و بێ ئه‌زموونی، نابێ قسه له قسه‌ی گه‌وره‌کان بکه‌یت و ڕه‌خنه‌ییان لێبگریت…هتد.
ئیتر ئه‌و تاکه هه‌ر له منداڵیه‌وه هه‌ست به لاوازی و خۆبه‌که‌مزانین و باوه‌ڕبه‌خۆنه‌بوون ده‌کات و که‌سایه‌تیه‌کی لاواز و ملکه‌چانه‌ی بۆ دروست ده‌بێت له ئاست گه‌وره‌کان و ئه‌وانیتر. ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تیتر له‌و خێزان و بنه‌ماڵانه‌ی که هێشتا په‌یوه‌ستیه‌کی توندیان به ڕێسا و نه‌ریتیه‌کانی خێڵایه‌تیه‌وه هه‌یه زۆربه‌یان به‌ڕه‌هایی ملکه‌چی بڕیاری خێڵ و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌کانیان ده‌بن، ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆی دیاریده‌که‌ن که سه‌ر به‌چ حیزبێکی سیاسی یان ڕه‌وت و ته‌ریقه‌تێک بێت، هه‌ر ئه‌وان بۆی دیاری ده‌که‌ن که مه‌ودای ئازادیه‌کانی چه‌نده، جیاوازبوون چ مانایه‌ک ده‌گه‌ێنێت، تاک گه‌ر بڕیاری جیاوازیدا چ به‌رئه‌نجام و کاردانه‌وه‌یه‌ک چاوه‌ڕێی ده‌کات… ئیتر تاک یان ناچار ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ ڕێسا و به‌هاکانی ملکه‌چی کۆمه‌ڵایه‌تی بگونجێنێت و ئه‌گه‌ر نا توشی سزای کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار کولتوورێکی ملکه‌چی و تاکێکی ده‌سته‌مۆ و ملکه‌چ و نا سه‌ربه‌خۆ دروست ده‌کات له کۆمه‌ڵگه‌دا و ڕه‌نگدانه‌وه‌شی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی.
فاکته‌ری دووه‌م بریتیه له سیسته‌می فێرکردن و په‌روه‌رده‌کردنی تاک خوێندنگه‌دا، سیته‌می په‌روه‌رده و فیرکردن له خوێندگه‌کاندا سیسته‌می له‌به‌رکردنه نه‌ک فێرکردن، به‌و مانایه‌ی خوێندکار، له جیاتی فێری میتۆده‌کانی فێربوون و خۆپێگه‌یاندن و بیرکردنه‌وه‌ی ئازاد و داهێنه‌رانه و پشت به‌خۆ به‌ستوویی بکرێت، به پێچه‌وانه‌وه فێری له‌به‌رکردنی زۆره‌ملێیانه ده‌کرێت. خوێندکار ده‌بێت له هه‌موو قۆناغه‌کانی خوێندن به ملکه‌چی و پابه‌ندیه‌وه هه‌موو به‌رهه‌مێکی ده‌ره‌وه‌ی هزر و بیرکردنه‌وه‌ی خۆی له‌به‌ر بکات به‌بێ فێرکردنی چۆنیه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه‌گرتن و گفتوگۆی بابه‌تیانه له‌سه‌ری. خوێندکار فێری ئه‌وه ناکرێت که چۆن توانا شاراوه‌کانی خۆی بدۆزێته‌وه و بەگه‌ڕیان بخات و په‌ره‌یان پێبدات. بۆ نموونه فێرناکرێت چۆن هۆنراوه‌یه‌ک هه‌ڵسه‌نگێنێت و ڕه‌خنه‌ی بکات، یان چۆن بتوانێ فێری ڕێساکانی نووسینی هۆنراوه بێت و وایلێبێت خۆی بتوانێ هۆنراوه‌یه‌ک بنووسێت، به‌ڵکو ته‌نها هۆنراوه‌ی پێ له‌به‌ر ده‌که‌ن.
ئه‌مه سه‌ڕه‌ڕای نه‌بوونی کتێبخانه‌ی گشتی و کراوه له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خوێندگه‌کاندا له‌پێناو به کو‌لتوورکردنی خوێندنه‌وه‌ی زانیاری کراوه و ئازادانه له جیاتی زانیاری ناچاری و پابه‌ندی نێو کتێبه‌کانی پڕۆگرامی خوێندن تاوه‌کو وا له خوێندکار بکات ئازادانه بخوێنێته‌وه و بیربکاته‌وه، ئه‌مه هاوکات له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ند په‌رتووکێکی دیاریکراو و پابه‌ندکراو که پێوه‌ری سه‌رکه‌وتن و زیره‌کی قوتابی له‌م چه‌ند په‌رتووکه سنوردار و زۆره‌ملێیه دیاریکراوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا و خوێندکار وه‌کو په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌فسه‌رێکی پله‌به‌رزی سه‌ربازی و له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی ئاساییه، ئیتر هه‌ر کات مامۆستا بێته ژووره‌وه یه‌کسه‌ر ده‌بێت خوێندکاره‌کان هه‌مووی هه‌ستنه سه‌رپێ، یاخود له کاتی به‌شداریکردن له وانه ده‌بێت هه‌ستێته سه‌رپێ ئینجا قسه‌بکات، زۆرجار په‌یوه‌ندیه‌که‌ش ئه‌وه‌نده تونده و له‌سه‌ر بنه‌مای ترس و ملکه‌چیه ته‌نانه‌ت خوێندکاره‌که هه‌موو بابه‌ته‌که‌ی له‌به‌ر کردووه، به‌ڵام له ترسی مامۆستاکه‌ی که هه‌ڵده‌ستێت هه‌مووی بیرده‌چێته‌وه. له‌لایه‌کی تریش شێوازی وانه وتنه‌وه وه‌کو شێواز‌و په‌یوه‌ندی نێوان گوتارخوێن و گوێگره، ته‌نیا مامۆستا قسه ده‌کات، ئه‌وانیتریش ته‌نها گوێگر و له‌به‌رکارن نه‌ک به‌شداری و گفتوگۆی زانستیانه. بێگومان ئه‌م شێوازه له سیسته‌می په‌روه‌رده و فێرکردنیش که له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌لقینکردنه نه‌ک ته‌عقیلردن کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر بره‌ودان به کو‌لتووری ملکه‌چی و گوێڕایه‌ڵی و خۆبه‌که‌مبینینی تاک له ئاست داهێنان و فکره و ئایدیای نوێگه‌ر.
فاکته‌ری سێیه‌م بریتیه له مزگه‌وت و دینداری کۆگه‌رایی، گوتاری مزگه‌وت گوتارێکی پیرۆزکراوه، پیرۆزیش قسه‌ی له‌سه‌ر نیه یه‌کسه‌ر داوای ملکه‌چیت لێده‌کات. مه‌لاکان خۆیان به جێ‌نشین په‌یامبه‌ر هه‌ژمارده‌که‌ن و شوێنی گوتاردانیش به شوێنی په‌یامبه‌ر به‌مه‌ش له کاتی گوتاردانیش له شوێنێکی بڵنده‌وه ده‌وه‌ستن، سه‌روتر له خه‌ڵکه‌که، به‌مه‌ش پیرۆز‌یه‌ک و باڵاییه‌ک به‌خۆیان و قسه و شوێنه‌که‌یان ده‌به‌خشن به‌مه‌ش گوێ‌گران و ئاماده‌بووان ته‌نها گوێگرتنیان بۆ ده‌مێنێته‌وه به بێ هیچ به‌شداری و سه‌رنج و پرسیار و تێبینیه‌ک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مامۆستا ئایینه‌که هه‌ڵه‌ش بکات که‌س بۆی نیه بیپچڕێنێت و بڵێت هه‌ڵه‌ت کرد! به کورتی، گوتاری مزگه‌وت گوتارێکی ته‌واو ملکه‌چانەیە، چونکه له‌سه‌ر بنه‌مای ئامۆژگاریه نه‌ک فێرکردن، کەسەکە وه‌کو نه‌زانێک ده‌چیت ئاماده‌ده‌بیت و مه‌لاکه‌ش ئامۆژگاری ده‌کات بۆ ڕێگای ڕاست، به‌مه‌ش هه‌رچی ئه‌و گوتی ئه‌وه ڕێگه‌ی ڕاسته، کەس بۆی نیه بڵێیت چی ڕاسته و چی هه‌ڵه‌یه. به کورتی په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌واو پلەبەندییە.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به دینداری کۆگه‌راییه، به‌ر له هه‌موو شتیێک دین و دینداری دوو چه‌مکی جیان. دین بریتیه له ده‌قی پیرۆز، به‌ڵام دینداری تێگه‌یشتنی تاکه‌کانه له دین و چۆنیه‌تی په‌یڕه‌وی لێکردنیه‌تی. دینداری کۆگه‌رایی جۆرێکه له به‌ئه‌ویتربوون و له‌خۆنامۆبوون، تاکی دینداری کۆگه‌را له‌نێو کۆیه‌کدا تواوه‌ته‌وه و تاکایه‌تیه‌که‌ی ونکردووه، بژارده‌کانی بۆ ئیڕاده‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی خۆی جێهێشتووه. لێره‌دا تاک مێشکی پڕده‌کرێته‌وه له‌ڕێگای ته‌لقین و له‌گوێنان له جیاتی هه‌ڵسه‌نگاندن و به به‌ڵگه‌دارکردنی کۆد و مانا و فه‌رمانه‌کان؛ واته که‌سایه‌تیه‌کی مێژوویی له جیاتی ئه‌و بیری کردۆته‌وه و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کانی به‌رده‌می هه‌ڵبژاردووه و بڕیاره‌ی له باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه بۆ داوه و گەره‌نتیشی پێداوه که ڕێگاکه‌ی حه‌قه و ڕاسته به‌ڕه‌هایی، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و ملکه‌چبوون و ده‌ستبه‌رداربوونێکی بێ بیرکردنه‌وه‌یه، به‌مه‌ش تاکی دینداری کۆگه‌را مێشک و دڵ و ده‌روونی زۆر ئاسووده‌یه، چونکه چیتر گومانکردن و پرسیارکردن و بیرکردنه‌وه بێزاری ناکات و سه‌رئێشه‌ی بۆ دروست ناکات، به‌ڵکو شێخێک و یان چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی ئایینی مێژوویی سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و باره قورسه‌یان له‌سه‌ر لابردووه.
تاکی دینداری کۆگه‌را ئه‌وه‌ی له هه‌سته‌کانیه‌وه وه‌ریده‌گرێت نایخه‌ته به‌ر پڕۆسه‌ی گومانکردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و تێفکرین، به‌ڵکو یه‌کسه‌ر بێ دوودڵی و به پیرۆزیه‌وه وه‌ریده‌گرێت و له مێشکی ده‌چه‌سپێنێت. به‌مه‌ش هه‌موو تاکه که‌سه‌کانی ئه‌م جۆره دینداریه یه‌ک جۆر ڕوانین و تێگه‌یشتنیان هه‌یه له‌مه‌ڕ پرس و مانا و کۆده‌کانی ژیان، زۆر به توندی هاوشوناس بوونه و به یه‌که‌وه گرێدراون به‌جۆرێک جیاوازی له نێوانیان له‌مه‌ڕ پرس و ماناکانی ژیان زۆر که‌مه، چونکه هه‌ر جۆره جیاوازی بیروبۆچوون و پرسیار و گومانکردن و هزری نوێگه‌ر و مانابه‌خشینی نوێ به‌مانای یاخیبوون و ده‌رچوونه له خانه‌ی کۆ.
کۆگه‌رایی بازنه‌یه‌که ته‌نها ده‌سته‌ی ڕزگاربوو له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه گومڕایی و سه‌رگه‌ردانیه. سایکۆلۆژیای تاکی دینداری کۆگه‌رایی سایکۆلۆژیایه‌که ته‌نها حه‌ز به گوێگرتن و ئامۆژگاری و به گوێداگوتن ده‌که‌ن له‌پێناو ئاسووده‌بوون و خڕوشاندن و سایکۆلۆژیایه‌که ئه‌وپه‌ڕی سۆزداریه له‌سه‌ر که‌وڵی عه‌قڵاندن. له دینداری کۆگه‌رایی گفتوگۆ و بیروڕا ده‌ڕبڕین له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان گه‌ر هه‌شبێت به‌ڵگه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه عه‌قڵ و لۆژیک نیه، به‌ڵکو گوته و فه‌تواکانی شێخه مه‌رجه‌عه مێژوویه‌کانه که له زووه‌وە بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. به‌کورتی ئه‌م جۆره دیینداریه کۆگه‌راییه که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر باوه جه‌خت له‌سه‌ر کو‌لتووری ملکه‌چی عه‌قڵ و به‌کارنه‌هێنانی ئازادانه‌ی عه‌قڵ ده‌کات و ىاڵای نه‌قڵ ده‌دات به‌سه‌ر عه‌قڵ، سه‌رئه‌نجام تاکێکی ملکه‌چ و ده‌سته‌مۆ بێ ئیڕاده دروست ده‌کات که ترسی هه‌بێت له هه‌ر برۆکه‌یه‌کی نوێگه‌ر.
فاکته‌ری چواره‌م بریتیه له حیزبی سیاسی، حیزبی سیاسی له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێشکه‌وتوودا ئه‌رکه‌که‌ی بریتیه له په‌روه‌رده و پیگه‌یاندنی ئه‌ندام و کادیری به‌توانا و ڕۆشنبیر تاوه‌کو ئاماده‌یان بکات له داهاتوودا سه‌رکردایه‌تی وڵات بگرنه ده‌ست و وڵات به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ و هه‌ستی پێده‌کرێ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئه‌رکی حزبی سیاسی زیاتر بریتیه له به‌جه‌ماوه‌ریکردنی کۆمه‌ڵگه و عه‌قڵێکی پاشکۆ و ئه‌ندامانێکی ملکه‌چ و بێ ئیڕاده تاوه‌کو سه‌رکرده ته‌قلیدیه‌کان هه‌ر خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه.
په‌یکه‌ریه‌تی حیزب و په‌یوه‌ندیه‌کانی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زیاتر له شێوه‌ی هه‌ڕه‌می و ستوونی دایه که له‌سه‌ره‌وه عه‌قڵی سه‌رکرده‌یه‌کی به کارێزماکراو هه‌یه بڕیار ده‌رده‌کات له خواره‌وه‌ش عه‌قڵه پاشکۆ و هه‌ڵواسراوه‌کان هه‌یه که فه‌رمان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. له‌م حیزبه ته‌قلیدیانه‌دا به‌جۆرێک سه‌رکرده‌یه‌یان له‌لا پیرۆزه و گه‌وره‌کراوه که بوونی حیزبه‌که په‌یوه‌ستکراوه به بوونی سه‌رکرده‌یه‌که بۆیه هه‌ر کاتێک سه‌رکرده‌که به هه‌ر هۆکارێک بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ما ئه‌وا حیزبه‌که‌ش یه‌کسه‌ر تووشی قه‌یرانی مه‌رکه‌زیه‌ت و لێکترازان و لاوازی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی سونه‌تی و نه‌ریتی وه‌کو ئێمه‌دا هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ته‌نها له خێڵ و عه‌شیره‌تگه‌رایی به‌رجه‌سته‌ببوو بۆیه ئه‌م جۆره ڕێسا و په‌یکه‌ره ستوونی و سوننه‌تیه له حیزبه سیاسیه‌کانیش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش، گه‌ر سه‌یربکه‌ین که‌ناڵه‌کانی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات له‌نێو حیزبه سیاسیه‌کاندا زیاتر له شێوه‌ی ( ئینتسابیه نه‌ک ئیکتسابی) واته له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و بۆ ماوه‌ییه به‌جۆرێک بۆ ئه‌وه‌ی ببیته سه‌رکرده و که‌سی یه‌که‌می حیزب ده‌بێت ئه‌ندام بیت له‌م بنه‌ماڵه‌یه و خێزانه سیاسیه نه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی ئیکتسابی و به ده‌ستهاتووی و لێهاتووی بێت، به مانایه‌کیتر ده‌سه‌ڵاتگرتنه ده‌ست و سه‌رکردایه‌تی وه‌کو سه‌رمایه خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ته له باوکه‌وه بۆ کوڕ‌و نه‌وه‌کانی ده‌مێنێته‌وه.
