یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 19, 2024
frku

ژن و ئاوێنه‌ لەسەردەمی سناپدا: خوێندنه‌وه‌یەکی په‌یوه‌ندی ژن بە ئاوێنەوە

نەوزاد جەمال

پەیوەندی ژن بە ئاوێنەوە، هەر گەمەیەکی سایکۆلۆجی و نەرێنی نییە. بەڵکو، چەندان رەهەندی شاراوە لەخۆدەگرێت کە مایەی رامان و لێوردبوونەوەیە. ژن بوونەوەرێکی ئاوێنەبازەو دۆستایەتیەکی مێژووی لەنێوانیاندا هەیە. نازانم بەدیاریکراوی کەی ئاوێنە داهاتووەو کێ دۆزیویەتیەوە. وەلێ، لام ڕوونە ئاوێنەو ژن دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. لەو سۆنگەوە، دەمەوێت رامانێک لەسەر ئەو پەیوەندییە بکەم.

ره‌نگه‌ هۆگرترین و نزیکترین که‌س له‌ژن نه ‌پیاو و نه ‌پاره‌و سامان و نە خۆشه‌ویستی بێت، به‌ڵکو ئه‌و ئاوێنه‌ بچووکه‌ی ‌له‌ جانتاکەیدایە.‌ یان ئه‌و ئاوێنه‌یە بێ کە له‌ ده‌ستشۆرو شوێنی خۆگۆڕین و ژووری خه‌وتنەکەیدایە. تەنانەت شوشەی جامخانەی دووکان یان ئۆتۆمبیلەکانیش دەبنە ئاوێنه‌ی به‌رجه‌سته‌که‌ره‌وه‌ی دیمەن ‌و رووخساری ژن.

پێدەچێت، پەیوەندی ژن بەئاوێنەوە، پەیوەستیەکی ئۆنتۆلۆجی-بوونەکی بێت. ئافره‌ت له‌ئاوێنه‌دا خه‌ریکی خۆبه‌راوردکردنه‌ له‌گه‌ڵ ئەو وێنه ‌زه‌ینیەی  کە ناوی “مێینە”یە. دەیه‌وێت وەک ئەو وێنەیە جوان دەرکەوێت و سەرنجڕاکێش بکە‌وێتەوە. بەڵام، پرسیارەکە ئەوەیە: کامیان پێناسی راستینەی مێینەیە: وێنە زەینیەکە یان وێنە روخسارەکییە دەرەکیەکە؟

بەتایبەت، لەسەردەمی سناپ و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا، دوو وێنەی زەق‌ دەبینم، بۆنموونە: کیژێک لە پارکێکدا، یان لەباڵەخانەو کافێتریاو بۆنەیەکدا کە مۆبایلەکەی دەکاتە ئاوێنەو تاوتاویش سناپ دەکات. یان لەتۆڕەکاندا کە وێنەی مێینە تێیدا لێوانلێوەو سەرڕێژ دەکات.

ره‌نگه،‌ پیاوسالارێک بڵێت، ئاخر له‌به‌رئه‌وەی ”ژن توانای ریفلێکشن -رامانی له‌خۆی نییه‌، ‌جگەلە خۆبەراوردکردن لەتەک ئەو وێنەی لەئاوێنەکەدا” یە. لەبەرئەوەیە،‌ مێینە پشت بەئاوێنه‌ ده‌به‌ستێت. ئەمەش نەک تەنها بۆئه‌وه‌ی خۆی لێوه‌ی به‌دیبکات، بەڵکو جەخت لەبوونی خۆشی بکاتەوە. بەڵام، بوونێک کە پێشتر پێیدراوەو پێناسەکراوە بۆی. کەواتە، بوونێتی وێنە لەئاوێنە یان سناپ چاتدا.

له‌وانه‌یە، ئافره‌ت یه‌که‌م بوونه‌وه‌ریش بێت که‌ زۆرترین و بەهێزتریین هەست و بایه‌خدانی بەئه‌ویتری لاگرنگ بێت. چەمکی ”ئه‌ویتر” لەدیدی فەیلەسوفانی وەک (لێڤیناس) و (ریکۆر) و هیتریش باسکراوە. بەڵام، ”ئەویتربوون” لای ئافره‌ت لە پەیوەندی بەئاوێنەوەیە تۆختر به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. ئەویتر لەنێو ئاوێنەدا، لەنێو فۆتۆیەکدا چەق.

ته‌واوکه‌ری ئه‌و ئه‌ویتربوونه،‌ هه‌ست و وابه‌ستەبوون‌ی سۆزدارییە‌. بەگشتی، ره‌نگه‌ ئافره‌ت نه‌توانێ خۆی وه‌ک ”ئه‌ویتر”ێک ببینێ، به‌ڵام سۆزداری ئه‌ویتیر له‌خۆیدایه‌. ناتوانێت خۆی بەبێ ئه‌وه‌ی ئه‌ویتر نیگای تێبڕێت و ته‌ماشای بکات، ببینێت. ئەگەر ”ئەویتر” (نێرینە) پێناسه‌ی جوانی و له‌پێداهه‌ڵدان و ستایش تێری نەکات. وەک وتراوە ”ئافره‌ت گوێه”‌و ”پیاو چاوه’‌’. وه‌لێ، له‌وه‌دا ئاوێنه‌ پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجی ئافره‌تە. چونکە، خۆدیدتنەوەکە لای ئافره‌ت مه‌رجی بوونەکەیە‌.

