د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا
زانست ئه‌و پێگه‌یه‌ی، جیهان به‌ره‌و ئه‌گه‌ری باشتر و فراوانتر و گۆڕانی ئه‌رینی و له‌بارتر ده‌بات، ئه‌و ورده‌کاریه‌ی ده‌توانێ ژیان له شێوازێکی شیاوتر، گونجاوتر، به‌خته‌وه‌رتر، ئاسانتر، بۆ مرۆڤایه‌تی دابین بکات، پێشبینیەکانی تێدا دەخاتەڕوو و دەتوانرێ وشیاری تێدا به‌رجه‌سته بکرێ و داواکاری و پێداویستیه‌کانی مرۆڤی تێدا پۆلین و جودا بکرێته‌وه، ئه‌و چه‌مکه‌ی له ئێستادا، ئێمه پێی ده‌ڵێین زانست، هه‌ر ئه‌و هه‌وڵ و بیرۆکه و به‌دواداچوونانه‌ن که مرۆڤایه‌تی له کۆنه‌وه بۆ دروستکردنی به‌نداو، خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت، هه‌ڵچنینی شورا و په‌رژین، یا سوێرکردنی خواردن و هه‌ڵگرتنی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر، خۆشه‌کردنی پێسته، کادان و دەرمانسازی و دارۆخانە و گژوگیای چارەسەرکردن و چه‌نده‌ها شێوازی جۆراوجۆری سەرەتایی بۆ هه‌وڵدان و بۆ به‌رده‌وامی ژیان په‌یڕه‌و کردووه، لە ئێستادا زانست ئه‌وه‌نده وردکراوه‌ته‌وه و پەلی هاویشتووە و ڕەگی بە قووڵایی هەموو ئەگەرێکدا ڕۆ چووە، تا گه‌یشتووه‌ته بنجوبناوانی غه‌ریزه‌کانی مرۆڤەوە.
ڕاستە، کە توینێتی مرۆڤ بۆ پەرەپێدانی زانست، به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه تەنها بۆ دابینکردنی ژیانێکی شیاو بێت، بەڵکو بازی داوه به‌ره‌و چڵێسی، قۆرخکردن، ده‌ستدرێژی، داگیرکردن و به‌شه‌به‌شه‌ی زیاتر لە پەڕینەوەدایە، هزری مرۆڤایه‌تیشی له‌وه دوور خستووه‌ته‌وه، که ته‌نها بۆ تێرکردنی مه‌رامه هه‌نوکه‌ییه‌کانی، یا مانه‌وه‌ی بێت له ژیاندا، زیاتر په‌ل ده‌هاوێت بەرەو جێ لەقکردنی کەسێکیتر و داگیرکردنی شوێنەکەی، بەرەو چەند بارە بوونی داهاتەکەی، بەرەو هاویشتنی گورزێکی ناشەرعی بۆ سڕینەوەی بەرامبەر و سەلماندنی توانای خود، ئینجا به‌ره‌و ناو‌کی ئه‌تۆم و هێزی ئه‌تۆم و چه‌کی ئه‌تۆم و کوژانه‌وه‌ی بوونی مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ خۆی، واتە زانست یا دەسەڵاتی زانست ئەوەندە بەرفراوان بوو کە جڵەو پێگرتنی کارێکی ئاسان نەبێ.
ئه‌و پێشڕه‌ویه زانستیه‌ی له ئه‌هرامه‌کانی میسریدا هه‌بووه، تا ئێستاش هه‌ندێ کونج و لێهاتوویی تەلارسازیەکەی، له زانستی ئه‌مڕۆدا ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه و هه‌ر هه‌ڵنه‌هێنراوه، سه‌لیقه‌یی بیناسازی و ئه‌ندازیاریه‌که‌ی هێشتا هه‌ر پرسیار و جێ سه‌رنجی شاره‌زاکانه، جیهانێك له‌و کاته‌دا واڵا بووه، که ته‌واوی هزری مرۆڤی، بۆ دۆزینه‌وه‌ی نوێ و خستنه‌گه‌ڕی تواناکانی مرۆڤ ، ته‌رخان کردووه.
باسکردنی ئەو شارستانیەتەی کە لە میزۆپۆتامیادا سەریهەڵداوە، تا ئێستاش لە توێژینەوە و بەدواداچوونەکانی جیهاندا؛ دەبێتە سەرەداوی دەستپێکیی نوێ لەمەڕ ئاوەدانکردنەوە و تەکنیکە زۆر سەرەتاییەکانی دروستکردنی بەنداو و گەشەکردن و پەرەسەندنی شارستانیەت، تا دانیشتوانەکەی بتوانین لە شوێنێکدا جێگیر ببن و ئیتر بەهۆی لافاو و کەمی ئاو جێ گۆڕکێ نەکەن و نەبنە ڕەوەند، لە چوارهەزار ساڵ پێش زاینی‌دا، سۆمەریەکان توانیان سیستەمی بەنداو و کەناڵی ئاودێری دروست بکەن، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە سیستەمێکی زۆر سەرەتایی بووە و بە پشتیوانی ئەندازەی زانستی نەبووە؛ بەڵام بۆچوونەکانیان دروست و هەوڵەکانیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بووە، لەگەڵ ئەو جێگیربوونەدا و بەهۆی بوونی ئاو و زەوی بەپیتەوە، کشتوکاڵ بە ئامێری سەرەتاییەوە گەشەی سەند، پاشتر بیناسازی، هەڵکۆڵین لەسەر بەرد، هونەر، ئاڵوگۆڕی دانەوێڵە و کاڵای جۆراوجۆر و هاتووچۆی بازرگانی و بوارەکانی دیکەی ژیان هاتووەتە کایەوە و بووژاوەتەوە.
لێرەدا تەنها هەر هەڵکەوتەی شوێن، زەمەن، پێداویستی، داواکاری، مەرج نین بۆ کردەوەی داهێنان، بەڵکو توینێتی بۆ گۆڕان، داماڵینی قاوغی کۆن، ڕەتکردنەوەی ڕۆتین، پەی پێ‌بردنی ئەو توانا خۆڕسکەی ناوەوەی مرۆڤ، کە ئەو ( ڕاهاتن ) ە ڕەت دەکەنەوە کە مرۆڤ، لە حاڵەتی قبوڵکردنی (ئێستایەکی ڕزیودا) دەخەسێنن و دەوەستێنن و نغرۆی دەستەوەستانی دەکەن، ئەگەر هزری مرۆڤ ئەوەندە ئاکتیڤ بێت کە بتوانێ درز بخاتە ئەو شورا سفتانەی کە تواناکانی مرۆڤی سڕی کردووە و وەکو شکاندنی ناو‌کی ئەتۆم ئەو وزەیەی کە تیایدا قەتیس بووە ئازاد بکات، بە دڵنیاییەوە ڕەزامەندی ئەو ( ئێستا ) ڕزیوەی خۆی نابێت و هێز و هەنگاوێکی نوێی تێدا چەکەرە دەکات و وای لێ دەکات بەردەوام لە بگرەوبەردەی ڕەزامەندی و ڕەتکردنەوەدا بێت.
کەی مرۆڤ دەتوانێ ئەو هەنگاوی ڕەتکردنەوە و نوێکردنەوەیەی تێدا زیندوو بێتەوە و ئاکتیڤ بێت؟ لە هەر کاتێكدا دەتوانێ کە چەمکی ( گومان ) لە هزری مرۆڤدا بئاڵێت و نائارامی کرد، هەر کاتێك شەڕی خود لەگەڵ خود خۆی گەرمتر بێ و هەر کاتێك ( ویست ) نەبەزێ، هەر کاتێك گەڕان بەدوای دۆزینەوەدا کۆڵ نەدا، هەر کاتێك دڵنیا بیت لەوەی ژینگەی ئێستات، حاڵەتێکی دیکەی پێ هەرس دەکرێ، مادام لە ناخی مرۆڤدا هاواری نوێ بوونەوە و گۆڕڕان دانەمرکاوەتەوە.
گومان، لەسەر زەمینێکی زیندوو، شادەماری ڕەتکردنەوەی کۆن و چەکەرەکردنی نوێیە، هەوێنی دروستکردنی پرسیار و عەوداڵی وڵامێکی پڕ بە پێستی ویستەکانێکی، چ جا لەم سەردەمەی کە بەراوردەکان ئەوەندە زۆر و بەرفراوانن، ئەگەرەکان ئەوەندە بەردەست و ساکارن، ویستەکان لە پەراوێزی شیاو و گونجاو‌دا بوونیان هەیە.
ئەوەی ئەو گومانە لە مرۆڤدا دروست دەکات و ئێستای بە شیاوی بەردەوامی نابینێ، پڕچەك کردنی خودی مرۆڤە بە زانیاری زۆر و هەمەڕەنگ، بە بەئاگابوون لە تەوەری پێشکەوتن و گۆڕان و بوونی ئەو هەموو ئەگەرە زیندووانەی کە دەکرێ قەوزەی نیشتووی سەر هزر و بیرکردنەوە ڕاماڵێ، کە بتوانێ لە ئەمڕۆدا، ( دوێنێ ) لە پێناوی ( سبەینێیەکی ) باشتردا ڕەت بکاتەوە.
خۆپەروەردەکردنی خود وەکو تاك، سەلیقەیی و بەهرە و ئاڵنگاری دەوێت، پەروەردەکردنی کۆمەڵگاش، جگە لەو سیفەتانە، دەسەڵاتێکی خۆنەویست و خەمخۆری دەوێت، کە لە بەهێزکردنی کەسایەتی بەهێز و بەتوانادا، خاوەنی بەرنامە و سیستەم و دامەزراوە بێت، ئەوەی زەمینەی گەشەکردن خۆش بکات، مافە سەرەتاییەکانی تاك بەرجەستە بکات، بیرۆکەی نوێ هەڵڕێژێتە نێو ناوەندەکانەوە، پەیوەندیەکانی دەرەوەی لە ئاستی خزمەت کردن و داهێنان بن، کەموکورتی و کورتهێنانی پەرەپێدان بخاتەڕوو، ئاسایشی نەتەوەیی دابین بکات، پلانی درێژخایەنی هەبێ و بە پسپۆر و شارەزای بەئەزمونی بسپێرێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گومانه وه‌کو هه‌ڵمه‌ت و شێوه داواکاریه‌کی حه‌تمی ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه، ده‌بێ ترس دامرکێته‌وه، ترس له چه‌کی ده‌سه‌ڵات، ترس له حیزب، ترس له بازنه‌یه‌کی بێ مۆڕاڵی ده‌ستڕۆیشتوو، ئه‌وه‌ش به پشتبه‌ستن به زانستێکی ڕه‌وا ده‌کرێ، که بتوانێ له‌و ساته‌دا وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێكی ئاشتیخواز و خەمخۆر خۆی بسه‌لمێنێ، نەك وەکو چەترێکی سنووردار و مەترسیدار.
بۆ ئەوەی دەستمان بگاتە چمکێکی ئەو ڕاستیانەی، کۆمەڵگای ئێمەی سڕ کردووە، دەبێ ئەو تاوانانە بخەینەڕوو کە مەودای زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە قۆناغی گەشەکردنی ژێرخان و بەڕێوەبردنی وەستاندووە، بەشێوەیەك کە خاکێکی بەپیت و ئاوێکی سازگار و دەستێکی زۆری کار، لە برسێتی و قڕان و وشکەساڵی و داخستنی سنوور بترسێ، چەندەها ئەوەندەی ژمارەی شارەکان زانکۆی هەیە و ساڵانە لێشاوێك دەرچووی گەنج ڕۆدەکاتە دونیای بێکاریەوە، ئینجا پیشەی بێکاریان پێ دەسپێررێ، دەست بەتاڵی و بێ ئومێدی گەنجێتیان کلۆر دەکات.
لە کوردستانێکی دەوڵەمەند و بەبوونی سامانی کان و کانزا و وزە، که بووه‌ته نیشتیمانێکی ( ریعی ) دەتوانرا بناغەیەکی پتەوی بەرهەمهێنان و وەبەرهەمهێنان بونیات بنرێ، ئه‌گه‌ر زانست ده‌سه‌ڵات بوایه، نه‌ك ئه‌و زانسته پوکه‌ی که ئه‌وه‌نده‌ی بووه‌ته کێشه‌ی هێنانەکایەوەی بێ‌کاری، ته‌نگژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، خولیای پێگه‌ی تایتل، بەرخۆری، ئه‌وه‌نده نه‌بووه‌ته بنه‌ما بۆ ده‌ستپێکێکی به‌رهه‌مدار و به‌رهه‌مهێنه‌ر، ئه‌ویش له غیابی پەیرەوکردنی ناوه‌ڕۆکێکی تۆکمه‌ی زانستی.
ئه‌وه‌ی ده‌چێته خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی شێواوی وه‌کو کوردستانه‌وه، بوونی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه و لێکۆڵینەوەی زانستیە، بۆ په‌نجه‌خستنه سه‌ر کێشه‌کان و پۆلینکردن و جیاکردنه‌وه و ڕیزبه‌ندکردنیانه له‌و ئارایه‌ی که ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه و ده‌رخستنی که‌موکوڕیه‌کانن ؛ خۆیان ببنه هه‌نگاو بۆ کارکردن، شاره‌زا له بوارێک‌دا، هه‌ر ئه‌وه نیه که ڕۆژانه کار بکات و مانگانه کرێ کاره‌که‌ی وه‌رگرێ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ڕیزبه‌ندی زانستی کشتوکاڵی، ئاودێری، جیۆلۆژی، بیۆلۆژی، بیرکاری، ستاتیستیك و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له بواری کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌یسی هه‌ژاری، جیابوونه‌وه، کێشه‌ی دارایی و تاوانه‌کاندا ده‌ستبه‌کار و وه‌کو توێژه‌ر کار ده‌که‌ن. که‌موکورتی کۆمه‌ڵگا به زانست چاره‌سه‌ر ده‌کرێ، به سواڵکردن پینه ناکرێ، چ تاوانێکه، ئاو و خاك و گه‌نج و دانیشتوانت هه‌بێ و به‌رهه‌مت نه‌بێ.
کردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه و بوونی زانست وه‌کو ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتێك به‌بێ ئامانجی ڕوکه‌ش، ده‌سه‌ڵاتێك کێشه‌کان بخاته نێو که‌وانه‌ی سوره‌وه و به‌گه‌وره‌یی بنووسێت: برسێتی و بێ ئاوی و هه‌ژاری له‌سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا، ده‌رئه‌نجامی ڕه‌تکردنه‌وه و به‌گه‌ڕنه‌خستنی زانستیی توانای ناوخۆیه، سه‌نته‌رێك بیسه‌لمێنێ که چاره‌سه‌ر له نێو زانست و هزر و ده‌ستی کاره، له به‌دواداچوون و دیاریکردنه، لە لەناوبردنی بەرخۆری و مشەخۆریە، شارستانیەت بە بنەماڵەی حزبی دەڕوخێ، بەرەو دواوە دەچێ و هیچ سیمایەکی مۆدێرن و پێشکەوتنخوازی بەخۆیەوە ناگرێ، هەوڵەکانی تەنها بۆ داکوتینی سنگی مانەوە و دەسەڵاتێکی هەمیشەییە، چاره‌سه‌ر له بوونی پێگەی ده‌سه‌ڵاتێکی تۆکمەی زانستیە دەسەڵاتێك لە خزمەت دەمکوتکردنی هەژاری و بووژانەوەی ئابووری و هاوپێچکردنی کۆمەڵگا بێت لەگەڵ گۆڕانەکانی ئەمڕۆی گلۆبالدا، زانست ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ئێمه نیمانه.