له‌م جۆره حیزبانه‌دا ئیڕاده‌ی ئه‌ندامان و کادیران ئیراده‌یه‌کی خه‌فه‌کراو و چه‌پێندراوه ئه‌وان زیاتر به ئه‌مانجی پوان و ئیمتیاز و ده‌ستکه‌وتی ماددی و ئاسایش ده‌چنه پاڵ حیزبه‌کان، نه‌ک به ئامانجی سه‌رکردایه‌تیکردنی حیزب و دروستکردنی گۆڕانکاری له‌ناو حیزب‌دا؛ هه‌ر بۆیه ده‌بینین ئه‌ندامانی زۆربه‌ی حیزبه سیاسیه‌کان له جیاتی ڕه‌خنه له حیزبه‌کانی خۆیان بگرن و داوای گۆڕانکاری و به دیموکراسیبوون بکه‌ن له‌نێو خودی حیزبه‌که‌ی خۆیان که‌چی هه‌ڵده‌ستن به ڕه‌خنه‌کردن و قسه‌پێگووتن به حیزبه‌کانیتر! ئه‌مه‌ش له پێناو سه‌لماندنی دڵسۆزی و دڵبه‌ندی بۆ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی به‌وه‌ی که ئه‌نداماێکی دڵسۆزه.
به‌ڵام بۆ ئه‌م ملکه‌چیه‌ی ئه‌ندامانی حیزب پێویسته لە سروشتی بەشداری سیاسی ئەندامان و جەماوەری حیزبە سیاسیەکان تێبگەین. له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بەشداری سیاسی لە ڕێگەی حیزبەکانەوە لەسەر بنەمای ترسە نەک لێھاتووی! ترس لە ژیانی شار، ترس لە مۆدێڕنە و بەھاکانی، ترس لە ئازادی، ترس لە سەربەخۆبوون، ترس لە لەدەستچوونی بەھا نەریتیەکان، ترس لە دابڕان لە ڕێساکانی خێڵایەتی…
له‌م سۆنگه‌یه‌وه گه‌ر تەماشابکەن زۆربەی ئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان لەترسی مۆدێرنە و لەدەستدانی بەھاکانی ئایینی ئیسلام لە کۆمەڵگەدا بەشداری سیاسیان کردووە و ئامادەن بە گیان بەرگری لە حیزب و سەرکردەکەیان بکەن نەک بەھۆی ئەوەی کە زۆر شارەزای کاروباری سیاسی بن.
ھەروەھا زۆربەی ئەندامانی حیزبەکانی دەسەڵات سەر بە خێڵ و عەشیرەتەکانن بەھەمان شێوە لە ترسی مۆدێرنە و ژیانی شار چوونەتە پاڵ حیزبەکانی دەسەڵات نەک لەبەر لێھاتووی و شارەزاییان لە سیاسەت، چونکە ژیانی شار وەک دیاردەیەکی مۆدێڕنە پەیوەندی نەریتیەکان و پێگەی خێڵ و عەشیرەت لاواز دەکات بەمەش ئەم ھێزە نەریتیانە بۆیە دەچنە پاڵ ئەو حیزبانەی دەسەڵات تا لە پاڵیاندا ھەست بە ئاسایش و دڵنیایی بکەن و پارێزگاری لە ھێزی نەریتی خۆیان بکەن.
بە ھەمانشێوە لەسەر ئاستی تاکیش کاتێک تاکەکان لە بەھا و ھێزە نەریتیەکان دادەبڕێن و دەکەونە ناو ژیانی شار و بەھاکانی مۆدێڕنە تووشی نامۆی و بێ نۆڕمی دەبن و ترس و دڵەڕاوکێ دایان دەگرێت بەمەش حیزب و سەرکردە و ئایدۆلۆژیەکان وەک دیاردەیە و ھێزێکی مۆدێرنە شوێنی ھێزە نەریتیەکان دەگرنەوە بۆیە زۆربەی تاکەکان بۆ ڕەوینەوەی ترس ونیگەرانیەکانیان لە ھەمبەر ژیان دەچنە پاڵ حیزبە سیاسیەکان تا لە پاڵیاندا ھەست بە ئاسایشی و ئارامی و ئۆقرەیی بکەن.
کەوایە کە ئێمە ھەمیشە پرسیاری ئەوەمان کردووە کە سەرکردەی حیزبەکانی ئێرە بۆچی دەسەڵاتپەرست و نادیموکراسین! پێموایە ئەو پرسیارە گونجاو نیە! چونکە ھەموو مرۆڤێک بە سروشت دەسەڵاتپەرست و نا دیموکراسیە. لەمەودوا پێویستە ئێمە لەو پرسیارە بکۆڵینەوە و پرسیارەکە بەو شێوەیە بکەین کە بۆچی جەماوەر و قاعیدەی خوارەوەی حیزبەکان ناتوانن دەستبەرداری سەرکردەکان بن؟
ڕاسته کاک مه‌سعود و مامۆستا عه‌لی باپیر و ئه‌وانیتریش دەسەڵاتخوازن، بەڵام ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەشیان ڕێگەیان پێ نادەن واز لە دەسەڵات و سەرکردایەتی حیز بھێنن، یەکگرتوو خۆی کوشت ویستی نموونەیەکی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات پێشکەش بکات، بەڵام تەنھا یەک خول بەزۆر بەرگەیان گرت ھەر زوو مامۆستا سەلاحەدین بەھائەدینیان ھێنایەوە!
بۆیە لێرە حیزبمان نیە بە مانا مۆدێڕنەکەی، بەڵکو دەبێ سەر لەنوێ پێناسەیەکی تایبەت بۆ حیزب بکەین. لێرە حیزبی سیاسی جگە لە گڕوپگەلێک زادە و ھەڵقوڵاوی ترسی مۆدێڕنەن و دەیانەوێ سەرکردایەتی شەپۆلی مۆدێڕنە بکەن چیتر نین.
بۆ ئەمەش تێبینی بکەن کاتێک دوای یەکەم جەنگی جیھانی ئەو ناوچەیە دابەش دەکرێت و دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرنە دروست دەکرێت و کوردەکان تیایدا بێ بەش دەکرێن، ئینجا لەترسی لەناوچوون و کەوتنە ژێر پێی سنوورەکانی مۆدێرنە، کوردەکان حیزب دروست دەکەن تا ئەوانیش سنوورێکی مۆدێڕنیان ھەبێ و خۆیان لە ناویدا بپارێزن، بۆیە تا ئێستا بە ناوی شەرعیەتی مێژوویی و شۆڕشگێریی و بەرەنگاریی حوکم دەکەن، ئەمە سەبارەت بە حیزبە نەتەوەیی و ناشیوناڵیستەکان.
ئیسلامیەکانیش بە ھەمانشێوە لە ترسی زاڵبوونی بەھاکانی ڕۆژئاوا و مۆدێڕنە دروستبوونە تا بەرگری لە بەھاکانی خۆیان بکەن، تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕانیش وەک بزووتنەوەیەکی شاری سلێمانی لە ترسی زاڵبوون و باڵادەستی سیاسی ھەولێر و زۆنی زەرد بەسەر سلێمانی و پەراوێزخستنی سلێمانی دروست بوو، توانیشیان ئەوە تەواو بەرجەستە بکەن لە زیھنیەتی تاکەکانیان.
بەمەش کاتێک پاڵنەری تاک و گڕوپەکان بۆ بەشداری سیاسی ترس و ڕاکردنە لە ئازادی و سەربەخۆی و بەھاکانی مۆدێڕنە لەلایەک و ترسە لە توانەوە لە ئەویتردا، لەلایەکی تر ئەوا ئەنجامەکەی حیزبێکی بەجەماوەریکراو و توند و دەمارگیر دەردەچێت لەگەڵ سەرکردەیەکی بە پیرۆزکراو تا ئاستێک کە بوونی حیزب و بوونی سەرکردە لەسەر یەک بەند دەبێت. بە نەمانی سەرکردەی حیزبیش تووشی قەیران دەبێت چونکە سایکۆلۆجیای ھێزە نەریتیەکان وایە سایکۆلۆجیایەکی ھەڕەمیە لە لوتکەدا ھێزە مەعنەویەکە لە کەسایەتیەک بەرجەستە دەبێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین،خۆی ئەرکی سەرەکی حیزبی سیاسی دروستکردنی سەرکردەیە تا دەسەڵات بگرنە دەست و وڵات بەڕێوەبەرن، بەڵام لێرە ئەرکی سەرەکی حیزبی سیاسی بووەتە دروستکردنی کۆیلە تا خۆیان ھەر لەسەر دەسەڵات بمێننەوە. لێرە حیزبی سیاسی بریتی نیە لە کۆمەڵێک دەستەبژێری شارەزا و لێھاتوو، بەڵکو بریتیە لە ڕێبەرێکی پیرۆزکراو لەگەڵ جەماوەرێکی پاشکۆ. لێرە زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەشداری سیاسی دەکەن و دەچنە نێو حیزبەکان بۆ ئەوەیان نیە کە سەرکردایەتی حیزب بگرنە دەست و ستراتیژیەتیان ھەبێ بۆ گۆڕانکاری بەڵکو بۆ ئەوەیە خزمەت بە سەرکردەیەک، خێزانێک، ئایدۆلۆژیایەک بکەن یان سوودێکی ماددی لە ڕێگەی حیزبەوە بە دەست بھێنن! یاخود پارێزگاری لە بەھا نەریتیەکانیان بکەن لە بەرامبەر شەپۆڵی مۆدێڕنە و جیھانگیری کو‌لتووری. بەمەش ھەمیشە سەرکردەیەکی بە پیرۆزکراو ھەیە لەگەڵ جەماوەرێکی پاشکۆ.
به‌م پێیه له حیزبی نه‌ریتی سه‌رکرده‌یه‌کی به کارێزماکراو هه‌ڵده‌ستێ به مۆبیلزه‌کردنی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی و ئاراسته‌کردنیان و خڕوشاندنیان ئه‌ویش به حوکمی ئه‌وه‌ی که جه‌ماوه‌ر هه‌رده‌م جله‌وه‌ی له‌ده‌ست هه‌ست و سۆزیه‌تیه‌تی و حه‌ز به ته‌لقین و وڕوژان ده‌کات، حه‌ز به‌وه ده‌کات سه‌رکرده‌که‌ی گوتاری بۆ بدات و هه‌ست و دڵ و ده‌روون و مێشکی پڕ بکات له وزه و وشه وڕووژێنه‌ره‌کان، ئه‌ویش به‌وپه‌ڕی ملکه‌چیه‌وه گوێی بۆ بگرێت و گوێڕایه‌ڵی بکات و هه‌ستێت به پڕاکتیکردنی. بێگومان ئه‌م په‌روه‌رده حیزبه نه‌ریتیه تاک له هه‌موو ئیڕاده‌یه‌کی ئازاد و ڕه‌خنه‌یه‌کی بونیادنه‌ر و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێگه‌رانه و بڕیارێکی خودی داده‌ماڵدرێ و که‌سایه‌تیه‌کی ته‌واو ملکه‌چ و تێکشکاوی بۆ دروست ده‌بێت و کوێرانه شوێنی هه‌ر گوتار و بڕیارێکی سه‌رانی حیزبه‌که‌ی ده‌بێت. ئیتر ئه‌م فاکته‌ره و هه‌رسێ فاکته‌ره‌که‌ی تر که باسکران ڕۆڵێکی گرینگ ده‌گێڕن له هێنانه کایه‌ی عه‌قڵێکی ده‌سته‌مۆکراو و کولتوورێکی ملکه‌چی له کۆمه‌ڵگه‌یەکی نه‌ریتی وه‌کو ئێمه‌دا.