جگەلەوەش، تەماشاکردن لە”کولتورێکی نێرسالار”دا جیاوازی دەخاتە نێوان ”تەماشکردن” و ”بینین”وە. تەماشاکردن نواڕین و چاوخستنە سەر فۆرمی دەرەکی شت و بابەت یان کەسەکانە.  تەماشاکردن، سەیرکردن تەنها پرۆسەیەکی هەستەکی ”دەرەزەین”ییە. چونکە، هەر لەئاستی چاودا هەستکردنەکە ڕوودەدات. بەڵام، بینین، پاش تەماشاکردن دەبێت و بینینی ”ئەوێک” وەکئەوەی کە هەیە لێدەکەوێتەوە. واتە، لەدەرەوەی بڕیارە پێشوەخت و پێشداوەریانەی کە هەن لەسەر کەسەکە، دروستدەبێت. بۆیە، تێگەیشتن و بینین راڤەیەکی -هێرمەنۆتیکی- لێکدانەوەیی بابەت و کەسەکانە.

 تێگەیشتن و بینینی ”ئەویتر” لە فەلسەفەی ”لێڤیناس”دا رەهەندێکی دەستنیشانکەرە. ”من” وەک ”ئەویتر”و ئەویتریش وەک ”خۆم” ببینم، مەرجێکی ئۆنتۆلۆجی و ئیتیکی لەپەیوەندیەکی هاوشان و یەکسانی ”من” و ”ئەو”دا. چونکە، بۆ تێگەیشتن لە ”ئەویتر” دەبێت ”ئەو” راڤەبکەم. ئەمەش هەر بەشێوەیەکی ئەندێشەیی/ خەیاڵی نابێت. بەڵکو، دەبێت خۆم بخمە جێگەو شوێن پێی ”ئەو”وە. واتە، بچمە ئەو زەمنیە ئۆنتۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی ”ئەو”ی تێدایە.

کەواتە، پێشمەرجی ئەم جێگۆڕکێ ناخەکییە، ئەوەیە ”خۆم” لەو چێوەو پێوەرانەی کە بۆ ئەویتری خۆم، واتە ”مێینە” داببڕم. ئەمەش، لەپێناوی بینینی ”ئەو” وەک خۆی کە هەیە. بەڵام، گرفتی “پیاو” ئەوەیە کە تەماشای ژن دەکات و نایبنێت. تەماشاکردن سەربە مەخزونێکی-ئەمبارێکی کولتوورییە. چونکە، بەپێوەرێکە کە پاشخانێکی کولتووری و ئاینی و ئەفسانەیی کۆمەڵایەتی بەرهەمیهێناوە. لێرەوە، کاتێ پیاو تەماشای ئافرەت دەکات وەکخۆی تێیناگات و نابینێت.

پرۆسەی تەماشاکردن، بەچاو یان هەستەکانیتر ئەنجام دەدرێت، نابیناییە بەرامبەر چییەتی ئەویتری ژن. چونکە لە تەماشاکردندا جەخت لە وێنە دەکرێت. واتە، بینینەوەی ئەو وێنە زەینیە کە کولتووری خۆراکدەرەکەیەتی.

 لێرەوە، مادام پەیوەندی پیاو بە ژن، ژنیش بەخۆیەوە لەرێگەی تەماشاکردن و ئاوێنەکەوەیە، ئەوا تەماشاکردنەکە جگەلە رەنگدانەوەی وێنەیەکی پێشتر لە ئەندێشەدا هیچیتر نییە. کەواتە دابرانێکی ئۆنتۆلۆجی دێتەئاراوە: وێنە(رووخساری فیزیکی) جێگەی هەقیقەت-ژن- دەگرێتەوە. ئیدی، کاتێک ژن دەبێتە وێنەیەکی جوان و سەرنجراکێش، لە”بوون” دەخرێت. لەتەماشاکردندا، تەنها دەروانرێتە تەن جەستە. ژنبوون لەجەستەیەکی تەماشاکراودا کورتدەبێتەوە.

هەروەها، ئەگەر وێنەی ژن لەچاوی پیاودا، دژو پێچەوانە یان جیاواز بوو لەو وێنەیەی ژنێک کە بۆخۆی هەیەتی، بارێکی نائاسایی دەروونی لێدەکەوێتەوە. شێوەو دەرکەوتی دەرەوە کەدەبێتە پێوەری بوون، ئیتر وێنە دەبێتە کرۆکی راستی. لە تەماشاکردندا نەک هەر جەستە، بەڵکو وێنەی رواڵەتێک دەبینرێت وەکئەوەی پێشتر کراوە بەپێوەر. وێنە وەک لەتێگەیشتنە ئەفلاتونیەکەدا (کە هێماچیرۆکی-ئەلێگۆری- ئەشکەوت)[1]دا ناسراوە، روواڵەتی مێینە کە سەربەجیهانی وێنەیە جێی راستی بوون دەگرێتەوە.

لەو هێماچیرۆکەدا، نموونەی کەسانی دیل و دەستوپێ بەستراو کە تەنها وێنەی فۆرمەکان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە دەبینین. لەمەوە هەر ئەو وێنانە دەبنە راستی و لەدەرەوەی ئەوە هیچیتر نازانن. بەڵام، ئەگەر لە ئەشکەوتەکە بێنەدەر، دەزانن ئەوەی بینیوانە تەنها وێنەو سێبەری جوڵەن، راستیەکان شتێکترن. لێرەوە، کولتوسی( نەریتی) وێنەپەرستی لە سناپدا، دیوێکیتری ئەشکەوتەکەی زەین و بیری مرۆڤمان بۆ دەردەخات. لەکۆتاییدا پرسیارێک یەخەمان دەگرێت: ئایا پیاو و ژنیش دیلی هەستی چاون؟ بەتایبەتی کاتێک کە لە یەکترناسیندا زیاتر وێنە ئاڵوگۆڕدەکەن؟


[1]  (VII) ئەفلاتون، کۆمار، کتێبی حەوت

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *